کەرنامە (بزماری پێنجەم)

Thursday, 27/09/2018, 14:15

5824 بینراوە


ئەگەر ژاوەژاو و هۆمەرغەزای هەڵبژاردن بەم شێوە ناشارستانیەی ئێستا نەبوایە ئێمەش کاتی خۆمان بە نووسین لەسەر ئەم مەهزەلەیە بە فیڕۆ نە ئەدا، بەڵام خوا حیزبی کوردی و بەرپرسی نابەرپرس و خائین بگرێ، کە ئەم ئەرکە ئەخاتە گەردنمان، جا خوێنەری ئازیز بەئەرکی خۆمانی ئەزانین هەندێک بەرچاو ڕونی بخەینە بەر نیگای هاو نیشتمانیانمان.لەمەڕ کارنامەی کاندیدە ئازیزەکانمان.
بەڕێزان...پێش ئەوەی بەردەوام بن لەخوێندنەوە، جێی خۆیەتی بە بەڕێزتان بڵێین مەبەستمان لە گشت کاندیدەکانە هیچ لایەنێکمان لێدەر نەکردوە، بە هۆکاری ئەوەی هەمو حیزبەکان بەشدارن لەم سەرگەردانییەی بەسەر ئەم وڵات و خەڵکەدا هاتووە، بەڵام ئەگەر لایەنێک زۆرتر تاوان بار بێت و زۆرتر خێانەت و تاوانەکانی کەوتبنە بەر ڕۆشنایی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە لایەناکانی تر پاکیزەن و هەندێ فراکسێۆنیش هەن شایەنی باسکردن نین لێرەدا، بگڕە هەریەکەیان بەقەد دەسەڵات و خیانەتەکان و زوڵمەکانیان پشکی خۆیان هەیە، ڕۆژێک دێت مێژوونوقسە ڕاستگۆکان ڕەحمیان پێناکەن و پەردەیان لەسەر هەڵئەماڵن.
سەیر لەوەدایە سەرانی حیزبەکان خۆیان بێزیان نایەت نەک خۆیان کاندید بکەن بگرە ئەندامانی دەفتەری سیاسیشیان دەست نیشان بکەن بۆ پۆستی پەرلەمانتاری، بەڵکو مەسینە هەڵگر و سفرەچیەکانیان ئەنێرن بۆ پەرلەمان، کە وەک هەلێکی کار بۆ ئەو کەسایەتییە لاوازانەی لە ناو حیزبەکاندا بێکارن، جگە لە مەسینە هەڵگرتن و ماستاو زیاتر کارێکی تریان پێ نەسپیردراوە، بۆ نمونە سەرۆکی فراکسێۆنی زەرد لە خولی پێشودا کە کەسی یەکەم و دووهەمی حیزبەکەی لە ئاست ئەوەدا نایبینن تا مەسینە بۆ خۆیان هەڵگرێ، خستویانەتە دوای مناڵێک بۆ ئەوەی مقەستێک بداتە دەست فەرخە بەرزانیەک بۆ بڕینی ئەو پەتەی کە بەناو کردنەوەی پرۆژەیەکە، لەکاتێکدا بەڕێزیان ڕۆژێک پێش ڕاپەرێن جلی جەیشی شەعبی لە بەردابو لە بەردەم ئەمانەی عامەی ڕۆشنبیری و لاوانی زەمانی بەعسییەکاندا، ئێستا لێمان بووە بە موفەکیرو پلانداڕێژەر، لە دوای ئەوەی لە کەمپینی خەیاردا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئێستا باسی کار نامە ئەکات.
لە فراکسیۆنی سەوزیش هەندێ لە کاندیدەکان وێنەیەکی باوکیان یا برایەکی شەهیدیان لەپاڵ وێنەکەی خۆیاندا کردوە بە ڕێکلام! پرسیار ئەوەیە، ئەی ئێوە، خۆتان چیتان پێیە بۆ میللەتەکەتان و نیشتمانە قۆرخکراوەکەتان بۆ بنە ماڵەکان؟ جێگەی شەرمەزارییە لە پاڵ گڵکۆی پیرۆزی شەهیداندا سەنگەری پارە پەیدا کردن لێبدەن ڕۆحیان بکەنە سوپەر، کە ڕەنگە دواجار لە شکۆی شەهیدەکانیش کەم بکەنەوە، ئایا ئەمە کارنامەتانە؟ 
لە فراکسێۆنی نیلی دروشمێک ئەکەوێتە بەر نیگای ڕێبواران کە مایەی دڵ تێکەڵ هاتنە ئەویش (کاردەکەم بۆ گەڕانەوەی شکۆی پەرلەمان)، ئەم کاندیدە پێدەچی یا تەمەنی مناڵ بێت یا لەسەر سیسەمی نەرمی حیزب خەوی لێکەوتبێ، چونکە وەها کارنامەیەک لە بن سێبەری ئەو حیزباندا کە بنەماڵە و عەقڵی کێوی تیایا حوکمڕانە..ناخوات، ئایا ئەو خانمە لەیادی چوو کە پەرلەمان بووبوو بە ڕەسەدی تۆپخانە، یا پێیان ئەوتن لەمەیدانی حەیوانان کۆببنەوە یاخود زەماوەندەکەی دەبابەکانی بەعس کە بە داوەتنامەی سەرێکی بەتاڵی ژێر جامانەیەکی سور شکۆی پەرلەمانی نایە ژێر پۆستاڵی سوپاکەی سەرۆ ک سەدامەوە، دواجاریش شکۆی چایخانەیەکیان بەپەرلەمان ڕەوا نەبینی دەرگاکەیان کڵۆم کرد، با زۆر سەر لە کارنامەی ئەو خانمە نەڕۆین.ئەگەر خیانەتەکانی سەرانی کوردی بۆ بنووسینەوە لە کتێبی هەزارو یەک شەو درێژتر و زیاتر ئەبێت.ئەبێ بەڕێزیان چۆن ئەو شکۆیە بگێڕنەوە؟
یا خود فراکسێۆنەکانی کە تا ئێستا ڕەنگی لۆگۆکەیان ساغ نەبوەتەوە پرتەقالێیە یا قاوەیی، لە گەڵ براکانیان لە موسوڵمانەکانی تر کە ئەوانیش بۆ خۆیان فراکسیۆنێکیان هەیە، یاخود کارنامەی خوشکانی دەست بەدەست نوێژو دەم ویردی ئەو حیزبە ئیسلامیانە کە خوشکە نە خوێندەوارەکانیان لە تەفسیرو لێکدانەوەی قورئان و حەدیسدا بۆڕی ئیمامی شافیعی و حەنەفی و حەنبەلیان داوەتەوە لە کار نامەکانیاندا چوار ژن بۆ برا پیاوەکان حەڵال ئەکەن، وا بڕو (ما ملکت ایمانکم) یشیان بۆ زیندو ئەکەنەوە بۆ ئەوەی، برای موسوڵمان تێر ژن بن و چاوباشقاڵی ئیمانیان زەعیف نەکات، مافی خوشکانی موسوڵمان نەبێت بە ژێر هەرەسی بێ ئیمانانەوە.
کار نامەکان زۆرن ئێمەش هەروا بەرد بژێرێکمان لێ جیا کردوەتەوە ڕەنگە نە ئێمە حەوسەڵەی نوسینەوە و لێکدانەوەی ئەو هەمو درۆیەمان هەبێت، نە تۆی خوێنەری بەڕێزیش تاقەتی خوێندنەوەیت هەبێت بۆ پارێزگاریش لە تەندروستی خوێنەری ئازیزیش تا توشی دڵتێکەڵ هاتن و دڵەکزێ نەبێت، هەر ئەوەندە ئەڵێین ئەمەی ئێوە ناوتان ناوە کارنامە، کەرنامەیە و بەس.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە