هەڵبژاردن، هیچ گۆڕانێکی لە ژیانی خەڵکدا نەکردووە!

Friday, 14/09/2018, 0:09

6342 بینراوە


چونکە ئامانج لە هەڵبژاردن گۆڕانکاریی نییە بەڵکو هێشتنەوەی دۆخە.
لە ماوەی ٢٧ ساڵی ماکیاژی دەسەڵاتی تاڵان بە "دەمامکی دیمۆکراسی و هەڵبژاردن" هیچ خزمەتێک بە هاوڵاتی نەکراوە، چونکە خودی هەڵبژاردن (لە نەبوونی دەسەڵاتی دامەزراوەییدا) و بێ بوونی جەماوەرێکی ئامادە بۆ بەرگری لە دەنگەکەی خۆی... تەنها نوێکردنەوەی پەیمانە بۆ درێژەکێشانی ئەو دەسەڵاتەی لە بنەڕەتەوە بە هەڵبژاردن "مافی حکومڕانی بەدەست نەهێناوە!"
٢٧ ساڵە تۆی هاوڵاتی دەنگ دەدەیت و ئەم دەنگە (کاتژمێرێک کارەبا بۆ تۆ زیاد ناکا- خوێندنێکی شایستە بۆ منداڵەکەت دابین ناکا- تەندروستییەکی شیاو بە خێزانەکەت پێشکەش ناکا- کۆمەڵگاکەت تاکە هەنگاوێک پێش ناخا).
٢٧ ساڵە دەنگ دەدەیت و ئاوارە دەبیت، دەنگ دەدەیت و بەدوای سووتەمەنی و کار و ناندا ڕاکەڕاکەتە، دەنگ دەدەیت و بە بڕوانامە و شارەزاییەوە بەدوای واستەی گەمژە و نەخوێنەوارێکەوەیت تا دەرفەتی دامەزراندنێکت بۆ بڕەخسێ، دەنگ دەدەیت و ببیتە خاوەن کەسێتی و نیشتمان وەلێ خۆت و خاک و خەڵکەکەت هەڕاج دەکەن و دەیدەنە دەست گورگی داگیرکەرانەوە.
٢٧ ساڵە هەمووان بەڵێنت دەدەنێ، لە ئازارەکانت تێدەگەن و گفتی تیماری دەدەن، بەڵام تۆ ئازارەکانت پتر دەبێ و خەونت بۆ ئایندەیەکی جیاواز دەبێتە بڵقی سەرئاو. ٢٧ سالە تۆ ئەندام و کادر و لایەنگر و هەوادار و هەڵسوڕاو خۆبەخشیت و وزە و کات و ئەرکت لە ئەستۆگرتووە: (بە کوشتدان لێدان، گرتن، هەڕەشە، ئەشکەنجە، ئاوارەیی، نانبڕاویی بەشتە لەپای ئەمەشدا ماندووێتی و قوربانیدانت دەبێتە مێژووی ئەوان و بابەتی مامەڵە و درێژەدان بە مانەوە و دەسەڵاتیان)... کەچی باشترین پاداشتی تۆ وێنەیەکە لەگەڵ (بەڕێز...)دا یان یاد و مەدالیایەکی ڕێزلێنانە!
تۆ ماندوو نەبووی لەم وەهمە، لەم ئەرکە، لەم بازنە داخراوەی بەڕێکردن و خەسارکردنی تەمەن و ڕەنجدا؟
٢٧ ساڵە تۆ دەنگ دەدەیت و ئەوان هەڵدەکشێن بەرەو ژیانی شاهانە و تۆش نقووم دەکرێیت لە قەیرانا. ٢٧ ساڵە دەنگ دەدەیت (نە خۆت نە هاوڕێیەکت نە کوڕێکت نابنە خاوەن پۆست و پایە... بەڵکو تۆ و هاوڕێ و ڕۆڵەکانیشت تەنها بەردەبازی پەڕینەوەی دەستەبژێرێکە بۆ مانەوە لە دەسەڵات یان گەیشتن پێی). ٢٧ ساڵە یاسا و دامەزراوە و ڕاسپاردەکان بۆ پێناوی خەڵک ژێرپێ دەخرێ و ئەم چنگەی هەڵۆی عەدالەت (تەنها لە جەستەی هەژارەکان گیر دەبێت).
کاتی ئەوەیە بڵێیت (نا) بۆ ئەم گەمە گڵاوەی ئێوە، نا بۆ یاریکردن بە هۆش و ویژدان و ویستی مرۆڤەکانی ئەم هەرێمەوە، نا بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەش و تاوانباری حزبەکان بە قەڵەمی دەنگدان!
هەر حزبێکیش ئەم پەیامە بە دژی خۆی دەبینێت، فەرموو با بە فەرمی لە شەقامەوە خۆ جیاکردنەوەی لە پیسخۆری و تاڵان و قومارکردن بە ژیانی خەڵکەوە ڕابگەیەنێت و بەرگری بکا لەو دەنگانەی کە هێناونی یان بە نیازە بیهێنێت. دەبێت حزب (سەرەڕای دیدگا و بەرژەوەندی خۆی، بەرگریکردن لە کۆمەڵگا تاکە ئامانجی بێت بێ بەستنەوەی ئەم بەرگرییە بە پۆست و ژمارەی کورسییەوە). وە ئەگەر ئاستی هۆشیاریی خەڵک بۆ درک بە سیاسەت و مەترسییەکان وەک پێویست نییە، ئەوە ئەرکی حزبە ئەمە بگۆڕێت... نەک لەسەر لەم ناهۆشیارییە بۆ سەودا و خڕکردنەوەی سەرمایەی زیاتر خۆی بخاتە بازاڕەکەی سیاسەتەوە!
ئەزموونی عێراق و کوردستان لە سیاسەتکردن (کە بە بەرنامە کراوە بە بارزگانی و کانگای فەسادکردنی کۆی کۆمەڵگا)... تەنها بە دژوەستانەوەی کۆمەڵگا دەبێت بەرامبەر ئەو دامەزراوە و پڕۆسە سیاسیانەی کە حزبەکان و دەڵاڵە سیاسییەکان... خەڵکیان تیادا بە ئامڕازکردووە بۆ بە ئامانج گەیشتنەکانی خۆیان... چونکە لە عێراق و کوردستاندا هێشتا سیاسەتکردن و دەسەڵات لە بنەڕەتدا (لە خەڵکەوە بۆ خەڵک و لەپێناو خەڵکدا) پیادە ناکرێ!
ئێمە لە دیدگایەکی ویژدانی و هۆشدارییەوە جاڕی بایکۆتی هەڵبژاردنمان داوە و پاساوەکانیش وان لەبەرچاوی جەماوەری ئەم کۆمەڵگایە... ئامانجیش گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ تاک نەک وەک هەمیشە دنەی سۆزی بدرێ و بە هەزاران گفتی بەجێنەهێنراو ببرێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان! کێ دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات و بەرگری لە کۆمەڵگا بکات بێ هەرەسپێهێنانی ئەم سیستەمەی (تاڵان و ستەم و فەسادی - کە بەهێز دامەزراوە ژێرپێی خۆی دەخا) لە جووڵەی کردارەکی جەماوەردا... ناتوانن لە پڕۆسەیەک بەناوی هەڵبژاردن هێز بە هەمان دامەزراوە بدەن بۆ بەگژاچوونەوەی سیستەمەکە.
هەموو ئازادین لە کردەکانی خۆمان، کێ دەنگ دەدات یان نا، ئەوە پیادەی ئازادیی خۆی دەکات. نە دەنگنەدەر و دەنگدەر مافی پێشێلکردنی ئازادییەکانی ئەوی تری نییە و وە هەموو کردەیەکیش لێکەوتەیەکی هەیە کە دەبێت بکەرەکەی بەرپرسیارییەکەی هەڵبگرێت.

بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە