ڕوسیا، دەڵێت "ئەمریکا پلانی کێشانی نەخشەی کوردستانی گەورەی هەیە"!

Saturday, 13/10/2018, 8:34

13427 بینراوە


ململانێ زلهێزەکان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەموو ئاستێکدا دەبیندرێت. لەسەر ئاستی سیاسی و گفتوگۆ، دژە لێدوان لە میدیاکاندا، چوونە نێو دژە هاوپەیمانیەتیی، ڕاگرتنی سوپاکانیان بەرامبەر بە یەک، دروست کردنی گروپ و میلیشیا، سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووریی و سەربازیی بەسەر دژە لایەن، وەک ئابڵوقەی ئابووریی سەر ئیران  و دژایەتیکردنی ئابووریی تورکیا. هەروها تێکدانی ڕێککەوتنەکانی دژە بەرە وەک ڕێککەوتنی سوچی، تا دەگات بە قوڵکردنەوەی ناکۆکیی نێوان وڵاتانی ناوچەکەی وەک تورکیا، ئیمارات، قەتەر، سعودیە و میسر، تازەترین نمونە، مەسەلەی جەمال خاشەقچییە.
خاشەقچی، میلیاردێر، دید و بۆچوونی ڕەخنەگرانەی دژ بە سیستەمیی حوکمڕانی سعودیە لە واشینگتۆن پۆست بڵاودەکردەوە. لە ڕابردوودا،  لێپرسراوی دەزگایی هەواڵگریی سعودی بوو. ساڵی پار بە دوورخستنەوەی هەڵبژاردە ڕووی  لە ئەمریکا کرد و لە هەرێمی ڤێرجینیا نیشتەجێ بوو.  هاوسەری چوار ژنە، یەکێکە لە لایەنگرانی ئیخوان و ئەو گروپە چەکدارانەی کە سەر بە تورکیان و هەنوک ئەدیلیبی سوریایان لەژێر کۆنتڕۆڵ دایە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە خاشەقچی لەو کاتەدا سەفەری تورکیای کردوە، کە ئەردوغان خەریکی جێ بەجێ کردنی ڕێککەوتنی سوچیە و پەیمانی بە ڕوسیا داوە کە تا ١٥/١٠/٢٠١٨ گروپە چەکدارەکانی کە سەربەخۆیانن لە ئەدلیب خۆیان هەڵبوەشێنەوە! ئەو گروپانە ئەوانەن  کە خاشەقچی پشتیوانیان لێ دەکات و لە هەموو چاوپێکەوتنێکدا وەک شۆڕشگێر پێناسەیان دەکات! 
خاشەقچی لە ٢/١٠/٢٠١٨دا لە ئەستەنبۆل بۆ ئامادەکاری کردن بۆ هاوسەرگەری بەستن لەگەل خانمێکی تورکیی بە ناوی "خەدیجە" کە ئەندامێکی باڵای پارتەکەی ئەردوغانە! ڕوو لە کۆنسڵخانەی سعودیە دەکات، کۆتا دیتنی جەمال خاشەقچی ئەو کاتە بووە کە چۆتە نێو کونسڵخانەی سعودیە! بە شاهێدی "خەدیجەی" هاورێی ئەردوغان!  ئەم بابەتە ئەمڕۆ بووە بە دروستکردنی مشتومڕ لە نێوان میسر، قەتەر، ئیمارات بە تایبەتی لە نێوان سعودیە و  تورکیا و ئەمریکا!


کوردستانیش یەکێکە لە وڵاتانی ناوچەکە کە ناتەبایی زلهێزەکان کاردانەوەی هەبووە لەسەر جوڵانەوە سیاسیی و چەکدارییەکانی و نەکردنەوەی گرێکوێرەی پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی. هەنوکە، بزوتنەوەی ڕزگاریی لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆتە سەرچاوەی مەترسی و نیگەرانیی بۆ ڕوسیا، ئیران، تورکیا و گەلێک وڵاتی دیکە. خۆڕاگریی و بەرەنگاریکردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین لە سەرەتای ئەم ساڵدا، ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکان، نەچوونە ژێر ڕکێفی سوپای سوریا، پەروەردەی ڕاستی جەماوەر، یەکگرتنی جوڵانەوەی میللی و بەسترانەوەی بە هێزی چەکدار و سیاسی یەپەگە و پەیەدە، هەموو ئەمانە و بە سەدان هەڵوێستی ئازایانەی دیکەی وەک بەرەنگاریکردن لە کۆبانێ، هۆکاری بوونی گەلێک تایبەتمەندی جوانن کە سیما و خەسڵەتی سروشتی جوڵانەوەی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕازاندۆتەوە، هەرچەندە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان و سنووری جوگرافیادا بچووکترین پارچەی کوردستانە، کە بۆ ماوەیەکی درێژی مێژوویش بێ دەنگ و مات و خامۆش بوو!
هەڵبەتە زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکەش ئەم ڕاستییانە دەبینن. لەو دیدەوە مەترسی بوونی دەنگێکی زوڵالی لەم جۆرە بۆتە هۆکاری سەرەکیی نیگەرانی دیمەشق، تاران، ئەنقەرە و بەغداد. لە ئاکامدا لە هاوكێشە سیاسیەکاندا و لە بەستنی هاوپەیمانییەتی لە نێوان زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکەدا، دژایەتیکردنی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا بووە بە خاڵی مەرج، بە تایبەتی لەلایەن ئیران و تورکیاوە. 
ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو دەیسەلمێنێت، کە ڕوسیا بە تایبەتی دوای جەنگی دژ بە داعش،  لە سەنگەری دژ بە میللەتی کوردە، بگرە لە پشتیوانی کردنی لە مانەوەی ئەسەد، لە بەجێهێشتنی شاری عەفرین بۆ تورکیا، چوونە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئیران و تورکیا تا دەگات بە سەدان هەڵوێستی دیکە کە دژ بە بزوتنەوەی ڕزگاریی میللەتی کورد بووە. 
مۆسکۆ، ڕاستەوخۆ شەڕی کوردی نەکردوە، بەڵام هاندەری دوژمنەکانی بووە، ڕیگەی بۆ خۆش کردون و کار ئاسانی بۆ کردون بۆ ئەوەی سوپاکانیان هەڵکوتێتە سەر کوردستان، هەروها ئەو درێخی نەکردوە لە دروست کردنی میلیشیا لە ناوچەکە و بەکارهێنانیان دژ بە هێزی چەکداری کورد، بۆ یەکلایی کردنەوەی هێڕش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیران و تورکیا بۆ سەر کوردستان، وێرای ئەوەش ڕوسیا ڕۆڵی خراپتری هەبووە بەرامبەر بە کورد، وەک ئاگر خۆش کردن 

بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە ئەردوغانی پێ دەمارگیر بکات و هانی بدات بۆ ئەوەی سوپاکەی هەڵکوتێتە سەر ژن و منداڵی کوردان وەک ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا.  لە سەرەتای ٢٠١٨دا مۆسکۆ دژ بە هەڵوێستی  ئەمریکا وەستا  لە دروست کردن سوپایەکی ٣٠هەزار کەسی لە باکووری سوریا، نیشتجێکردنی ئەو سوپایە، بە درێژایی سنووری نێوان سوریا و تورکیا و عیراق. لە میانی کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩/١/٢٠١٨دا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئار- تی، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەڤارۆڤ، گوتی" ڕۆڵی ئەمریکا، لە باکووری سوریا، هۆکاری سەڕەکییە لە سەرهەڵدانی کارەسات و ئاڵۆزکردنی کێشەکان لە نێوان "تورکیا و کورد. ئەمریکا، خەریکی گۆڕانکارییە لە ناوچەکە، لە ڕاستییدا، هێزەکانی ئەمریکا، کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەلتەرناتیڤی حکومەتی سوریا دروست بکەن. لە سوریا، ئەمریکا هەڵوێستەکانی دژ بە یەکن، ئەمە سیمایەکی تایبەتی سیاسەتی نوێی ئەمریکایە، تا دەگات بەو هۆیانەی کە لە سوریا بڕیاری مانەوە دەدات".
لەڤارۆڤ، ئێستا دووبارە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەمان کەناڵی ئار-تی، دژ بە کورد کەوتۆتە خوێندن، هەوڵدەدا و ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دووبارە تورکیا و ئیران بڕیاری لەشکرکێشی بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەربکەن و ژن و منداڵ و پەککەوتە بکوژن. لەڤارۆڤ لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا دەڵێت 
" لە سوریا ئەمریکا یارییەکی مەترسیدار دەکات، ئەویش ئەوەیە کە هەوڵدەدا بۆ بە یەک پارچەکردنی کوردستان. ئەمریکا، فرەنسا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نایەنەوێت بار و دۆخ ئاسایی بکەنەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریایە، تا ئەو کاتەی بۆیان پرۆسەیەکی سیاسی دڵنییاکەرەوە نەبێت. هێزەکانی ئەمریکا، بەجدی کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەلتەرناتیڤی حکومەتی سوریا دروست بکەن لە ڕۆژهەڵاتی فورات و هەوڵدەدەن ئاوارەکان ڕوو لەو ناوچانە بکەن.  پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی دەبێت چاوەرێبکرێت کە پرۆسەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە سەرهەڵبدات، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکایە؟ بۆ ئەو پرسیارە تەنیا یەک وەڵام هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پلانێکی مەترسیدار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێی لەو ناوچەیەدا هەیە و ئینجا گرێدانی بە باشووری کوردستان و سەرکەوتنی بیرۆکەی ئەوەی پێ دەگوترێت "یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە". 
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوتریت کە گرنگ نییە لەڤارۆڤی ئاگر خۆشکەرە، بۆچوون و ڕای دەربارەی ئەو پڕۆژەیە چییە و چی دەکات و چۆن تورکیا و ئیران هان دەدا دژ بە میللەتی کورد و خەڵکی سیڤیل و ژن و منداڵ. هەنوکە گرنگ ئەوەیە ئەگەر پڕۆژەیەکی لەو جۆرە هەبێت، ئەمریکا بیخاتە بواری جێ بە جێ کردن،  بە دڵنیاییەوە ئەزموونی بەرەنگاریی بوونەوەی میللەتەکەمان لە ڕۆژئاوا سەلماندویەتی کە ئەوان ئامادەی قوربانی دانن بۆ سەرخستنی پلان و پڕۆژەیەکی لەو جۆرە و دیاری کردنی سنووری کوردستانی گەورە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە