٢٧ ساڵە دەنگ دەدەیت و ئاوارە دەبیت، دەنگ دەدەیت و بەدوای سووتەمەنی و کار و ناندا ڕاکەڕاکەتە، دەنگ دەدەیت و بە بڕوانامە و شارەزاییەوە بەدوای واستەی گەمژە و نەخوێنەوارێکەوەیت تا دەرفەتی دامەزراندنێکت بۆ بڕەخسێ، دەنگ دەدەیت و ببیتە خاوەن کەسێتی و نیشتمان وەلێ خۆت و خاک و خەڵکەکەت هەڕاج دەکەن و دەیدەنە دەست گورگی داگیرکەرانەوە.
٢٧ ساڵە هەمووان بەڵێنت دەدەنێ، لە ئازارەکانت تێدەگەن و گفتی تیماری دەدەن، بەڵام تۆ ئازارەکانت پتر دەبێ و خەونت بۆ ئایندەیەکی جیاواز دەبێتە بڵقی سەرئاو. ٢٧ سالە تۆ ئەندام و کادر و لایەنگر و هەوادار و هەڵسوڕاو خۆبەخشیت و وزە و کات و ئەرکت لە ئەستۆگرتووە: (بە کوشتدان لێدان، گرتن، هەڕەشە، ئەشکەنجە، ئاوارەیی، نانبڕاویی بەشتە لەپای ئەمەشدا ماندووێتی و قوربانیدانت دەبێتە مێژووی ئەوان و بابەتی مامەڵە و درێژەدان بە مانەوە و دەسەڵاتیان)... کەچی باشترین پاداشتی تۆ وێنەیەکە لەگەڵ (بەڕێز...)دا یان یاد و مەدالیایەکی ڕێزلێنانە!
تۆ ماندوو نەبووی لەم وەهمە، لەم ئەرکە، لەم بازنە داخراوەی بەڕێکردن و خەسارکردنی تەمەن و ڕەنجدا؟
٢٧ ساڵە تۆ دەنگ دەدەیت و ئەوان هەڵدەکشێن بەرەو ژیانی شاهانە و تۆش نقووم دەکرێیت لە قەیرانا. ٢٧ ساڵە دەنگ دەدەیت (نە خۆت نە هاوڕێیەکت نە کوڕێکت نابنە خاوەن پۆست و پایە... بەڵکو تۆ و هاوڕێ و ڕۆڵەکانیشت تەنها بەردەبازی پەڕینەوەی دەستەبژێرێکە بۆ مانەوە لە دەسەڵات یان گەیشتن پێی). ٢٧ ساڵە یاسا و دامەزراوە و ڕاسپاردەکان بۆ پێناوی خەڵک ژێرپێ دەخرێ و ئەم چنگەی هەڵۆی عەدالەت (تەنها لە جەستەی هەژارەکان گیر دەبێت).
کاتی ئەوەیە بڵێیت (نا) بۆ ئەم گەمە گڵاوەی ئێوە، نا بۆ یاریکردن بە هۆش و ویژدان و ویستی مرۆڤەکانی ئەم هەرێمەوە، نا بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەش و تاوانباری حزبەکان بە قەڵەمی دەنگدان!