با لە بەر دەرکی هەموو مزگەوتێکدا ئەم وێنەیە هەڵبواسرێت

Wednesday, 12/09/2018, 22:42

13191 بینراوە


مرۆڤ لەهیچ شوێنێکی دیکەدا وەک مەیدانی جەنگ هەست بەدەستی خوایی ناکات ." لەکتێبی کۆمەڵناسی جەنگ "
کاتێک مرۆڤێکی ئیسلام پەنجەی شایەتمانی بڵندکردەوە و خەندەیەکی دڕندانە دەهێنێتە سەر دەموچاوی و مەرگی شەڕڤانێک و سەری براوی کچێکی شەرڤانمان بۆ نمایش دەکات، ئیتر ئێمە دەبت لەو وێنەیە بڕوانین و بڵێین: "خوا لە گوناحەکانی خۆش بێت". لە بیر خۆمانی ببەینەوە، کە ئەو کەسەی تاوابارە  ئەو پیاوکوژەیە و دەبێت بۆ ئەو بپاڕێنەوە،، بەڵام نەخێر ئیسلامە سەلەفییەکان، مەلا تاوانبارە کوردەکان، ئەوانەی کە پێیان وایە هەموومان لەو رۆژەوەی لە دایکبووین تاوانباریین و دەبێت سزای سوتان و دۆزەخمان بەسەردا بسەپێنرێت، خۆشیان وەکو ئەو داعشە خوێنڕێژەی کە لەوێنەکەدایە دەچنە بەهەشت و فریشە و کەنزیکەکان تێی دەئاڵێن... خوا بەو شیوەیە نمایش دەکەن، کە بەوە جەزای خێریان دەداتەوە!
لەو وێنەیەدا ترسۆنکترین شتێک کە مرۆڤ دەیکات تەنها سەیرکردن و ترسانە، ئەم وێنەیە تەنها وێنەیەکی سادە نییە، کە کەسێکی هەرزە و نەخۆش چرکاندبێتی، ئەمە شەڕی تێکشکانی سایکۆلۆژیای تاک بە تاکمانە، ئەمە چیرۆکەکانی دەرسیم و کۆمارە ڕوخاوەکەی مەهاباد دەگێڕێتەوە لەگەڵ چیرۆکی زیندەبەچاڵکردنەکەی سلێمانی بەدەستی زەعیم سدیق و ئاشبەتاڵ و ئەنفال و ٣١ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و شەنگاڵ و دەیان کارەساتی تر، هەموو ئەوانەمان بۆ زیندودەکاتەوە و دەیهێنێتە بەرچاومان، تا ئەو کارەساتانە کاڵ نەبنەوە و بەردەوام بترسین، لەوە زایتر ترس دەخاتە دڵمانەوە و نەک بیررخستەوەی تاوانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیانەی کە دەیانەوێت کورد لە ریشە هەڵکێشن، بەڵکو ئەوەشمان پیشان دەدەن کە لەو دنیاش کورد هەر ئاوا دەبێت و خواش هەر سزای کورد دەدات و دەیخاتە دۆزەخەوە، چاکترین چارەسەریش ئەوەیە، کە تۆ جلی کوردی لەبەر خۆت داکەنی، وەک مەلاکانی ئیستا دەیکەن، زمانی دایکی خۆت لە بیر بەریتەوە، وەک ئەوەی لەجیانی سڵاو و رۆژباش، بە عەرەبی وەڵام بدەیتەوە، تا دیسان مێژووەکەت لەوێوە دەستپێبکەیت، کە داهاتووتە لە دوای ئەو وێنەیە!
ئێمەی کوردیش چونکە گەلێکین لەسەرمانە فێری چەرمەسەریی و مردن بین. جا بە هەرشێوەیەک بێت، ئەم وێنەیە جیاواز لە هەموو وێنەکانی تر، پەیامی تێکشکان و تەسلیمبوون رابگەیەنین، هەرچەندە وێنەی سەرکەوتنی دوژمن نییە، بەڵکو وێنەیەکە بۆ تێکشکانی ڕۆحمان و بڵاوکردندنەوەی ترس و تۆقین و دروستبوونی بەزینە لەناخماندا دەچێنرێت. 
 کۆمەڵگەی ئێمە بەپلەی یەکەم دوای بەرژەوەندی ئابوریی و چێژ وەرگرتن کەوتوە، کۆمەڵگەی ئێمە نەدەخوێنێتەوە نە وێنە و نە ڕووداو و کارەساتەکان کاری تێدەکات و نە هەڵوێستی لەسەر وەردەگرێت، بۆیە خۆمان دەبینە دوژمنی خۆمان و دەبینە نمونەی ئەو ئیسلامە داعشەی کە سەری ژنە شەرڤانێک لێدەکاتەوە و بەرزی دەکاتەوە! ئەوەی لەدەرەوەی ئیسلامی سەلەفیی و داعشیش خۆی دەبینێتەوە، ئەوەتا دوو بنەماڵەی وەکو مەسعود و تالەبانیت بۆ دادەنێین، تا رۆحت هێندەی دیکە بمرێنن! هەموو رێگایەکت لێدەگرن، چۆنکە تۆ خۆت قەڵایەکی سەختت دروست کردووە تا بەسەریدا سەرنەکەویت!
-----------------
ئێمەی کورد لەمڕۆدا لەبەردەم بەرپرسیارەتی ئەخلاقیدا گوزەر دەکەین، بۆیە دەڵێین "ئاگرە سورە لەخۆم دورە " ئەو سیاسەتەی کە پێی دەڵێن "کوڕی خۆت مەکە بە قوربانی کچی کەس"، بەڵام شەڕ لەگەڵ ئەم هزرەدا لە وێرانە دەبێتە ئەرکی ئەخلاقی تاک بەتاکمان. دوێنێ لەخانەقین، سەری بڕاوی چوار کوردی تری نمایش کرد. جا کە کورد شایانی ئەوە بێت سەری لێبکرێتەوە، ئەمەش ئەرک و خواستی ئیسلامە، بۆیە گەر وایە با وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش ئەم وێنەیە کە جیهادییەک چرکاندویەی بکرێت بەدەرکی هەموو مزگەوتێکەوە لە کوردستان، تا هەموو ئیسلامە کوردەکان لێوەی فێری جیهاد بن، کە دواجار داوابکەن لە گوناحەکانیان پاکببنەوە.
 ئێمە هەرگیز لە مەلایەکی مزگەوت و خەتیبێک و وەزیرێکی وەزارەتە موشەخۆرەکەی ئەوقافمان نەپرسیوە ." ئایا سەربڕینی مرۆڤ بەدەستی جیهادیەک دنیابینی و کەڵچەری ئیسلامە"؟
 دەشێت ئەمە هەڵسوکەوتی جیهادیەک بێت کە تژییە لەڕق و بوغز و نەخۆشی دەروونی و سوکایەتی کردن بەمرۆف و بەهاکەیەوە، تا مەرتەبەی بڵندتربێت و زوتر بەو بەهەشتە بگات کە تەمەڵخانەیەکە پڕێتی لە غوڵام و شەراب و هەنگوین و ڕابواردن، کە خۆیان پڕوپاگەندەی بۆدەکەن. دواجار فەرمانی سەرەکی ئەم گروپانە بڵاوکردنەوەی ئەم ترسەیە کە بێن لاشەیەکی بێگیان ئەتک بکەن و لە جێگەیەک بەسەربڕاوی تۆپ تۆپێن بکەن، یان ئاوا بە دەستێک سەرێک هەڵگرن و وێنەی پێوە بگرن، چونکە دواجار هیچ مەلایەک ووتار خوێنێکی دینی دانی بەوەدا نەناوە کە "داعش" گروپێکن ئیسلام نین، بەڵکو هەمیشە ئێمەیان بە کۆڵانە تاریکەکاندا بردوە و دەیان ڕاو و ڕێویان بۆ هێناوینەتەوە کە ئەمانە فەرزی ئیسلامی جێبەجێ دەکەن، نوێژ و ئیتاعەت دەکەن، بەڵام سەری مرۆڤیش دەبڕن.
لای من زاڵ بون بەسەر ئەم دیاردەیەدا، بەبێ تێگەیشتن لەخودی کارەساتەکان محاڵە، بۆیە وێنەیەک دەتوانێت ڕەوتی کۆمەڵگا بگۆڕێت، مەلاکانی کورد مشەخۆرەکان ڕۆژ تا ئێوارە لە مینبەرەکاندا لەسەر پانتۆڵ و برۆ و ئافرەت سنگ و مەمکی ژنان و کچان و ڕیش و سمێڵ و دەسنوێژو نوێژی مزگەوت و خەوە بێماناکانی کە پڕێتی لە درۆ و دەلەسە لەسەر شەریعەت و حەدیسی ڕاست و درۆ قسە دەکەن، مێشکی کۆمەڵگایان بردوە و دەسەڵاتی ستەمکاریش ڕێگەی داوە بەم شێوەیە ئەم مەلایانە ووتار بدەن، بەڵام مەلایەک نایەت لەسەر کردەوەی جیهادیەک کەسوکایەتی بەگەلەکەمان دەکات قسە بکات، جا کەوایە و ئەم کردەوەیە ناراستە، با دواجار ئێمە داوایە بکەین، سادە، زۆر سادە، ئەویش هەڵواسینی ئەم وێنەیەیە بەدەرکی مزگەوتەکاندا، بۆ ئەوەی خەڵکی فێربێت، لایەنی کەم ڕێزێک بگەڕێتەوە بۆ مرۆڤ بوون .
 من بۆخۆم کاتێک ئەم وێنەیەم بینی دنیابینیم گۆڕا، بیرم بۆ تۆڵەکردنەوە نەچوو، بەڵکو لەوە تێنەگەیشتم خەڵکانێک کە ڕۆژانە دەچنە مزگەوت و گوێ لە مەلاکان دەگرن تا ئامۆژگاریان بکات، بۆچی خۆیان لەتێڕوانینێکی ئاوادا لە وێنەیەک، ئامۆژگاری وەرناگرن؟ ئێوە سەیربکەن کاتێک مەلایەک بە بەرزییەوە ووتار دەدات، کەس بۆی نییە پرسیار بکات، تەنها تۆ دەبێت سەرت بڵندکەیت و گوێکانت قوڵاغ بکەیت بۆ مامۆستا، وەک توتیش نزاکانی بڵێیتەوە کە پڕێتی لە کڕوزانەوە و بێدەسەڵاتی، دواجار داعش دێت سوکایەتی بەتەرمەکان دەکات.
 هاوڕێیەکم کە لە نزیکەوە لەیەکەم شەڕی مەخموردا نزیک بوو، گێڕایەوە کاتێک ڕۆژنامەنوسێک خەریکی وێنە گرتن بوو، گەریلایەک سەری لاشەی داعشێکی بەرز کردەوە تا ڕۆژنامەنووسەکە وێنەی بگرێت، بەرپرسەکەی زۆر لەو هەڤاڵەی گەریلاکەی نیگەران بوو راستەو خۆ ناردییەوە بۆ قەندیل تا جارێکی تر وانەی شۆشگێڕی پێ بوترێتەوە و دەستکاری تەرمێک نەکات کە گیان لە جەستەیدا نییە گەرچی نێتی ئەو گەریلاکە پاک بوو بەڵام نا وشیاریی شۆڕشگێڕێکی پیشان دا.
شۆڕشگێڕ دەبێت وشیاربێت بۆ پەیامەکەی، داعش و ئیسلامییە مرۆڤکوژەکان کەسانی وشیار نیین، بۆیە جگە لە ترس و تۆقاندن، هیچ پەیامێکی مرۆڤانەیان پێ نییە.
تێبینی: کەلتوری بڕینی سەری نەیار لە مێژە تورکان پەیڕەوی دەکەن، لە شۆڕشی" ئاگری داخ " سەری سەدان شۆڕشگێڕی کوردیان بەدەروازەی شارەکەوە هەڵواسی، تاپەیامی ترس و تۆقین بە کورد بدەن!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە