ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

ئۆقیانوسێک لە درۆ

Friday, 08.17.2018, 8:43

9375 بینراوە


بۆئەوەی لە کارێکی هونەری تێبگەین، با  هەر لە خۆمانەوە زیادەڕۆیی نەکەین ، باشتر وایە  بەوردی و بەبێ درۆکردن سەیری کارە هونەرییەکە خۆی بکەین، پێویستیش بەوە ناکات بزانین کێ کردویەتی و بە چ مەبەستێکیش کراوە، تەنها تێروانینی خۆمان بەسە بۆ ئەو کارە، کە ئەیا چ مەسجێکمان دەداتێ، ئەگەر کارە هونەرییە نەیتوانی شتێکمان پێ بڵێت ئەوا قسەی هونەرمەند پوڵێک ناهێنێت. راستە کە هونەر مێژوییەکی هەیە و زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک مۆسیقا، دانس،  شانۆ و فەلسەفە، بۆ تێگەیشتن لە کارێکی هونەری  پێویستمان بە زانیاری هەیە لەسەر هونەر، بەڵام لێرەدا ئەم پەیکەرە وەک کارێکی هونەری بەرز هەڵناسەنگێنین لەبەر ئەوەی لەو ئاستەدا نییە، بەلکو تەنها وەک کارێکی سادە  باسی دەکەین.
لە یەکەم تێڕوانینماندا بۆ ئەم کارە، چەقۆیەکی زۆر گەورە و جوان دەبینین کە بە شێوەیەکی هیپەر  ڕیالیسمی دروستکراوە، چەقۆکە ئێجگار گەورەیە، هەر خیرا سەرنجی بینەر بەلای خۆیدا رادەکێشیت،  لەسەر چەقۆکە  نوسیویەتی ؛ love and culture   پاشان ناوی هونەرمەندەکە لەسەر چەقۆکە نوسراوە بە پیتی لاتینی.
چاومان بە چۆقەکەدا دەخشێت هەتا نوکی چەقۆکە و لەسەر ئەم چەقۆیە کوڕێک  دەبینین وەستاوە بە پێوە و کچێکی گرتۆتە باوەش، کوڕەکە دەستی باش ئاڵاندوە لەکەمەری کچەکە و نیازی نییە بەری بدات، بەڵام کچەکە لە ئەکسیۆندا نییە،  نەدەستی بە کوڕەکەوە گرتوە نە لەسەر چەقۆکە وەک ئەو جێگیربووە.  لە بۆشایدایە. وا دەردەکەوێت کە کچەکە وەک بوکەشوشەیەک بە ڕێکەوت  لە ئاسمانەوە کەوتبێتە باوەشی ئەو کوڕەوە، وەک خواوەندێک یان دیارییەکی خوایی.  دەستی رانەکێشاوە بۆ کوڕەکە بە ئامانجی  دەربڕینی ئارەزویەک بۆ ئەو،  نە باوەشیشیی بە کوڕەکەدا کردوە ، کوڕەکە وای نیازە کچەکە ماچ بکات بەبێ ئەوەی لێویان بەریەکتر بکەوێت، کچەکە لەوێدا هیچ بڕیاردەرێک نییە و بەهۆی شازادەکەوە جێگیرە لەسەر چەقۆکە و ئەو بڕیار ئەدات،  نە هەوڵی ماچ کردنی ئەدات نە هیچ، دەستی بڵاوکردۆتەوە وەک منداڵێک، یان هەروەک ماریۆنێتێکی سیرک، بە باڵە کراوەکانییەوە کە لەوە دەچیت هیچ ڕۆحێکی تیانەبێت لە بوکەشوشەیەکی فوتێکراوی سێکس شۆپەکان دەچێت بۆ گەمەی سێکسی . کچەکە  کەوشی پاژنەبە رزی لەپادایە و بە جلێکی مۆدێرنەوە دەبینرێت، چاوەڕوانی کوڕەکەیە،  چاوەروانی فریادرەسە .
ئەگەر جەقۆ خۆی لەخۆیدا تەنێکی دژوار بێت، بەڵام لەوێدا ئەگەر باش سەیری بکەین، چەقۆکە بۆتە سەکۆیەک بۆ کوڕەکە، کە بەو هۆیەوە لەسەری وەستاوە، نەبۆتە بەربەستێک یان ڕێگرێک یان هەر شتێکی دژواری تر لە نێوانیاندا، نەشبۆتە بەربەستێک بۆ کچەکە و  بەپێچەوانەشەوە بەهۆی ئەو چەقۆیەوە هەردوکیان لەو بارەدا پێکەوە وەستاون. کەواتە لەوێدا ئەو چەقۆیە هیچ دەورێکی ڕێگر و دژواری نابینێت، زیاتر لە ڕێکلامێکی جوان دەچیت بۆ چەقۆ .
بۆ کورتکردنەوەی باسەکەمان ؛ چەقۆیەکی گەورە دەبینین کە بۆتە سکۆ بۆ کوڕێک، کوڕەکەش وەک فریادرەسێک  کچێکی گرتۆتە باوەش، کچەکە لە شوێنێکەوە کەوتۆتەخوارەوە و هیچ دەورێکی نییەو چاوەروان دەکات.
لێرەوە من هاتم و بردم هەتاوەکو بزانم مەبەستی هونەرمەند لەم کارە چی بووە، چونکە بێگومان چیرۆکێکی سادە خۆی حەشارداوە لە مێشکۆلەی بکەردا، خۆ لەبەر ئەوە نییە، کە من چەقۆیەک و کوڕیک و کچێکم بینی ئیتر هەر خێرا بکەومە گیڕانەوەی بەسەرهاتی دژوار و بێ سەروبەر وەک ئەوانەی دەیانخوێنمەوە لەسەر سایتە کۆمەڵایەتییەکان کە باسی هەموشتێک دەکەن بەڵام باسی کارە هونەریەکە ناکەن و ناتوانن هەڵی سەنگێنن.  ئێمە باسی چیرۆک و هۆنراوە و پەندی پێشینان ناکەین، ئێمە باسی کارێکی هونەری دەکەین، کە ئایا ئەم کارە هونەرییە  چ مەسجێکمان پێ دەڵێت؟ ئایا ئەم کارە هونەرییە بەزمانی هونەر کراوە یان بە زامنی بێ ئاگا لەهونەر ؟
چیرۆکەکە زۆر سادەیە؛ کچیک لە شوێنێکەوە کەوتۆتە خوارەوە، کە نازانین لە کوێوەیەوە، ئەمجارەیان  پەریی نییە لەبەر ئەوەی وەک خواوەندی نایک باڵی نییە. خەریکە بکەوێت بەسەر نوکی چەقۆکەدا، بەڵام بەڕێکەوت  ئەو کوڕە جوانخاسە، وەک لە فلیمی هندیدا بەویادا تێدەپەڕێت و دەیگرێتە باوەشی،  هەتاوەکو نەکەوێت بەسەر چەقۆکەدا. هەر ئەوە ماوەتەوە ئێمەش لە جێگەی خۆماندا دەستبکەین بە چەپڵە ڕیزان و بڵیین ؛ زۆر جوانە کوڕەکە ، وەک کاتێک مندال بوین لە سینەما  لەبەردەم فلیمی هندیدا.
لەمە زیاتر هیچیتر ناتوانین هەڵکڕێنین لەم پەیکەرەدا، ئەگەر مەبەستی هونەرموند ئەمە بێت، کەواتە بەراستی بیرو بۆچونی لە لوتی خۆی دورتر ناڕوات و بیرۆکەیەکی هەتا بڵییت دواکەوتو و باوک سالاریە بە پێچەوانەی ئەوەی کە گوایە باسی دژواری لە خۆشەویستیدا دەکات لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، جگە لەوەی کە ئەم جۆرە دەربڕینە دورە لە زمانی هونەر، هونەرمەند  لە کابرایەکی داراتاش زیاتر  شارەزایی نییە لە زمانی هونەر بۆ دەربڕین و هەڵماڵینی دیاردەیەکی کۆمەڵگە،  زیاتر زمانی چیرۆکێکی فەنتازیایە بۆ منداڵان، زمانی هونەر چیرۆک گێڕانەوە نییە، یان فۆتۆگرافیەکی سینەمایی نییە .
 لە هەمان کاتا لەم کارە هونەرییەدا چەقۆکە بەجۆرێکی تر کراوە لە کور و کچەکە، وەک ئەوەی دوو کەسی جیاواز ئەو پەیکەرەیان کردبێت، کە ئەمەش ڕیی تێناچیت لەکارێکی هونەریدا،  بۆیە وەک ڕێکلام دەبینرێت بۆ چەقۆ، نەک چەقۆ وەک مەترسیەک وەک چەکێکی کوشندە یان هەڕەشەیەک لە سەر  خۆشەویستی لە کۆمەڵگەی کوردی.
 بۆ تێگەیشتن لەم باسە دەچین سەبیلەکەی دەمی ڤانگۆگ دەگۆڕین بۆ سەبیلێکی ڕیالیست، ئەگەر ڤانگۆگ سەبیلەکەی بە تەکنیکێکی جیاواز بکردایە لە دەموچاوی. 

ئەگەر سەیری ئەو تابلۆیەی ڤانگۆگ بکەین هەر خێرا سەرنجت دەروات بۆ سەبیلەکە و دەموچاوەکەت لەبیر دەباتەوە لەبەر ئەوەی سەبیلەکە جیاواز نەخشێنراوە ، ئەمەش تەکنیکی ڕێکلامە بۆ سەرنجڕاکێشانت بۆ سەبیل وەک کاڵایەک، بەڵام لەوانەیە بلێن ئەوە کەی موشکیلەیە، کاکی هونەرمەندیش ویستویەتی سەرنجی خەڵکی ڕابکێشیت بۆ چەقۆکە، راستە بەڵام بۆ چ چەقۆیەک؟ دەوری ئەم چەقۆیە چییە جگە لە سکۆیەک زیاتر بۆ ئەو کوڕ و کچە ؟   ئەگەر هونەرمەندیک بە دوو تەکنیک کارێکی هونەری بکات بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دروست بپێکێت، لەسەر تابلۆیەک یان لەسەر پەیکەرێک واتە ئەو کەسە بۆچوونێک یان بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نییە، هەمو بڕیارەکان لەناخی هونەرمەندەوە نایەن، نەگەیشتۆتە راستیەکی رەها هەتاوەکو بتوانێت بە یەک زمان لەگەڵماندا بدوێت، کەسێکی ونە، ناهۆشمەندە و نازانێت چی دەکات، یەک پێکهاتەی هارمۆنی نییە لەگەڵ بیروبۆچونی خۆیدا، بەسادە و ساکاری ئەتوانین بڵیین  کە ئەو کوڕە هونەرمەندە گەوجە و هۆشمەند نییە بەکارەکەی. 
پاشان لەم پەیکەرەدا، مێینە وەک کەسێکی بێ توانا پیشاندراوە، هیچ دەورێکی نییە، هیچ بڕیارێک نادات، نێرینەش ڕزگارکەرەو بڕیاردەرەو لە ئەکسیۆندایە و ئەویشی لەخۆی گرتوەو دەیپارێزێت، بەڵام لە راستیدا هونەرمەند ویستویەتی پێجەوانەکیمان پیشانبدات ، ئەمەیە پارادۆکس لەم کارەدا چونکێ کاکی هونەرمەند هٶشمەند نییە،  وەک چۆن هەندێک لە دەڵالەکانی کتێبی ئۆقیانوسێک لە تاوان وایان باوەرە کە داڵدەی ئافرەتانیان داوە و یارمەتیان ئەدەن، کاکی هونەرمەندیش بەهەمان شیوە وا دەزانێت کە بەرگری لە مافی مێینە و خۆشەویستی دەکات بەڵام بە پێچەوانەوە.    
هەموو ئەو کارانەی لە کوردستانی باشوردا بۆ ژنان کراون جۆرێکن لە گاڵتە پیکردن بە مێینە، هونەرمەندان لەبری هاندانیان، جارێکی تر دەیانکەن بەناخی زەویدا، دەیان گەڕێننەوە بۆ دواوە، ڕیسەکەیان لێ دەکەن بە خوری، ئەمەش بۆمان ئاشکرا دەکات کە تێروانینی هونەرمەندان بۆ ژنان  ئاوێنەی فکری ئەو کۆمەڵگەیە کە تیایدا دەژین و ناتوانن لەوە زیاترمان بۆ پێشنیار بکەن.
 
 
ئەگەر ئاوڕێک بۆ کارە هونەریەکانی رابوردو بدەینەوە وەک شێرە کچانی کۆبانی  یان خواوەندی نایک، هەر هەمان  ئەقڵ دەبینین کە خۆی حەشارداوە لە ناخی ئەم  هونەرمەندانەدا، کە ژنان هەمان دەوری نمایشکەر و حۆری و پەری دەبینن و هەرگیز لە ئەکسیۆنو بڕیارداندا نین، وەک بوکەلە دانراون و نمایشیان دەکەن. لەبەر ئەوەی بە هۆکاری یەکەم هۆشمەند نین کەواتە هۆشمەندیش نین بەو کارە هونەرییەی کە دەیکەن بۆیە راستی بیروبۆچوونیان وەک خۆیان دەردەکەون کە جیاوازییان نییە لەگەڵ فکری کۆنەپەرستیدا و لە هەمان کاتا  دەیانەوێت پێشکەوتن و هونەرمان پێ بفرۆشنەوە،  لە شوێنێکدا کە خەڵکی لە ئەلف و بێی هونەر  شارەزاییان نییە.  کاتێک هونەرمەند شەرەڤانێکی داناوە لەسەر شیرێک و ناوی ناوە شێرە کچانی کۆبانێ، دەبینین کە لەوێدا شەرەڤانەکە هیچ لە ئەکسیۆندا نییە، نە چەکی بەدەستەوەیە نەبەرامبەر بە دوژمن وەستاوە، نە باسی خەباتی ژنانمان بۆ دەکات، ژنێک دەبینین خۆی نمایش دەکات لەسەر شیرێک  کە هیچ پەیوەندییەک نییە لەنێوان ئەو شیرە و ئەو کچەدا جگە لەوەی کە شێرەکە وەک سەکۆیەک دانراوە بۆ ئەو،  ژنەکەش وەک نمایشکەرێک بۆ بینەر یان بۆ فۆتۆگرافێک،. ئەم پەیکەرە بۆشە لە هەموو بیرکردنەوەیەک، بەتاڵە لەهەموو ئەقڵێک  پێی دەڵێن هەژاری لە بیرکردنەوەدا، ناهۆشمەندی لە ئەقڵدا، دەنا چ مانایەک دەبەخشیت ژنێک وەک بوکەلەیەک دانێیت لەسەر شێرێک ؟ ئایا ئەمەیە زمانی هونەر؟ ئەو هەموو خەبات و تێکۆشان و گۆرانکارییە کە شەرەڤانان کردویانە ئاوا پیشانمان ئەدەیت کاکی هونەرمەند ؟
 لە پەیکەری خواوەندی نیکێشدا کە بۆ شەرەڤانان کراوە، کچە شەرەڤانەکان  کە دەیانەوێت بێنەوە سەرزەوی و وەک مرۆڤ خۆیان بناسێنن، خۆیان بخەنە ئاستی تۆی پیاو، کاکی هونەرمەند بە دوو باڵەوە دەیان باتەوە بۆ ئاسمان و دەیان کاتەوە بە حۆری و پەری، بینەر هەڵدەخەڵەتێنێت بە میتۆلۆژی خواوەندی نیکێ، بەڵام لە راستیدا ویست و خەو و ئارەزوی هونەرمەند وەک تاکێکی رۆژهەڵاتی وێنەی حۆری و پەریە نەک شەرەڤانێکی چەک بەدەست، شەرەڤانێکی بڕیاردەر، شەڕەڤانێکی شۆڕشگێڕ بە چەکەکەیەوە، بەتەنیشت پیاوێکەوە.
 وەک سەرنج ئەدەین لەم سێ کارە هونەرییەدا راستی مۆنتالیتێی تاکی ڕۆژهەڵاتی بۆ مێینە خراوەتە  روو؛ ئەویش ئەوەیە یان وەک بوکەلەیەکی پلاستیک لە ئاسمانەوە کەوتۆتە باوەشی کوڕێکی فریادرەس، یان نمایش کراوە لە سەر شێرێک یان بۆتەوە بە حۆری و پەری، لەهیچ لەو کارانەدا مێینە لە ئەکسیۆندا نییە و بڕیاردەر نییە، وەک کاڵایەک دانراون .
  ئەگەر لە بکەری ئەم پەیکەرانە بپرسین تەواو بە پێچەوانەی کارەکانیانەوە دەدوێن، هەمویان بۆ ئازادیی ژنان تێ دەکۆشن و  فکری پێشکەوتویان هەیە، بەڵام ئازادی بۆ ژنانیش ئەوەیە، کە ژن وەک خۆی ببینیت؛ نەوەکو بیکەی بە حۆری و پەری،  یان  بە پەتیارە و لەشفرۆس، یان وەک تەنێکی بی گیان،  وەک مرۆڤێک بیبینە یەکسان بە تۆ، کاتێک پەیکەرێک دەکەیت کە کوڕێک باوەش دەکات بە کچێکدا، ئەو هێزەش بدە بەو مێینەیەش کە باوەش بکات بەو کوڕەدا، ڕۆڵێک بدە بە مێینە،  ئەگەر دەتەوێت شتێک بگۆڕیت، گەرنا شتەکان ناتوانین بگۆڕین، کاتێک شەرەڤانێک دەکەیت، چەکێکی بدەرە دەست، ڕیشدارێکی ئیسلامی بخەرە ژێر پێی، با دەستی منداڵەکەی بگرێت وەک دایکێک بە چەکەکەیەوە.  بەڵام لەبەر ئەوەی کە هۆشمەند نین بەوەی، کە چی دەکەن و چیان دەوێت و بۆچی تێدەکۆشن، هیچ ئایدیۆلۆژیەک و فکرێکی نوێخوازیان نییە، هەر قسەی بریقەدار و دروشم دەڵێنەوە بەبێ تێگەیشتن لەناوەرۆکی شتەکان، ئەوا کۆتایی کارەکانیان دەبێتە ئاوێنەی بیرکردنەوەیان، ئاوێنەی ڕۆح و هەڵسوکەوتیان، راستی بیرکردنەوەی ئەوانمان بۆ هەڵدەماڵن.  ئەم ئەقڵیەتەش ڕەگی داکاتاوە لە هەموو تاکێکی ڕۆژهەڵاتیدا ، کە سەیری جەلال تالەبانی دەکەیت چۆن سەری بۆ ئافرەتێک دانەواندوە و ناتوانێت و نازانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی لەبەردەم ژنێکدا هوڵسوکەوت بکات ئەوا هەر خێرا تێدەگەین کە بۆچی ئەو کەسانە ئاوا سەریان لێ شیواوە و نازانن چۆن ئەوانیش پەیکەری شەرەڤانێک یان مێینەیەکمان بۆ بکەن وەک خۆی.
 
ئاستی هونەر و تێڕوانینی تاک لە کوردستانی باشور تەواو  نزمە، بەڵام بە بینی پەیکەرێک لە رۆژاڤای کوردستان دڵخۆش دەبین، کە بۆ مێینەیەک کراوە، دڵخۆش دەبین کە کاسانێک هەن هۆشمەندن و قوڵ بیردەکەنەوە؛ کاتێک سەیری ئەو پەیکەرە دەکەین کە هونەرمەندێکی ڕۆژهەلات کردویەتی بۆ مێینەیەک تەواو جیاوازە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەوان هەنگاوێکی گەورە لەپێشتانەوەن
 
پەیکەری ژنێک لە رۆژاڤا
لێرەدا باسەکە نە شەرەڤانە نە بەربەستی کۆمەڵایەتیە لە خۆشەویستیدا، نەشێرە ژنە،  تەنها مێینەیکمان پیشان ئەدات وەک خۆی، ژنێکە بە جلێکی کوردی سادەوە وەک هەمو ئەو کچانەی رۆژانە دەیان بینین، بەرامبەرت وەستاوە و دەستی خستۆتە سەر کەمەری، هیچ تەنێکی لەتەنیشتەوە دانەناوە هەتاوەکو بەهۆیەوە گرنگی پێ بدات تەنها بوونی خۆی چۆن وەستاوە بەرامبەرمان گەورەیی و ڕۆحی ژن پیشان ئەدات لەو پەیکەرەدا ، نەیشی کردوە بە شازادە و نەی ڕازاندۆتەوە بە خشڵ و ئاڵتون، ژنەکە سەرپۆشی بەسەرەوە نییە، سکی دەرپەراندوە وەک ئەوەی کە شانازی بە ژنبوونی خۆیەوە بکات،  بە بێ باڵ و فەنتازیا و پێڵاوی  پاشنەبەرز و قسەی باق و بریقی وەک شێر و حۆری و خواوەند، تەنها بوونی خۆی بەرامبەرمان وەک خۆی بەخەبەرمان دەکاتەوە. بێگومان ئەگەر ئەم هونەرمەندە ڕۆژێک شەرەڤانێکمان بۆ بکات تەواو ڕۆحی شەرەڤانی دەکات بەبەریدا. کەواتە بێ هیوا نابین چونکە وادیارە هیوا و هۆشمان لە ڕۆژاڤاوە بۆ دێت 




(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 4/5)