۳۱ی ئاب لە بیری مندا

Friday, 07/09/2018, 12:59

80513 بینراوە


ئێمەی منداڵی کوردستان بەگشتی و لادێکان بەتایبەتی، جیا لەمنداڵانی تری ئەم جیهانە دەستمان بە ژیان کرد! زۆربەمان لە بن بەردێک و ئەشکەوتێکی چیاکانی کوردستان لەدایك بووین،لەجیاتی بکەوینە نێوژینگەیەکی هێمن و پڕ خەندە دەکەوتینە نێو ژینگەیەکی پڕ کارەسات و دەنگی چەك و بۆنی باروت و رەنگی خوێن،ئێمە فرچکمان بە دەنگی کلاشینکۆف گرت!، یاری مناڵانەو ئایپاد و موبایل و کۆمپیوتەر و تیڤی و جلی جوان و گەڕانی نێو پارکەکانمان نەبوو!، خوێندنی رەوزەو قوتابخانەشمان لەکاتی خۆیدا نەبوو.
ئێمە لەتەمەنی نێوان پێنج ساڵێ بۆ دە ساڵی هەموو ئەوشتانەمان دەبینی کە جەنگاوەرێك لەبەرەکانی جەنگ دەیبینی و دەبیستی.
دڵرەقیمان لە بینینی خوێن و کوشتن و لێدان و ئیهانەکردن لەبەرچاومان لەمناڵیەوە دروست بووە.
۳۱ی ئابی ساڵی ۱۹۹٦ ئەوکات مناڵێکی دەساڵان بووم بیرمە کاتێك هێزەکانی پارتی وەك لەشکری مەغۆل و عوسمانیەکان چۆن کەوتنە گیانی خەڵك لەلادێکەمان، تەنانەت ئەو ماڵانەشیان تاڵان دەکردن کە بەحساب پارتی بوون،ئەوان هیچ لەمرۆڤ ناچون حسابی ژن و مناڵیشیان ناکرد هەرکەسێ جلی رەش و سەوزی لەبەربا دەکەوتە بەر رەحمەتی قامچی و لولەی چەکەکانیان،ناکرا بەهاتنیان دڵخۆش نەبی ئەگەر یەکێ خۆی دڵخۆش نەکردبوا کۆتای ژیانی بوو،ماڵوێرانی بۆ کەسێك بوو تەسبێحێکی قەزوانی هەڵگرتبا.
رویان لەهەر ماڵێك کردبا خواردنیان پێ ئامادە دەکردن دوای نانخواردنیش سفرەو کەوچك و قاپەکانیشیان دەپێچاوەو دەیانبرد،بۆیە ئەوکاتەی عەفرین لەلایان تورکیاو جاشەکانی داگیرکرا ئەو تاڵانەمان لا شتێکی سەیر نەبوو چونکە لە مناڵیەوە ئێمە لەهێزە کوردیەکانەوە بینیومانە،!
گومانیان لەهەر ماڵێک کردبا کە کەسوکاریان جەلالین ئەوە هاوەنێك یاخود تۆپێك و دۆشکەیەکیان لەبەر دەمی ماڵەکە دادەنا و هەموو سەرە سەعاتێك ئەم ناوەیان دەشێواند لەوێوە رەمی سەنگەرەکانی بەرامبەریان دەکرد ،وەك جەنگێکی دەرونی هەواڵیشیان بەماڵەکە دەدا کە زۆربەی جەلالیەکانی ئەو ناوە کوژراون،ئەگەر لەلادێکەش نامان لەو چیایەی بەرامبەر ئاوای دۆشکەیەکیان دادەنا هەر کەسێ لەئاوای جوڵاباوە دەکەوتە ژێر بڵێسەی چەکەکانی پارتی،فەرق نەبوو لەنێوان ژن و مناڵ و پیر.
ویژدان و بەزەی لەفەرهەنگی پارتی نەبوو،ئینجا ئەوکات منێکی مناڵ تەنها روداوەکانی لادێکەی خۆمان دەبینی،جارجاریش بەنهێنی لەماڵەکان باس دەکرا کە پارتی جەیشی سەدامی  هیناوە ئەوجارەش ئاوارە دەبینەوە وەکو پێش راپەرین،ئەوکات لای من و هاوتەمەنەکانمان جەیشی ڕژێمی بەعس نەناسروبوو چونکە ئێمە کردارەکانی ئەو رژێمەمان بیرنەبوو بەهۆی بچوکی تەمەن،بەڵام کە بیرمان دەکردەوە ئەگەر پارتی هێزێکی کوردیە ئاوا بیت دەبێت ئەو جەیشە چۆن بیت،؟
ساڵ بەساڵ لەگەڵ تێپەرینی تەمەن بۆ ئێمەش دەرکەوت کە ئەوکاتە پارتی و خودی بارزانی چ خیانەتێکی گەورەیان لەخوێنی شەهیدان و نیشتیمان و خەلکی کوردستان کردوە،ئەو ئاڵایەی بەهەزاران رۆڵەی کوردی لەژێر سێبەردا شەهیدکراو بەسەدان هەزار ئەنفال کراو  و لەژێر سایەی کیمابارانی هەڵەبجە کرا،ئەو ڕژێمەی زیاتر لە چوارهەزار لادێی خاپورکرد لەلایان پارتی هێنراوەتەوە کوردستان و ئاڵاکەی لەسەر پەرلەمانی کوردستان هەڵکراوە،گۆڕەپانی پەرلەمان بۆتە گەراجی دەبابەکانی ڕژێمی بەعس و هەولێر کەوتۆتە ژێر پۆستاڵی گلاوی جەیشی سەدام،خوێن لەشەقامەکانی هەولێر دەروات بەهۆی خیانەتی بارزانی و پارتەکەی.
ئەم خیانەتە گەورەیە ئەگەر بۆ پارتیەکان شانازی بێت ئەوە بۆ مێژووی گەلێك شەرمەزاریە کە کەسێك ئەو خیانەتەی کردبێت بەڵام دوای بیست و دوو ساڵ بارزانی و حزبەکەی هەرحوکمڕانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بکەن، لای ئێمە مانان هەرگیز ئەو خیانەتە لەیاد ناکرێت،وەك ئامانەتێکی ئەخلاقی نەوە بۆ نەوە دەیگێرینەوە کە پیاوێك هەبوو بەناوی بارزانی خۆی و حزبەکەی رووچوبون لەخیانەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە