ئەردوغان لە ڕێککەوتنی لەگەڵ پوتین، دۆڕاوە!

Thursday, 20/09/2018, 12:57

7941 بینراوە


ئیدلیب، لە سوریا وێستگەیەکی گرنگی کێشمە کێشمی نێوان، زلهێزەکان، تورکیا، ئێران، حکومەتی ئەسەد و رێکخراو و گروپە چەکدارە نافەرمییەکانی سوریایە. لە دوای کۆتایی جەنگی دژ بە داعش و داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیاوە، ئیدلیب بوو بە جێگە سەرنج و مقۆمقۆی نێوان هەموو لایەنەکانی کە لە سوریا دژ بە داعش  لە سەنگەرێکدا بوون.
گرژی نێوان لایەنەکان، دەربارەی بار و دۆخی ئەو شارە، گەیشتبووە خاڵی هەڵگیرساندنی جەنگێکی دیکە، لە نێوان حکومەتی ئەسەد بە پشتیوانی ڕوسیا و ئیران، دژ بە گروپ، ‌هێز و ڕێکخراوی نافەرمیی کە کۆنتڕۆڵی ئیدلیبیان کردوە.

 لە ١٧ی ئەو مانگەدا، لە سوچی، پوتین و ئەردوغان، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، وەک چارەسەرێکی بۆ بار و دۆخی ئیدلیب. بێ گومان میدیای تورکیی و میدیای دیکەی سێبەری سەر بە تورکیا، پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەم ڕێککەوتنە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ ئەردوغان، توانیویەتی بە هەوڵە دیبلوماسییەکانی، ڕوسیا ڕازی بکات، بە واژۆ کردنی ئەو ڕێککەوتنە، کە لە ئەنجامدا پێگەی تورکیا بەهێزتر دەبێت لە ناوچەکە و ڕوسیا لە پەیوەندییەکانی تورکیا لە پێشتر دادەنێ بە بەراوردکردن لە پەیوەندیی لەگەڵ ئیران.

ڕێککەوتنی سوچی، ڕێککەوتنێکی کاتییە و سەرکەوتن نییە بۆ تورکیا و ئەردوغان، ئەوەندەی سەپاندنی مەرجەکانی ڕوسیایە بەسەر تورکیادا. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا پوتین ڕایگەیاند، کە  چەند خاڵێکی سەرەکیی کە تورکیا پێشنیاری کردوە، لێپرسراوەتی جێ بە جێ کردنیان هەڵدەگرێت و بووە بە بنەمایی ڕێککەوتنی سوچی و بریتین لە،

یەکەم: ناوچەی بێ چەک، بە درێژای هێڵی ١٥کم تا ٢٠کم، لە ناوچەکانی نێوان سوپای سوریا و هێز و چەکدارە نافەرمییەکانی سوریا بە تایبەتی هێزی توندڕەوەی  وەک نوسرە، تەحریری شام، دەبێت. لە ناوچەی بێ چەکدا هەرچی چەکی قورسی وەک موشەک، دەبابە و ڕاجیمە هەیە تا ١٥ی مانگی داهاتوو دەبێت تورکیا تەسلیمیان بکات بە هێزەکانی ڕوسیا.

دووەم: هەموو هێزە چەکدارەکان تورکیا چەکیان پێ دادەنێت.

سێیەم: هێزی پۆلیسی تورکیی و ڕوسیی چاودێری ناوچەی بێ چەک دەبن.

چوارەم: کردنەوەی ڕێگەی نێوان حەلەب و حەما بە درێژایی ٢٠٠کم کە ناکەوێتە نێو چوارچێوەی سنووری ناوچەی بێ چەک، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و میلیشیای دیکەن.
لەسەر ئەرزی واقیعدا، ئەم خاڵانەی کە ئەردوغان واژۆی لەسەر کردوە، وەک پێشنیاری خۆی و بووە بە مەرجی ڕوسیا، ئاسان نییە جێبەجێکردنیان.  تورکیا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە چی لەگەڵ هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریی و چی لەگەڵ گروپی چەکدار و  میلیشیای کە لە ئیدلیب هەن.

ڕوسیا پێش ئەو ڕێککەوتنە، لەگەڵ ئیران سووربوون لەسەر ئەوەی کە هێزی سەربازیی بەکار بهێنن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئیدلیب، سەرەڕای ئەوەی کە دڵنیابوون کە هەڵگیرساندنی جەنگێکی لەو جۆرە، کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە هەروها بۆ ئەوان دەبووایە خەرجیی و کاتێکی زۆری بۆ تەرخان بکەن و لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەش کە لە ناوچەکەدا هەن تووشی گرفت دەهاتن، بەڵام خاڵ و پێشنیارەکانی ئەردوغان بۆ پۆتین ئەوە دەگەیەنێت کە تورکیا ئامادەیە لێپرسراوەتی و جێ بەجێ کردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی سوچی بخاتە ئەستۆی خۆی و وا لە پوتینیش بگەیەنێت کە ئیدلیب بەبێ ماندووبوون تەسلیم بە ڕوسیا دەکات!

زۆربەی ئەو هێزانەی کە لە ئیدلیب هەن و دژ بە دەسەڵاتی ئەسەدەن، لە سەرەتادا تورکیا، بە چەک و تەقەمەنی و پارە یارمەتی دەدان. بۆ لایەنگران و ئەندامانی ئەو هێزانە ئەنقەرە باشترین ڕێگەی هاتوچۆ بوو لە زەمانێکدا کە ئەردوغان ئەمریکا ئاسا دژ بە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد بوو.
ئەمڕۆ، بار و دۆخەکە گۆڕاوە، مەرج نییە، کە ئەم هێز و گروپانە، گوێڕایەڵی ئەردوغان بن، لە کاتێکدا ئێستا تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بۆتەوە و پەیوەندیشی لەگەڵ ئەمریکا لە ئەوپەڕی گرژی دایە، وێرای ئەوەش بەهۆی بوونی ناتەبایی نێوان زلهێزەکان لە گۆڕەپانی سوریادا بە تایبەتی لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکادا، هەلی ئەوە دێتە پێشێ کە هێز و گروپە چەکدارە نافەرمییەکانی ئیدلیبیش سەنگەریان بگۆڕن و سەرچاوەی دیکە پەیدا بکەن بۆ بە دەستهێنانی چەک و پارە.

پوتین، لە میدیا کۆنفرانسدا بە ڕوونی باسی ئەوە دەکات کە ئەردوغان، لێپرسراوەتی چەک کردنی ئەو هێز و گروپانەی گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام میلیشیا و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا چاوەڕوانی ئەوەیان لێ ناکرێت لە شەو و ڕۆژێکدا چەکەکانیان تەسلیم بە ئەردوغان بکەن، ئەگەر ئەوەش بکەن ئەڵبەتە سەرکردەکانی ئەو هێز و گروپانە بەبێ بەرابەر ئەوە بۆ ئەردوغان ناکەن  لە دنیایەکدا کە دنیای مل شکاندن و قۆڵبڕین و پارەیە.

بۆ ئاشبەتاڵ پێکردنی هێز و گروپی چەکداری کە لە ئیدلیب هەن، دەبێت ئەسەدیش ئامادە بێت بڕیاری لێبووردنی گشتی دەربکات وئەندامان و لایەنگرانی ئەو هێزانە ڕازی ببن بە گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەسەد لە کاتێکدا هیچ متمانەیەکیان بە ڕژێمی ئەسەد نەماوە! 

مامەڵەکردن بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، بۆ سورییەکانی ئیدلیب جێگە گومانە، بەهۆی ئەوەی دیارە ئەو ڕێککەوتنە لە کۆتاییدا ڕوسیا ئەو ناوچانە دەخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕژێمی ئەسەد وەک ئەوەی دوای ڕێککەوتنی ئوستانە ئەنجامیان دا.

لە کۆتاییدا، ئەردوغان دەبێت پابەند بێت بەم خاڵانە و تا ١٥ی مانگی داهاتووش یەکە بە یەکەی ئەو خاڵانە جێ بە جێ بکات، ئەگەر ئەوە نەکات ئەوا ئەو ڕێککەوتنە لە مەڕەکەبی سەر کاغەز هیچی دیکەی لێ شێن نابێت.

 تورکیا لە مەلەفی سوریادا چارەسەر نییە ئەوەندەی گرفتە. دەستی هەبووە لە دروست کردن و بە زەبەلاح کردنی هێزی چەکداری تیڕۆریستی لە سوریا. سوپای تورکیا عەفرینی داگیرکردوە، کە سەرەڕای ئەوەی ئەو شارە ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام بە گوێرەی یاسای نێو دەوڵەتی و سنووری دەستکرد عەفرین لە نێو سنووری جوگرافیای سوریا دایە.  تورکیا داگیرکردنی عەفرین  بە مافی خۆی دەزانێت، پێ وایە ئەو وابەستەیە بە ڕێککەوتنی ١٩٩٨کە لەگەڵ ئەسەد واژۆیان لەسەر ئەوە کردوە کە تورکیا مافی خۆیەتی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەیی بە قوڵای ٣٠کم بێتە ناو خاکی سوریاوە، بەڵام ئەگەر بە گوێرەی ڕێککەوتنی ١٩٩٨یش بێت تورکیا دەبوایە بگەڕێتەوە بۆ ئەودیوی سنوور بۆ پاراستنی یەک پارچەی سوریا. کێشەکە لێرەدا دەستپێدەکاتەوە کە ئایا ئەو کاتەی کە تورکیا ڕۆڵی سەرەکیی دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئیدلیب، ئایا دواتر ڕازی دەبێت ئەو شارە بەبێ بەرابەر و جەنگ و بە ئاشتییانە وەک هێلکەی سپی کراو پێشکەشی ئەسەد و ڕوسیا و ئیرانی بکات!؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە