دادگای جیهادیستێکی فەرەنسی و موچەی جیهانی

Sunday, 02/09/2018, 17:21

4205 بینراوە


دادوەرەکە روو دەکاتە جیهادیستەکە و دەڵێت ؛
- تۆ کە تەمەنت شەش ساڵان بوو، کاتێک کارمەندانی سۆشیالی حکومەت هاتن بۆ ماڵتان، تۆیان لەسەر جێگایەک بینی، کە باوکت بەستبوویتەوە .
جیهادیست - بەڵی، بەڵام من ئەو پەڕەیەم هەڵداوەتەوە لە ژیانمدا، هەمو ڕۆژێک خەباتم کردوە لە پێناوی ژیانێکی بەختیاریدا.
وا دیاربوو کابرای جیهادیست ئاستی هۆشمەندی هێندە بەرز نەبوو، هەتا لەمەبەستی دادوەرەکە تێبگات، کە دەیەوێت پێی بڵێت؛ ئەم حکومەتەی کە هاتو تۆی لە دەستی باوکێکی زاڵم ڕزگار کرد چۆن دوایی توانیت لە دژی چەک هەڵگریت؟، مەبەستی دادوەرەکە ئەوەش بوو، کە ئەو بەسەرهاتە وەبیر جیهادیستەکە بهێنێتەوە هەتاوەکو بزانێت ئاستی هۆشمەندی ئەو کەسە چەندە بەرامبەر بە روداوەکان و دیسان بەرامبەر بە ژیان، چونکە هەمو مرۆڤێک بە پێی ئاستی هۆشمەندی خۆی لە تاوانەکانیداحوکمی بەسەردا دەدرێت، وەکو ئەوەی چەندە تۆ هۆشمەند بیت هێندەش تۆ بەرپرسیاریت، خۆ ئەگەر وانەبێت ئەوسا ئەکسیۆنەکانت خۆڕسکانەیە و تەنها دەرئەنجامی تۆڵەسەندنەوەی مێشکن، لەوەو بەر بڕیار نەدراون، ئەو تاوانە لە هۆشەوە نەهاتون، بەڵکو تۆڵە سەندنەوەی ئەو منداڵەیە، کە لەلایەن باوکییەوە بەستراوەتەوە و ژیانی لێ زەوتکراوە ، بۆیە حوکمدان بەسەر ئەو کەسەدا جیاوازدەبێت .
دادوەرەکە بەردەوام دەبێت؛
- پاشان ڕۆژێک (دوای بیست ساڵ) کرێکارە خزمەتگوزارییەکەی سۆشیال هاتنە ماڵەکەتان، بینیان کە تۆ و دوو کچەکەت لەخانویەکدان، سارد و سڕ بەبێ کارەبا، پەنجەرەکان بە کارتۆن داپۆشرابوون. 
- نەخێر، من هەمیشە ئەوپەڕی خزمەت و خۆشەویستیم داوە بە دوو شاژنەکەم، ئەبێت ئەوە بزانن، کە هەمیشە دوو کچەکەم بە دوو شاژنەکەم بانگ کردون، بەڵام کاربەدەستانی سوشیال نەیان بینی، کە لە ماڵی دراوسێیەکمەوە هێڵێکی کارەبام هێنابوو بۆ ژوورەکەم، لەبەر ئەوەی کە خەتی کارەبایان لێ بڕیبوم، لەبەر بێکاری چەند مانگێک بوو پارەی کارەبام نەدابوو.
وەک چۆن حاکم لە پرسیاری یەکەمدا روونکردنەوەی نەدا، بۆچی ئەوەی وەبیر جیهادیستەکە هێنایەوە، کە ئەو لەسەر جێگایەک لە لایەن باوکیەوە بەسترابویەوە، بەهەمان شێوە روونکردنەوەی لەسەر ئەمەش، نەدا کە بۆچی ئەم کوڕە گەنجە بێکار ماوەتەوە و کارەبای ماڵەکەیان لێ بڕیوە و بە دوو کچی منداڵەوە لە خانویەکی ساردوسڕدا. کابرای جیهادیستیش ئەو ئاستە ڕۆشنبیرییەی نیە هەتاوەوکو بەرگری لە خۆی بکات و بلێت، ئەمە بەهۆی بێ ئیشی ڕێگەی جیهادی گردۆتەبەر.
دادوەر ؛ بەڵام تۆ ڤیدیۆی توندوتیژیت پیشانی منداڵەکانت داوە؟
جیهادیست ؛ نەخێر وانیە و ئێستاکەش لە بەندیخانەوە هەموو ڕۆژێک نامەیان بۆ دەنێرم و وەڵامم ئەدەنەوە.
دادوەر؛ هەردوو منداڵەکەت شایەتیان داوە. گوایە ڤیدیۆی توندوتیژییان بینیوە، پاشان ئەو منداڵانە ئێستاکە لەلایەن خێزانێکەوە پەروەردە دەکرێن، هەتاوەکو باری دەرونییان دێتەوە سەرخۆ نامەی تۆیان پێ ناگات. 
لێرەدا دەردەکەوێت کە راستە کوڕە جیهادیستەکە لەبەر بێ کاریی، چۆتە سوریا و بۆتە جیهادیست، بەڵام لەبەر ئەوەی فلیمی توندوتیژیی پیشانی منداڵەکانی داوە کەواتە بۆ دوورتر لەوە ڕۆیشتوە، بەئامانجی تۆڵەسەندنەوە لەو سیستەمەی کە بۆتە هۆی بێکاریی ئەو و منداڵەکانیشی هانداوە بۆ ئەوەی دژی ئەو سیستەمە بوەستنەوە کە کاربەدەستیانی سۆشیال کاتی خۆی رزگاری کردووە لە دەست باوکی کاتێک کە منداڵ بووە. کەواتە ئەم کوڕە تەواو هۆشمەند بووە بەو کارەی کە کردویەتی.
زۆر لەو کەسانەی کە لە فەرەنسا کۆچیان کردوە بۆ سوریا لەبەر هۆکاری بژێوی ژیان، یان هەر نەیان توانیوە جێگای خۆیان لەم کۆمەڵگەیەدا بدۆزنەوە. ڕێژەیەکی زۆریش لە کچەکان لاقەکراون لەلایەن دەوروبەرەکانیانەوە، ئەبێت ئەوە بزانین کە ئەگەر هەر کەسێک ناوی محەمەد بێت لەم وڵاتە، ئیش دۆزینەوە بۆی هەروا ئاسان نییە، ئۆرگانیزاسیۆنی داعشیش باش دەزانێت لە کوێ بگەڕێت بەشوێن دۆزینەوەی ئەندامەکانی. 
نە دادوەر و نە دادگا ناتوانن لێپرسینەوە لە خاوەن کارێک بکەن، کە بۆچی کوڕێکی گەنجیان بێ کار کردوە، ئەگەریش ئەو خاوەن کارە، قازانجی ساڵانەی زیادی کردبێت، لەبەر ئەوەی ئەوە کاری سیستەمی سەرمایەدارییە و دادگا لەو روەوە هەتا ئەم ساتە توانای بەسەر ئەواندا نییە، حکومەتەکانیش بەڕێوەبەرێکن، قانونی کۆمپانیاکان بەڕیوە دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەمو ئابوریناسێک دەزانێت ئەم سیستەمی سەرمایەدارە پێویستی بە بەتاڵەیە، بەڵام هەرگیز لە تاک قبوڵ ناکات بە بێکاری بمێنیتەوە، خەتاباری دەکات، لەبەر ئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری لەسەر سروشتی مرۆڤ بنیات نراوە، دەزانێت ئەگەر بەدەم تاکێکەوە بچێت ئەوا ئەو تاکە تێکۆشان ناکات بۆ بژیوی ژیانی، تەمەڵ دەبێت و خەو دەیباتەوە، هەوڵ نادات بۆ کار دۆزینەوە. دوای ئەوەی کە خەونی سیستەمی کۆمۆنیستی شکستی هێنا لەبەر ئەوەی وای دەزانی دەتوانێت سروشتی مرۆڤ بگۆڕێت، کاپیتالیسم یاساکانی لەسەر سروشتی مرۆڤ بنیات ناوە، بەگوێرەی ئەو دەجوڵێتەوە، هێندەش یارمەتی سۆشیالت ئەدەنێ هەتاوەکو دۆخەکە ئاڵۆز نەبێت و نەتەقێتەوە.
هەندێک لە سیاسەتمەنداران بڕوایان وایە، کە سیستەمی کاپیتالیست شکست دەهێنت لەدوای چەند داڕمانێکی گەورە، هەندێکی تریشیان وەک سەرۆک ئاپۆ دەڵێت؛ لەبەر ئەوەی کە کاپیتالیسم ناتوانێت موشکیلەی مرۆڤ چارەسەر بکات بۆیە شکست دەهێنێت. یان دەڵێن کە ئێڤۆلیشنی سروشتی مرۆڤ خۆی لە خۆیدا کاولکارە و دەبێت بەلادا ببرێت. باڵام وادیارە کە کاپیتالیسم جگە لەوەی، کە توانا و هێزێکی گەورەی بەدەستەوەیە لەهەمان کاتدا ژیرترین ئەقڵی پێیە، دەزانێت، کە دەتوانێت خۆی بگونجێنێت، بۆیە هیچ هێزێک ناتوانێت بیڕوخێنێت، چونکە لە رابوردودا ئەو هێزانەی توانیویانە سیستەمێک لەناو بەرن و نەیهێڵن، یان ئەوە بووە هێزێکی گەورەتریان بووە، یان زانیاریی زیاتر و ژیرانەیان لە سیستەمەکە هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ کاپیتالیسم لە هەمو کەس ژیرترە و کۆنترۆلی هەموو شتێک دەکات، خۆ ئەگەر ئەمڕۆ سیستەمی سۆشیال نەمێنێت، ئەوا بەیانی ئەم حکومەتە دەڕوخێت، بۆیە بیرۆکەی موچەی جیهانی هەتا دێت زیاتر باس دەکرێت، لەبەر ئەوەی، کە کاپیتالیسم چارەی بۆ نامێنێتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو ئابوریناسەکان لەسەر ئەوە هاوڕان، کە شۆڕشی ژیریی دروستکراو واتە ڕۆبۆت کە بەخێراییەکی زوو دێتە ژیانمانەوە، بە پێچەوانەی هەمو شۆڕشەکانی تری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و هەلی کار ناڕەخسێنێت و زۆر کەمی دەکاتەوە،  لەسەتا هەشتای ئەو کارانەی ئەمڕۆ هەن، لەناو دەچن، بەجۆرێک هەندێک ئابوریناس دەڵین ؛ داهاتوو پێویستی بە ئێمەی مرۆڤ نییە، یان دەڵێن باشتر وایە کاپیتالیسم بتچەوسێنێتەوە هەتاوەکو نەتچەوسێنێتەوە چونکە لە داهاتویەکی نزیکدا مرۆڤ هێندە دەوری کەم دەبێتەوە دەبێتە تەماتە و خەیار. ئەو کارانەشی کە ئەم تەکنەلۆژیە دەیڕەخسێنێت پێویستی بە زیرەکیەکی باڵاهەیە، تەنها چارەسەرێک کە بتوانێت ببێتە فریادڕەسی مرۆڤ، تا بتوانین بەرامبەر بە رۆبۆت دەوری هەبێت، ئەوەیە مرۆڤیش نۆرۆنی ژیری بچێنێت لە مێشکیدا هەتاوەکو بتوانێت بەرەنگاری ڕۆبۆت ببێتەوە، چونکە وا دەبینرێت ئێڤۆلیشنی مێشکی ئۆرگانێک زۆر هێواشەو بە گوێرەی پێویستمان ناچێتە پێشەوە. ئەمەش جۆریکە لە دیموکراتیکردنی ژیریی، بۆچی کەسێکی وەک مۆزارت دەتوانێت لەتەمەنی هەشت ساڵیدا مۆسیقایەکی جوان بنووسێت!؟ ئەی بۆ من نەتوانم ؟
وەک رمبۆ لە شیعرێکیدا دەڵێت ؛ داخی داخانم زانست بە خێرایی ناچیتە پێشەوە.
ئێستاکە ئەوەی لە ئاردایە باسی موچەی جیهانیە، واتە هەمو کەسێک لەتەمەنێکدا کاربکات یان نا، دەبێت موچەیەکی هەبێت، ئەم باسە هەروا ئاسان نییە، چونکە هەموو سیستەمی بەڕێوەبردن و بیرکردنەوە و بوونمان لەسەرەتای شارستانیەتەوە هەتا ئێستا سەرەو نخون دەکاتەوە. کاتێک یەکێک لە رکابەرەکانی ماکرۆن لە هەڵبژارندا باسی موچەی جیهانی کرد، پیاوێکی سیاسی گاڵتەی پێکرد ووتی ئەو بیرۆکەیە بێڕێزی کردنە بەکار و بە کرێکار، ئەویش لە وەڵامدا وتی ؛ بێ ڕێزی کردن بەکار ئەوەیە کە کەسێک کار بکات و موچەکەی بەشی بژێوی خۆی نەکات.
بەڵام ئەوەی گرنگە لەژیانی مرۆڤدا دوای تێربونی زگی، ئەوەیە چۆن لەم بۆشاییەدا بسرەوێت، ئەگەر خەریک نەبێت بە گەران بەدوای ناندا، کاتێک مرۆڤی راوچی و کۆکەرەوەی دانەوێلە، پێش مێژوو، بەیانی دەڕۆیشت هەتا ئێوارێ بە دۆزینەوەی خۆراکدا خەریک بوو، ئەی ئێمە بە چییەوە خەریک بین ئەگەر موچەی گەردونیمان هەبێت؟ لە ساڵانی هەشتادا کاتێک باری ئابوری وڵاتانی ئەوروپا بەهێزبوو، خەڵکی هێندە گرفتی بژێوی ژیانیان نەبوو،  هەندێک لە سیاسەتمەنداران دەیان وت کە دەوری حکومەت ئەوە نییە موشکیلەی تاک چارەسەر بکات بەپێچەوانەوە دەبێت گرفتی بۆ بنێتەوە. ئەم تێۆریەش بۆ بە دینامیککردنی تاک بو کاتێک باری ئابوری تەنگژیەک نییە بۆ تاک، دەبێت لە روویەکی ترەوە گیروگرفتی بۆ بنێتەوە هەتاوەکو تاک هەمیشە دینامیک بێت و خەو نەیباتەوە، پرسیاری بوون لەبازنەیەکدا نەیخولێنێتەوە و گێژی نەکات.
ئەمڕۆ هەر کەسێک لەبەرەی چەپ و لەبەرەی ڕاست کاتێک حکوم دەگرێتە دەست، خۆی لەبەر دەم راستییەکدا دەبینێتەوە، کە ناتوانێت خۆی لێ گێل باکات ئەویش ئابورییە، کە بەستراوەتەوە بە جیهانگەراییەوە، کاتێک کاڵایەک دەخەیتە بازارەوە دەبێت پێشبڕکێی هەموو کاڵاکانی جیهان بکەیت، لە هەندیک وڵاتیش وەک چین و هیندستان کرێکاران زیاتر کار دەکەن و موچەیان کەمترە، لە هەمانکاتداسیستەمی سۆشیالیان نییە، کەواتە کاڵاکانیان بەنرخێکی هەرزانتر دەتوانن بخەنە بازاڕەوە، ئەوروپا ناچارە یاساکانی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت رکابەری کاڵای ئەوان بکات، یان ئەوەیە وەک کوبای فیدێل کاسترۆا خۆت دابڕیت لە بازاڕی جیهان، ئەمەش دەوری نەماوە و وەک چارەسەرێک نابینرێت، هەرچەندە بە جۆرێ لە جۆرەکان هەندێک وڵات خۆیان لە سیاسەتی جیهانی دەپارێزن، بەڵام ناتوانن بەتەواویی خۆیان دابڕن.
بە پێی لێکۆڵێنەوەکان لەداهاتوویەکی نزیکدا مرۆڤایەتی دەکەوێتە دژواریی و نایەکسانیەک کە لەوەو پێشتر نەبینراوە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هیزێکی دیسپلینی دامەزراو لە دەوری ئایدیۆلۆژیەک بوونی نامێنێت هەتاوەکو مرۆڤەکان لە دەوری کۆ ببێتەوە و خەبات بکات دژی ئەو سیستەمە، بۆیە ئەکسیۆنەکانی مرۆڤ کاردانەوەیەکی خۆڕسکانەیە دژی سیستەم، دژی ژیانێک، کە ناڕازییە لێی و لەهەمان کاتدا نازانێت چ چارەسەرێک پێشنیار بکات، لەبەر ئەوەی خۆیشی وشیارە بەوەی کە ڕێگاچارەیەکی تری نییە، وەک ئەوەی سەری خۆی بکێشیت بەبەردا. یان وەک ئەوەی دژی خۆی بوەستێتەوە. کاتێک لە خۆپیشاندانەکانی یەکی ئایاری ساڵی رابوردوو لە فەرنسا وەک هەموو ساڵێک دوای هەموو خۆ پیشاندانێک کەسانێک لە ئەنارشیستەکان و ئەنتی سیستەم و شەڕانیی پێکهاتوون، هەمووشتێک دەشکێنن و دژی پۆلیس دەجەنگن، ئەمسال چاوەڕوانی سێ سەد (٣٠٠) کەسیان دەکرد، بەڵام سێ هەزار کەس بوون، پۆلیس سەری سوڕمابو لە ناڕەزایی خەڵک، کە چۆن ئەم گروپانە تەنها مەبەستیان کوشتن و بڕین بووە. تەنانەت هەندێک لەو خۆپیشاندەرانە لە ئاستێکی بەرزی داراییابون کەسانی کرێکار نەبوون ، موچەیان پێنج هەزار ئۆرۆ بووە، یان کچی کەسانی دەوڵەمەند بوون.
لە سەتەی ڕابوردودا، ئەندغێ بغۆتۆن، سەرۆکی سوریالیستەکان دەیوت، سەتەی بیستویەک یان دەبێتە ڕۆحانی – سپیریچوێڵ- یان نابێت، مەبەستی ئەوەبوو ئەگەر نەبێتە سپیرچوێڵ ئەوا لەناو دەچێت، ئەمڕۆ گەرانەوەیەک لە جیهاندا هەیە بۆ دین، کە جۆرە ئارامییەک بە تاک ئەدات و ئاسودەی ئەکات لە پرسیارەکانی بەرامبەر بە بوونی لەم گەردوونەدا، بەڵام ئەم دینە سیستەمێکی ئێکۆنۆمی نییە کە بتوانێت مرۆڤ بە ئاراستەیەکی تردا بەرێت، بە شکاندنی تەلەفزوێن و ئایفۆن ناتوانن ڕێگە چارەیەکی نوێمان پیشان بدەن، پیاوانی دینیش بەبێ بەرهەمی ئەم ئێڤۆلیشنو ئێکۆنۆمیە ناتوانن بژین.
ئیتر ناشزانین، کە داهاتوو چی بۆ ئامادە کردووین، پانزە ساڵ لەمەوبەر کێ دەیوت ئایفۆنێکمان بۆ دروست دەکەن، کە هەمو ژیانمان دەگۆڕێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە