مەرجەعيەت

Wednesday, 01/08/2018, 21:45

2332 بینراوە


لە گەڵ نەبونی خزمەت گوزاریی و بێ ئاوی و بێ کارەبای و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ، لە باشوری عيراق ، دەنگی ناڕەزای خەڵکی بەرز کردەووە ، بەوەی کە حکومەت بۆ بڵاوە پێکردنی خۆ پیشاندەران ھێزێکی گەورەی کۆکردەوە ، کە ھێزە میلیشیا چەکدارەکان بە چەک وڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە ، کە بووە ھۆکاری کوژران و بریندار بوونی چەند ھاوڵاتیەک . دۆخی عيراق زۆر ئاڵۆزە ،حکومەتێک ھەیە ، کە ئەم حکومەتە تەنھا لە چوار چێوەی موچەدا درکی پێدەکەیت ، چی ئارامی شارەکان چ خزمەت گوزارییەکان لەو پەڕی خراپیدان . نا ڕونی و گەندەڵیەکی زۆریش لە ناو سیستەمەکەدایە ، جگە لە مەزھەب گەرایی و خزمەتکردنی ئایدۆلۆژیای حیزبی و دەستەو تاقم گەرای ، نارەزاییەتییەکانی شەقامیش زۆربەی ھەرە زۆری شارەکانی گرتۆتەوە ، پێناچێت ئەو ناڕەزاییەتیانە گۆڕانکاری گەورە درست بکات ، بەڵام کەمێک جوڵە دەخەنە پرۆسە سیاسسیەکەوە ، بۆ ئەوەی حکومەت ھەندێک گۆڕانکاری لە خزمەت گوزارییەکاندا بکات .
لە پشت ئەم حکومەتەوە ھێزێکی گەورە بوونی ھەیە ، ئەو ھێزە ، مەرجەعيەتە ، جەنابی - سیستانی - ئەم پیاوە ھەمیشە لە کۆتاییدا قسە دەکات و قسەکردنەکەش بەو ئاراستەیە دەبێت ، کە پێویستە بە زوترین کات جێ بەجێ بکرێن . 
ئەم پیاوەی کە کۆتا قسە لای ئەوە ، کاتی داگیر کردنی عيراق لە لایەن ئەمریکا وە ماوەیەک دەستگیر کرا ، ئەمریکاییەکان نەیانزانی بوو ئەم پیاوە ڕیش سپیە کێیە ،
کاتێک زانیان ئەمە ئاراستەکەری زۆرینەی عيراقە ، بەڕێزەوە لە زیندان دەریان ھێناو گەڕاندیانەوە ماڵەکەی خۆی ، ئەو عيراقەی کە ھەیە ، ھەمیشە لە ژێر دوا قسەی ئەم پیاوەدایە .
ئەوان کەسێکییان ھەیە دواجار قسە دەکات و قسەکانیشی جێ بەجێ دەکرێن . ئەم پیاوە بە ھێزە لە لایەن ئێرانیەکانەوە ھەوڵی زۆر درا لاوازی بکەن و لە تەنیشت ئەوەوە مەرجەعێکی تر دروست بکەن ، بەڵام نەیانتوانی .
لە چەند ڕۆژێکی ڕابردوو نوێنەرەکەی بە ناوی ئەوەوە ، وتی “ دەبێت پیاوێکی بەھێز ڕاسپێردرێت بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ “ . ئێستا ھێزە شیعەکان لە گەڵ ھێزە ھاوپەیمانەکانیان ھەوڵی ئەوە دەدەن ئەو پیاوە دەست نیشان بکەن .
پاشان وتی “ نابێت حکومەتی داھاتوو وەکو ئەم حکومەتە بێت “ . ڕاستەوخۆ حکومەت کۆمەڵێ بڕیاری دا ، ڕاستیەکەی - عەبادی - بڕیاری دا بۆ ئەوەی دەریخات ئەو پیاوە بە ھێزە ، لە ئێستاوە دەستیکردوە بە جێ بەجێ کردنی قسەکانی ستانی . میدیا ناو خۆی و نێو دەوڵەتییەکان قسەی زۆر لە سەر ئەم پیاوە دەکەن . بە کەسی ئاشتی پارێز و ڕاگری ھاوسەنگی دەیبینن ، چونکە ھەر قسەیەک بە ئاراستەی خراپدا دەبێتە ھۆی تێکچونی ھاوسەنگی و ھەر قسەیەکیش بە ئاراستەی ئارامیدا دۆخەکە دەخاتە شوێنی خۆی .  لە پاڵ ئەمەدا گرنگە بزانین سیستەمی “ مەرجەع “ لە عيراقدا جياوازییەکی گەورە ھەیە لە گەڵ سیستەمی - مەرجەع- لە ئێران . ئەوەی عيراق ھەرگیز ناییەوێت ببێتە بەشێک لە دەسەڵات و لە دەرەوەی دەسەڵات ھەوڵی ڕاگرتنی ھاوسەنگی دەدات .  ئەمە دوای شۆرشی ئیسلامی ئێران ، سیستەمی مەرجەعيەتی ئێرانی گۆڕاو خۆی بویە دەسەڵات . ئەوەی دەبێتە ڕابەڕ لە دەسەڵاتدا ، دەبێتە “مەرجەع “ ڕێک پێچەوانەی سیستەمەکەی عيراق .
چاوەڕواندەکرێت پاش قسەکانی جەنابی -سیستانی - لایەنە عيراقيەکان بکەونە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ . خۆپیشاندانەکانیش بە وێنەی ئەوانەی ھەرێم ، وردە وردە بەرەو کزبوون دەچن . 
چاوەڕوانیش ناکرێت ھیچ ئاڵوگۆڕێک بە سەر دەنگەکاندا بێت ، لە بری ئاڵوگۆڕ بە سەر دەنگەکاندا ئەو کۆمیسۆنە ھەڵدەوەشێتەوە و گروپێکیان دەستگیر دەکرێن و لە ڕوی یاساییەوە مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت . 
 بەڵام بۆ عيراقیەکان بە تایبەتی شیعەکان گرنگە کەسێک ھەیە کۆتا قسە دەکات ، لەوەش گرنگتر کۆتا قسەی ئەو کەسە دەبێتە ئەرکێک بۆ جێ بەجێ کردن .
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نە پێشتر نە ئێستا ئەو کەسەمان نەبووە ، چ لە ڕووی سیاسییەوە چ لە ڕوی ئایینیەوە چ لە ڕووی شوناسەوە ، لە بری کەسێک ھەمیشە چەند کەسێک ھەبووە . 
ئێستا کە بەشێک لە نەوەی پێشوو کە ئەزموونێکی سیاسیان ھەبوو ڕوشتوون ، خەریکە نەوەی دووھەم دێت ، پەرتەوازییەکەو خزمەتکردنی ئایدۆلۆژیای حیزبی و ھەڵپەی دەستکەوت ، تا دێت شتەکان بێمانا تر دەکات . قۆناغێک دێتە پێشەوە دەزگا بە ھەیبەت و گەورەکانی ئەم ھەرێمە دەبنە شوێنی نوکتە پێکردن و گاڵتە پێکردنی خەڵکی ، چونکە فەرھەنگی حیزبەکان ھێندە لاواز و ئاست نزم بۆتەوە ،
لە پێناو فریودانێکی کاتیدا دەست بۆ ھەموو کارەکتەرێکی بە تاڵی بێکەڵک دەبەن . پێ دەچێت بەو فەرھەنگە ئاست نزمەوە بیانەوێت ھەموو شوێنێک وەک خۆیان لێبکەن .
ئێمە لە ھەرێم سیستانیەک یا کەسێکمان نیە کۆتا قسە بکات . بەڵام عيراق تا ئەم چرکە ساتەش بە ھەموو وێرانکاریەکانەوەش ئەو کەسە شک دەبات ، لە ناو فەزاییەکی لەم جۆرەدا بە ناچاری دەبێت لێرەوە ئێمە گوێ لە پیاوێک بگرین ، کە لە ماڵەکەی خۆیەوە ھەموو عيراق بە ھەرێمیشەوە ئاراستە دەکات و ڕایدەگرێت . ئەمەش لە ھەرێمدا ڕودەدات لوتکەی بێ کەسی و یەک گوتاری و پەرتەوازی نێو ماڵی کورد نیشان دە دات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە