مـەغــدیــد

Saturday, 22/09/2018, 18:46

3851 بینراوە


مەغدید لە گوندێکی ئاوەدانی نیشتمانە ژێردەستەکەماندا ، جوتیارێکی چاپوک و چالاکی لاو بوو . ئەوەندە شارەزا و حەزی لە پیشەکەی خۆی بوو ، لەسەر هەر بستە زەوییەک ، گەڵا توورێکی بەرچاو بکەوتایە ، ڕێک دەیزانی  بنکەکەی توورێکی گەورەیە ، یان بچووک . شیرینە ، یان توون . سورە ، یان سپی .  ئەم هونەرەشی پشتاوپشت لە باوک و باپیرانییەوە بۆ هاتبووە خوارەوە ... ئەو بە ئارەقی ناوچەوانی و هێزی بازووەکانی ، گوزەرانی ڕۆژانەی  خۆی و خێزانە بەختیارەکەی دابیندەکرد . هەرگیزاو هەرگیز دەستە زبر و ماندووەکانی لە هیچ کەسێک پان نەکردبۆوە و شای بە سەپان نەزانیبوو . بەڵام شاڵاوی خوێناوی ئەنفال و سیاسەتی وێرانکاری بەعس ، گوندەکەیانی کاولکرد و سەراپا ژیانی خێزانە سەربەرزەکەیان ، بە یەکجاری شێوا و بە پەلەپڕوزکێ خۆی و خێزانەکەی ، لە کۆمەڵگایەکی زۆرەملێدا و بە هەزار حاڵ جێگایان بۆوە .
لەو کۆمەڵگا پۆخڵەدا ژیانیان بە تەواوی تێکچوو . ئەگەر یارمەتی خەڵکە بەشەرەفەکەی نەبووایە ، حاڵیان شڕبوو ، چونکە مەغدید کەسێکی نەخوێندەوار بوو ، جگە لە جوتیاری کارێکی تری نەدەزانی . بۆیە هەموو خەون و خولیایەکی ، تەنها ئەوە بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەڕێتەوە بۆ گوندە جوانەکەی خۆیان و دەستبکاتەوە بە کێڵانی زەوییە بە پیتوبەرەکەتەکەی و سەرلەنوێ کووزەکان بۆ بەرخ و کاریلەکانی دروستبکاتەوە . 
ژیانی کولەمەرگی مەغدید بەردەوامبوو ، تا ئەو ڕۆژەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان ، ڕژێمە خوێناوییەکەی بەعسی ڕاماڵی .  ئەو ڕۆژە کەس وەک مەغدید دڵی شاد و گەش نەبوو ، لە خۆشیاندا هەموو گیانی پێدەکەنی و قاچەکانی بەر زەوی نەدەکەوت ، ئاخر خزمێکی نزیکی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ڕاپەڕین ، کە چەندین ساڵبوو پێشمەرگە بوو .  لەوانەبوو  یارمەتی بدات و  ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ئاسان بکات ، هەر بۆیە کە حکومەتی هەرێم دامەزرا ، مەغدید بە پەرۆشەوە خۆی گەیاندە خزمەکەی ، بە هیوای ئەوەی کۆمەکی بکات و بە گوندە کاولەکەیانی شادبکاتەوە . جا ئەویش  لە جیاتی ئەوەی هاوکاری بکات و ڕێگای گەڕاندنەوەی بۆ ئاسان بکات ، کەچی بە نامەیەکی کورتەوە ناردی بۆ کارگەیەکی گەورە ، کە لە دوای ڕاپەڕینەوە تاڵان و لە کار کەوتبوو ...  مەغدید نامەکەی گەیاندە کارگەکە ، هەر ئەو ڕۆژە بە بێ ئەوەی داوای پێناسە و ڕەگەزنامەی لیێ بکەن ، بە ناونیشانی پاسەوان دامەزرێنرا و بوو بە مووچەخۆری حکومەتە بێ پلانە ساواکەی هەرێم .  لەبەر خاتری خزمەکەشی ، نە دەوامیان بۆ دانا ، نە تەنها ساتێکیش پاسەوانی کرد . هەموو سەری مانگێکیش مووچەی خۆڕایی خۆی دەخستە تەنکەی باخەڵێیوە و بە تەواویش ڕێگا و ڕووگەی گوندە وێرانەکەیانی لەبیرچۆوە و بوو بە مووچە خۆری بندیوار ، ئەمەش سەرەتای کاولکردنی وڵات بوو .
مەغدید تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس مێش میوانی نەبوو .  بەڵام کە میستەر برێمەری حاکمی ئەمەریکایی سیستەمی نوێی مووچەی بۆ عیراق دانا و مووچەی کارمەندانی پلە یەکی گەیاندە سێ ملیۆن دینار و بەرەوژوور ، کێچ کەوتە کەوڵی و جارێکی تر خۆی گەیاندەوە خزمەکەی و نامەی دووەمی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان هێنایەوە . لەو نامەیەدا بە خەتێکی ناشیرین نووسراو بوو : (  ناونیشانی مەغدید بەرزبکەنەوە بۆ کارمەندی پلە یەک و بیکەن بە بەڕێوەبەری گشتی پاسەوان !! ) .  ئەوە یەکەمجار بوو ناونیشانی وا سەیر ببیستم . ئەم داوایە وەک گابەردێکی گەورە  بەر سەرە سپییەکەی بەڕێوەبەرەکەمان کەوت ، وا پەشۆکا ئاگای لە خۆی نەما . ئاخر ناهەقی نەبوو ، چونکە خۆی زیاتر لە بیستوپێنج ساڵ خزمەتی هەبوو ، هێشتا کارمەندی پلە دوو بوو ، سەرباری ئەمەش  چەندین سەرۆک ئەندازیاران و بەڕێوەبەری هونەری و کارگێری لەو کارگەیەدا بوون ، هێشتا هیچیان نەکرابوون بە پلە یەک ، کەچی ئێستاش داوای لێدەکەن نووسراو بۆ کاکە مەغەی نەخوێندەوار بکات ، تا بکرێت بە بەڕێوەبەری گشتی پاسەوان و فەرمانبەری پلە یەک !! . کە ئەوەم بینی دنیام لەبەرچاو تاریکبوو ،  وەزیفەشم وا لەبەرچاو کەوت ، هەر بۆیە بە جارێک وازم لە کارەکەم هێنا و ببڕای ببڕای سەرم نەکردەوە بەو کارگەیەدا و ئاگاشم لە دەنگوباسی مەغدیدیش نەما . 
پاش چەند ساڵێک لەبەردەمی دوکانێکی سەوزەفرۆشدا ، مەغدیدم بینی ، لە مۆنیکایەکی سپی تازە دابەزی و تەماتە و تووری ئێرانی دەکڕی .  ئەوەندە پۆشتەوپەرداخبوو ، لەوە نەدەچوو ڕۆژێک لە ڕۆژان جوتیار بوو بێت . دەستو سوکانەکەی و سمێڵ و قژە ڕەشکراوە تۆخەکەی ، وایان نیشاندەدا ، بەڕێوەبەری گشتی پاسەوان ، یان خانەنشینکراوی پلە یەک بێت !! ... لەو ڕۆژەوە هیوام بەو لایەنانە نەماوە ، کە کەسانی وەک مەغدیدیان فێری تەمەڵی و مووچەی خۆڕایی و سەوزە و تەماتەی ئێرانی کرد و نەیانهێشت بناغەی دەوڵەتێکی یاسایی بۆ خۆمان و نەوەکانی دواڕۆژمان  دابمەزرێنیین ... هەر بۆیە ڕۆژی ( ٢٥ / ٧ / ٢٠٠٩ ) ، کە بەرەو بنکەی دەنگدان دەڕۆیشتم ، تا لیست و سەرۆکێک بۆ خۆم هەڵبژێرم ، بە درێژایی ڕێگا بیرم لە دواڕۆژی میللەتەکەمان و خوێنی پاکوبێگەردی  هەزاران هەزار شەهید دەکردەوە ، ئەو ساتەشی بە تەنها لە کابینەکەدا وەستابووم و دەمویست دەنگی خۆم بخەمە سەر فۆڕمی هەڵبژاردنەکە ، کەللەی زلی مەغدید و قژ و سمێڵە ڕەشکراوە قەترانییەکەی و ئەو دوو نامەیەم هاتەوە بیر ، بۆیە بە ویژدانێکی پاک و باوەڕێکی نەگۆڕەوە ، نە دەنگم بەو لیستەدا ، کە هەزاران کەسی وەک مەغدیدی شارەزا و چاپوک و چالاکیان لە جوتیاری خست ، نە بە سەرۆکەکەشی ، کە لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕەبەقدا ، نەیتوانی قردێلەی باخچەیەکی ساوایان ، لە هەڵەبجە شەهیدەکەی سوورە گوڵەکەی سلێمانیدا بکاتەوە ، کە بە درێژایی مێژوو ، قەڵای بەرزی شەرەف و سەنگەری سەختی کوردایەتی و بەرگری و بەرخۆدان بووە .  

*****
تێبینی: ئەم نووسینە ساڵی ٢٠٠٩ لە هاوڵاتی ژمارە ( ٥٥٥ ) دا بڵاوکراوەتەوە . حاڵی ئەو ڕۆژەمان هەزارجار  لە ئەمڕۆمان باشتر بوو ، نە تورکیا و ئێران بۆمبابارانیان دەکردین ، نە بازگەی حەشدی شەعبیش لە پردێ و قەرەهەنجیر یەخەیاندەگرتین ، نە کۆمەڵگاکەشمان وا شەکەت و شێواو بوو .. ئەوەی ئەمڕۆش دەنگ بەو حیزبە خۆسەپێنەرانە بدات ، ئەوا بە دەستی خۆی وڵات و میللەتەکەمان ڕووبەڕووی نەهامەتی گەورەتر دەکاتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە