لەگەڵ بوونی مرۆڤدا، ئاژەڵ و پەلەوەریش هەبوونە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانیشدا، ئاژەڵ و پەلەوەر پێگە و گرنگییەکی تایبەتییان لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە. گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەر و بەرووبووم و سوودەکانیان، سەرچاوەیەکی سەرکی خـۆراک و بـژێوی مرۆڤ بوونە. تا ئەمڕۆش مرۆڤ قەرزاری سوودەکانی ئاژەڵ و پەلەوەرن. لەوانەش مـەڕ و بزن و گـا و مانگا و وڵاخی بەرزە و مریشک و عەلەشیش و قـاز و مراوی.
لە کوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامیدا، هەموو ساڵێک رۆژێک یا چەنـد رۆژێک بەر لە چـەژنی قـوربان، وەکو سونەتێکی ئاینی و داب و نەریتێکی باو، خەڵکی بە تایبەتیش دەوڵەمەندە خێرکەرەکان، بەران و جوانەگا دەکەنە قوربانی و لە ماڵان سەریان دەبڕن و گۆشتەکانیان دەکەنە خێر و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن. لە رووی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە ئەمە کارێکی باشە، کە ئـاوڕ لە خێزانانی هـەژار و نەبوو دەدرێتەوە.
لە بەهارانیشدا، کە بەرخ پێدەگات و وەرزی هات و سەیرانە، خەڵکی دەستڕۆ لە ماڵان بەرخ سەردەبڕن و گۆشتە ناسکەکەی بۆسەیران دەبەن و دەیبرژێنن.. هـەژارانیش هەناسە هەڵدەکێشن و زەقەی چاویان دێت.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە و کرۆکی باسەکەمانە، سەربڕینی ئەو قوربانی و بەرخانەیە کە لەبەرچاوی منداڵاندا سەریان دەبڕن، بێ ئەوەی کە سەربڕەکان ئەوە بزانن، کە سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان، چ زیانێکی خراپ و کارتێکردنێکی نەرێنی دەرووونی ترسناک و مەترسیدار بە منداڵانی بچووک دەگەێنن.