ڕۆژی(10) ی ئۆکتۆبەر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانە

Friday, 12/10/2018, 10:56

3426 بینراوە


هاوپەیمانی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان ساڵی(٢٠٠٢) بەفەرمی دامەزرا، ساڵی(٢٠٠٣) ڕۆژی(10) ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانی دەستنیشانکرد. ئەو دەستپێشخەرییە وایکرد یەکیەتی ئەوروپا لەساڵی(٢٠٠٧) دا بڕیاربدا ڕۆژی(10) ی ئۆکتۆبەر ببێتە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە یەکیەتی ئەوروپا.
لە ساڵانی(١٩٧٦- ١٩٧٧) بەگشتی(16) ووڵاتی ئەوروپا سزای لەسێدارەدانیان بە یەکجاری لە ووڵاتەکانیاندا هەڵگرت، واتە لە ڕووی یاسایی شتێک نەما بەناوی سزای لەسێدارەدان بۆ سەرجەم تاوانەکان لەو ووڵاتانەدا.
 لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەیان ووڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان نەهێشت، لە ناویاندا(104) ووڵات بە شێوەیەکی یەکجاری بۆ هەموو تاوانەکان سزاکەیان هەڵگرت، (30) ووڵاتیش جیبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندەوە، (7) ووڵاتیش سزاکەیان بۆ چەند تاوانێک هەڵوەشاندەوە، لە(57) ووڵاتیش سزاکە تا ئێستا بەکاردێت، (29) ووڵاتیش سزاکە جێبەجێدەکەن.
زۆربەی سزاکانی لەسێدارەدان ئێستا لە ئاستی جیهان لە پێنچ ووڵات جێبەجێدەکرێت ئەو ووڵاتانە بریتین لە: 
چین، ئێران، سعودیە، عیڕاق، پاکستان
لە ماوەی(١٠) ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدان لەو پێنچ ووڵاتە بەمشێوەیە بووە:
(چین-10190) (ئێران-4180)  (سعودیە- 985) (عیڕاق-792 ) (پاکستان-591)
 لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆربەی لەسێدارەدان هەر لەو پێنچ ووڵاتە جیبەجێکراون.
لەهەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی(2008 تا 2015) سزای لەسێدارەدان بەسەر کەس جێبەجێنەکراوە،بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی(2015) سێ کەس لە یەک خێزان پیاوێک و دوو خێزانەکەی واتە هاوژینەکەی لەسێدارەدران، هەروەها شەوی 10 لەسەر 11 ی مانگی دیسێمبەری ساڵی(2016) بکوژی مینای تەمەن هەژدە مانگ کە ناوی(عەبدوڵا حسێن) بوو لەسێدارەدرا. بەپێی زانیارییەکان لەهەرێمی کوردستان، لە ساڵی (2017) دا(٣٤) کەس سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەگشتی(253) کەس لە ناویاندا(20) ژن، بەپێی یاسا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەبەندیخانەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێ، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) تەنیا ئەو چوار کەسەی ئاماژەمان پێکرد لەسێدارەدراون.
لە عیڕاق لەماوەی(10) ساڵدا بەگشتی(1808) کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەو ژمارەیە(729) کەس لەسێدارەدراون.
سزای لەسێدارەدان واتە لێسەندنەوەی ژیان، بەڵام لێسەندنەوەی ژیان زۆر جۆری هەیە لە دەرەوەی بەندیخانەکان بەبێ تێپەڕبوون بە قۆناغ و ڕێچکە یاساییەکان جار هەیە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی، جاریش هەیە لەلایەن گرووپ و میلیشیای چەکدار بە هۆکاری سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی، ڕەگەزی، یان لەڕێگای بۆمبارانکردنی بەئەنقەست جێبەجێدەکرێت بۆ نموونە:
 ساڵی(٢٠١١) لە(١٧) ی شوبات و ڕۆژانی دوایی لە سلێمانی و شارۆچکەکانی تر ژمارەیەک خۆپیشاندەر درانە بەردەستڕێژی گولـلە بەلایەنی کەم(10) کەس بوونە قوربانی.
 لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ساڵی(٢٠١٣) ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی بەرەی نوسڕە و هاوشێوەکانی لە سوریا لە ناوچەی تەلعەران و تەلحاسڵ(27) کوردیان کۆمەڵکوژکرد، دواتر زۆر شوێنیان داگیرکرد زۆر کەسی بێتاوانیان ڕفاند و سەربڕی و تیرۆرکرد، بەتایبەتی بەرامبەر بە کوردەکان تاوانی زۆریان ئەنجامدا.
سەرەتای مانگی ئابی(2014) دوایئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شەنگال و کۆجۆی داگیرکرد ئیعدامی بە کۆمەڵی ئەنجامدا بەتایبەتی لە کۆجۆ، بەهەمانشێوە لە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی کە داگیریکرد، هەروەها چارەنووسی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کەوتنە دەست داعش کە لە شارۆچکەی حەویجە لە ناوبازاڕدا سواڕاندیانن تائێستا چارەنووسیان دیارنیە و نەگەڕانەوە ناو خێزانەکانیان.
لە بەرواری(13.04.2016) لە شارۆچکەی پێنجوێن ئیتڵاعاتی ئێران کەسایەتی ناسراوی پێنجوێن نیشتمانپەرەوەر(کەمال شێخ سادە) و وەستا(سەدیق ساڵیئاوایی) تیرۆرکرد.
شەوی ١٧ لەسەر ١٨ ی مانگی(تەمووز) ی ٢٠١٨( ئیقباڵ مورادی) لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی تیرۆرکرا، ناوبراو باوکی زیندانی سیاسی کورد(زانیار مورادی) و مامی زیندانی سیاسی کورد(لوقمان مورادی)یە.
ڕۆژی(08.09.2018) لە ئەنجامی موشەکبارانکردنی شارۆچکەی کۆیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە(16) کەس شەهید و (50) کەسی تریش برینداربوون. موشەکبارانکردنی شارۆچکەی کۆیە لەلایەن ئێرانەوە هاوکاتبوو لەگەڵ لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی کورد(ڕامین حسێن پەناهی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی) کە(٨)ی سێپتێمبەر لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە ئێران لەسێدارەداران، ڕۆژانی دواتر زیندانی سیاسی کورد(کەمال ئەحمەد) و دوو پێشمەرگەی(حدکا) کە بەدیل گیرابوون لە ئێران لەسێدارەدران.
ڕۆژی(25.09.2018) لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی(لوقمان شەهابی) کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە نیشتەجێی دەربەندیخانە لەبەردەم ماڵەکەیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێکرا و هەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەسەختی بریندارکرا. 
   ئەشکەنجەی دژوار جار هەیە دەبێتە هۆی کوشتنی زیندانیان، هەروەها زۆرجار چارەسەرنەکردن و دابین نەکردنی دەرفەتی چارەسەری پزیشکی دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی زیندانیان. کوشتنی کۆڵبەرانی سەرسنوری نێوان ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان، یان کۆڵبەرانی نێوان سنوری باشور و باکوری کوردستان بەهەمان شێوە دەتوانین ناوی بنێین ئیعدام، ئەوانە چەند نموونەیەکن لەسەر ئیعدامی جۆراوجۆر.
لە عیڕاق لە شاری(بەسرە- بصرە) ی باشوری عیڕاق لە ئەنجامی سەرهەڵدانەکانی ناوەڕاستی مانگی تەمووز لەو شارە(12) کەس لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیڕاق لەو شارە کوژران و دەیان کەسی تریش بریندارکران و سەدانی تریش دەستگیرکران. 
لەشاری سەماوە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی عیڕاق لە(15) ی تەمووز چوار خۆپیشاندەریان کوشت کە ناوەکانیان بەمشێوەیە:
(وەلید حەمید، ئەحمەد ڕازی، حسێن دەخیل) بە فیشەک کوژران، هەروەها هێزەکانی عیڕاق لە سەماوە بە ئۆتۆمۆبێلی جۆری هەمەر خۆپیشاندەر (عەلی قاسم) یان شێلا بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا. 
لە شارەکانی بەغدا و بەسرە بەگشتی چوار ژن تیرۆرکران کە ناوەکانیان بەمشێویە:
سوعاد حەبیب ئەلعەلي- چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە شاری بەسرە، تارا فارس شەمعون- نمایشکاری جل و بەرگ، د.ڕەفیف ئەلیاسری- ناوندی جوانکاری، د.ڕەشا ئەلحەسەن- ناوەندی جوانکاری.
لەگرتووخانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا شێوازێکی تری ئیعدام پەیڕەو دەکرێ دەتوانین ناوی بنێین مردنی هێواش کە بریتیە لە بێبەشکردنی زیندانیانی سیاسی لە بینینی ڕۆژ واتە بێبەشبوونیان لە تیشکی خۆر، بەردەوامبوونی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی وەک ئەوەی ماوەی بیست ساڵە بەرامبەر بە سەرکردە و ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان(عەبدوڵا ئۆجەلان) پەیڕەو دەکرێ، هەروەها چارەسەر نەکردنی زیندانیانی سیاسی نەخۆش کە کێشەی تەندروستیان هەیە، بێبەش دەکرێن لەچارەسەری پزیشکی هەتا مردن، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنجامی ئەشکەنجەی دژوار جارهەبووە زیندانی سیاسی گیانی لەدەستداوە.
  بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبورنی نێودەوڵەتی لە ساڵی(٢٠١٦) دا بەگشتی(١٠٣٢) کەس و لە ساڵی(٢٠١٧) دا بەگشتی(٩٣٣) کەس لە(٢٣) ووڵاتی جیاواز لەسێدارەدراون.
وەک ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) پێمانوایە ژمارەی لەسێدارەدان لەسەر ئاستی جیهان زۆر زیاترە لەوەی کە ڕاگەیەندراوە، چونکە ئەو ووڵاتانەی خەڵک ئیعدام دەکەن مەرج نیە هەموو لەسێدارەدانێک ڕابگەیەنن.
ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) داوادەکات سزای لەسێدارەدان لەهەرێمی کوردستان و عیڕاق و جیهان نەمێنێت و ڕۆژی (10) ی ئۆکتۆبەر بەکردار ببێتە ڕۆژی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان و عیڕاق و سەرتاسەری جیهان...

ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە)
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان
10ی ئۆکتۆبەری 2018

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە