ڕەجەب و فاتیح، وەک مەڕی ئەجەل هاتوو، دەم بۆ گیای ئەمریکا و ڕوسیا دەبەن

Wednesday, 29/08/2018, 9:10

5415 بینراوە


لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە لە بوونی گرفت، ناتەبایی و نەگونجانی میللەتانی ناوچەکە و بوونی دەسەڵاتی سیاسیی تاکڕەوەی نادیموکراتی، ئەم ناوچەیە بۆتە گۆڕەپانێکی پان و بەرینی کێشمەکێشمی نێودەوڵتی، هەرچی زلهێزی سەر زەمین هەیە چاوی تەماحییان لە سامانە سروشتییەکانی ئەو ناوچەیەدا بڕیوە، بە سەرچاوەییەکی ئابووریی دەوڵەمەند دەیناسن، لە هەموو سات و زەمانێکدا ئامادەیی ئەوەیان تێددا هەبووە کە لە پێناویدا بە میلیۆنان خەڵکی ناوچەکە بکەنە قوڕبانیی و بە میلیۆنان دۆلاریشی خەرجی سوپاکانیان بێت لەم ناوچەیە.
فاتیح ێڵدز لە کەرکوک ٢٠/٨/٢٠١٨
فاتیح یەڵدزی، باڵوێزی تورکیا لە عیراق لە ٢٠/٨/٢٠١٨دا لە کەرکوک دوای نوێژی جەژنی قوربان گوتی "من هاتوم بۆ شاڕی باوباپیرانم"، بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ تەواوکەری دوێنێیە، لە وڵاتێکی وەک تورکیادا هیچ ووشەیەک لە دەمی فەرمانبەرێکی وەک فاتیج دەرناچێت ئەگەر پێشتر ڕەزامەندی سوڵتانەکەی لەسەر نەبووبێت. ئەردوغان لە ساڵی ٢٠١٦دا لە گەرمەی جەنگی دژ بە داعشدا گوتی " دۆکیومێنتی ساڵی ١٩٢٠ دەیسەلمێنێت کە شاری موسل و کەرکوک بەشێکن لە تورکیا و سوپاکەی ئێمە مافی ئەوەی هەیە بەشدار بێت لە رزگارکردنی شاری موسڵ لە دەستی داعش و تێناگەم چۆن بە ئێمە دەڵێن ئێوە نابێت بەشداری بکەن لە ڕزگارکردنی ئەو شارە؟". هەروها تورکیا بنکەی سەربازیی و سوپای لە بەعشیقە هەیە کە تەنیا ١٥کم دوورە لە شاری موسڵ!
ئەردوغان، لە لێدوانەکانییدا، بۆ سەلماندنی ئەوەی کە موسڵ، کەرکوک و ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکن لە تورکیا پشتی بەم نەخشەیەی خوارەوە بەستبوو کە لە ساڵی ١٩٢١ پەسند کراوە لەلایەن پەرلەمانی تورکیا و تێیددا هەرێم و کوردستان، کەرکوک، موسڵ و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەلیپۆ بەشێک لە بولقان و قەوقاسیش دەبێت بەگەرێتەوە ژێر دەستی سوڵتان ڕەجەب.! 
ئەردوغان و فاتیچ لە پێستی خۆیاندا خۆیان نابینن، بە کوشتنی زارۆک و ژنی کوردان و خەڵکی بێ تاوان و کوردستانی بێکەس، توانای سەربازیی و بەهێزی خۆیان هەڵدەسەنگێنن و بە کڕینی موشەکی بەرەنگاریی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی، گەلێک لە خۆبایی بوون، لە یاد خۆیان دەبەنەوە کە چی ئەمریکا و چی ڕوسیاش کاتێک کە موشەکێک دەفڕۆشن بە وڵاتێک ئەوا لە ژێرەوە بۆ خۆیان دژە ئەو موشەکەیان ئامادەیە و لە کاتی پێویست بەکاری دەهێنن. لەسەر ئەو بنەمایە سەڕۆکی تورکیا هەڕەشە و گوڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەو دەتوانێت ئەو وڵات و ناوچانە داگیر بکات کە هەنوکە زلهێزەکان جێگە پێی خۆیانیان لێ خۆش کردوە و لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە عیراق هەن، حەوت ساڵیشە بە میلیۆنان خەڵکیان لە عیراق و سوریا بە کوشتن و دەربەدەر کردن داوە، ڕەجەب و فاتیحیش دەیانەوێت لەسەر حازری بڵێن ڕۆژئاوای کوردستان و لە باشووریش شاری کەرکوک و موسڵ شاری باوباپیرانی ئەوانن!؟
کوردستان، ئەگەر توانای سەربازیشی نەبێت، ئەڵبەتە زلهێزی دیکە زۆرن کە لە تورکیا گەورەتر و بەهێزترن کە هەنوکە خۆیان بە خاوەن و داگیرکەری دەزانن. لە کۆتاییدا دەبێت بە  ڕەجەب و فاتیح بڵێین "مەڕ ئەگەر سەربڕینی خۆی حەلال بکات دەچێت نانی شوان دەخوات". ئەم پەندە کوردییە  پڕ بە پێستی ڕەجەب و فاتیحە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە تایبەتی لە کوردستان، دەست بۆ نانی ئەمریکا و ڕوسیا دەبەن!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە