کوردایەتى .. چەندەها جیلى ئێمەى بەناخى زەویدا برد ، ماڵى وێرانکردین و ماڵمان بوو بە بوخچەیەک و بە پشتمانەوە بەست، لە خاکى خۆماندا ئاوارە بوین ، بوین بەگەدا و سوڵکەر و لەتە نانی بەرماوەیان بۆ هەڵئەداین ،
کوردایەتى .. ڕەشپۆشى و خەمۆکى بۆهێناین ڕۆڵەى لەبەر دایک ئەفران ، خێزانى بێ سەرپەرشت ئەهێشتەوە ، کچ وکوڕانى ئێمەى بێئومێد کرد و داهاتویەکى ڕەش و تاریک و سامناک دیارى دەستى بوو .
کوردایەتى .. جاشایەتى و نۆکەرى و سەرشۆڕى و ملکەچى بوو بۆ ولاتانى دەورو بەر ، ئاشبەتاڵ و خیانەت بوو ، کوردایەتى ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردى شار و دێى بۆ هێناین ..
کوردایەتى .. کۆمەڵێک چەتە و بەکرێگیراوى دەزگا مخابەراتیە ناو خۆ و ناوچەییەکانى کرد بە سەرۆک و سکرتێر و ڕابەر و .. ئەوانیش کۆمەڵێک ئەمیرى شەڕیان لەخۆیان کۆکردۆتەوە و پیشەیان بەکوشتدان و وێرانکردن بوو , ئەوانە نانى قوربانى بون و وێرانکردنى شار و دێهاتیان ئەخوارد ، هەتا بیانتوانیایە دێهات و شار و ڕیگە و پرد و قوتابخانە و دامەزراوە خەدەمى و گشتیەکانیان خاپور ئەکرد یان بە بەوێرانکردنیان ئەدا ، ئەوکاتانە لەو پەڕى نەشئەیاندابووە و گەشکەى خۆشی گرتوونى .
هەر ڕۆژێکى ئەم کوردایەتیە نرخى لەدەستدانى گیانى دەیەها و بگرە سەدەها و ئیعدام و بێسەر و شوێنکردنى بەدواوە بوو ، سکرتێر و سەرۆک و ئەمیرەکانى شەڕ هەردەم لە ژیانێکى جیاوازتردا ژیاون و خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگ و جگەرەشیان لە خەڵک جیاوازبووە ، مناڵانیان بەنازى ئەوروپا گەورە بوون . پاش سەرکێشیەکانى سەدام حسەین و شپرزەبوونى حکومەتى بەعس و ئەو ئاڵوگۆرانەى کە لەناوچەکەدا ڕویاندا ئەو هەلە بۆ ئەم کۆمەڵە چەتەى کوردایەتیە خوڵقا و دابەزینە شارەکان و هێشتا جێگەى پاشەڵیان گەرم نەبوبوەوە کەوتنە دزى و ڕاو ڕ وت و بەتاڵانبردن .