ێرەدا ئەنجامە پێشوەختەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٣٠/٩/٢٠١٨ بخوێنەرەوە

Wednesday, 12/09/2018, 22:14

3091 بینراوە


یاسایەکی نەگۆڕە –هەر خەڵکانێك سود لە تەجروبەی رابردو وەرنەگرن شایستەی هەموو بەڵاو قەیرانەکانن - هەر خەڵکانێك سود لە ئامۆژگاری و ڕای دنیادیدەکانیان وەرنەگرن شایستەی هەمو نەگبەتی و دەردیسەریەکانن-.
دەیان ساڵە لە میدیاکانی وەکو کوردستانپۆستەوە راستیەکان دەخرێنە ڕو کەچی ئەو میللەتەی مە هەر دەڵێی نە بای دیوەو نە بۆران، دەڵێیت تازە لەدایكبون و هیچیان نەدیوەو هیچیان پێنەگوتراوەو هیچیش نازانن، تا ئەو ڕادەیەی هەندێك لە بیرمەندانی کورد گەشتونەتە ئەو بڕوایەی ئیتر وتەو نوسین هیچ سودێکی نیەو ئەوەش بیخوێنێتەوەو سەد دەر سەد ڕاستیەکان بزانێت هەر بە هێندی وەرناگرێت و هیچ لە هەڵوێست و بیروبۆچونی ناگۆڕدرێت.
وا سەرلەنوێ و بۆ دەیانجاری تر دەسەڵاتی خێڵەکی مافیای کوردستانی باشور بە بەزمی هەڵبژاردن خەڵك مەشغوڵ دەکەنەوەو کەچی لای زۆرینەش رونە هەر لە ئێستەوە ئەنجامەکان دەستنیشانکراون، دور نەڕۆین هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار گەورەترین فەزیحەی دەسەڵاتی مافیای یەکێتی و پارتی دەرخست لە جیهاندا کە بە شیوەیەکی سیستەماتیك فێڵیان لە( ئامێری زیرەک)ی هەڵبژاردنیش کرد، فێڵیان لە رای جیهانی و ناوخۆیش کرد، کەچی هەر وا بە ئاسانی تێپەڕی و هیچ هەڵوێستێكی دروست نەکرد، دوبارە هەژماردکردنەوەی دەنگەکان هەر بە تەزویر ، هیچی لە مەسەلەکان و هاوکێشە سیاسیەکان نەگۆڕی.
ئەی مەگەر هەڵبژاردن چەکێکی کاریگەر نیە لە کۆمەڵگا دیموکراتیەکاندا بۆ گۆڕانکاری سیاسی و پاشەڕۆژی نەتەوەکان؟ جا کوا لە کوردستان دیموکراسی هەیە؟ مەگەر یەکێتی و پارتی ئێستاش هەر خەریکی تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان و رۆژنامەنوسان و سیایە بەرهەڵستکارەکان نین؟ مەگەر تا ئێستاش یەکێتی و پارتی پشتیوانی سەرەک مانەوەیان لە لایەن ئیتلاعاتی جمهوری سێدارەو میتی تورکەوە لێناکرێت؟ مەگەر تا ئێستاش ئەو دو حیزبە هەر سیاسەتی (سامانی بۆ تۆو سەری بۆ من) پەیڕەوناکەن لە پاکتاوکردنی نەیارانیاندا؟مەگەر تا ئێستا کێشە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەباو موچە و سوتەمەنی چارەسەر کراون تا چاوەڕوانی ئەوە بکەین سەرانی تاڵەبانی و بارزانی ڕێز لە دەنگی دەنگدەری کورد بگرن کە هیچ ئەرزشێکی نەبوە لایان، ئەوانە بەس لە شەقی بێگانە دەترن، ئەگینا (شێر)ن بۆ ناوخۆ.
ئەمانە ئەوە دەگەیەنن لە کوردستان دو حیزبی بێ مۆڕاڵ و بێ شەخسیەت بە زۆر خۆیان کردوەتە دەمڕاست و سەر ڕاستی میللەتی کوردو نایانەوێت نە بەخۆشی و نە بە ناخۆشی واز لە دەسەلاتی ملهوڕیی خۆیان بهێنن و دەست لەو هەموو ئیمتیازاتانە بەردەن کە ٢٧ ساڵە بە زۆری زۆردارەکی و کوشتن و بڕین دەستیان بەسەردا گرتووە، دزە وردەکانیش دوای ئەم لافوگەزافەی یەکێتی پارتی کەوتون بە ناوی (هەڵبژارددنەوە)و دەیانەوێت ئەوانیش بەشیان هەبێت لە دزین و ئیمتیازاتەکان، لە باشترین حاڵەتدا ٢٥ کورسی بە ناو پەرلەمانیان بەدەستهێنا، بەڵام بە زەبری هێز ئاودیوی دێگەڵە کران و زۆر بە خوێنساردی بێڕزیش بەو دەنگدەرانە کرا کە لە پرۆسەیەکی بە ناو دیموکراتیدا دەنگیان بەو ٢٥ ئەندام پەرلەمانە دابو، ئیتر تاکەی خۆمان هەڵبخەڵەتێنین؟ هەرگیز دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە هەرێمی قەرەقۆشی کوردستان بە هەڵبژاردن و دیموکرسی ناکرێت، ئایا ٢٧ ساڵە هەڵبژاردن چی لە بڕیارە چارەنوسسازەکان و دەسکەوتە حیزبیەکان گۆڕیوە؟ مەگەر بە پیلانی پارتی و یەکێتی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا %٥١ی خاکی هەرێمیان تەسلیمی حەشدی شەعبی و عەبادی نەکرد؟
میللەتێك هێندە خۆی لە راستیەکان گێژ بکات و ئۆپۆزیسیۆنێك هێندە خۆی هەڵبخەڵەتێنێت هەر شایستەی ئەوەن تا هاتنە خوارەوەی عیسای مەسیح هەر دو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی حوکمیان بکەن و داهاتەکانیان بدزن و بیانچەوسێننەوەو سوکایەتیان پێبکەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە