من مەرجم هەیە بۆ دەنگدان!

Wednesday, 19/09/2018, 23:27

4587 بینراوە


 نازانم چەندەمین جارە، کە پڕۆسەی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردن لەو هەرێمە داگیرکراوەدا دەکرێت؟ 
شانازییە بۆمن، کە تا ئیستا بۆ تاکە جارێک چییە نەچومەتە سەر کارتۆتەکانی دەنگدان و بڕوام بەم گەمە پۆخڵ و قێزەوونە نەکردوە، چونکە دەزانم ئەمانە چ مەعدەنێکن لەگەڵیاندا لە شاخ هاوسەفەریان بووم، لەهەمان کارواندا پێکەوە ڕێمان کردوە، ئەوساش من گومانم لە زۆریان بوو، بۆیە هەمیشە بەهاوڕێکانی خۆم دەووت ئاگات لێم بێت، دوور لە ئێستا.
 هەڵبەت ئەمجارە بەنیازم دەنگ بدەم ئەگەر حیزبێک یان کاندیدێک ئەمانەی خوارەوە بڵێت و هەڵوێستی هەبێت:
> دەبێت سوپای داگیرکەر وچنگ سوری تورک لەهەرێم دەرچێت.
> دەبێت کۆمپانیاکانی تورک هەرێم چۆڵ بکەن، کە میت و جەندرمەن و لە ژێر ناوی بازرگانیدا هەواریان هەڵداوە.
> دەبێت ئیتڵاعات و قەرارگا چنگ بەخوێنەکانیان ئاودیوی ئێران ببنەوە.
> دەبێت دەزاگا مخابەرایەتییەکانی دیکە لەژێر هەر ناوێکدان، ئەم هەرێمە چۆڵ بکەن.
> دەبێت جاشە کۆنەکان ئەوانەی دەستیان هەبوە لە ئەنفالدا دادگایی بکرێن.
> دەبێت فایلدارەکانی ناو حیزبەکان بەرنە بەر دادگا و سزا بدرێن.
> دەبێت گردەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ باوەشی سیستەم و گۆڕی کەس لەسەر هیچ گردێک نەبێت.
> دەبێت سەرکردە مردووەکان بەپێی کردەوەیان هەڵسەنگێنرێن.
> دەبێت بۆیاخ بۆ سەرو سمێڵی قەزمە پیاوەکان قەدەغە بکرێت، تا سیمای دزێویان جوانتر دەربچێت.
> دەبێت هەموو زەوی و سامانەکانیان بخەنەسەر مێز، تا بزانن تا چەند دزیان لەو خەڵکە و سامانی نیشتیمانەکەی کردووە!
> دەبێت هەرچی وێنەی کاندیدە بە دارو دیوارەوە نەمێنێت، چونکە ژینگەی شاریان وەکو خۆیان ناشرین کردوە.
>دەبێت کەناڵی تێڤێکان، لە بازرگان و پارت و حیزبەکان بسەندرێنەوە، ئیتر پڕوپاگەندە نەکەن و مێشکی سەرمان بەدرۆکردن نەبەن.
> دەبێت نەوەی شەهیدەکان پاشەکشێ بکەن لە خۆ کاندیدکردن، چونکە شەهیدەکان بەو دەموچاوانە لەکەدار دەبن.
> دوا جار وێنە زەبەلاحەکەی مەلا مستەفای ئاشبەتاڵچی و خائین لە پەرلەمان و شوێنەکانی دیکە لابدرێت و بیبەنە بەر دەم دادگای مێژوو و وێنەکەی لە بەر دەم دادگای مێژوودا دادگایی بکەن.
دەبێت و دەبێت و دەبێت.....
کێ لەو کاندیدانە ئەو غیرەتەی تێدایە و خۆی بە شەریف و پیاو دەزانێت، خۆی بە دڵسۆزی گەل و نیشتیمانی کورد دەزانێت، با ئاوا بکات، ئەوسا من دەنگی پێدەدەم
ئەوسا منیش ئەم جارە بڕیار دەدەم دەنگ بدەم، هەرجەندە دەزانم ئەم کاندیدانە کەسیان شەرەفی نیشتیمانیی و نەتەوەییان تێدا نییە، تا هێندە ئازا و خاک و خەڵکی خۆیان خۆش بوێت وا بیربکەنەوە، دەزانم ئەوانە بۆ گیرفان وموچە و پاشەڕۆژی خۆیان هەوڵ دەدەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم هەرکەسێک یەک تۆز کەرامەتی تێدا بێت، دەنگ نادات و بایکۆتان دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە