ئەمڕۆ دوو زەنگي ناخۆش لێدرا

Saturday, 08/09/2018, 20:48

6568 بینراوە


سەر لە بەياني ئەمڕۆ دوو زەنگي ناخۆش لێدرا ، كە يە كەميان زەنگي : لە سێدارەدانی ڕۆژنامەنوسی ڕامینی حسێن پەناھی و ھەردوو برا لقمان مرادی و زانیار مرادی لە سێدارەدران .
 ئەم ڕوداوە ناخۆشە کە لەوە دەترساین ڕوبدات ئاخری ڕژێمی ئێرانی سێدارە بە ئەنجامی گەیاند ، سەرەڕای ئەو ھەموو فشارە ناوخۆی و نێو دەوڵەتیانە ، بەلام کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ ھەرسێ بەندکراوە سیاسیەکەی ڕۆژھەڵات جێ بە جێ کرد .تاوەکوو ئێستا تەرمەکەیان تەسلیم بە خانەوادەکانیان نەکراوەتەوە ، کە لە بەندیخانەی رەجای کەرەج لە سێدارەدران .
زەنگی دووەم : ئێران دوێنێ کونسوڵخانەکەی لە بەسرە سوتێنرا ، بەڵام سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی مووشەکی کردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیمووکرات و (حدک) لە شاری کۆیە ، کە بووە ھۆی شەھیدبوونی  ( 16 ) کەس و بریندار بوونی  ( 70 ) کەس ، لە ناو کوژراوەکانیش کە شەشیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیمووکراتن . 
لە نێوو بریندارەکانیش ھەر یەک لە مستەفای مەولودی سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان و خالید عەزیزی سکرتێری پێشووی دیموکراتی کوردستان و کەماڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبی دیمووکرات ھەن .
بە پێی دەقی ڕاگەیندراوی حیزبی دیمووکراتی کوردستان ، کە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ قەڵای دیمووکرات ، کە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیمووکراتی کوردستانە ،
لە کاتی بەڕێووە چوونی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا کەوتۆتە بەر ھێرشی مووشەکی و ھەوای کۆماری ئیسلامی ئێران ، لەکاتی ئەو ھێرشەو لە دوای ئەو ھێرشە فرۆکەی بێ فرۆکەوان بە ئاسمانی کۆیەدا خولاوەتەوە.
ھەر دوا بە دوای ئەوەش ھێرشە مووشەکیەکەش بۆ سەر سکرتاریەتی حیزب کراوەتە ئامانج ، دواتر بریندارەکانیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی کۆیە ، کە لە ناویاندا ژن و منداڵیش ھەن . 
ھەندێک لە بریندارەکان برینەکانیان سەخت بووە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون . بە داخەوە بۆ ئەم زەنگە ناخۆشەی کە ئەمڕۆ لێدرا دەرحەق بە کوردان ئەنجامدرا ، ئەم سنور بەزاندن و تەحەدیاتەی کە ئەمڕۆ کرا ، ئێران و تورکیا پێدەچێت بە تەواوەتی سەرکەوتوو بن لە دابەشکردنی کوردستانی عێراق نەک بە سەر دوو ئیدارەدا ، بەڵکوو بە سەر دوو دونیا بینی و دوو ڕوانگەی جیاوازدا ، لێرەدا ئەوەی کە دەبێتە سوتماک تەنھا خەڵکی بێ تاوان و ڕەش و ڕووتە . 
ئێمە وەکوو ڕۆژنامە نوسان ئیدانەی ئەم کارە دیکتاتۆریانەی ڕژێمی بە ناو کۆماری ئیسلامی سێدارە مەحکووم دەکەین ، سەربەرزی بۆ قوربانیانی ئەم کارەساتە و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازین ، نا بۆ دیکتاتۆری و خیانەتکار و ویژدان فرۆشان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە