بزمار و مەهزەلە (بزماری دووهەم)

Saturday, 22/09/2018, 13:20

4112 بینراوە


خوێنەری ئازیز بزماری یەکەممان داکوتا بە لیستی ژمارە (١٨٣)ێی پارتیدا دا  ئێستا وا نۆرەی بزماری دوهەمە بۆ لیستی (١٠٥)ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لە هەموو بانگەشە و کەمپینێکدا درۆ ئەکرێت وهیچ باجێکیشی لە سەر نیە، بەڵام کورد ئەڵێ هەموو شتێ بە خوێ و خوێش بە مەعنا ، ئیمەی کورد زیاتر لە حەفتا سالە حیزب درۆمان لە گەڵ ئەکات بێئەوەی بەزەییان پیامانا بێتەوە ، بێئەوەی حسابێک بۆ ئازاری دەروونی و تێکشکانی کورد بکەن ، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنە ئامادەکراوەکاندا ، کە پێش دەنگدان کورسیەکان وەک  تاڵانی نەوت و نیشتمان بەش کراوە ئەو حیزبانەش کە کۆمبارسن سەرە مقەستی کێک و پاقلاوەکە کۆئەکەنەوە و بە ئاقڵی دا ئەنیشن ، کێش پێی ناخۆشە کەیفی خۆیەتی ئەتوانێت لە ئاوی ئیجە بدا و قەزا و بەڵای حزب لەگەڵ خۆی بەرێت ، (حیزبەکان وا ئەڵێن) ئێمە نایڵێن .بەڕێزان با خەریکی داکوتانی بزمارەکە بین .
پێویستە بە سوپاسی (ی.ن.ک) دەست پێبکەین کە دروشمەکانی لە سێ دروشمی سەرەکیدا کورت کردۆتەوە (ئارامی  هەلی کار  خزمەت)، ئەرکی لێکۆڵینەوەو کۆمێنت نوسین و بەدوادا چونەکانی بۆکەم کردوینەتەوە .
ئەگەر لە (ئارامی )ەوە دەست پێ بکەین .، کەس هەیە ساڵی شەست و چواری لە بیرچوبێتەوە تا ئەگاتە بەکرەجۆ، کوردێک هەیە فیتنەکەی گوندی سێکانیانی مەلا کۆپتەری لە یاد نەبێت یا نەبیستبێت، ئەمە جگە لە قڕناقە و پشت ئاشان ، یا ئەوشەڕە ڕەزاقورسانەی  لەسەر تاڵانی کە لە دوای ساڵی (١٩٩٤ ) کردتانە گەردنی ئەم خەڵکە و بە سەدان کوڕی فەقیرو هەژارتان دەرخواردی ئەو ئاشە دا ، کە مامی گەورە نایە و خۆشی تێی تەقان بەرەو ئەوروپا ، یان ئەمە چ ئارامییەکە هەرچی وتی (یەکیەتیەکە) کڵاوەکەی لارە ئەوا دوژمنە ، بۆ نمونە ئەو کاتەی گۆڕان پایدۆسی لە یەکیەتی کرد ، دەستتان کرد بە نان بڕینی لات و داماوەکانی ناو گۆڕان ، ئەمە و دەیان نمونەی تر کە ئەیسەلمێنن ئارامی ڕاگرتن هەر ئێوەی بەڕێز لێی ئەزانن ، بەڵگەشمان ئەوەیە لە هەڵبژاردنەکەی عێراقی برا گەورەدا ،   شێخێکی داوێن پاکتان (شێخ جەعفەر) کە هەر لە بەڕێزیان دێت وەزیربن دوای  نۆش کردنی نیو لیتر مەی دەستڕێژێکی کرد بە سەر گردەکەدا ، کە دوای بەدوادا چون بۆمان دەرکەوت ، کە تەنها ئەو مەخزەنە فیشەکەی پێمابو، لە دوای کلک کڵافە کردنەکەی کەرکوکی قودسی بنەماڵەی تاڵەبانیەوە .
(هەلی کار) ئەگەریەکیەتییەکەتان ئەرک بکێشێت بە چەند خاڵێک ئەم دروشمە ئاڵتونیە ڕوون بکاتەوە ئەوە جێکەی وەفاداریانە بۆ بنە ماڵەی شەهیدان ،لەبەر ئەوەی بە هەزاران مناڵە شەهید لە کار ئەگەڕێن و کار نییە ، جا بەڕێزان لە سەرکردایەتی (ی.ن.ک) ئەپرسین ئەو هەلێ کارانە لە کۆمپانیای نۆکانە یاخود لە قەیوان؟ یا لە ئاسیا سێڵەکەی کە پشكی شێرو پڵنگ بە ناوی لیوا شانازەوەیە و کاک فاروق شاگردی ئامۆژنی گەورەمانە ؟ یا لە کۆمپانیاکانی دەرمانی کوڕەکانی کاک کۆسرەتە ؟ یا لە نەخۆشخانە تایبەتەکەی خۆی لە هەولێر؟ خۆ ئەگەر لەو شوێنانە جێگە قەپات بووبێت ئەوا دیارە مام قەبات چەندین کارگەی گەورە و ستراتیژی کردوەتەوە و نەی هێشتوە ئێمەی بێوەفا و بێ ئەمەک پێی بزانیین بۆمان ئەکاتە سپرایز ولە پڕێ بە دەرزەن لەو کارگانە دامان ئەمەزرێنی ، خۆ ئەگەر واش نەبێت ئەوا چاوی خۆی  ئەگرێت و لە سەر کەناڵەکەی دەباشانەوە کە بەردەرگاکەشێان لێ قەدەغە کردین قومێ عارەقی لێ بخۆینەوە ، پێمان ئەڵێت با دەرچوی زانکۆش بن! بچن لە چێشتخانەیەکدا کار بکەن ، ئەوەی بیرچوە لێرە کار نیە لە ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەویی خۆیاندا کاریان لە  چێشتخانەکانی شارە حەیاتەکەش بڕی ، ئەوەشمان بێر نەچێت بەڕێزیان فیتەرێکی شارەزای بواری سەیارەن  ڕەنگە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا موەفەق بوو ئەوا لە دەسەڵات دوور ئەکەوێتەوە گەورەترین فیتەرخانە ئەکاتەوە لە جیهاندا خۆی ئەبێت بە وەستاباشیمان، لاوانی وڵات لە خۆی کۆئەکاتەوە ، بە جۆرێ لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و ژاپۆنەوە سەیارە بێنن بۆ ئێمە بۆیان چاک بکەینەوە .  بۆیە جێی خۆیەتی بە گەنجانی وڵات بڵێێن دەنگ بدەن بە  (مام قەپات)  پاش دوو مانگی تر هەموتان ئەنێرێ بۆ کۆمپانیایی مارسیدس و تۆیۆتا و شۆفرلێت بۆ خول بینین تا ببنە وەستای درۆیینە . بە تەمابن ! 
بەڵام ئەگەر ئەم بەڵێنانەی بۆ جێبەجێ  نەکرا پەلەی لێمەکەن خوا موقەدر نەدا لە خولی  داهاتوی پەرلەماندا قسەی لێ ئەکەین .
دوا دروشم (خزمەت) .
لەوانە بوو ئەم دروشمە بەرزیش نەکرایەتەوە یا نەخرایەتە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ، خۆمان هەستمان پێ ئەکرد لە هەمو شتێکا بێوەفا بین نابێت لە خزمەتا نمەک بە حەرام بین، چونکە ئەگەر خواش کوێرمان نەکات ئەوا خزمەتی (ی.ن.ک) لە بینمان ئەگیرێت ،بۆ نمونە کارەبا کە (٢٥) سەعات بەردەوامە ئیتر چی لێ ئەکەن ، لەبری ئەو ئاوەی کە لە هەفتەیەکدا دوسێ سەعات هەمانە ، بە نیازن هەمو ماڵێک تەنکەرێکمان بۆ دابین بکەن کوڕێکی خۆشمان بکەن بە شۆفێر تا لەگەل هەلێ کارەکەدا جوت ببنەوە . (بەلام لەکوی پریان ئەکەن) ؟ باسی تەندروسیو خەستەخانە هەر ناکەین ئەوە جاران بۆ هەر دە ماڵ پزیشکێکمان هەبو، بۆ مان ئەکەن بە پێنچ ماڵو پزیشکێک بەو نیازەی نەکو پەتا لێمان باتو دکتۆرەکان فریا نەکەون چارەمان بکەن ،هەروەها هەلیکارێکی باشێشە بۆ دامەزراندنی پزیشکە تازە دەرچوەکان ، قسەیەکیش هەیە گوایە وەزیری تەندروستی سوێندی خواردوە بە خاکی سیتەک، ئەو کۆشکەی دروستی کردوە ولە میراتی بۆی ماوەتەوە، یەک دیناری پەیوەندی بە سەفقەی دەرمانو شتومەکەوە نیە ، لە دوای دانانەوەی بە وەزیر ئەیکات بە خەستەخانەی چاو، لە ڕقی ئەو  کۆمپاناییەی بە دەرزی (ئاڤاستین) بینایی زیاتر لە دە کەسی کرد بە قەزاوەگێڕی
(ڕێگاو بان)..... لە کرتە ڤیدیۆیەکدا (مام قەپات) دەر ئەکەوێت ، بە کەژاوەیەکی سی چل لاندکرۆزەریەوە بۆ سواڵی دەنگ ڕووی لە ناوچەیەکی  دورە دەست و چەپەکی نیشتمان کردوە  ، تۆز و خۆڵی ڕێکاکە  ئاسمانی ناوچەکەی وەک هەور گرتبو هەوای ناوچەکەی پیس کردبو ، ئیتر نازانین بەڵێنی  بۆ ئەو جادەیە چی بوە  لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا کامێراکەیان خراپ بوەو دەنگەکەی تۆمار نەبوە ، مەگەر خوا بزانێ بەڵێنەکە چەند چەور بوە ، لەوانەشە  بەرەوڕوی قەیرانی کردبێتەوە ، یا بەنیازە بە قۆنتەراتێکی چل پانجا ملێۆن دۆلاری بیدات بە کۆمپانیای نۆکان یان بە کۆمپانیای قەیوانی شاگردیان، وەک هەلێکی کار بۆ  کۆمپانیاکە تا چل پەنجا ملێۆن دۆلارێکیان دەست بکەوێت ،جا ئیتر باسی قۆرغی ئینتەرنێتو کۆمپانیای مناڵ پارێز هەرمەکەنو بە دوادا چونیش بۆ ڕێکخراوی ئای کیو هەر ناکەین با هەر بەینی خۆمان بێت ، ئیتر با نە باسی دو سایدەکەی دەروازەی ڕاپەڕێنو قەڵادزێ ، باشماغ ، کۆیەش هەر نەکەین کەوەک جادەکانی ژاپۆنی لێکراوە ، ئەڵێن لای خەڵکێش وتویانە باسی مەکەن بەڵام دوای ئەوەی کە گزیو تەزویرەکە بە تەواوی سەری گرت ، هەموو پێپیلکەکانی ناو شار کە لەجیاتی شۆستە بەکار دێت چاکی ئەکەن تا پێشمەرگە دێرینەکانو خانەوادەی شەهیدە سەر بەرزەکانمانو وارسەکانیان لێی نەکەون .
وتوشیانە (مام قەپات) بەڵێنی داوە بەڵێنەکەی کاک نێچیری ئاغای جێبەجێ بکات ، ئەم بەشەی کوردستان کە پێی ئەڵێن زۆنی کەسک ، بکات بە دەبە  ببورن دوبەی .
 ڕەنگە تا خولێکی تری پەرلەمان ئەم بەڵێنانە بەس بێت،  تا مەهزەلەیەکی تری هەڵبژاردن بە خواتان ئەسپێرین . خۆتان ئامادەکەن بزماری سێهەم ئەچەقێنینە گۆڕان . دەست بە دوعاین ئینتیخاباتێکی سەلامەت بەڕێ بکەین لە گەڵ ڕێزو سڵاوی خاڵە بلە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە