ئیران کوردی موشەکباران کرد، ئەمریکاش ئەو موشەکباران دەکات

Tuesday, 11/09/2018, 9:11

10883 بینراوە


بیرۆکەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیرانەوە، تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو، بە تایبەتی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی هەشت ساڵەیان لەگەڵ عیراق.

هەڵوێستی ڕێگرییکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئیرانی لەلایەن ئەمریکاوە ئەویش هەڵوێستێکی تازە نییە و تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دووهەزارەکان کە کاتێک ئەمریکا زانیاریی دەستکەوت کە ئیران خەریکی دروست کردن چەکی ئەتۆمییە. 

 دەسەڵاتدارانی تاران، ئابووریی وڵاتەکەیان تەنیا بۆ خەرجی چەکی ئەتۆمی و  بەهێز کردنی سوپای پاسداران، دروستکردن و گەشەپێدانی گروپ و میلیشیای تێرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەرخان کرد، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبوو لەسەر ئاستی گوزەرانی ئێرانییەکان، لە هەمان کاتدا بۆ کۆشکی سپی، زلهێزەکانی دیکەی دنیا و ناوچەکە مایەی نیگەرانی بوو، بە تایبەتی دوای ڕوخانی سەدام لە لایەن ئەمریکاوە.

جورج بوشی کوڕ، لە ساڵی ٢٠٠٦، دا بۆ زانیاریی دەربارەی چەکی ئەتۆمیی ئیران  داوای ڕاپۆرتی لە سێ دەزگای گرنگی وڵاتەکەی  کرد، وەزارەتی دەرەوە، وزارەتی بەرگری و دەزگای سی. ئای. ئەی، ئەمریکی.

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە:  " سەڕۆک، ئێمە هیچ پیشتیوانییەکی نێو دەوڵەتییمان نییە بۆ ئەوەی لە ئیران بدەین، ئەنجامدانی ئەو کارەش وێنەمان لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیی ناشرین دەکات. کێشەی سەرەکییمان ئەگەری کاردانەوەی ئیرانە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی  ناسەقامگیری بار و دۆخەکە لە عیراق و ئەفغانستان، هەروها هیڕشکردنە سەر هێزەکانمان کە ژمارەیان ١٥٠هەزار کەسە لەم دوو شوێنە و ئەگەری هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانیان دروست دەبێت و ئیران رێگری دەکات لە هەناردە کردنی نەوت لە هورمز و دەبێتە هۆکاری یەکگرتنی توندڕەوەکان دژمان". 

ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگری،" سەڕۆک، ئێمە دەتوانین گورزی کوشندە بوەشێنین لە و بنکانەی کە لەسەر ئەرزن و شاڕاوە نین و ئاسانە کردنیان بە ئامانج. بنکەی ناتانز کە بە ئەندازەی ٣٠  پێ لە ژیر ئەرزە، بە ئەندازەی ١٠پێش کۆنکریت کراوە، لەگەڵ ئەوەش بە ئاسانی خاپوور دەکرێت بە بەکارهێنانی گی.بی.یو- ٢٨ "بانکار بوستەر" بە چەند جارێک، یان بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە دەبێت چەند بنکەیەکی دیەکەش بۆردوومان بکەین کە زۆربەی لەو ناوچانە دروستکراوە کە خەڵکی مەدەنی تێددا گوزەران دەکەن یان لەو شوینانە کە موشەکی بەرگریی ئاسمانی لێیە، کە دەبێت پێشوەخت هێرشیان بۆ سەر ئەنجام بدەین کە لە ئاکامدا زیانێکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی مەدەنی دەکەوێت".

ڕاپۆرتی دەزگای سی.ئای.ئەی ئەمریکی " سەڕۆک، ناتوانیین بە وردی پێتڕابگەیەنین دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی ئیرانی گەیشتۆتە چ ئاستێک و بنکە سەرەکییەکانی لە کوێن. تەنیا ئەوە نەبێت کە زانیارییمان هەیە کە ئیران مادەی خاوی یورانیوم لە ئەسفەهان دەگوازێتەوە. یورانیمیش لە ناتانز دەردەهێنن و لە ئاراک خەریکی لێکۆڵینەوەن لە ئاوی قورس، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە بە دەیان بنکەی دیکە هەبێت لە ئیران، بەڵام ئێمە سەرچاوەی متمانە پێکراومان لە ئیران نییە. ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستمان دایە  لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە لایەن ئەو ئیرانیانەوە دەستمان کەوت کە ئینشیقاقیان کردبوو، بەڵام ئەوە دەزانین کە لە ئەمڕۆ تا پێنج ساڵی دیکە ئیران ناتوانێت چەکی ئەتۆمیی بەرهەم بهێنێت".

ئەنجامی ڕاپۆرتی هەر سێ دەزگا و ئەزموونی ئەمریکا لە عیراق، هۆکاری سەڕەکیی بوون کە ئەو کات ئەمریکا پێی وابوو کە زەمینەکە لەبار نییە بۆ دەست وەشاندن لە دەسەڵاتدارانی ئیران، بەڵام ئەمڕۆ هەڵوێستی هەرسێ دەزگای گرنگی ئەمریکی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری و سی.ئای.ئەی گۆڕاوە بەرامبەر بە ئیران. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ ١٢ خاڵی توندی کردوە بە مەرج بۆ ئیران کە دەبێت قبوڵیان بکات هاوکات پشتیوانی لە بڕیارەکانی ترامپ دەکات بۆ ئابڵۆقەی ئابووریی و سازاکانی دژ بە ئیران و چەند جارێک لە لێداونەکانیدا گوتویەتی کە ئەوان "بۆ هەتا هەتایێ ناهێڵن ئیران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی". وێرای ئەوەش ئەمریکا تا ئاستێکی بەرز توانیویەتی پاڵپشتی دروست بکات لە نێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی دژ بە ئیران و بەرنامە ئەتۆمییکەی و بوونی بە زلهێزێکی زەبەلاحی ناوچەیی.  

 بۆشی کوڕ، لە ساڵی ٢٠٠٣وە  کاتێک چووە جەنگەوە دژ بە سەدام، بە دنیای ڕاگەیاند کە ڕژێمی "سەدام" خەریکی دروست کردنی چەکی کیمیاوی و مەترسی لەسەر ناوچەکە و دنیا دروست کردوە. دوای ڕووخانی سەدام، ئەمریکا کەوتە پشکنینی عیراق و لە میدیاکاندا  ڕۆژانە بە ئاشکرا ڕووماڵەی هەواڵەکانی پشکنینەکەی دەکرد، بەڵام نەیتوانی بۆ دنیا بیسەلمێنیت کە  سەدام خاوەن بنکە و ناوەندی چەکی کیمیاوی بوو. لە ئەنجامدا واشینگتۆن نەیویست هەمان ئەزموونی عیراق لە ئیران دووبارە بکاتەوە سەرەڕای ئەوەی کە زانیاریی سەرەتایی هەبوو کە ئیران خەریکی دروست کردنی چەکی ئەتۆمییە. 

ئەمریکا هەوڵی دا، سەرچاوەی متمانە پێکراو و دۆکیومێنتی واژۆ کراوی لەبەر دەستدا بێت،  بۆ دروستکردنی پاڵپشت و بۆ کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی بیسەلمێنێت کە ئیران خەریکی دروست کردنی چەکی ئەتۆمییە، هەروها هەوڵیدا تا بۆی دەلوێت زۆربەی شوێنەکانیش ئاشکرا بکات کە بنەکەی ئەتۆمیی ئیرانی لێیە.

 ئیدارەی ئۆباما، لە ساڵی ٢٠١٥دا کاتێک کە لەگەڵ ئیران ڕێککەوتنی واژۆ کرد، ئەم هەنگاوە دەسەڵاتدارانی ئیرانی خۆشحاڵ کرد و بۆ دنیاش جێگەی سەرسورمان بوو، کە چۆن ئیدارەی ئۆباما بەم ڕێککەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئیران کە گەشە بە دروست کردنی چەکی ئەتۆمیی بدات!

دەستاو دەست کردنی دەسەڵات و گۆڕینی دەم و چاوەکان، لە پۆستی سەڕۆکاییەتی ئەمریکا، نابێتە هۆی گۆڕانی ڕێرەوەی سیاسەتی ناوەوە، دەرەوە، پلان و ستراتیژیەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆی ڕووداوەکانی دنیا. سەڕۆکەکانی ئەمریکا کە یەک لە دوای یەکدا دێنە دەسەڵات، تەواوکەری یەکترن، بۆ پەیڕەو کردنی تاکتیکی تایبەت، بۆ گەیشتن بەهەمان ئامانجی ستراتیژی سیاسیی و ئابووریی کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی ئەمریکا دەکات و کە پێشوەخت پلانی بۆ داڕێژراوە.

 واژۆ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئۆباما و ئیران تەنیا تەڵەیەک بوو، کە دەسەڵاتدارانی ئێران واژۆیان لەسەر هەموو ئەو دۆکیمێنتانە کرد کە ئەوان خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمین و زۆربەی بنکە و شوینەکانیشیان بۆ لیژنەی پشکنینی ئەمریکا ئاشکرا کرد.
ترامپ، کاتێک بوو بە سەڕۆکی ئەمریکا پێشوەخت زەمینەیەکی ئامادەکراوی بۆ جێمابوو بۆ ئەوەی درێژە بە ستراتیژیەت و سیاسەتی ئەمریکا بدات بەرامبەر بە ئیران، ئەوە بوو

 لە یەکەم هەنگاودا، هەڵوێستی دوژمنانەی خۆی بەرامبەر بە ئیران دەربڕی و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما و ڕۆحانی هەڵوەشاندەوە.

لە دووەم هەنگاودا، پەیوەندیی لەگەڵ سعودیەی دوژمنە سەرسەختەکەی ئیران توندتر کرد.
لە سێەیم هەنگاودا، سزا و ئابڵۆقەی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند.

لە چوارەم  هەنگاودا، لە هەوڵی ئەوەدایە کە دۆست و لایەنگر لە سەر ئاستی دنیا و ناوچەکە بدۆزێتەوە بۆ پیشتیوانی کردن لە بڕیارەکانی بەرامبەر بە ئیران.

لە پێنجەم هەنگاودا، ئەگەر ئیران ملکەچی ١٢خاڵەکەی ئەمریکا نەبێت، بەو مانایەی کە دەبێت ڕاوەستێت و ئەمریکا پەڕ و پۆی بکات و بە چارەنووسێکی نادیارەوە، ئەوا بێ گومان و لە سەدا سەد هێڕشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیران ئەگەرێکی چاوەڕوان کراوە.  

 لە دەرئەنجامدا، ئەمریکا دڵنیاییە لەوەی کە هەموو زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە هەڵوێستیان ڕوونە کە نایانەوێت ئیران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمیی و زلهێزێکی ناوچەیی کە  لە ئەنجامدا مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دروستبکات. هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئەمریکا زەمینەسازی کردوە بۆ ملکەچ پێکردن یان لێدانی ئیران. بەردەوامبوونی ئابڵوقەی ئابووریی ئەمریکا لەسەر ئیران، دۆخی ناوەوەی ئیران بەرە و شڵەژانی زیاتر دەبات. ئەمریکا چاوەڕوانە کە ناڕەزایی خەڵک شەقامەکانی ئیران بتەنێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئیران ملکەچی داواکاریەکانی ئەمریکا نەبن، ئەوا لە کۆتایی ئەم ساڵ یان لە ساڵی تازەدا، ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر دامودەزگا سەربازیی و حکومییەکان و بنەکەی موشەک و چەکی ئەتۆمیی ئیران بکات و دواتر کورسیی و تەختی عەمامە بەسەرەکانی ئیرانیش ئامانجی موشەکبارانەکانی ئەمریکا بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە