(گالتەجاریی ناوی حیزب و فکری سیاسی لای پ.د.ک)

Sunday, 19/08/2018, 23:24

4963 بینراوە


پارتی کە لە سالی 1946ەوە دروستبوە ناوی خۆی چەندین جار گۆڕیوە بێ هیچ هۆیەکی تیاچوون. پارتی کە لە دایک بوو پێی دەوترا (پارتی دیموکراتی کوردی لە عێراق). لە سەردەمی حوکمی مەلیکدا بە خۆی دەووت پارتێکی مارکسی لینینیە. دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ عێراق ، پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆی گۆڕی لە ناوەڕۆکی (نێ)ی مارکسی لینینیەوە بۆ (نێ)ی کەَلک وەرگرتن لە تیۆری مارکسی لینینی. لە کۆنفرەنسی شەشی پارتی نەێی کەَلک وەرگرتن لە تیۆری مارکسی لینینی گۆڕدرا بۆ " کەَلک وەرگرتن لە تیۆری زانستی".
دوای کۆنفرەنسی 1970 ی پارتی ، کەَلک وەرگرتن لە تیۆری زانستیەکەش گۆڕدرا بۆ نەهجی ئەوەی پارتی کەَلک لە تیۆریە زانستیەکان وەردەگرێ. لە کۆنفرەنسی 2ی پارتی ناوی گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق). بەوەشەوە نەوەستان و دواتر کردیان بە (پارتی دیموکراتی یەکگرتوی کوردستان). عبدالکریم قاسم بۆ ئەوەی مۆڵەتی کاری ئاشکرایان بداتێ ، وەک چارەسەرێکی مامناوەندی لەسەر پێشنیازی ئەو کردیانە (پارتی دیموکراتی کوردستانی). دواتریش کردیانە پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دوای ئاشبەتالی 1975 کردیانە (پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سەرکردایەتی کاتی ، قیادەی مۆقەتە) و دواجاریش ئەم ناوەی ئێستەیان لە خۆیان ناوە.
بەم غموزەتە تیۆریەو ونبونە فکریەو بە گەورە کردنی قەوارەی پارتی بۆتە هێزێک کە لەسەر پەیوەندی عاتفیی وەستاوەو و خێل و خێزان سەرکردایەتی دەکات. بەرگی حیزب و "ئایدۆلۆژیاش" کە نەیبوە کراونەتە بەری بارزانی و کار بۆ بە کاریزما کردنی دەکرێت ، کە جەماوەرەکەی جگە لە سەرۆک هیچی تر نەبینێت ، دیاردەی حیزبێکی تەقلیدی کۆنەپەرست.
ئەمە ئەوە نابەخشیت حیزب لە مێژووی خۆیدا ناوی ناگۆڕێت بەلام ئەو گۆڕانە لە کاتی پێویستدا بووە. پارتی کرێکارانی ئیشتراکی دیموکراتی ڕوسی کە بە بۆلشەفیک ناسراوەو شۆڕشی ئۆکتۆبەریان بە ئەنجام گەیاند ناوی خۆی لە کاتێکدا گۆڕی کە پێویست بوو. ناو شتێکی پپرۆز نیە کە دەستکاری نەکرێت ، بەلام گۆڕینی ناو کاتێک لەگەل ناوەڕۆکدا بگونجێت. ئەم باسە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە لە ژیانی (پ.د.ک) تەنانەت ناویش شتێکی پیرۆز نەبووەو دەکرێ لە داهاتودا چاوەڕوانی گۆرینی تریش لە ناوەکەیدا بکرێت. 
( سێ ناوەکەی پارتی )
لێرەدا دەکرێت بلێین پارتی / پارت نین لە کردارو تێگەیشتنی پارتدا لە ڕووی زانستی سیاسیشەوەو تەنیا ناوەکەی بەکار دەهێنرێت بۆ خۆشاردنەوەی دەسەلاتە تەقلیدی و خێلەکیەکە لە پشتیەوە. سەرکردایەتی بارزانی ( بارزانی باوک و کوڕیش) هەرگیز بڕوای بە پارت و رێکخراوی سیاسی نەبووەو حیزب لێرەدا هەمیشە ئامانج بووە نەک ئامراز.
دیموکرات / لای پارتی دیموکراتیەتیش هەرگیز بوونی نەبووەو بیری دیموکراتی و ئازادی لای پارتی هەر ئەوەندە بەرینە کە تەنها جێگای خۆی تێدا بێتەوە. بە ناوی دیموکراسیەتەوە دیموکراسیەت و ئازادییان لەناو بردوە.
کوردستان / لە رێبازو کردارو سیاسەتیشدا مێژوو سەلماندی کە کوردستانی نەبوون و ناشین.
لێرەدا دەردەکەوێت کە پ.د.ک لە ڕووی ئایدیۆلۆجیشەوە هەژار بووەو فکرێکی سیاسی ڕوون لە بەرنامەو ستراتیجیەتیدا نەبووە. بەواتا پارتی نە ، ناو ، وە نە ناوڕۆک بەلایەوە گرنگ و پیرۆز نەبوەو لە دێر زەمانەوە وەک پارت (حیزب) ڕۆڵی خۆی وون کردوەو بۆتە پارتی خێزان و بنەمالەو خێڵی سیاسی ، بۆتە حیزبێکی بێ دەموچاو.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە