چەند راستییەکی دیکەی شاراوە لەسەر کەسایەتی مەسعود بارزانی

Thursday, 09/08/2018, 2:08

11847 بینراوە


 لە لایەن راوێژکارێکی گەورەی پاراستن بۆ یەکەم جارچەند نهێنییەک لەسەر کەسایەتی بارزانی ئاشکرا دەکرێ
کەسانێک هەن کە زۆر بە گەورە و رابەری نەتەوە و شۆرشگێر و پاک و بێگەرد لە مەسعود بارزانی تێگەیشتون بەتایبەت کەسانێک لە چینە خوێنەوارەکەی ناو پارتیی، تەنانەت ئەوانەیش کە لەدەرەوەی پارتیین و خۆیان بە بێ لایەن دادەنێن، لە نزیکەوە بارزانیین نەدیوە و نایناسن، لە دوورەوە گوێبیستی قسەکانی بارزانی بوونە.ئەوانەیش کە لە نزیکەوە بۆ ماوەیەکی کورت دیویانە، بە چەند ساتێکی کەم لە تیڤی یاخود راستەوخۆ لە کۆبوونەوەیەکدا چاویان پێی کەوتووە، لێرەوە کەسایەتی مەسعود بارزانیی دەخوێننەوە و هەڵیدەسەنگێنن! بۆیە زۆربەیان کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورەوە و بە سەرکردەیەکی خاوەن عەقل و بیری نەتەوەیی دەزانن وادەزانن بارزانی گیانی نەتەوەیی و کوردایەتی زۆر بە هێزە، خوێندنەوەی دروست و تەندروستی هەیە بۆ رووداوەکان، هەر تەنیا مەسعود دەزانێ چلۆن هەنگاو دەهاوێژێ و بەرنامە دادەنێ بۆ رووداوەکان و پێشوەخت پێشبینی دەکات.
بۆیە لای زۆرینەی وەکو ئێمە کە زۆر چاک ئەم کەسایەتییە دەناسین، ئەوە لە خۆمان و لە دوروبەرمان دەپرسین: ئایا ئەم خەسڵەتانە لە بارزانیدا هەیە؟ ئایا بارزانی ئەو زاتەیە کە ئەوان وا لێی تێگەیشتون؟
بارزانی وەک کەسێکی ترسنۆک لە بڕیاردانی کۆتایی!
بەسەرهاتێکی بارزانی لە بارەی لاوازی بارزانی و ترسی لە بڕیاردان، لەم رووداوەوە ببینە:
لە وەزارەتی پێشمەرگە جارێکیان هەڵەیەکی زۆر گەورە بەسەریاندا رەتیداوە، کە چۆن پلەی کەسێکیان بە نامەیەکی فەرمی (پاراستن) بەرزکردبوویەوە، پاشان گەندەڵییەکی گەورە لەسەر ئەو کەسە ئاشکرا دەبێ، بۆ ئەمە وەزیرەکەی گۆڕان (مستەفا سەید قادر) راستەوخۆ لە دانیشتنێکدا بە مەسعود بارزانی دەڵێ، مەسعود بارزانیش داوا لە مەسروری کوڕی دەکات، کە بە دواداچوونی بۆ بکەن، ئەمانیش دوای بەدواداچوون و ناردن بەدوای ئەنوەری حاجی عوسمان دەردەکەوێ، کە بە نامەی فەرمی پاراستن پلەی ئەو کەسەی بەرزکردۆتەوە و کراوە بە فەرماندە، کاتێک ئەمە روون دەبێتەوە کۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی دەکەن بۆ بڕیاردان و وەڵامدانەوەی وەزیر، ئێمە هەموو پێمان سەیر بوو، کە چۆن لەو کۆبوونەوەیەدا، مەسعود بارزانی دەبوو خۆی تەلەفون بکات لەسەر ئەو بابەتە بەڵکو راوێژکارانی پاراستن و مەسروری راسپارد، گوتی چیتان پێ باشە با هەروا بکەین! 
ئێمە هەستمان کرد کە بارزانی ئیستا راستەوخۆ ئەو فەرماندەیە دەردەکات و دەینێرێتەوە بۆ ماڵەوە، کە چی خۆی رۆیشت و کۆبوونەوەکەی جێهێشت و گوتی چیتان پێباشە ئەنجامی بدەن! ئەمەش لایەنێکی دیکەی کەسایەتییەکەی دەردەخات، کەسێک نییە خاوەنی بڕیاردان بێت، کەسێک نییە ئازا و بوێر بێت تا خۆی چمکی بڕیارەکان بگرێتە دەست، بەڵام ئەگەر مەسەلە بێتە سەر پارە و بڕ و چۆنێتی پار ە و ئەو شتانە، تا دوا بڕیار دادەنیشێت و دەیەوێت ئاگاداری هەموو ژمارەکان بێت.، واتە هەرچی ئەندامانی بنەڵاکەی دەیدزن و دزیویانە ئەو ئاگادارە و دەشزانێت چۆن دەبرێت و بۆ کوێ رەوانە دەکرێت.
ئەوانەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ بارزانیدا دەکەین و راستەوخۆ هەمیشە بە دیتن کۆبوونەوە و لەگەڵماندا قسە دەکەن، دەڵێن کەسایەتی ئەو هەرگیز شیاو نییە بۆ بەڕێوەبردنی حوکمکردنی تەنها گوندی بارزانیش، چونکە کەسایەتی زۆر لاواز و شلەژاو، لە هەر پرسێک کە هەبێ بە بێ دەوروبەری توانای بڕیاردانی نییە بیدات، ئەمەش نە لەبەر ئەوەیە کە حەز بە پرس و راوێژ بکات لەگەڵ دەوروبەر، بەڵکو لەبەر نەبوونی جورئەتی بڕیاردانێتی، چونکە لەبەر هەبوونی ترسێکی زۆری ناو ناخی کە هەمیشە لە هەڵسوکەوتی رەنگدانەوەی هەیە گەر بە ووردی سەرنجی بدەین.
.................................
کەسایەتی راستەقینەی بارزانیی لە کۆبوونەوەکاندا
کۆبوونەوەکانی بارزانی لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکەی لە عێراق و لە کوردستان، بەتایبەت بەرپرسەکانی حکومەت و پەرلەمانتاران
بارزانی بۆچی بەم شێوەیە خۆی دەنوێنێ لە کاتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکەی؟
 لە کۆبوونەوەکاندا بارزانی ئەوەندەی بە توڕەیی و خۆسەپاندن دەردەکەوێت ئەوەندەی بە توڕەبوونەوە قسە دەکات ئەوەندە نازانێ دوو قسەی جوان و رێک بەبێ توڕەبوون بکات، ئەمە خەسڵەتی بارزانییە لە هەموو کۆبوونەوەکاندا، هەڵبەت ئەمەش بۆ شاردنەوەی کەسایەتی ترسنۆکیی و نائەکادیمی و نەخوێندەواریەکەیەتی، کە دەیەوێ جەهالەتی خۆی بشارێتەوە لە ژێر پەنای خۆتوڕەکردندا! لە کۆبوونەوە داخراوەکانی لەگەڵ ئەندامانی پارتی بە گشتی و لە هەرئاستێک بن، بارزانی بە توڕەیی و خۆزاڵکردن قسە دەکات، دوای تێپەڕبوونی چەند خولەکێک بەسەر قسەکاندا کۆنترۆلی خۆی لەدەست دەدات و بابەتەکان بە توڕەبوونەوە تێکەڵ و ژێراوژوور دەکات، بۆیە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە هۆی ترسیان لە مەسعود بارزانی بیریان لای ئەوە نامێنێ کە بارزانی دوو وشەی عاقلانە و سیاسییانە دەرنەبڕیوە! هەست بەوە ناکەن کە دوای چ گەمژەیەک کەوتوون، چۆن دەبێ سەرۆکەکەیان هەمیشە بە توڕەبوونەوە سیاسەت بکات و کۆبوونەوەکان بەڕێوە بەرێت؟ 
ئێمە هەمیشە سەرنجمان داوە، کە دوای تەواوبونی کۆبوونەوەکان بەرپرسەکانی پارتیی هەموویان ترساون و لە نێوان خۆیان کە باسی بارزانیان کردوە زۆر تۆقینەر و توڕە و بە هەیبەت باسی دەکەن، گوایە مرۆڤ ناوێرێ تەنانەت قسەیەکیش بکات لە بەرامبەرییدا! ئەمە لەلایەن ئەندامەکانی پاراستن بە دواداچوونی بۆ کراوە و پشتراستکراوەتەوە، تا وەک چۆن لەگەڵ رەوشتی مەسعود بارزانی کار بکەن، هەوڵ بدەن بە هەر نرخێک بێت نەهێڵن لە کۆبوونەوەکاندا تووڕە ببێت، تا رادەیەک چەند راوێژکارێکی گەورەی پاراستن ئەوەیان بۆ بارزانی دیاریکردوە و راست دەرچووە بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکەی.
کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کەسایەتیە سیاسییەکانی حیزبەکانی تر چۆنە؟
بە پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە لە کۆبوونەوەی گەورەی لەگەڵ سیاسییەکانی دەرەوەی حیزبەکەیدا بە گشتی، بەشێوەیەک خۆی بێدەنگ و نەرم و لەسەرخۆ دەکات بۆ ئەوەی کەسایەتییە راستەقینەکەی بشارێتەوە، تا وا لێکی بدەنەوە گوایە بارزانی کەم دەڵێ، کەسێكی خاوەن زۆر بە هەیبەتە و قسە ناکات! چونکە پێشوەخت لەلایەن راوێژکارە گەورەکانی پاراستن پلان بۆ بارزانی دارێژراوە بەم شێوانە هەڵسوکەوت بکات، چونکە ئەوان لەنزیکەوە لەگەڵ بارزانین دەزانن، بارزانی هیچی پێ نییە و لە تەواویی بوارەکانی ژیانیدا بە شێوەیەک ناتوانی دوو قسەی جوان و رێک بکات.
.................................
پێداگریی و کەللە رەقی بارزانی لە چییەوە سەرچاوە گرتووە؟ 
بارزانی پێی وایە ئەم راوێژکارە گەورانەی پاراستن و کوڕە گەورەکەی مەسرور لە هیچ بڕیارێک هەرگیز هەڵە ناکەن و هەمیشە وریا و چاوکراوەن لە هەموو بوارەکاندا.راوێژکارەکان بەهۆی خوێندنیان لە دەرەوەی کوردستان بوونەتە خاوەنی بروانامەی ماستەر و دکتۆرا، بارزانی هەست بە کەمی خۆی دەکات بەرامبەریان و وادەزانێ ئەوان هەموو شتێک دەزانن بەهۆی خوێندنیان.بارزانی پێداگیری و عینادی دەکات لەسەر ئەو بڕیارانەی کە مسرور و راوێژکارانی پاراستن دەریدەکەن، پاشان وەک پرۆژە و بەرنامە دەیخەنە بەردەستی، ئەمیش بەبێ سەرنج و لێکۆڵینەوە و بە بێ خوێدنەوەیەکی تەندروست بۆ هەموو لایەنەکانی بەکوێرانە پێداگری دەکات لەسەر ئەو بڕیارانە و عینادیشی لەسەر دەکات.مەسعود بارزانی هەرگیز ناتوانێ و نەیوێراوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی حەسمی بدات.
 ریفراندۆم وەک نمونەیەکی نزیک و زیندوو
لەسەروبەندی راگەیاندنی ریفراندۆم خەڵکانێک زۆر پێیان سەیر بوو، کە بارزانی هەردەیگوت بڕیاری هەموومانە...بڕیاری هەمو سەرکردایەتی سیاسی کوردستانە، چونکە پێیان وایە، کە بارزانی وەک دیکتاتۆرێکی بچوک هەمیشە و تەنها رای خۆی فەرز دەکات، بە پێچەوانەشەوە هەندێک پێیان وابووە، کە بارزانی بە هۆی زیرەکی و بوێری و سەر راستی و رەگی بەهێزی نەتەوەیی بە تەنیا ئەو بڕیارەی داوە.بۆچوونەکان هەڵەن لەبارەی بارزانی بەڵکو حقیقەت ئەمەیە، کە بارزانی دیکتاتۆرە، بەڵام دیکتاتۆرێکی زۆر ترسنۆک و شەرمن و نەزان، کە توانای بڕیاردانی نییە و زۆردەترسێ لە ئەنجامەکانی هەمیشە بە دەوروبەری خۆی دەنازێت بە تایبەتی مەسروری کوڕی، مەسعود بارزانی تەنها بۆ ناوخۆ دڕندە و ژەهراوی دەردەکەوێ ئەگینا بۆ دەرەوەی کوردستان هەر چین و لایەنێک بێت دەست لەسەر سینگ و مل شۆرە بەرامبەریان، ئەو کە هەمیشە دەیگوت بڕیاری هەموومانە بڕیاری هەموو سەرکردایەتی سیاسی کوردە بۆ خۆ رزگارکردن بوو لە تەواوی ئەو لەعنەتیە گەورەیەی کە لە مێژوودا بۆیان تۆمارکرا، کە تاوەکو ئەمانە مابن باسدەکرێ چۆن دەولەتی کوردی کە زۆر نزیک بووبویەوە لە پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان، بەڵام لە باربردرا..
.................................
مەسعود بارزانی کەسایەتیەکی داتەپیو و لەرزۆک و ترسنۆکی هەیە، خاوەنی هیچ بڕیارێکی خۆی نییە بە بێ گەرانەوە بۆ پاراستن وەک دەزگا سیخورییەکەی ناتوانێ تەنانەت ووتارێک بدات بۆ چەند دەقەیەک.
کەسایەتییە لاوازەکەی وای لێدەکات زوو بکەوێتە ژێر کاریگەری هەر رووداوێک تەنانەت نەتوانێ خۆی کۆنترۆڵ بکات، کاردانەوەکانی بۆ رووداوەکانی دەوروبەری لە کەسایەتی سەرۆک رێکخراوێکیش ناچی، کە هەست بە بەرپرسیارەتیەکەی خۆی بکات نەوەک سەرۆک هەرێمێک و حزبێک.
 کەسایەتی بارزانی ناشێ بۆ حکومەتداری و دەوڵەتداری بەڵکو ئەو پیاوە دەبوو وەک خەزوری کۆچکردوی خۆی بوایە لە گوندی بارزان دانیشتبوایە و دیوەخانێکی دروستکردبوایە بۆ چا خواردنەوە و جگەرە کێشان.بۆ تەواویی خوێنەران و رۆشنبیران و مێژوونووسان و کەسایەتییەکانی کوردستان با روون و ئاشکرابێ کە مەسعود بارزانی ئەمەیە کەسایەتیی و پێناسەی راستەقینەی بەتایبەت ئەوانەی بە کوێری بەدوای کەوتون و نایناسن ئەم بابەتە بۆ ئەوان بەسە تا بیناسن، کە ئەو کەسایەتیەی نیشانی دەدات لە سەر تەلەفزیۆن و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، ئەوە کەسایەتی خۆی نییە، بەڵکو بۆی نووسراوە وەکو ئەکتەرێک پێی دەڵێن، کە دەبێ چیبکات و چۆن قسەبکات.ئەگەر بێت و وەک ئێمە ئاسا بیناسن، هەرگیز ئامادە نابن بۆ چەند چرکەیەکیش بێ گوێی لێبگرن و بە سەرۆک و کەسایەتی مێژویی بیناسێنن.
.................................
هەڵبەت دەبێت بپرسین، بۆچی بارزانی بۆ جارێکیش بریندار نەبووە لە تەواویی تەمەنیدا لەکاتێکدا بارزانی هەمیشە شانازی بە پێشمەرگایەتییەوە دەکات و دەڵێ تەواوی تەمەنم لە پێشمەرگایەتی سەرفکردوە! کەواتە تەواوی ژیانی لە ناو شەر و سەنگەردا بووە، بەڵام بۆ جارێکیش چیە بریندار نەبووە! چونکە هیچ کاتێک لە شەرەکاندا بەشداری نەکردووە، تەنانەت ماوەی زۆریش بێ کار بووە، کەچی نەیتوانیوە خاوەن بروانامە و خوێندنی تەواو بکات، بەڵکو ئەو سەردەمانێک لە ئەمریکا بوو دەیتوانی هەموو بروانامەیەک وەدەست بهێنێ لە خوێندن، بەلام خۆی حەزی بە خوێند ن و خوێندەنەوە نییە و دوژمنی کەسانی خوێندەواریشە، زۆر هەست بەکەمی دەکات بەرامبەریان، بارزانی لە بیرکردنەوە و نووسین و خوێندنەوە کەسێکی زۆر نەزانە بەژیانی تاقەتی نەبوە دوو رستە لە پەرتوکێک بخوێنێتێتەوە ئەم پەرتوکەش کە بەناوی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)ەوە چاپکراو بڵاوکرایەوە نوسەرەکەی (فەلەکەدین کاکەیی) بوو، بەڵام ناوی بارزانی پێوە لکێنرا، کە تەنانەت بۆ جارێکیش ئاماژە بە برینداری بارزانی ناکات لە هیچێک لەو شەرانەی کە رووبەروی پێشمەرگەکان بونەتەوە.
.................................
کام بابەتە بارزانی بەبێ گەرانەوە بۆ بڕیاری کەس راستەوخۆ گلۆپی سور بۆ دەزگا هەڵدەکات؟ 
ئەو بابەتەی لەلای بارزانی گرینگترینە و بە بێ گەرانەوە تەنانەت بۆ راوێژکارەکانی پاراستنیش بڕیاری لێ دەدات تەنها کوشتن و تیرۆرکردنی خەڵکی دوژمن بە بنەماڵەکەیەتی کە وەک کەسێکی خێلەکی هەڵسوکەوت دەکات، راستەوخۆ دەزگا رادەسپێرێ بۆ کوشتنی کەسەکان.مرۆڤێک تینوو بە خوێنی رۆڵەکانی میللەتەکەی کە هەرگیز وێنەی لە مێژوودا نەبوە.

ئەمانە بەشێکی زۆری لایەنە راستەقینەکانی کەسایەتی بارزانین کە زۆرێک لەوانەی لە نزیکەوە بارزانی ناناسن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە