"قه‌ده‌مخێر ئه‌ی خوشکی پۆڵایین - کۆشکی پههلهویت هێنایه له‌رزین " له زووه‌وه کورد وتوویه‌تی :« شێر له لانه ده‌رچێ چ نێر چ مێ » مێژووی دێرین و نوێی پڕ له شانازی و شکۆداری گه‌له‌که‌مان ، لاپه‌ڕه زێڕینه‌کانی به ناوی ده‌یان ئافره‌تی هه‌ڵکه‌وتووی کوردمان له‌هه‌موو بواره‌کاندا ڕازاندۆهتهوه که هه‌ریه‌که‌یان له بوارێک‌دا ڕوڵێکی به‌رز و گرنگی بینیوه له خزمه‌تکردن و و به‌رگریکردن له کورد و کوردستان ، له زانست و زانیاری ، له بنیاتنانی شارستانێتیدا، له ناویاندا شازاده و میرزاده و سه‌رکرده و شاسواری ئازا و دلێر و شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه و فه‌رمانڕه‌وا و زانا و دانا و سیاسه‌تمه‌دار و شاعیر و نووسه‌ر و ئه‌فسه‌ر و مامۆستای زانکۆ و... تا ده‌گاته په‌ڕله‌مانتار.
ئه‌گه‌ر گه‌شتنامه و یاداشت و کتێب و نووسینه‌کانی ئه‌و گه‌شتیار و گه‌ڕیده و کوردناس و بازرگانه بیانییانه بخوێنینه‌وه ، که هاتوونه‌ته کوردستان و به چاوی خۆیان ڕۆڵ و هه‌ڵسوکه‌وتی ئافره‌تی کوردیان بینیوه ،به ویژدانه‌وه له سه‌ریان نووسیون..هه‌موویان چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاستییه ده‌که‌ن که ئافره‌تی کورد نموونه‌ی ئافره‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته..له ئافره‌تانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب ئازادتر و سه‌ربه‌سترن ،له هه‌موو بواره‌کاندا شان به‌شانی پیاوان تێده‌کۆشن و خزمه‌ت ده‌که‌ن..له به‌رگری و شه‌ڕیشدا له جیهاندا بێوێنه‌ن.
یه‌کێک له‌و ئافره‌ته ناودارانه‌مان،میرزاده« قه‌ده‌مخێر»ی نه‌مره،کچه قاره‌مان و که‌ڵه سه‌رکرده‌یه‌کی شۆڕشگێڕی نه‌به‌ردی کورد بوو،شۆڕه‌سوارێکی زۆر به‌جه‌رگ و دلێر و چاونه‌ترس بوو، کورد و کوردستانپه‌روه‌رێکی که‌م وێنه بوو ،کوردستانی له گیانی و ژیانی لاشیرنتر بوو.هیوا و ئاواتی ئه‌وه‌بوو که کورد و کوردستان له داگیرکه‌رانی ڕه‌گه‌زپه‌رست و بێ‌ویژدان ڕزگار بکات. بۆ هێنانه‌دیی ئه‌م ئامانجه پیرۆزه‌ش له گیانبازی و له مردن سڵی نه‌کرده‌وه. چیتر جه‌ور و زوڵم و ناهه‌قی و چه‌وسانه‌وه‌ی کوردی ، له‌لایه‌ن شای ئێران ره‌زا شاه په‌هله‌وییه‌وه ، پێ قبووڵ نه‌کرا، که‌م بژی و که‌ڵ بژی ی له ژیانی ژێرده‌ستی و دیلی پێ‌خۆشتر بوو، بۆیه چه‌کی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی کرده شانی و، له ناوچه‌ی لوڕستان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ، جاڕی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ڕاگه‌یاندا ،ویستی سه‌ربه‌خۆیی لورستان ڕابگه‌یه‌نێت..
ئه‌م شۆڕشه‌ش هاوکات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌که‌ی سه‌رکرده‌ی گه‌له‌که‌مان سمکۆی شوکاک، و شۆڕشی ئهزهرییهکان له ئێران..به به‌راورد له‌گه‌ڵ کچه سه‌رکرده‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسا «ژاندارک» له دژی ئینگلیزه‌کانی داگیرکه‌ری وڵاته‌که‌ی،قه‌ده‌مخێری کورد زۆر له‌ویش ئازاتر بوو..به‌ڵام هه‌ردووکیان به نامه‌ردی له‌ناوبران. میرزاده « قه‌ده‌مخێر»کچی میر« قه‌ندی قهلاوهندی »یه، که یه‌کێک بوو له میره‌کانی میرنشینی لورستانی بچووک..له هۆزی لوڕی فه‌یلییه، که ناسراون به قاره‌مانی و جوامێری و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزییان بۆ کورد و کوردستان. له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده،یا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا قه‌ده‌مخێر له‌دایکبووه ( به‌داخه‌وه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کدا، ساڵی له‌دایکبوون و ، ساڵی کۆچکردنیم به‌رچاو نه‌که‌وت ، به ته‌له‌فۆنیش په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ چه‌ند خوشک و برایه‌کی ڕۆشنبیری فه‌یلیمان کرد ئه‌وانیش نه‌یان زانی) .قه‌ده‌مخێر کیژێکی جوان و باڵابه‌رز و شۆخ و شه‌نگ بوو، زۆر زیره‌ک و ژیر و وریا و بیرتیژبوو، جوانی و سوارچاکی وئازایه‌تی وکوردستانپهروهریی،بوو به هه‌وێنی چه‌ندین شیعر و گۆرانی به تایبه‌تیش به دیالێکتی فه‌یلی ، که تا ئه‌مڕۆش هه‌ندێ له‌و گۆرانییانه که به‌سه‌ر قهدهمخێردا هه‌ڵدراون، له‌سه‌ر زاری برا فهیلییهکانماندا ماونه‌ته‌وه.. که باس له دلێری و قاره‌مانێتی و شۆڕشگێڕێتی قه‌ده‌مخێر ده‌که‌ن.
له ساڵی «١٩٢٥»دا، ره‌زا شای په‌هله‌وی به ناهه‌ق و به فڕوفێڵ و ناڕه‌وا، دوا میری میرنشینی لوڕستانی بچووکی کوشت،که « شامراد خان »ی برای قه‌ده‌مخێر بوو.ئه‌م ناهه‌قی و نامه‌ردییه‌ی شای ئێران ،بووه هۆی تووڕه‌یی و ڕقئهستووریی قه‌ده‌مخێر..به‌ڵێنی دا که زورداری و ژێرده‌ستی قبووڵ نه‌کات و نه‌هێڵی وڵاته‌که‌ی ببێت به پاروویه‌کی ئاسان و شای ئێران قووتی بدات..له ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانی هێزێکی باش له فه‌یلییه‌کان پێکبهێنێت. جاڕی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی دا و خۆشی بوو به سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌که ،ویستیشی سه‌ربه‌خۆیی لوڕستان ڕابگه‌یه‌نێت، باره‌گای شۆڕشه‌که‌شی شاخه سه‌رکه‌شه‌کانی لوڕستان بوو.
چه‌ندین جار و له چه‌ندن لاوه شێرانه په‌لاماری سوپاکه‌ی ره‌زا شایان دا، زه‌ره‌ر و زیانێکی گه‌وره‌یان پێ گه‌یاندن و، زه‌خیره و چه‌ک و جبه‌خانه‌یه‌کی زۆریشیان لێیان ده‌سکه‌وت..شای ئێران ویستی عه‌شیره‌ته‌کانی کوردمان به پاره و پایه بخه‌ڵه‌تێنێ وبیان کا به جاش و،بیان کات به گژی شۆڕشگێڕه‌کاندا به‌ڵام که‌سیان ئه‌م ناپاکییهیان قبووڵ نه‌کرد و،ڕازی نه‌بوون دهسخهنه خوێنی براکانیان، سوپای شاه چه‌ند هێڕشێکی تری کرده سه‌ر شۆڕشگێڕه‌کان،به‌ڵام له به‌رده‌م بڕوای پۆڵایین و هه‌ڵمه‌ت و لێدانی گورچکبڕی شۆڕشگێڕه‌کان، خۆیان ڕانه‌گرت و زیاتر تووشی شکستی و زیان بوون..له ماوه‌یه‌کی که‌مدا زۆربه‌ی ناوچه‌کانی لوڕستانیان له سوپای داگیرکه‌ری ئێرانی پاکرده‌وه. قه‌ده‌مخێر نامه‌یه‌کی بۆ شێخ مه‌حموودی حه‌فید نارد..له نامه‌که‌یدا باسی ئه‌و زوڵم و زۆر و ناهه‌قییه‌ی کردبوو که لێیان ده‌کرێ و ،چۆنیش ره‌زا شای په‌هله‌وی ، زۆر به نامه‌ردی و ناڕه‌وا شامراد خانی کاکی کوشتووه..هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ، داوای له شێخی نه‌مر کردبوو ،که سوپاکه‌یان بکه‌ن به یه‌ک و به یه‌ک هێزه‌وه په‌لاماری داگیرکه‌ران بده‌ن له ڕۆژهه‌ڵات و له باشووری کوردستاندا..ئه‌وه‌شی بۆ نووسیبوو،که من ئاماده‌م هه‌موو شۆڕشگێڕه‌کانمان بخه‌مه ژێر فه‌رمانده‌ی به‌ڕێزتان،له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و چه‌ک و جبه‌خانه‌یه‌ی که هه‌مانه، که به‌شی دوو ساڵی شه‌ڕکردن ده‌که‌ن..به‌ڵام شێخ مه‌حموود گوێی به نامه‌که‌ی نه‌دا و به‌ده‌نگی داخوازییهکهیهوه نه‌هات. گوایه شێخ له‌وه ترساوه که ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وتنێکی وا بکات سواره‌کانی لێی دوورده‌که‌ونه‌وه، چونکه له‌وانه‌یه ئه‌وان به هه‌ڵه لێکیبده‌نه‌وه و، وابزانن که شێخ له پێناوی سه‌روه‌ت و سامانی میرزاده‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندا ئه‌م ڕێکه‌وتن و یه‌کگرتنه‌ی کردووه.