ڕوسیا عیراق پڕچەک دەکات و باشووریەکانیش فریو دەدا


قاقا لەگەڵ وێنەکان

Thursday, 09.27.2018, 19:07

4047 بینراوە


کورتە چیرۆک
میم. عەلی   
لە زەردەخەنەیەکەوە دەستی پێ کرد. ئەو کاتەی بلە کەچەڵم* بینی بە قەد عەمودێکەوە لوول بووبوو. لەسەر تاخوار بلە کەچەڵ بوو. بلە کەچەڵ، بلە کەچەڵ، بلە کەچەڵ ... گوێیە قوتەکانی دەتوت هەر لەو سەرەتای بانگەشەیەوە تامەزرۆی ئەنجامن. ژنێک بەوێدا ڕۆیشت، گوڕی بۆ خواردەوە تا بتوانێت تێی ڕووانی "ئەمە کێیە؟" ئینجا بە هەردوو دەستی چەمۆڵەی تێ گرت "سەروفەساڵت خواتەوە، بە تەمایە دەرچێت!" لێیدا ڕۆیشت. بە مۆنییەکەوە بە ژنەکەمدا ڕووانی. دەمناسی. کاتی خۆی –پێش ئەوەی ماڵیان بار بکات- خۆشباوەڕترین کەسی گەڕەک بوو. لە دڵی خۆمدا وتم "هەی لەوە ئەویش؟!" دیار بوو متمانە نەک هەر لە گەڕەکەکەی ئێمە لە سەراپای شار و وڵاتەکەیش ئۆغری کردبوو. گەڕامەوە لای کاکە بلە و بە زەردەخەنەیەکی قووڵەوە تێم ڕووانی. ئاخر کێ هەیە ئەو سەروچاوە ببینێت و پێنەکەنێت. چاوێکی تلیساوەی تیل و فیل، گوێیەکی قوت –ببوورن مەبەستم سوکایەتی نییە، هەموو ئافرێنراوی خوداین- بەڵام من ئەوم باش دەناسی، منداڵەکانی خۆیشی متمانەیان پێی نەبوو. بیرمە ساڵانی نەوەدەکان کوڕەکانی پارەکانیان لێ دزی، تێروپڕیشیان تێ هەڵدا و هەڵاتن. دواتر هەواڵ بڵاو بووەوە ئاسۆ و ئاکۆ گەیشتونەتە سوێد. بەم دوواییانە ژنەکەیشی وازی لێ هێنابوو. باش لە وێنەکە ورد بوومەوە، بزەیەکی ئەنتیکەی کردبوو. نازانم بە حیزبەکەی بوو یان بە جەماوەرەکەی یانیش بە خودی خۆی، کێ دەڵێ ڕەنگ بوو بە ئایندەی میللەت بێ؟ ئەی ناڵێ قسە لە شێت یان لە منداڵ. ئەم بە ڕەفتار شێت و بەو تەمەنەیشەوە قۆناغی منداڵی جێ نەهێشتبوو. "بۆ هەلی کار" ههههههههە، قاقایەکی ئەوەندە خەست ئەوکی گرتم خەریک بوو بخنکێم. خوای گەورە! ئەو کابرایە هەموو تەمەنی لە چایخانەکاندا بە سەر بردبوو! لە بێئیشیدا هەر ئێرە و ئەوێی بوو. ئەوەیشی هەیبوو هی ژنەکەی بوو. خێری حیزب بنووسێت لەم دوواییانەدا مووچەیەکی بندیواری بۆ بڕیبووەوە، ئەوەیش هەر بەشی عارەقەکەی دەکرد. "بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی ...." هههههههههە خەریک بوو دەقرتام. کێ باسی یەکڕیزی نێو ماڵی دەکرد. "بۆ ئارامی ..." لە بەرخۆمەوە وتم "هەتا نەبچڕاوم با ڕاکەم." چاوم نوقاند و بۆ پێشەوە ملم نا. چاوم کردەوە شەقامەکە هەموو کەللەسەر بوو. هەندێکیانم دەناسییەوە. وەک بلە و لەویش ڕەزاقوورستر. خوا حەقە ئەو بە تەمەنی ئازاری مێروولەیەکی نەدابوو. ژێرچەپۆکەی ژن و منداڵەکانیشی بوو. بەڵام ئەم دەموچاوە دزێوانە، حەی حەی! بە دەم ڕێکردنەوە هەر دوو دەستم با دەدا. "بۆ ئارامی" "بۆ یەکڕیزی" "بۆ هەلی کار" "بۆ ئاشتی" "بۆ ئاوەدانی" "بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان" "بۆ دابینکردنی موچە" "بۆ بوونیاتنان" "بۆ یەکسانی" "بۆ دادپەروەری" "بۆ مافی مرۆڤ" .... بانگەشەکان هێندە زۆر بوون فریای خوێندنەوەی نەدەکەوتیت. دڵنیام هەبوو خۆی ئاگای لەو دروشمانە نەبوو، بۆیان نووسیبوو. ئیدی هەر هەنگاوم دەنا و پێدەکەنیم. تەماشای دیوارم دەکرد و پێدەکەنیم. تەماشای درەختم دەکرد و پێدەکەنیم. تەماشای عەمودم دەکرد، تەماشای هەندێک ئوتومبێل و تەنانەت هێماکانی هاتوچۆیش دەیانخستمە پێکەنین. شتێک نەمابوو لەو شەقامەدا پێکەنینی لێ نەڕژێت بەهۆی ئەو سەروگوێلاکانەوە. شۆفێرێک لە تەکسییەکی شڕەوە بە دەستی لایکێکی تێ گرتم و بزەیەکی کردو ڕۆیشت. تێگەیشتم هاوبۆچوونی من بوو، ئەو بۆ کەسابەت هاتبووە سەر شەقامەکە و منیش بۆ کڕینی نانی بەیانی. دواتر ئوتومبیلێک پڕ لە ڕەشەوڵاخ، ئینجا ئوتومبێلێک پڕ لە گوێرەکە و دواتریش ئوتومبێلێک پڕ لە بزن ... هەر ئوتومبێلە و لە ڕەنگێک .... دیار بوو حیزب ئەوانەی دانابوو بۆ ژەمەخۆراکی خۆی. بە دوای ئەوانیشدا ئوتومبێلێک پر لە کەرگەل –ئەمانەیش حیزب داینابوو بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ کە سەرەتای بانگەشە بوو تا سواریان ببێت. لەگەڵ ئوتومبێلێک پڕ لە سەگەل کە بۆ پاسکردن هێنرابوون. منیش هەر قاقام دەکرد. شەقامەکە بووبووە تەختی شانۆ و منیش خۆم وەک تاقە ئەکتەری ئەو پانۆرامایە دەبینییەوە. کاتێک ئاوڕم دایەوە وەک فۆڕێست گەمپ* کەسانێک شوێنم کەوتبوون و پێدەکەنین! بە تەواوەتی نەیاندەزانی بۆ؟! ماتەم دایگرتم. هەستم دەکرد ئەو قاقایە قوڵپی گریانە بەو شێوەیە دێتە دەر. ئاخر فرمێسکەکان شایەت بوون! ئەو شەقامە دەتوت گۆڕستانی سەردەمی زووە، وێنەکانیش دەتوت کێلی گۆڕەکانن. ئەو دەمانەی دایکم دەچووە سەر مەزارەکان –پیرمەنسوور، شێخ مارف، کانیبا ...- دەیوت ئەمەیان باداری گرتووەتە خۆی، ئەوەیان لەرزوتا، ئەوی دیکەیان بۆ ژنێک ئەگەر منداڵی نەبێت، ئەوەی فڵانە شوێنیش بۆ کەسێک بەختی نەکرابێتەوە ... ئێستا زانیتان بۆ پێدەکەنیم؟ هەمان وەهمی کلاسیکە بە شێوەی مۆدێرن! خوا حەقە ئەوەی سەردەمی زوو ئارامی ڕۆحی و دەروونی دەدا. هەندێک جار بە کاسەی پڕ لە ئومێدەوە دەگەڕایتەوە. جگە لەوە ئەوانە بە ڕاستی پیاوخوایش بوون. کێشەی من شێخەکان نەبوون، هەموو سەردەمێک مشایەخی خۆی هەیە –کەسانێک بە ڕوواڵەت خۆیان پیاوچاک پیشان دەدەن. کێشەی من ئەو دەروێشانە بوون! بیرم کردەوە: هەر بە ڕاستی شێخ و دەروێش دوانەیەکی تەواوکەرن، ئەی بێ یەکتری چۆن دەبن؟! کەواتە کورسییەکان لەم شەقامەوە دروست دەکرێن. هەندێک لەوانەی سەر شەقامەکان کورسییان دروست دەکرد. هەر گەیشتمە لای نانەواکە بەربوومە کورسییە چڵکنەکەی لای مێزەکە. هەتا بتوانم پێلەقەم کرد. ئەوانەی ژوورەوە پێدەکەنین. پیاوێک لەوێ نانی دەبرد پرسی "بۆ وا دەکات؟" وەستا مەهدی بە دەم پانکردنەوەی گونکەوە وتی "لێگەڕێ با داخی دڵی هەڵڕێژێت." پیاوەکە ڕۆیشت. تفێکم لە پارچە شکاوەکانی کورسییەکە کرد و توڕم هەڵدانە سەر شەقامەکە.
 "جارێکی دیکە ئەو شتە قێزەونانە لەم ناوەدا نەبینمەوە." 
جوتیار بە پێکەنینێکەوە نانەکەی دەرهێنا و وتی "ئەمر دەکەیت ڕەئیس." مەهدی نانەکەی دا بە تەنورەکەدا و ملی بەرەو لای جوتیار وەرچەرخاند "ڕەئیس قسەی ڕەت ناکرێتەوە." جوتیار بزەیەکی کرد. بە مقاشەکەی نانێکی خستە بەردەمم، مقاشەکەی بەرەو لای وێنەکان وەرچەرخاند. 
"تۆ کامیانیت؟" 
پەنجە گەورەی دەستی چەپم کردبوو بە شوێنی بەستنی بەندەخوێنی شەرواڵەکەمدا. ناوبەناویش سەرپەنجەکانم دەکێشا بە سەرەوەی هەڕامەکەمدا. بە دەستی دی قەراغە نانێکم لێ کردەوە و خستمە دەممەوە. 
"هەمووی ئەگۆڕمەوە بەوە." 
"عەیبە، ئەوە تۆ چی دەڵێیت!" 
"هەتیوە پیسە بەمەی ناو دەمم دەڵێم." 
لە ڕاستیدا هەستم دەکرد دەستی چەپم لە نەستەوە پەیامێکی وەرگرتبێت. هیچ شتێک لە خۆڕا نییە وەک چۆن ئەو زوڵمەی لە من دەکرا، هۆ و ئەنجام بوو. بێدەسەڵات بووم هەر ئەوەم شک دەبرد. بێدەسەڵات هەر جنێو دەزانێت. گەر بە دەم نەبوو، بە ئاماژەیەک. هەوڵ دەدات هەر چۆن بووە تۆڵە بکاتەوە. 
بە پەلە نانەکانم پێچایەوە. خواحافیزیشم نەکرد. گومانم دەکرد ئەوە شەقام بێت یاخود گۆڕستان. ئەوانە مرۆڤ بن یان تارمایی و ڕۆحگەلێک. ئەگەر پێشتر مرۆڤم نەبینیایە لەسەر ئەو شەقامە لە گیانەڵادا لەنێو خوێنی خۆیدا دەگەوزا، سوێندم دەخوارد کە ئەوە گۆڕستانە نەک شەقام. لە ڕاستیدا ئێمە و ئەوانیش لە مردوویەک زیاتر نەبووین. ئێمە ئیرادەمان مردبوو، ئەوانیش دڵیان. 
بایەکی توندی هێنا. هەندێک لە وێنەکانی لەگەڵ خۆیدا برد. چەخماخەیەک و گرمەیەکی بە دوادا ها. هێندەی نەبرد یەکەم بارانی پایز بە خوڕ دایکرد. خۆم کرد بە ژێر پاسارێکدا. وامزانی بارانەکە ڕووی ئەوان دەشواتەوە کەچی دزێوتری کردن. ئیدی ڕووی ڕاستەقینەیان دەرکەوتبوو. هەموو گورگ و کەمتیار و سەگ و بەراز بوون. ئەوەندەی بڵێیت یەک و دوو شەقامەکە چۆڵ بوو. من تاکە نێچیر بووم مابوومەوە. هەموو چاویان زیت کردەوە و دانیان جیڕ کردەوە لە وێنەکانەوە هاتنە دەرەوە بۆم. کێبەرکێیان بوو لەسەر ئەوەی کێ زووتر پەلامارم بدات و بمکاتە ژەمێکی خۆی ....
"هەستە، هەستە ..." ڕاچەڵەکیم.
 دایکم بوو توند ڕای دەوەشاندم. 
"چایەکە سارد بووەوە." 
تا بتوانم پەلاماری دەستیم دا و توند ماچم کرد. 
"ئەوە چییە کورە؟ ئەوە چییە؟"
پێشتر کەم ڕووی دابوو دەستی دایکم ماچ بکەم بە تایبەت وەک حاڵەتێکی ئەوەی ئەو بەیانییە درەنگوەختە.
پێکەنین گرتمی، لە دڵی خۆمدا وتم خوا بە خێری بگێڕی. 

*ئەم چیرۆکە کارێکی فەنتازییە و کاراکتەرەکانیشی زادەی خەیاڵن و ناوەکانیش هەر بەو جۆرە. 
*کەسایەتی نێو فیلمی فۆریست گەمپ کەسایەتییەکی گێلۆکە و بەستەزمانە، تۆم هانکس بەرجەستەی دەکات. 


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 3/5)