ڕاگەیاندنى کوردى یان ڕاگەیاندنى چەواشە

Tuesday, 07/08/2018, 18:06

3244 بینراوە


ڕاگەیاندنى حیزبى پانتاییەکى فراواى ڕاگەیاندنى کوردى داگیر کردووە، ڕاگەیاندنى کوردى لە هەژمارکردنى گەندەڵى نەیارانى حیزبەکەیدا هەریەکەیان دەبن بە (کۆچەر بیرکار) و لە هەژمار و تێوەگلانى حیزبەکەى خۆیاندا هێندە کۆڵەوارن وەک منداڵى (ئەدیسۆن) وان، کەبەهۆى تەمبەڵیەوە لە قوتابخانە دەرکرا، ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ڕاگەیاندنى کوردى ناشیرینکردووە.
نەک ڕاگەیاندنەکان تەنانەت کارەکتەریشیان هەن لەو بوارەدا ناونیشانى پسپۆڕیان پێدراوە، ئەو خەڵکانە بون بە ژمێریارێکى وریا و چوست و چالاک لەسەر گەندەڵى و بەهەدەردان و هەژمارکردنى ورد و درشتى داهاتى نەیارەکانیان، بەڵام هەر ئەو کەسانە بۆ گەندەڵى و بەهەدەردان و ژمێریارى حیزبەکانى خۆیان لە کەڕەواڵەیەک زیاتر نین.
ئێستە پێمان بڵێن ئەوانەى سەرى زمان و بنى زمانیان ژماردنى گەندەڵى حیزبە نەیارەکانیانن، ئەى بۆ ژماردنى گەندەڵى حیزب و کەسایەتى و سەرکردەکانى خۆتان بۆ بێدەنگن.؟ بۆ بۆ لە ژماردنى تەنکەرە نەوت و سەفتە دۆلار و ژمارەى موچەخۆرى بندیوار و بودجەى (کاش)ى مانگانە و بیرە نەوتەکان و داهاتى ناوخۆ و گومرگەکان و کۆمپانیا حیزبیەکانتان و داگیرکردنى موڵکى گشتى و بیناى حکومیەکانى خۆتان بێدەنگن.!؟ خۆزگە نیوەى ئەوەى گەندەڵى حیزب و کەسایەتیە نەیارەکانى خۆتان ئاشکرا دەکرد، گەندەڵى و بەهەدەردانى حیزب و کەسایەتیەکانى خۆشتانتان ئاشکرا دەکرد.
هەرچەندە منیش و خەڵکیش ئەوە باش دەزانیین کە ناتوانن دەست بۆ کار و کارتێکى ئاوا ببەن، ئەگەر هەڵەى وا بکەن ئەوا یان وەدەرنانى ئەو کەسە دەبێت کە دەست بۆ ئەو کارە دەبات یان داخستى یەکجارەکى ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە دەبێت، بۆیە ئەو دەزگایانەش بوون بە زوڕنا ژەنى حیزب دژ بەنەیارەکانیان و کوێر و کەڕەواڵەیەک لە سەر کارە نەخوازراوەکانى حیزبەکەیان، بۆیە ڕاگەیاندنى کوردى جێگەى متمانەى خەڵکى و شەقام نییە، هێندەى خەریکى چەواشەکارییە هێندە خەریکى ڕونکردنەوەى ڕاستیەکان نییە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە