ناوچەی 93 لە پاریس، کەمی مێینە و گەشتیاری عەرەب

Tuesday, 11/09/2018, 22:09

5583 بینراوە


کاتێک دەچیت بۆ لەندەن، هەمو شوێنێک لەندەنە، بەلام کاتێک جادەی بازنەیی دەوری پاریس جێ دەهێڵیت ئیتر پاریس کۆتایی دێت، نزیکەی 90 شار بە دەوری پاریسدا هەنە، یەکێک لەو ناوچانە پێی دەڵێن ناوچەی 93، کە خەڵکی ئەجنەبی بۆ گاڵتە پێکردن، کە گوایە ناوچەیەکی نەخوێندەوارە، دەڵین؛ نۆ سێ . هەمو پاریسیەک دەزانێت مەبەست لە نۆسێ چیە .
ئەم ناوچەیە پێکهاتوە لە 40 شار، هەندێک لەو شارانە دانیشتوانی سەت هەزار کەسن، هەرشارێک شارەوانی خۆی هەس، خەڵکێکی ئەجنەبی زۆری لێ گرد بۆتەوە، لەهەندێک شاردا لەسەتا هەشتای دانیشتوانی خەڵکی بەرەچەڵەک ئەجنەبین، لێرەدا جزداشەو بورکە و ڕيیشو مزگەوت زۆرن، لەهەمان کاتا شوێنی گرانبەهاو خۆشیشی  تێدایە، زۆر لەکەسانی هونەمەند و ئەکتەرو ئەوانەئ لە سینەمادا کاردەکەن لەم ناوچەیەن، بەلام ناوچەکە وەها ناوی ڕۆشتوە. حکومەت بۆ یارمەتی دانی ئەم ناوجەیە، تاکس لەسەر شەریکەکان کەم دەکاتەوە هەتاوەکو لەو شوێنانەدا ئۆفیسی خۆیان بکەنەوە، و هەلی کار بڕەخسێنن، گەورەترین یاریگای فوتبۆڵێنی لێ کراوەتەوە، مامۆستاکان موچەیان زۆرترە لەبەر ئەوەی هەندێک مەکتەبی ئەم ناوچەیە تەنگژی زۆرە و دەرس وتنەوە ئاسان نیە، یارمەتی سۆشیال ئێجگار زۆرە، بەتاڵە دەگاتە لەسەتا بیست، تەنانەت کە پەناهێندە سوریەکان دێن بۆ فەرەنسا، لەم ناوچەیەدا سواڵ دەکەن، لەهەندێک گەڕەکدا  پۆلیس ناتوانێت حکوم بکات، گەنجانی گەڕەک حوکم دەکەن. 

کاتێک سالی 2000 خۆپیشاندانێکی زۆری تیا ڕویدا کە نزیکەی هەزارەها سەیارەیان سوتاندو هەمو جیهان باسی کرد، دوای لێکۆڵینەوە یەکێک لەهۆکارەکان ئەوەبوە کە درەگێکی زۆر گیرابو لەلایەن گومرکەوە، بەوهۆیەوە دانیشتوانەکەی بەبێ حەشیشە مابونەوە . .
رۆژێک بەسەیارە دەهاتمەوە ،بە یەکێک لەو شارانەدا تێ پەڕیم، کوتوپڕ شتێک سەرنجی ڕاکێشام ؛ قاوەخانەیەک لە مەیدانێکداو کەسانێکی زۆر دانیشتبون لەسەر کورسی پلاستیکی هەرزان بەها، هەندێکیان بە جزداشەوە، هەندێکیان دۆمینەیان دەکرد، لەولاوە کابرایەکی ئەفریقی گەنمەشامی ئەبرژاند لەسەر عەرەبانەی سوپەرمارکێتێک ، مەیدانەکە تۆزی ىی دەنگبو بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان، بیرم بۆ قاوەخانەیەکی بەگداد ئەچو، کتوپڕ وەستامو تۆزێ زیاتر لەو دیمەنە وردبومەوە ،نەمدەزانی بۆچی بەلامەوە هێندە غەریب بو، چەند هەفتەیک بیرم لەو دیمەنە دەکردەوە، پاشان بۆم دەرکەوت ئەوەی کە سەرسامی کردبوم بەبێ ئەوەی کە راستەوخۆ درکی پێ بکەم ئەوەبو کە ئافرەتی تیا نەبو، هەمویان پیاو بون. ئەم دیاردەیە لەهەندێک گەرەکی رۆژهەلاتی پاریسیش کە دراوسێی ئەم ناوچەیە، بونی هەیە، چەند جارێک ڕۆژنامەکان باسیان کرد کە لە قاوەخانەو بازارەکاندا مێینە نابینرێن. بێگومان ئەمە هەندێک جار لە چەند کۆڵانێکدایە، هەرچەندە ڕۆژنامەی چەپەکان هەمیشە ئەم گرفتانە لە قەبارەی خۆی کەمتر دەکەنەوە و ئەیانەوێت باسی خراپەی ئەو ناوچەیە نەکرێت بەڵام بونی هەیە .
زۆر لە گروپی مۆسیقای راپ لەم ناوچەیەن، یەکێک لەبەناوبانگ ترین گروپی مۆسیقای راپیان ناوی ، NTM ە  ئەویش کورتکراوەی جنێوی ؛ دایکت دەگێم ، هەمان وشەی عەرەبی ؛ نیک، بەکار دەهێنن کە فەرەنسیەکانیش بەکاری دەهێنن و چۆتە زمانی بازاڕی فەرەنسیەوە، لەگۆرانیەکانیاندا کاتێک باسی بێ ئیشی و بەتاڵی دەکەن هێندە ڕاوەستاوە بەبێ کار، دەلێت ؛ شۆستە گەرم دەکەمەوە، یان دیوار رائەگرم.  زۆر وشەیان زیاد کردوە یان گۆڕیوە لەزامنی فەرەنسیدا، بە زمانی هەلەوگیراو قسە دەکەن، واتە بڕگەی وشەکان هەڵدەگێڕنەوە کەهەندێک جار مۆسیقاکانیان خۆشن و گەنجانی پاریسی و بۆرژواکانیش بەکاری دەهێنن، کاریگەریشیان هەیە لەسەر مۆدێلی جلوبەرگ، بۆ نمونە لەسەردەمانێکدا کاتێک پانتۆڵی بێ قایشایان لەبەر دەکردو دەهاتە سەرئەژنۆیان، کەوشی بێ قەیتان، مەبەستیان لەوە بو کە ئەوان سجنیان بینیوە  ؛ کە کاتێک دەچیتە ژوری لێپرسینەوە لەگەڵ پۆلیس قایشو قەیتانەکانت لێ دەکەنەوە.  هەمیشە حەزیان لەسەیارەی BMW  و مارسیدزە. کە شەوان پۆلیس دەبینیت دوکەس ئەپشکنن بەتەنیشت دیوارێکەوە، زۆربەی جار ئەمانەن . لەکۆتایی هەمو خۆپیشاندانێکدا ئەمانە دێن بۆ شت شکاندنو ئاژاوە لەگەل پۆلیسدا . داداگا هەندێک قانونی گۆڕی بۆ بەرگریکردن لە گەنجەکانیان کە دزی دەکەن بە سواری ماتۆڕەوە، لەبەر ئەوەی هەندێک جار پۆلیس بە سەیارە دوایان دەکەوێت، بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسیەوە پۆلیس بۆی نیە دوای ماتۆڕێک بکەوێت کە دزی کردوە.
دوای هەمو یاریەکی گرنگی فوتبۆڵێن، یان لە بۆنەکاندا گەنجەکانیان  دەچن بۆ شانزەلیزێ،  لەوێ دەیکەن بە شەڕو فەرتەنە لەگەڵ پۆلیسدا، لەگەل ئەوەشدا کە پۆلیس لەوە و بەر خۆی ئامادە کردوە، بەڵام کۆنترۆلکردنیان ئاسان نیە،  دواجار دوای چەندەها سال پۆلیس تەنکنیکی کۆنترۆلکردنی دۆزیەوە بەوەی کە لەناوەراستی پاریسدا بەدرێژایی دوکیلۆمەتر سەیارەی پۆلیس دەوەستێنن بەجۆرێک کەکەس نەتوانێت پێچ بکاتەوە، کاتێک بەسەیارەکەت دەچیتە شانزێلیزێ ئیتر یەک بەدوای یەکدا تەنها یەک ڕێگەت هەیە و لەوسەریشەوە پۆلیس جاوەرێتە هەتا لەپاریس دەچیتە دەرەوە ، بەلام هیندە زۆرن کۆنترۆڵ ناکرێن .
بەشێکی زۆری ئەم  گەنجانە هەر لە شانزەلیزێ و گەرەکە دەولەمەندەکانی پاریس بازرگانی درەگ دەکەنو مشتەریەکانیان لەوێ دەدۆزنەوە . ئەبێت بوترێت کە شانزەلیزێ شوێنی توریستو ئەمانەن، بەتایبەتی کچی لەشفرۆش، لەسەتا پەنجای ئەو کچانەی لەهاویناندا دەیان بینیت لەسەر شانزەلیزێ، کچانی لەشفرۆشن بەجۆرێک کە لە هاویناناندا هەندێک چێشتخانە ڕێگە بە کچێک نادەن بەتەنیا بچیتە ژورەوە لەبەر ئەوەی ئەوان دەچنە چێشتخانەو قاوەخانەکان بۆ دۆینەوەی مشتەری . کچانی روسی لە دیسکۆتێکی راسپۆتینو هۆتێل لاکۆست، نرخیان زۆر هەرزانە . هاوینان مانگی حەوتو هەشت ئەگەر ڕەمەزان نەبێت، پیاوانو گەنجانی عەرەبی سعودی و قەتەری دێن بۆ راوی حەفتا حۆری لە شانزێ لیزێ، هەر لەوێش یەکتری دەبینن. لەهەندێک شوێندا قاوەخانەی نێرگەلەیان بۆ کردونەتەوە، هوتێلو قاوەخانەکان پڕن لە عەرەبی قەتەری، هەندێک جار چوار مارسیدز هەرچوار سایدەکەی شانزەلیزێ دەگرنو بەخۆیانو مالو منداڵیانەوە، هەندێکیشیان بەسەیارەی پۆرشو گرانبەها بە دەوری شانزێلیزێدا فرتە فرتیانە، بەڵام  لەوەتەی بورکە قەدەغەکراوە لە فەرەنسا تۆزێ کەمبونەتەوە.
 کچانی مەغریبی بازاڕیان گەرمە لە هاویندا، هەندێ لە دەلالەکان دێن بەدوای مشتەریداو کچەکان لە هۆتێل کۆنکۆرد چاوەڕی دەکەن، کە دواجار بازرگانێکی عەرەب بوە خاوەنی و ناوەکەی گۆڕی بۆ هۆتێل حەیات . هۆتێلەکان پڕن لە خێزانی عەرەب کەهەمویان وەک دەلێن ؛ خێزانی پرەنسن، ئەو کچانەی کە لەهۆتێلەکاندا کار دەکەن زۆر جار دەبینن کە لەحەمامەکاندا مندالەکانیان پیسایی دەکەن، وادیارە کە بە ئاودەستخانەی ئەوروپی رانەهاتون،  ئەوەی تێناگەن ئەوەیە کە لە ئاودەستخانەکاندا لم دەدۆزنەوە، هێندەی تیایە کە هەندێک جار ئاپخانەکان دەگیرێن، من نەم زانی سری ئەم لمە چیە ، دەزانین کە بۆیان هەیە بەلم دەستنوێژبگرن ئەگەر ئاو نەبو بەڵام لە ئاپخانەدا لم چی دەکات ؟
ڕۆژێک کابرایەکی عەرەب لە جێشتاخانەیەکدا بەکابرای خاوەن چێشتخانە دەڵێت کە نایەوێت ئەو کجە ڕەشە نانی بۆ دابنێت لەبەر ئەوەی بۆ ئەوان کەسانی پێست ڕەش پیسن، کابرا خاوەن جێشتخانە پێی دەڵیت کەدەتوانێت بجیتە دەرەوە، هەندێک ئافرەتی عەرەب نیوە شەو لە هۆتێل خەبەریان دەبێتەوە و داوای ئاوی ڤیتێل دەکەن، تەنها ڤیتێل بۆ شتنی ناوگەڵیان، هیچ ئاوێکی تریش قبوڵ ناکەن، ئاوی زەمزەمیان ناوێت، دەبێت بوترێت کە هەندێک هۆتێلی شانزە لیزێ شەوی بە 35 هەزار یۆرۆیە، وتم چی تیایە بەو نرخە، وتی پانۆرامیکە و بەسەر بورجی ئیفڵدا دەروانێت.  ئەم توریستە عەرەبانە زۆر لەو گەرەکانە دەترسن کە عەرەبی تیایە، توخنی ناکەو، لە عەرەب دەترسن . هەرگیز لە شابزێلیزی و گەرەکە توریستەکان دورناکەونەوە، مۆزەخانەو شوێنی تر نازانن چیە، ئەوان هەر مەخزەنی جلوبەرگو قاوەخانە دەناسن .
بورژواکانی پاریس کاتێک گوێیان لە وشەی؛ - نۆ سێ- دەبیت ڕۆحیان دەچێت، وایان باوەڕە کەهەر گەشتیتە ئەو ناوچەیە سەریان دەبڕن، چەند ساڵێک لەمەوبەر کچیکی بورژوای پاریسی کتێبێکی دەرکرد بەناو؛ بیرەوەری قەحبەیەک، قەحبە مەبەستی لەخۆیەتی، لەم کتێبەدا باسی دەکات کەهەرگیز سنوری هەندێک گەڕەکی نەشکاندوە، وەک گەرەکی دە و یانزەو هەژدە و نۆزدەی پاریس کە سنوریان هەیە لەگەڵ ناوچەی نۆ سێ، چونکە بۆ ئەو، ئەو ناوچانە پاریس نین 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە