(ناساندن و سووکە هەڵسەنگاندنێک بۆ بەرهەمی هۆنیارێکی هەورامانی)
نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاویی
کورت و پوخت:
چاپ و بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە کتێب،بڵاڤۆک و ئەلبۆمێکی هونەری بە زمانی کوردی لە ناوچەی هەوراماندا پرس و ڕووداوێکی دڵخۆشکەر و هیوابەخشە و ڕێ بۆ سبەی گەشتریش هەموار دەکات و لەو لاشەوە پێوەرێک دەبێت بۆ ئاستی گەشەی چاندیی لەم ناوەدا. هەروەها بەڕێوەچوونی هەر جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە،کۆنسێرت و فێستیڤاڵێک سەبارەت بە ئەدەب،مێژوو،هونەر،فەرهەنگ و زمان و ڕێزنان لە کەسایەتییە فەرهەنگییەکان،ئاسۆیەکی ڕوونتر دەخاتە بەردەممان و تەکانێک بە جووڵە و بزاڤی فەرهەنگی لەوێندەرێ دەبەخشێت. ئەم چەند دێڕە کورتە سەرەتایەک بوو بۆ گەشتێکی خێرا بە نێو بەرهەمی هۆنیارێکی هەورامانی دا و ناساندنی زێتری بە خوێنەری کورد زمان.
دەستپێک:
هەورامان بە گشتیی و هەر کامە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئەم ناوە خاسما "هەجیج"، هەر لە کۆنەوە لانکە و مەکۆی وشیاریی و بیر و هزر و ڕامان بوونە و خەڵکانێکی وریا و گەلپەروەر لەم ناوەوە سەریان هەڵداوە و بوونەتە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەندی کوردی. ئەم ڕەوتە تا بەمڕۆ هەر درێژەی هەبووە و هەنووکەیش،ئەم دەڤەرە،یەکێکە لە ناوەندە گەش و چالاکەکانی ڕۆشنبیریی لە هەر هەموو کوردستاندا و سەدان مرۆی بلیمەت و ژیر لەم ناوەدا بوونەتە چرا بۆ گشت کوردستان.
ڕاستە ئەو زێد و وارگەیەی مرۆ تێیدا لەدایک و پەروەردە دەبێت،دەوری سەرەکی لە پێگەیاندنی کەسایەتی ئینساندا دەبینێت بەڵام دواتر کەسایەتییەکان تەنێ هەر خۆ لە نێو بازنەیەکی سنووردار و بەرتەسکدا نابیننەوە و دەبنە مڵک و سامانی نەتەوەیەک. لێرەوە چوارچێوەکە بەرفرەوانتر دەبێت و سیما درەوشاوەکان،شانازی بۆ میللەتێک دێنە ئەژمار.
شاعیر و کۆمەڵ
بە درێژایی مێژووی ئەدەبی کوردی،شاعیری کورد تەنێ هەر فۆرم و تەکنیکە شێعرییەکانی لا مەبەست نەبووە و بەرانبەر بەو غەدرە مێژوویییە لە کورد کراوە،دەنگی بڵندی خۆی هەڵبڕیوە و بۆ بە زمانداهێنانی ئارێشە و گرفت و کێشەکانی نێو کۆمەڵگەکەی،پەنای بردۆتە بەر زمانی شێعر. لە ڕاستیدا جاران شاعیری کورد، هەم کۆمەڵناس، هەم دەروونناس و هەر بۆ خۆیشی شارەزای بواری پەروەردە و ئایین بووە و بۆ خۆی ڕێکار و ڕێگەچارەی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشنیاز کردووە. هەر بۆیە بەشێكی شێعری کوردی دەچێتە هەمان خانەوە. واتە کورد ئەوەندە گەلێکی گوزەرانباش و ئاسوودە نەبووە کە شاعیر تەنێ خۆ بە زمانی شێعر و وردەکارییەکانی دونیای شێعرەوە ببەستێتەوە. هەڕەشەی سەر زمانی کوردی لێرە و لەوێ و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە بەرهەمێک بە زمانی کوردی،شاعیری ناچار کردووە ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر. بە واتایەکی دیکە، لە ڕاستیدا شاعیری کورد بە جارێ چەندان ئەرکی لە سەرشان بووە،هەر بۆیە ئاسایی دەبێت کە بەشێکی شێعری کوردی ئاوێتەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان بێت و شاعیر نەتوانێت پشت لە خەم و کێشەکانی جڤاکەکەی بکات و بەرانبەر دۆزی نەتەوەکەی و دۆخی ژیانی گەلەکەی،کەمتەرخەم بێت. زۆر جار ئێمە لە ڕێی شێعری کوردییەوە بە مێژوو، جوگرافیا، زمان، کولتوور، سامانی فۆلکلۆر و شۆڕش و بزووتنەوە کوردییەکان ئاشنا دەبین. ئەمە بە یەکێک لە کارکرد و دەسکەوتە سەرەکییەکانی شێعری جاران و بگرە ئێستای کوردیی دادەنرێت کە هێشتاکەیش بەدرەوەستبوون بەرانبەر دۆزی نەتەوەیی لای شاعیری کورد گەلێک گرینگە. چونکە هێشتا ئەم گەلە بەدەست سەدان کەند و لەندی سەرڕێ و ئارێشەوە ناڵانە.
"حەسرەتو دڵی"
ئەم ماوەیە بەرهەمێکی ئەدەبیی هۆنەرێک لە هەورامانم بەردەست کەوت بە ناوی "حەسرەتو دڵی". پاش خوێندنەوە و وردبوونەوە لە هۆنراوەکانی ئەم هۆزانە کوردە، لە یەکەم نیگادا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، خودی ناوی کتێبەکە بوو کە ڕاست لەگەڵ دونیای هۆنەر و ناوەڕۆکی هۆنراوەکانیدا تەبا و گونجاوە و حەسرەتێکی سەیر، خۆی بە ناخی هۆنیاردا شۆڕ کردۆتەوە. پێش ئەوەی ئاوڕێک لەم بەرهەمە شێعرییە بدەمەوە،پێویستە ئیشارەتێک بە هەوڵ و ماندووبوون و پێشەکییە شیاو و بەپێزەکەی شاعیر و نووسەر،بەڕێز "کەیهان عەزیزی"بدەم کە وا هەست دەکەیت لەگەڵ خودی هۆنراوەکاندا ژیاوە و ژیرانە و ورد بەرهەمەکەی هۆنەر هەڵدەسەنگێنێت. تێڕامان و خوێندنەوەی هۆنراوە بە هۆنراوەی"حەسرەتو دڵی"،جێ پەنجەی ئەم بەڕێزەی پێوە دیارە و دەسەلمێنێت کە چەندە خۆی بەم بەرهەمەوە خەریک کردووە و تا چەندە لەسەر هۆنراوەکان ورد بووەتەوە. خوێندنەوەی پێشەکییەکەی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە بۆ خۆی ئەو ڕاستییە دەردەخات. مەبەستی ئەم دێڕانە ڕووی لە هۆنیاری هەورامانی "ئۆسمان ڕەحیمی" بە نازناوی "مورید"ە. ئەگەر بمانەوێت پۆلێنبەندی شێعرەکانی مورید بکەین،دەکرێت بێژین بەشی فرەیان دەچنە خانەی گازە و موناجات و شێعری ئایینی،خۆشەویستی بەرانبەر نیشتمان بە گشتیی و هەورامان و هەجیج بە تایبەت ،حەسرەت، خەم و تەنیایی، مۆچیاری و پەند و وانەی ئەخلاقییەوە.
هۆنیار ئەرچی ناخی پڕی ئازار و داخ و حەسرەتە بەڵام دونیای بێگەردی زارۆ و منداڵی کوردیش لە بیر ناکات و لە هۆنراوەی "پەی زاڕۆڵا"دا گرینگی زمان وەبیر منداڵان دێنێتەوە و بە زمانێکی سادە و ساکار ئەو وشیارییە بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزێتەوە کە زمان تا چەندە بایەخی هەیە.
حەسرەت و خۆ پاتەکردنەوە
گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمانەی خۆشەویستی دونیای خەڵکی تەنیبوو، پەرۆشێکی سەرەکی نهای هۆنیارە و بەرانبەر ڕۆژگاری جەنجاڵ و سارد و سڕی ئێستا، دەم بە گلە و هاوارە و لە ژمارەیەک لە هۆنەکانیدا ئەم پرسە بە ڕوونیی دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت.
حەسرەت و داخ و چێبوونی جۆرە نۆستالژیایەک لای هۆنیار و ئاوات خوازتن بە جاران و خەمساردیی مرۆی ئەم ڕۆژگارە،بە باڵای بەشی فرەی هۆنراوەکانیەوە دیارە و زۆر جار تووشی خۆپاتەکردنەوە دەبێت و ئەوەندە هۆگری هەورامانەکەیەتی کە چەندان جار پەنا دەباتەوە بەر وەسف بەرانبەر بە پیشە دەستییەکانی نێو هەورامان.
خەم و پەژارە و تەنیایی، بەشێکی دونیای هۆنراوەی هۆنیار دەگرێتە بەر و ژیانی پڕ لە ئازاری خۆی و گەلەی پێکەوە دەبەستێتەوە. لە هۆنراوەی "دنیای دووکەڵین"دا لە دەست نەمانی خەسڵەتە جوانەکان و بێوەفایی مرۆی ئەم سەردەمە دەم بە سکاڵایە. هۆنراوەی "من و بڵبڵ" ، ئیشارەتێکە بۆ ئەو دەمانەی کە بڕیار دەدرێت هەجیج چۆڵ بکرێت و بەنداو چێ بکرێت، هۆنیار سکاڵای خۆی دەردەبڕێت. (ل 217)
مورید،ئەو هۆنیارەیە کە لە نزیکەوە ساڵەهای ساڵ لەگەڵ تاڤگەی "بڵ" دا ژیاوە و کە ئێستا بەو چەشنەی دەبینێت، دڵی کوڵ و ژان دەیگرێت و زمانی بە سکاڵا بەرزە.
تەنیایی، هاوڕێیەکی بەردەوامی سات و کاتەکانی شاعیرە.