کورد، لەسایەی یەک جەمسەری یاخود جووت جەمسەری دا؟

Friday, 07/09/2018, 0:57

3378 بینراوە


بە هەڵکردنی شنەیەکی کزی بای پێرسترۆیکا و گلاسنۆست، یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩ بەدواوە، لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. لەئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە گەورە لە تای تەرازووی هێزدا، دنیا بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوای لیبەراڵی دیموکراسی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا تەخت بوو. ئەمەریکا وەک پاڵەوانێکی براوەی شەڕی سارد، لە نێوان ١٩٤٥ـ١٩٩٠ دا هاتە مەیدانەوە و زیاتر لە جاران لەسەر ئاستی تەواوی جیهان، بەرجەستەتر بوو. هاوشانی ئەم ڕووداوە گرنگە سیاسیی و هزریی و ئابووریی و سیستەمی حوکمڕانییە لە جیهان دا، شەڕی کەنداوی دووەم سەری هەڵدا و عێراق وەک دەوڵەتێکی داگیرکەری بەشێکی کوردستان، وڵاتی کوێتی داگیرکرد و دواجار بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە، بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە کوێت دەرپەڕیندرایەوە. ئەوە بوو لەو هەلومەرجە ناسکەی کوردستانی ئەنفالکراو و کیمیابارانکراو و عێراقی داتەپیودا، ڕاپەڕین لە دژی رژێمی سەددام بەرپا بوو. لە ماوەی یەک دوو مانگدا،٣/٤ باشووری کوردستان ئازاد کرا.
زۆری نەبرد لە گۆڕانکارییەکی خێرا و بەپەلەدا، مەخابن ڕێگە درا بە ڕژێمەکەی سەددام، ڕاپەڕینەکانی عێراق و کوردستان دامرکێنێتەوە. لەگەڵ هەڵکردنی چرای سەوز بۆ سەددام، ڕژێمەکەی کەوتە پەلاماردانی کوردستان و نزیکەی ٣ ملیۆن لە دانیشتوانی سڤیل، ئاوارەی ئەشکەوت و شاخ و داخەکانی کوردستان و دەوڵەتانی ئێران و تورکیا بوون.
لە ئاکامی کۆڕەو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی، ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بێوێنە بۆوە و نەیانتوانی چاوی خۆی لە ئاستی دا بنووقێنێ. ئەوە بوو بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین درا. هێزە هاوپەیمانەکان سەرەتا ئینگلیز و فەرەنسا و پاشان ئەمەریکا هاوکار و پشتیوانی پارێزگاریکردن بوون، لە کورد و ئەم ئەرکەیان خستە سەر ئەستۆی خۆیان. ئەم دەرفەتە هەرچەند دوای ئازار و ژانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو هاتە گۆڕێ، لێ تەکانێکی هێجگار گەورەی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە پرسی کورد دا و لەم دەلاقەیەوە، کێشەی کورد ڕەهەندێکی نوێی لە مێژووی خۆیدا وەرگرتوو. هێزە هاوپەیمانەکان ڕاستەوخۆ بە خۆیان و ئەو هێزەی هەیان بوو ـ هێزی چەکوش  ـ لەسەر زەمین و ئاسمان داکۆکی و پارێزگاریی کوردیان کرد. 
هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان سەرباری هەڵە و کەموو کوڕی و بێ بەرنامەییان، خێرا کەوتنە سەر خۆڕیکخستنەوە و دامەزراندنی دامودەزگای پێویستی بەڕێوەبردنی کوردستان. گرنگترین هەنگاویان دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بوو. پاشان پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی کارەکان. بە کورتی لە سایەی ئەم گۆڕانکارییەدا و لە سێبەری هەژموونی تاک دەسەڵاتی ڕۆژئاوادا بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، کورد توانی کۆمەڵێ هەنگاوی گەورە بنێ و ئاسۆیەکی گەورەش چاوەڕوانی بێت. ـ دیارە مەبەست لێرەدا چاکی یاخود خراپی ئەمەریکا و سیستەمەکەی نییە،هێندەی قسەکردنە لەسەر ڕاستییەکی ڕووت و ڕەها ـ . هاوکات کورد لەم سۆنگەیەوە لێی ڕوون و ئاشکرا بوو، پێویستە  ڕوو لە کوێ بکات و مامەڵە لەتەک کێدا بکات. لەو زەمینەیەشدا ئەو خەون و خەیاڵە لای زۆر کەس ڕەوییەوە، کە پێیان وابوو، هێشتا مۆسکۆ قیبلەی کوردانە. هۆکارەکەشی بریتییە لە :
١ـ ساخبوونەوەی یەک ڕەهەندی دەسەڵاتیی دنیا بوو بۆ ئەمەریکا و کورد هەوڵی ڕازیکردنی تەنها ئەم بەرەیەی دەدا و قیبلەکەش ڕوون و ئاشکرا بوو.
٢ـ کورد دوور کەوتەوە لە سیاسەتی ڕازیکردنی دووبەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دژبەیەک دا، بەڵکو بەتەواوی بەسەر رۆژئاوادا ساخ بۆوە. ئاخر حیزبی کوردیی هەرگیز سیاسەت و پلانی A  وB ی بۆ ئیدارەکردن و بەڕیوەبردنی دۆزەکەی نەبووە.
 لەم ساتەدا، کورد بە پلەی یەکەم هاوکاریی و پشتوانی هەر لەلایەن ئەمەریکا لێی دەکرا، هیچ لایەنێک لە مەیدان دا نەبوو، بتوانێ دژی بێت یاخود بەربەکانی ئەم ڕەوش و پەیوەندییەی پێبکرێت. هاوکات ئیدی  هیچ لایەن و  کەسێکی کوردیش، لەوە نەدەترسا بە تۆمەتی گوناحی دۆستایەتی و هاوکاری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، بە دەستەواژەی ئەوان! ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی ناوزڕاو بکرێ. چونکە هێزی تری خاوەن باندۆر نەبوو لە جیهان دا، بتوانێ یاخود بیەوێ، هاوکاری ناوەندی بەغدا و پایتەختەکانی تری داگیرکەرانی کوردستان بکات.
 دوای ئەم ڕووداوانە بە ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام لە ٢٠٠٣ دا، هێندەی تر دەروازە لەبەردەم کورد دا واڵا بوو، تا بتوانێ لەسایەی یەک جەمسەریی و دۆستایەتی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی نێودەوڵەتی دا، ئەسپی خۆی تاو بدات و هەموو وزە و توانای بۆ ناساندن و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەی بخاتە گەڕ. زۆری نەبرد، ئاگری شەڕی کەنداوی سێیەم  هەڵی کرد. ئیدی پرسی کورد لە باشووردا بووە بەشێکی ستراتیژی لە سیاسەت و ئەجێندای کاری ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بەتایبەت لە ناوچەکەدا. بە هەزاران ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناحکومەتی و کەسانی بێگانە و دەوڵەتان ڕژانە ناو کوردستانەوە و لە نزیکەوە بوونە گەواهی ژیان و ڕووداوەکانی پەیوەست بە کورد و کوردستان. لەم چرکەساتە مێژووییەوە کورد توانی قەڵەمبازێکی جۆرایەتی تری گەورە بۆ ناو ڕووداوەکانی جیهان بنێ و کێشەکەی هێندەی تر هەڵکشێ، بۆ ناو ڕووداوەکانی جیهان. ئیدی بەهەر جۆرێک بێت کورد بووە فاکت و وەک پرسێکی مێژوویی و نەتەوەیی و یاسایی، لە جیهان دا کەوتە ئاراوە. کەواتە ئاسۆیەکی هێندە ڕوون و بێ گرفت لەبەردەم کورد دا هاتە پێشەوە، بە هەموو مانای تێگەیشتن چاوەڕێی ئایندەیەکی گەشتتری لێ دەکرا. کورد ڕۆڵی لە ڕووخانی رژێمی سەدام دا گێڕا، بووە هاوپەیمانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا. کوردستان بووە شوێنگەیەکی ئارام و ئاسایش و پارێزراو، بۆ هێزەکانی دەسەڵاتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت دوای ئەوەی تورکیا دژی پەلاماردانی عێراق وەستایەوە و هێزەکانی ئەمەریکاش لە عێراق دا، کەوتنە بەر  پەلاماردان. هەر لەو دەمەدا ڕێکخراوی ئەلقاعیدە،  سەری هەڵدا و لە شوێنێکی وەک شاری فەلوجەدا، سەرباز و بەرپرسی ئەمەریکی بەو شێوازەی دەیزانین کوژران و بە پردەکان دا هەڵواسران. بەرامبەر بەم ڕەفتارەی عەرەبی سووننەی عێراقی، میللەتی کورد و حیزبەکان لە کوردستان دا، بە چەپکە گوڵ پێشوازییان لە سوپای ئەمەریکا دەکرد. کورد ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی زیاتر و باشتری دەنا بەرەو پێشەوە و سۆز و پشتیوانییەکی باشی بۆ پرسەکەی لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێنا. دوای ئەم شانۆگەرییانە، پەردەیەکی تری نوێی گۆڕانکاری گەورە لەناوچەکەدا هاتە گۆڕێ و ئەویش سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا بو لە ١٥/٣/٢٠١٢ دا.
 لەناوەخت و هیکڕا ڕێکخراوی،  دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق ، داعش دروست بوو یاخود دروستکرا!. ڕۆڵی کورد لەڕێگای ئازایەتی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەی ناسراوە بە داعش، پێی نایە قۆناغێکی نوێی باڵاتر و ناسراوترەوە و ئەم هۆکارەش دۆزی کوردی بردە چڵەپۆپەی کێشە نێودەوڵەتییەکان و لە هەموو ناوەندە، گرنگەکانی جیهان دا باسی دۆزی کورد دەکرا و جیهان بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، هاتە سەر هێڵ و بە سەرباز و لە ڕووی سیاسی و ئابووریی و میدیایی و زۆر بواری ترەوە کەوتە هاوکاریی و پشتیوانی کورد. هەولێر وەک پایتەخت بووە، شانۆیەکی سیاسی و دبلۆماسی گرنگ و بەپرسی باڵای نێودەوڵەتی ڕوویان تێکرد. بەم شێوەیە، پێشرەوی و جێقایمی کورد لەناوچەکەدا، بووە جێی سەرنجی هەموو دنیا. لەم بارودۆخە سیاسی و سەربازیی و گۆڕانکارییە گەورەی ڕوووی لە ناوچەکە کرد بوو، بە سەرۆکایەتی بێ ڕکەبەری ئەمەریکا ڕووداوەکان دەچوونە پێشەوە. ئەمەریکا هەرچی بویستایە و ئارەزووی بکردایە و لەبەرژەوەندی بوایە دەیکرد و بڕیاری بە تەنیا لەسەر دەدا. بەواتایەکی تر ئەو ناوچە گرنگانە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیی و سەرچاوە و کانگای وزە و نەوتەوە، خەریک بوو بەتەواوی بکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکاوە. بەتایبەت لەسەردەمی بەڕێوەبەرایەتی جۆرش بۆش دا. زۆری نەخایاند، ئیدارەی ئەمەریکا گۆڕانی بەسەردا هات و بۆش لە سەرۆکایەتی لابرا. لە سایەی سیاسەتی شل و سارد و پاسیڤی باراک ئۆباما بۆ ناوچەکە، لەسەر ئاستی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، لە ٩/٣/٢٠١٤ دا رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و کریم داگیر بکات و بێ منەت بێت بەرامبەر بە ڕەخنە و ناڕەزایی و هەڕەشە و بایکۆت و گەمارۆدانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا. ڕووسیا ئەم هەنگاوەی بە سانایی بۆ مەیسەر بوو، چونکە ئەوروپا یەکگرتوو نەبوون و سیاسەتی ئەمەریکاش سست و لاواز بوو. ڕووسیا باش دەرکی بەوە کرد بوو، هەوڵی دا،دەلاقەی نێوانیان گەورەتر بکات و خوێندنەوەی ئەوەشی کرد،کە ئەوروپا و ئەمەریکای ئۆباما، توانای ئەوەیان نییە بەرەو ڕووی بنەوە و خۆیان بەرەو لێک ترازان دەچن و بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا، توانای ململانێی ڕاستەوخۆ و مەیدانی نییە و  ڕووسیا لە ٣٠/٩/٢٠١٥، وەک هێزێکی سەربازیی و زلهێزێکی نێودەوڵەتی مەترسیدار، گۆڕەپانی سووریای هەڵبژارد، بۆ چوونە شەڕی سووریاوە و ئامادە بوونی لە ناوچەکەدا. بە واقعیش توانی زۆر بە خێرایی، بێتەوە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی .
ئەم گۆڕانکارییانە، بارودۆخێکی وایان خوڵقاند، کورد جارێکی تر بکەوێتەوە نێوان دوو بەرداشی هەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاتنی هێزەکانی رووسیا. دەرئەنجام بارودۆخەکە حاڵەتی ئەوەی پێکهێنا، کورد نەتوانێ وەک پێویست خۆی لە ساخبوونەوە بپارێزێ و دوور بێت لە ململانێکانی ئەم دوو دەسەڵاتە جیهانیەی ئەمەریکا و رووسیا لەسەر ئاستە بەرزەکە. هاوکات نەشبێتە، ئەو کەس و لایەنەی کە بتوانێ و نەیەوێت، لە هەردوو بەری جۆگەکە بخوات،بەواتایەکی تر ئیدارە بدات. بە کورتی و کرمانجی بووە کەرەسەی گەمەیەکی مەیدانی و نێودەوڵەتی. چونکە بێ پلان و نەخشە و ستراتیژیی نەتەوەیی بوو ،وە نەیدەزانی بەرەو کام ئاڕاستە هەنگاو بنێ و باشترە سەر بەکێ بێت!.
لەم پانۆڕاما کورتەدا، هەموو ڕاستییە مێژوویەکان دەیسەلمێنن، کە کورد لەسایەی یەک جەمسەریدا دەستکەوتی زیاتری بووە و بەرەو پێشچووە. ئاخر بەر لەوەی کورد، ڕوو لە دوو بەرە و ئۆردووگا بکات، بۆخۆی زامدار و گرفتاریی بارودۆخێکی پارچەپارچەیی و وەدووکەوتنی ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتی ناوچەیی و دوو ئاڕاستەیی بوو. مەخابن جارێ ئەوە هەڵکەوتی ڕیالیتێتی کوردە، لەسایەی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەدا. نابێت لەبیرشمان بچێ، ئینگلیزیش! دارێکی وای نەداوە بە ڕۆحیدا، بتوانێ بە سانایی و بێ گرفت بحەسێتەوە و لێی ڕزگار بێت. بەم جۆرە کورد جارێکی تر لەسایەی هەڵسانەوەی رووسیا، کەوتەوە نێوان  پەراوێزی بەرژەوەندی و ستراتیژی ململانێکانی ئاگردانی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و ڕووسیاوە. دەرئەنجام ئەم ستاتووەی کورد بووە، هۆی پێشهاتنی حاڵەتێک، کە نەتوانێ وەک پێویست  بەرنامە و پرۆژە داڕێژێ و خۆی بە ئاشکرا ساخ بکاتەوە. ئەمەش بەو مانایە نا، کە تەواوی هێلکەکان بخاتە سەبەتەی لایەکەوە، بەڵکو بایی ئەوەندەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی سەرووو هەموو شتێک بخاتەوە و بزانێت مامەڵەی تەندروست و گونجاو لەگەڵ ئەم دوو دەسەڵاتەدا بکات.
ـ بەشار ئەسەد لە ئێستاش دا، کە ڕژێمەکەی هەڵساوەتەوە جارێ لە ڕووخاندن قوتاری بووە، توانی بەهاوکاریی ڕووسیا ٣/٤ وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، لەکاتێکدا دەسەڵاتی بەسەر زۆر گەڕەک و ناوچەی دیمەشقی پایتەخیش دا نەمابوو. ئەوائێستا هەڕەشە لە کورد دەکات و داوای ڕادەستکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانیش دەکاتەوە.
ـ  وەبیرهێنانەوەیەکی کورتی بارورودۆخی کورد،لە ڕووداوەکانی داگیرکردنی شاری (عەفرین) لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە  و ڕۆڵی نێگەتیڤی رووسیا، تێدەگەین کەوا  چ کاریگەرێتییەکی هەبوو و ئەمەریکاش چۆن دەستخەڕۆی کردن. لە هەنووکەشدا، کە پەیوەندی تورکیا بە ئەمەریکاوە بە خراپترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێ، تورکیا دیسان دەیەوێ یاری مشک و پشیلە لەسایەی دۆستایەتی و هاوپەیمانێتییەکی تاکتیکیدا لەگەڵ رووسدا بکات،ئەویش بەس بۆ خۆ قوتارکردن لەم خنکان و داڕووخانەی چاوەڕوانێتی. بەڵێ کورد دەستبەتاڵ لە گۆڕەپانە هاتە دەرەوە، وەک پاڵەوانێکی براوەی شەڕی داعش و دۆڕاوی سیاسی و فلیقاوەی ژێر پێچکەی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەسەر ناوچەکە. خۆ گەر رووسیا نەبوایە ڕژێمەکەی ئەسەد، واتە ناوەندیی دەوڵەتێکی بەهێزیی عروبە، کە بەشێکی گەورەی پایەکانی لەسەر جەستەی کورد هەڵچنیوە و هەمان سیناریۆی عێراقی بەسەردا دووبارە دەبۆوە. ناوەندێکی هەمیشە شلۆق و حکومەتێکی بەدەوام لاواز و  وڵاتێکی گرفتدار بە دەرد و کێشە.
ـ ئەمەریکا ساڵانێکە لەگەڵ ئێران پەیوەندی سیاسی باش نییە و لە هەنووکەدا سیاسەتی گەمارۆدان و ئابووریی و بازرگانیشی چۆتە سەر، ئەوە دەبینین ئێران  بەدرۆ و تەڵەکەبازیی ساڵانێکە خۆی لەسایەی پەیوەندی باشی لەگەڵ رووسیادا حەشارداوە و درێژە بەتەمەن خۆیی و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانی دەدات. خۆگەر ئەم جەمسەرەی نەبوایە، هەڵبەت ئێران توانای هەناسەدانێکی ئارامی بۆ نەدەمایەوە و زۆر دوور نییە، لەناوەوە بەرەو هەڵتەکان بچوایە.
نیشاندانی ئەم چەند پەردە خێڕایە،زۆر شتمان پێ دەڵێ، لە بابەتی هاتنەوە مەیدانی ڕووسیا بۆ سەرشانۆی جیهانی، ٣ دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان لەوپەڕی کەوتن و هەڵوەشانەوە و لاوازیی و نەمان دا بوون، ڕزگاریان بوو و هەڵسانەوە سەرپێی و تا هەنووکە دەتوانن درێژە بە سەربزێوییەکانیان بدەن لە دەڤەرەکە و بەتایبەت دژ بە کورد وەک شێری برسی بێنە مەیدانی پەلاماردانەوە. ئەم لۆژیکە چەوتەی  ساڵانی ساڵە لای  ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشق، بەرقەرار بووە و کاری پێ دەکەن، بەئەندازەیەک قووڵ و فراوان بووە، دەرفەتی ئایندەیەکی هیوابەخشی بۆ دەڤەرەکە لێ بەدیی ناکرێت. پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەوان بە ڕادەیەک گەیشتووە، ئەوان مەرگی خۆیان لە بوونی کورد دا دەبیننەوە،جا بۆیە بە هەموو ئیمکانێتی خۆیان دەیانەوێ بەردەومێتی بە ژیانی خۆیان لە جینۆسایدکردنی کورد دا بدەن.
ئەوە باوەڕی نامرۆدۆستی و ڕۆحی شەڕخوازی من نییە، کوێرەوەریی و ماڵوێرانی بۆ کەس بخوازم، بەڵکو ئەم حەقیقەتە زادەی مێژوویەکی تاڵ و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری بەرجەستە بووە، کە ئەوە ئەوانن! هەرچی وزە و توانایان هەیە، کردوویانەتە چەکێکی دوژمنکارانەی کوشندەی بڤە، لە بواری سەربازیی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی دا، شەڕی کوردقڕانی پێ دەکەن. بە ئاشکرا بەرنامە و بیرکردنەوە و ئۆڤەریی ئەوان بۆ کورد بریتییە لە : زیندانی و سێدارە و ڕاگوێزان و بەهەموو شێوەیەک نکۆڵی بوونی کوردە. واتە هەرگیز نایانەوێت، ژیانێکی شایستە بە کورد ڕەوا ببینن. لەکاتێکدا ڕاستیەکی بەڵگەنەویست خۆی لەبەردەم هەمووان دا قووت دەکاتەوە، بریتییە لەوەی بێ چارەسەرێکی دادپەروەرانەی دۆزی نەتەوەیی کورد، هەرگیز ئارامی و ئاسایش لەناوچەکەدا سەوز نابێت. 
 کورت و پوختە، ئایندەیەکی کراوەی تژی لە پێشهات، ها لەبەردەم ئێمە و ئەوان دا، دەبا بزانین ڕەوڕەوەی مێژوو چۆن و بە کام ئاڕاستەدا خول دەخوات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە