ئۆتۆنۆمیی و لامەرکەزیی لە نێوان یەپەگە و ئەسەد

Monday, 07.30.2018, 4:13

2652 بینراوە


گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن، ڕێککەوتن و بوون بە لایەن لە سەقامگیربوونی ئاشتیی و ئاسایش چەند گرنگە، هێندە لەوەش گرنگتر تێگەیشتنە لە هەڵبژاردنی کات و هەڵسەنگاندنی بار و دۆخ، کە تا چی ئاستێک لەبارە بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان، سەپاندنی مەرجەکان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەنووسی تەندروست، بۆ پرسێک و مافێک کە بە سەدان ساڵە فەرامۆش کراوە. 
-----------------------
پەیەدە/یەپگە، سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەسەد. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە دوای تەواوبوونی جەنگی دژ بە داعش بارودۆخی سیاسی و پێگەی ئەسەد و یەپەگە گۆڕانی گرنگی بەسەردا هاتووە، دەکرێت بگوترێت کاتێکی گونجاو نییە بۆ پەیەدە کە بتوانێت و ئاسان بێت مەرجەکانی بسەپێنێت لە گفتوگۆ و هەر ڕێککەوتنێک کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ دیمەشق ئەنجامی دەدات.
لەم سات و کاتەدا، ئەسەد پشت ئەستورە بە ئیران و ڕوسیا، لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت ئەو دوو وڵاتە مەحاڵە پشتیوانی لە پرسی کورد بکەن دژ بە ئەسەد لە سوریا. سەرەڕای ئەوەی  بارودۆخی ئیران ناهەموارە و لەگەڵ ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، بەڵام لە هاوکێشەکدا هێشتا ڕوسیا لایەنێکی بەهێزە و بەهێزیش دەمێنێت بۆ پشتیوانیکردنی ئەسەد لە ئایندەیەکی نزیکدا.
پەیەدە، ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بێت هەڵوێستی ڕوسیا بەرامبەر بە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای وڵات گۆڕانی پۆزەتیڤانەی بەسەردا دێت، ئەڵبەتە خۆی تووشی هەڵەیەکی مەزن دەکات. ئەزموون و مێژووی نزیکی سێ چوار ساڵ لەمەو پێش سەلماندویەتی، کە ڕوسیا لە سەختترین کاتدا پشتی ئەسەدی بەرنەدا، بە هەموو هێز و توانای دژ بە ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆنی سوری ڕاوەستا بۆ مانەوەی ئەسەد، لە کۆتایشدا ئەسەدی لەسەر کورسی وڵاتێکی وێرانبوو هێشتەوە، کە لە ئەمڕۆ بەدواوە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت ئەسەد لە ئایندەییەکی نزیکدا دووچاری هەمان بارودۆخی شەش حەوت ساڵ لەوەپێش بێت. لە دەرئەنجامدا هەر ڕێککەوتنێکی پەیەدە لەگەڵ ئەسەد، لەژێر سێبەر و چاوی لایەنی سێیەمی وەک ڕوسیا بێت، بە دڵنیاییەوە جێگە متمانە نییە، بوونیشیان لە دانیشتن و گفتوگۆکاندا بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ پشتیوانی  کردنی ئەسەد دەبێت.
هەڵوێستی ئەمریکا دوای کۆتایی جەنگی داعش، بەرامبەر بە کۆی ڕووداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، ئاماژەی باشی لێ چاوەڕوان نەدەکرا و دواتر ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا بۆ مەسەلەی شاری مەنبیچ  بەهەمان شێوە کارێکی دڵخۆشکەر نەبوو. مانەوەی ئەسەد و گوتەکانی ترامپ کە دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێت ئەوان لە باکووری سوریا دەکشێنەوە، مانای وایە پێشوەخت لەگەڵ ڕوسیا لەسەر هەندێک خاڵ کۆکن و رێکەوتوون، کە بەرامبەر بەوە، هەر یەکە ژێر بە ژێر ئامانج و دەستکەوتێکی مسۆگەر کردوە، وێرای ئەوەش دروستکردنی بارودۆخێکی لەم جۆرە لە میدیا جیهانییەکان، کەشوهەوا سیاسییەکەی بۆنی ئەوەی لێدێت کە لە بەرژەوەندیی یەپەدە و دۆسی کورد نەبێت لە سوریا و بە هەموویان لە گفتوگۆکاندا هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەک دەدەن کە پەیەدە ناچار بکەن هەوڵی سەپاندنی مەرجەکانی نەدات، بێگومان ئەوەش بەوە دەکەن کە ئەوان بە زمانی دیبلۆماسی بەڵێنی درۆ و تەڵەکانیان هەوڵی ڕازیکردنی پەیەدە دەدەن.
سەرەڕای خۆڕاگری کوردانی ڕۆژئاوا و ڕووبەڕووبوونەوەی قارەمانانەی هێزەکانی یەپەگە، شاری عەفرین لەلایەن تورکیاوە داگیرکرا، لەم کاتەدا کە کوردانی سوریا خەریکی گفتوگۆ و بەرەو ڕێککەوتنن لەگەڵ حکومەتی ئەسەد ، ئەمریکا و ڕوسیا خۆیان لێ بێ دەنگ کردووە.  هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە مۆسکۆ و واشینگتۆن لە تورکیا ئەو کاتە دێنە دەنگ، کە لەژێر ناو و دروشمی پاراستنی یەک پارچەیی سوریا عەفرین بکەوێتەوە ژێر دەستی ئەسەد. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە پشتبەستن بە گفت و پەیمانەکانی ئەمریکا، هەڵەیەکی گەورەیە و نابێت پەیەدە متمانە بدات و ئەم خاڵەش لەم کات و ساتەدا لە بەرژەوەندیی ئەسەدە.
بە پشتیوانی ئیران و ڕوسیا، هەنوکە ئەسەد زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریای کۆنتڕۆڵ کردوە  تا دەگات بە ناوچەکانی دێرە، کە مەڵبەندی دژایەتیکردنی ئەسەد و هەڵگیراساندنی ڕاپەرینەکان بوو، شان بە شانی ئەوە حکومەتی سوریا زۆربەی ناوچەکانی دیکەشی کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە، لەم جۆرە بارودۆخەدا مەحاڵە ئەسەد مەرجەکانی پەیەدە وەک مەسەلەی لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمیی پەسند بکات.
ئەگەر پێکهاتەکان و کەمە نەتەوەکانی سوریا خەون و ئاواتی سیاسیی نەتەوەیی بونیات بنێن و گەشبین بن بەرامبەر بە یاسای ١٠٧ کە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە گەلانی سوریا ناسێندرا بە ڕەزامەندی ڕوسیا و ئەمریکا، هەڵبەتە  خۆیان دووچاری هەڵەیەکی دیکە دەکەن. بەگویرەی ئەو یاسایە بێت، حکومەتی ناوچەیی دەسەڵاتی دەبێت بەڵام بە مانای لامەرکەزی و ددانان نییە  بە ئۆتۆنۆمیی  بۆ کورد لە سوریا.
کەواتە، تێڕوانینی حکومەتی مەرکەزی بۆ مەسەلەی ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی، جیاوازییەکی ئێجگار گەورەی هەیە، لەگەڵ بۆچوونی کورد، بە تایبەتی بۆچوونی پەیەدە بۆ هەر دوو پرس. کەواتە هەر یەکە لە فەلەکێکی جیاوازدا دەخولێنەوە کە مەحاڵە حکومەتی ئەسەد بەم مەرجە ڕازی بێت، بەبێ سەپاندنی ئەو مەرجەش لە ئایندەدا کورد لە گفتوگۆ و دانوساندنەکاندا دەدۆڕێت.
کورد لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەهیمەتی پەیەدە و یەپەگە، توانی کۆنتڕۆڵی گرنگترین سەرچاوەی ئابووریی سوریا بکات، کە کەوتۆتە نێو ئەرز و خاکی کوردستان لە ڕۆژئاوا و بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ٧٠% ی بەرهەمی نەوتی سوریا لەم ناوچانەدایە. لە ژێر تیشکی ئەو ڕاستیانەی کە باس کران، دەگەینە ئاکامێک کە ئەسەد بە پشتیوانی ڕوسیا و ئەمریکا و ئیرانیش مەحاڵە دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت و دەسەڵاتی لامەرکەزیی و ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردی تێددا سەقامگیر بکات و ژیانێکی پڕ لە ئاسودەی بۆ نەتەوەیی کورد فەراهەم بکات. ئەم جۆرە  چاوەڕوانییە لە سیستەمێک و سەڕۆکێکی عادیلانە دەکرێت کە بڕوای بە پەیڕەوکردنی حوکمەتێکی سیستەم دیموکراتی هەبێت و لە سایەیدا هەموو تاکێک و کەمە نەتەوەیەک بە ئامانج و مافی خۆی بگات.  ئەسەد لە ٥/٢٠١٧دا ڕایگەیاند کە ئەو هەوڵدەدا ئەو ناوچانە کنتڕۆڵ بکاتەوە جا چ بە ڕێگەی گفتوگۆ بێت یان بە ڕێگەی بەکارهێنانی فشار و هێرشی سەربازی بێت.
ئەسەد ئەو سەڕۆکەیە کە لە ساڵی ٢٠١١ دا دوای ئەوەی جەنگی  سوریا دەستیپێکرد، داوایان لێکرد کە واز لە دەسەڵات بهێنێت، بەڵام ئەسەد ڕەتیکردەوە و پێداگری کرد بە پشتیوانی ڕوسیا و ئیران بە سەدان ملیۆن کەسیان بە قوربانی کورسییەکەی ئەسەد کرد و سوریاشیان بە وێرانکردن دا.  جا ئەگەر کورد لەو بڕوایەدا بێت کە ئەسەدی ئەمڕۆ و سبەش، ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕوای بە سیستەمی دەسەڵاتی دیموکراتی و پەرلەمانی دەبێت و ددان بە مافی میللەتی کورددا دەنێت و ڕازی دەبێت کورد لە شارە کوردییەکان حکومەتۆکەیەک دابمەزرێنێت، ئەوا خۆی تووشی هەڵەیەکی گەورە دەکات و خەونێک دەبینێت کە هەرگیز نایەتە دی.
لەدەرئەنجامدا، پەیەدە دەبێت لە ئێستاوە بتوانێت بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ناو ئەو ڕێکخراوە کاریان چاودێری و لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە دەرکییەکانە،  خوێندنەوەی واقیعبینانە بکەن بۆ بار و دۆخەکە، لە ئەگەریی هاتنە پێشێی ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان و ئەگەرە چاوەڕواننەکراوەکان، سەرنەکەوتنی گفتوگۆکان، دانوساندنەکان و مەرجەکانیان لەگەڵ ئەسەد،  لە ئێستاوە مشوری ئەلتەرنەتیڤی دیکە بخۆن، بۆ ئەوەی بتوانن هێزە چەکدارەکەیان و پێگە جەماوەرییەکەیان پارێزگاری لێ بکەن، بە ئاقار و ئاڕاستەیەکی دیکە کار بکەن بۆ پارێزگاری کردن لەو دەستکەوتەی کە هەیە یان بەدەستهێنانی دەستکەوتی دیکە و سەپاندنی مەرەجەکانیان.




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4.5/5)