سروەیان بە دەنگی هەولێریە ڕەش و ڕووتەکان کرد بە پەرلەمانتار!؟

Monday, 24/09/2018, 10:42

6426 بینراوە


هەڵبژاردنی کەسەکان و کردنیان بە ڕووی بزوتنەوە و حزب و نوێنەر و زمانی میللەتێک، ناردنیان بۆ بەغداد بۆ داکۆکی کردن لە ماف و سەربەخۆیی نەتەوەیەک، لە خودی بزوتنەوەو شۆڕشەکان گرنگترە.

بیستوحەوت ساڵە، سەرانی پارتەکانی هەرێم، گوێیان بەوە نەداوە، کە ئاستی کەسایەتیی، بوونی ڕۆحی نیشتمانی و پەیوەستبوون بە مۆڕاڵ و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، گرنگن کە هەبن لە کارەکتەری ئەو کەسایەتییانەی کە سەڕۆکی پارتەکان پشتیوانیان لێ دەکەن، هەل و بواری کارکردنیان بۆ هەل دەخەن، بە تایبەتی لەو کار و پۆستانەی، کە کەسەکە دەکەن بە زمانحاڵ، هێز و توانای ڕەش و ڕووتانیان بۆ تەرخان دەکەن، گڕو تەوژم و دەنگی ناڕەزاییان بەکاردەهێنن بۆ دەرچواندنیان لە کێبرکێی هەڵبژاردنەکاندا!

لە هەولێر کاتێک کە لە بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان دادەنیشتی، دەیان کەسی لایەنگر و هەواداری  بزوتنەوەکە بەهۆی نەبوونیەوە دەستیان پان دەکردەوە و داوای یارمەتییان دەکرد، واتە "پارە"، سەرەڕای ئەوەش، بە گیرفان بەتاڵی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان کاریان دەکرد. 

سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، سروە عەبدولواحیدیان، بە دەنگی ڕەش و ڕووتانی بزوتنەوەکەیان لە هەولێر، کە زۆربەیان نان بڕاو کرابوون، بەهۆی نەبوونی بۆ ژیان و گوزەران لەگەڵ خیزانەکانیان ڕوویان لە موجەمەعەکان کردبوو کردیان بە سروەی ئەمڕۆ.  

ڕەش و ڕووتە هەولێریەکان بە دڵسۆزی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و تەمەبەڵەکانی گردەکە، لە ژێر ترس و لەرزی پارتی لە نێو دڵی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانییدا لە هەولێر کار و خەباتیان ئەنجامدەدا، لە سونگەی دڵسۆزیی، گوێڕایەڵی و بوونی متمانە بە سەرانی بزوتنەوەکە لە هەڵبژاردنی تاکەکان بۆ سەرخستنیان لە هەڵبژاردنەکان، بێ هودە کاریان دەکرد! بێ ئاگا لەوەی کە بزوتنەوەکە وەک  سەرانی ینک و پدک ئاسایی تەنیا ئەو کەسانە دەپاڵێون و پشتیوانیان لێ دەکەن کە ڕۆژێک لە رێگەی ڕزگاری نیشتمانیی وڵاتەکەیان دڵۆپێک ئارەقەی ماندووبوونیان نەڕشتووە، لە هەموو زروف و زەمانێکدا پەتپەتێنیان بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان جا لە زەمانی بەعسدا بووبێت یان لە مەڵبەندەکانی ینکی دوای ڕاپەڕین! 

سروە عەبدولواحید، کۆنە یەکێتی دوای ڕاپەڕین، بێژەری کەناڵە ئابرووبەرەکان،  پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی گۆڕان و سەڕۆکی فراکسیۆنەکەیان، کاندیدی لیستێکی عەرەبی، دواتریش پەشیمان بۆیەوە و ئەمڕۆش  بە فیتی چەند کەسێک و لایەنێکی عەرەبی، خۆی کاندید کردوە بۆ بوون بە سەڕۆک کۆماری عیراق!

سروە، بۆ پێکانی بەرژەوەندییەکانی داهاتووی و بەوەفا بۆ کەس و لایەنە عەرەبەکانی کە لە پشتیەوەن، بە هەر دوو زمانی عەرەبی و کوردی ڕادەگەیەنێت و خۆی بێ بەری دەکات لە وڵاتەکەی کە کوردستانە، دەڵێ من عیراقییم، دژی دەنگدان بوومە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بێ بەریم لە هەموو پارت و حزبەکانی کوردستان و سەر بە هیچ لایەنێک حزبێکی دیاریکراو نیم و کوردێکی سەربەخۆم و خۆم بەربژێر کردوە بۆ پۆستی سەڕۆک  کۆماری عیراق، بێگومان سروە بۆیە تەنیا دەڵی کوردم بەهۆی ئەوەی ئەگەر کورد نەبێت هەقی نابێت خۆی کاندید بکات بۆ ئەو پۆستە دەنا چۆن بێبەری خۆی دەربڕی لە وڵاتەکەی کە کوردستانە، بەهەمان شێوە ئینکاری لە کوردبوونیش دەکرد. جۆری وەک سروە و سەدانی وەک ئەو ،هەڵبژاردەی گردەکەی گۆڕانن، کە لە هەولێر دەنگی چینی زەحمەتکێشی ئەو شارەیان بۆ قۆستەوە و بە دەنگی عەرەبانچی، کرێکار، کاسب کار، حەمباڵ و نانبڕاوی هەولێر بە ڕێزەوە سروەیان  ڕەوانەی بەغداد کرد، بەبێ ئەوەی ئەو کچە خەڵکی ئەو شارەش بێت!؟ ئەمە بەرهەمی هەڵەی سەرانی پارتەکانە کە ئەمڕۆ میللەتەکە دەیدوڕێتەوە، نمونەیەکن کە تەنیا مایەی ڕووڕەشین بۆ کورد لە نێو نەتەوەیی عەرەبی عیراقییدا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە