دروشمی لەنگ (بزماری سێهەم)

Sunday, 23/09/2018, 14:03

5026 بینراوە


ئەم گوژمە نۆرەی گۆڕانە
 ئەو ڕۆژەی گۆڕان دروست بوو، کە بۆ زۆر کەس تروسکاییەک بوو بۆ هاتنە کایەی ڕۆژێکی نوێ، بەڵام شاردنەوەی تاپۆی گردەکە و بە ملیۆنێر کردنی کوڕەکانی رێکخەری ئەو بزووتنەوەیە،  نابێ لە یاد بکرێت وەک ئەوەی بە بنەماڵەکردنی حیزب و بزوتنەوەی ڕزگاری کاڵا بێت و بە باڵای کورد بڕرابێت، هەرچەندە هەندێک لە ئەندامانی  ئەو بزوتنەوەیە لە دوو خولی پێشودا بە کورسی پەرلەمان شاد بون ، هەندێکیان هەر بە خولێک قەپات بون لە ڕوی گیرفان و داراییەوە ، ئەوانەی خولی دووهەمیش لە هەردو پەرلەمانی هەولێرو بەغداد خوا هەڵناگرێ تەخسیریان نەکرد ، زۆریشیان دروشمی ڕەنگاورەنگ و بریق وباق دا بەگوێماندا ، بە بۆنەی ئەم هەڵبژاردنە تازەیەوە، کە دەرچونی پارتیی و یەکێتی بوو بە ئاکامێکی حەتمی ، جێی خۆیەتی دروشمی کۆن ونوێیان بێر بخەینەوە ، کە ڕەنگە ئەم جارە بە هۆی ئەو دروشمانەوە و گزیو فزی پارتی و یەکیەتیەوە  بە مایەی خۆیانەوە هەڵسن ، ئیتر مافی خۆمانە بپرسین ، کام دروشم گەشتە مەنزڵ، یاخود ئەو ئەزمونەی لە گەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان لە عێراق و کوردستان هەمانە ، ئەبێتە مایەی سەرسوڕمان ، پڕ بەدەنگ هاوارتان ئەکرد (دادی کۆمەڵایەتی) ، داد بۆ کوێ بەرین کاتێک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە فراکسێۆنەکەی ئێوە بوو بە دە بلۆک دۆلار دەست بەرز ئەکەتەوە بۆ دەنگدان لەسەر بەیاسایی کردنی حەشدی شەعبی، لە کاتێکا بە پێی عورفی بازاڕ هەر بلۆکێک دە دەفتەرە هەر دەفتەرێک دەهەزار دۆلارە  ئیتر لێکدان و دابەشکردنی ماتماتیکی (X  و  /) زەرب و تەقسیم لەسەر خۆتان ،  لە کاتێکدا پێش ئەوەی ببێت بە خاوەنی کورسی پەرلەمان ئەسپێ لە باخەڵیا قەتاری دەوت ، یا خود ئەندامەکانی ترتان کە ئەوانێش لە و سەفقەیەدا بە شدار بوون بە هاوکاری فراکسیۆنەکانی تریش  کە بە بلۆکە دۆلار دەستیان هەڵبڕیوە، کە ڕەنگە ئەگەر تۆزێ زیاتریان بدانایەتێ بیلامانێ لنگ و قاچیشیان هەڵبڕیایە، ئەمە حاڵی پەرلەمانی عێراقتان، ئەگەر لە پەرلەمانە ئەتک کراوەکەی دەستی پارتیش بپرسین ئەوا هەموان ئاگادارین چۆن سکە دڕێیان بوو بۆ وەرگرتنی سەیارە و شوقە لە هەولێر ئەمە  جگە لەوەی ئەگەر لە پرۆ فایلەکانیان ورد ببینەوە کەسی تیا نیە بەم جۆرەی ئێستا دەوڵەمەند بووبێت،  بەڵام دوای شاد بونیان بە پەرلەمان هەموویان هەلی خۆ پێگەیاندنیان بۆ ڕەخسا .
یاخود ئەتان وت ( بەرەو دەسەڵات) کاتێک چوونە دەسەڵات دەسکە گوڵەکەتان حەملان زادە بوو، کە باگراوندی کۆمەڵایەتی باپیریشی  لە شاری سلێمانیدا پێویستی بە لێدوان نییە، یا باسی (کابانی ماڵتان) ئەکرد وەک ئەوەی بەرزانیەکان و تاڵەبانیەکان  نەوەی ماندێلا بن ، زوو بە زوو دێنە ژێر بار و بە قسەتان ئەکەن ، پێ ئەچی  ئێستا دروشمەکەتان گۆڕیبێ بەوەی (کار ئەکەن بۆ ئارامی ڕەوشی ژنان) ، زۆر لە دۆستەکانتان هاواریان لێ کردن دوای ئەتککردنی پەرلەمان لە لایەن مەسعود بارزانییەوە خوا بیپارێزی، ئەو سەرۆکەی کە نەوشیروان بە دەستێکی ئەمینی دانابوو لە هەرێم،  خوا لە تەمەنی سەرۆکی لیستەکەیان هەڵبگرێ و بیخاتە سەر تەمەنی ئەو، جا لە پەرلەمان و حکومەت بکشێنەوە زۆر شەرافەتمەندانە ترە،  لەوەی بە نە شەڕ و نە ئاشتی بیهێنن تا ئەمڕۆ ، کە هۆکارەکەی وەک ڕۆژی ڕوناک دیار بوو، کە ئەندام پەرلەمانەکانتان نەیان ئەویست ئەو هەلی کارەی دەستیان کەوتبوو لە دەستی بدەن ، ئەمە جگە لەوەی کە کەس نازانێت بە چ سەنگ و تەرازویەک کاندیدەکانتان پێوانە ئەکەن!.
 بەڕێزان ئەندام پەرلەمان مەرج و مواسەفاتی خۆی هەیە، هەلی کار نییە بۆ بێکاران،  بەڵێ مافی ڕەوای هەموو تاکێکی کۆمەڵە، بەڵام کێ لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدایە؟  لە تازەترین دروشمتاندا ئەفەرمون: (بۆ گەڕانەوی خاڵە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان) دەنگ بدەن بە لیستی گۆڕان!، ڕەنگە ئێوە بە هەڵەدا چووبن ، چارەی ئەم کێشەیە لە بەغدا ئەکرێ، ئەرکی پەرلەمانتارەکانی بەغدا بوو ئەو ئەرکە بکێشن پێدەچێت لە بەر ئەوەی کەس نەبووە پارەیان بداتێ بۆیە پشتگوێیان خست ، ئەی بۆ ئێستا بیرتان کەوتۆتەوە ، ئەکرا لە بری ئەو دروشمە لاوازە ئەندام پەرلەمانەکانی خۆتان، کە لە  بەغداد بوون،  بهێنایەتە پای هەق و حساب بتان زانیایە بۆ بە جوملە شوقە ئوتومبێل ئەکڕن؟ ئەو دەمە تۆزێک لە دروشمی دادی کۆمەڵایەتیەکەش جێبەجێ دەبوو، ئێستاش  نەچووە بچێت کات ماوە بۆ ئەوەی بکشێنەوە داوای لێبودن لە خەڵک بکەن و ڕێبازی خەباتەکەتان بگۆڕن نەک لە ناوەوە  باڵ باڵێن کلۆرتان بکات و کاتێک ‌هۆشتان بێتەوە دەستان لە بنی هەمانەکەوە دەرچووبێت، دوو خولی پەرلەمانتان تاقی کردەوە سفر هیچ بەدەستەوە بە بەتاڵی هاتنەوە ، ئیستاش کاتی ئەوە هاتووە ئەزمونێکی تر بخەنە گەر ، هەر بۆیە بڵێین: (ئاخرتان خێر بێت) باشترین دوعایەکە، کە بۆتان بکەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە