مەسعود و خەڵاتی نۆبڵ و نادیە موراد

Friday, 05/10/2018, 20:18

5398 بینراوە


ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تاڵ و شکست ئامێز بوو بۆ مەسعود بارزانی، چونکە "نادیە موراد" کچە جەربەزە کوردەکەی کە چیرۆکی تراژیدیا و تاوان و دەستدرێژی بەدەستی چەتەکانی داعشی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەگەڵ خۆیدا دەگێرا و بوو بە یەکەم باڵیۆزی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وا ئەمڕۆش لەگەڵ "دێنیس موکوێگی" تەمەنی ٦٣ ساڵە و پزیشکی ژنانی لە کۆنگۆ بوونە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کورد یەکەمین جارە ئەم خەڵاتە وەرگرێت، ڕاستە "یەشارکەمال " ساڵی ١٩٧٤ ناونووس کرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی، بەڵام لەبەر هەر هۆکارێک بێت وەری نەگرت، ئەمڕۆش نادیە بووە براوەی ئەم خەڵاتە، ئێمەوەک کورد شانازی بەو بردنەوەیە دەکەین.
راستە لە کاتی خوێندنەوەی خەڵاتی نۆبلەکەدا، ناوی کورد، یان کوردستان نەهێنرا، ئێمە دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ئەوە هەبێت کە هۆکاری ئەمە چییە؟! یەکەم کاتێک خەڵات بە کەسێک دەدرێت، لەگەڵ ناوەکەیدا ناوی وڵاتەکەیش دەهێنرێت! بە فەرمی وڵاتێک نییە ناوی کوردستان بێت، ئەو بەشەی کوردستان کە ناوی باشوورە، بەشێکە لە عێراق، ئەی ئەوە نییە پارتەکانی باشوور شەڕیانە لەسەر عێراقچێتیی و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، تۆ کە رازی بوویت بەوەی بە عێراقەوە بلکێیت، ئیتر خۆ نایەن بە زۆر بڵێین تۆ خەڵکی وڵاتی کوردستانیت و کوردستان دەوڵەتە و نادیە مورادیش خەڵکی کوردستانە؟!  بە داخەوە شەنگالیش ئەمڕۆ بەشێکە لە عێراق و عێراقیش سەرۆکەکەی کابرایەکە ناوی بەرهەم ساڵحە، کە وەکو مەسعود و جەلال و فوئاد مەعسوم و ئەوانی دیکە خوێنی عێراقبوونیان دەچٶڕێت! سیاسەتی پارتیی و یەکێتیی، ئیسلامییەکان و پارتە کوردییەکان و پارتیی و بنەماڵەی بارزانی وەها بووە، کە ئێزیدییەکان بە کورد نەزانن، بۆیە چەندین نووسەری وشیار و تێگەیشتوو وەکو کاک ناسر حەفید هەر زوو هاواریان دەکرد، کە یەزییدییەکان لە کورد جیامەکەنەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەو حیزبانە بەردەوام دەیانگوت، ئێزیدییەکان، ئاخر بەکارهێنانی وشەی (ئێزیدی) لەگەڵ (کوردی ئێزیدی) جیاوازییان زۆرە، هەرچەندە وشەی یەزیدیش لەگەڵ ئێزیدی جیاوازیی زۆرە، چونکە داگیرکەران دەڵێن ئێزیدییەکان ئەسڵیان یەزیدییە و ئەمانە نەوەی یزدی کوڕی مەعاوییەن. تەنانەت لە ناوەکەشدا غەدریان لێدەکەن. راگەیاندنەکانی هەرێم بەمەبەست وایان دەگوت، تا کوردە ئێزیدییەکان لە کوردبوونی خۆیان هەڵبگەڕێنەوە خۆیان وەکو کەمە نەتەوەییەکی جیاواز پیشان بدەن، لە کاتی ئەو هەموو تراژیدیا و کارەساتەی بەسەریان هات، ئیسلامە کوردەکان بەردەوام هێرشیان دەکردە سەریان و سوکایەتییان پێ دەکردن.نادیە مورادیش لەبەر ئەوەش ئەو کارەساتەی بەسەر نەهات، نەک تەنیا کوردە، بەڵکو لەبەر ئەوەش بوو، کە ئێزیدی بوو، نەک ئیسلام! 
بەهەر حاڵ بێینەوە سەر باسەکەی خۆمان وبڵێین، کە ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو بۆ مەسعود، دیسان دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەغدا، فوئاد حسێنیش تڕۆ کرا، ئەو کاندیدەی مەسعود کە داینابوو بیخاتە شوێنی فوئاد مەعسوم بە خۆشییەوە دوو فوئادمان لە کۆڵ بویەوە، فوئادە سورە و فوئادە زەردە، ئەو پیاوەی کە دەگەڕا دەنگی بۆ ریفراندۆم کۆدەکردەوە و ئاغاکەی قوڕمیشی کردبوو، ئەمڕۆش نادیە گۆڵێکی تری لە مەسعود کرد و خەونە سەرابێکەی مەسعود دیسان بوو بە تەم، چونکە مەسعود ساڵانێک لە ڕێگەی مەهاباد قەرەداغی و چەند پاتاڵێکەوە ناویان نوسیبوو تا هەڵبژێرێت بۆ ئەو خەڵاتە، هێشتا هیچ نەبوو، کەچی لە مێدیاکانی پارتیدا بەگەورەیی نووسیبویان "سەرۆکی کوردستان" ناونووس کراوە تا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت.
هەموو ساڵێک چەند سەد ناوێک پێشنیار دەکرێت، بەڵام کەس وەک مەسعود ئابڕووی نەچووە و ناچێت، چونکە ئەوانەی لە نزیکی ئەم کابرا نەخوێنەوار و نەخۆشەوەن هەمیشە پێی ڕادەبوێرن، ڕۆژێک دەیکەنە گاندی و بێدەنگێکەی کە ترسنۆکی لێدەچۆڕێت، بەراوردی دەکەن بە ڕۆژوبوونەکەی گاندی، هەر وەک ئەوەی کە دوای چەند ساڵێک سینەماکارێکی فاشل لە سۆفیەتی کۆن گەڕایەوە و لە کاتی هەرەسی ئەو ووڵاتەدا شەهادەیەکی تەزویری کڕیبوو، مەسعودی بردە خواکورک و ڕیشێکی تەنکی بۆ دروست کرد، گوایە لەبەرەکانی جەنگدایە، دەرهێنەرە فاشلەکە نەیزانی ئەو چەکدارانەی کۆی کۆکردبونەوە هەموویان جلەکانیان ئوتو کرابوو، چەکەکانیان تازە لە پاکەت دەرهاتبوو، مەسعودیش کە قسەی دەکرد، هەستت بەشەرم و داماوی دەکرد لێێ دەباری، نەدەنگی تۆپێک، نەفڕۆکەیەک نە وردە تەقەیەک لەوێ بوونی نەبوو، بۆیە لەوەش فەشەلی هێنا .
ئەم بەیانییە مەسعود لە دڵی خۆیدا ووتی " نادیە موراد" خەڵاتەکەی منیشی برد.
 کۆمێدیای ئەم سیاسیە پوچانە لەوەدایە کە دێن پیرۆزبای لە "نادیە موراد" دەکەن، کەچی خۆیان بازرگانی لەگەڵ چەتەکانی داعشدا دەکەن و ئیستاش سەدان داعشی خەوتوو لە مزگەوتەکاندا لەسایەی ئەم خیانەتکارانە خۆیان مەڵاس داوە، قوباد تاڵەبانی و کۆسرەت ڕەسوڵ بە چ شەرمێکەوە پیرۆزبایی لە نادیە موراد دەکەن، کە دەیان مزگەوتی وەک بەهەشت و نزا ژاری پیس بڵاودەکەنەوە کە لەسایەی ئەم بەشەرە پیسانەوە بوونی هەیە .
جارێکی تر نادیە شانازیی بۆ ئێمە وەک نەتەوە گێڕایەوە و مەسعود بارزانیش لە سایەی مەهاباد قەرەداغی و سەرۆ قادرو ڕێبوار وەلی میتباز و هێمن هەورامی عافیە قەشمەر گۆڵێکی تری لێکرا و نۆبڵەکەی کە لە خەونی منداڵ دەچوو بوو بە هەڵم.باشتر وەرینەگرت، چونکە دەبوو ژنەکەی لەگەڵ خۆی ببردایە هەڵبەت ئەوەشی نەدەکرد، ئاخۆ چی ڕووی دەدا؟ رەنگە ژنە نوێنەری حکومەتی هەرێمی لە ئیتالیا لەگەڵ خۆیدا ببردایە، بیگوتانە ئەم ژنەم بە وەکالەتی ژنە ئەسلییەکەم هێناوە تا کورسییە بەتاڵەکەی ئاهەنگی نۆبلی پێ پڕبکەمەوە و ئابڕو وحەیام نەچێت، ئیتر خۆتان لەو شانۆگەرییە بڕوانن کە کارەکتەکەکەی مەسعود بارزانییە چۆن دەبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە