ناوی گەورە و شاری وێران (( فێستیڤاڵ بەڕێوە دەبەین نە سینەمامان هەیە نە بەرهەم))

Monday, 10.15.2018, 23:14

1771 بینراوە


لەم سەدەیە دا سینەما و ڕاگەیاندن بوونەتە چەک، چەکی ئابووری ، چەکی سیاسی و چەکی ...
کورد لە کوردستانی باشوور چۆن لەم چەکە دەڕوانێ و تا چەند کەڵکی پێویستی لێوەرگرتووە؟ تا چەند لە گرینگی سینەما و ڕاگەیاندن تێگەیشتووە و ئێستا لە چ قۆناغێک داین؟
ئەوانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە لە لای تاکی دەسەڵاتداری کورد بێوەڵام ماونەتەوە. ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری سینەمایی بە هەزینە و تێچوویەکی زۆرەوە لە چەند شارێکی کوردستانی باشوور بەڕێوە دەچێ، بەڵام نە دەسەڵات ویستوویەتی پشتی سینەماکارانی کورد بگرێ و نە فێستیڤاڵەکان بوونەتە هۆکار بۆ بەرهەم هێنانی فیلمی کوردی و خۆماڵی.
زۆر و بۆر قازانجی نییە ،یەک فێستیڤاڵی ساڵانە لە یەک شاری کوردستان بەسە بۆ ئەوەی سینەماکاران و هونەرمەندان هان بدا کار و ئیشی سینەمایی کوردی بکەن، فێستیڤاڵێکی بەهێز لە چەشنی کەنی فەڕانسە، هالیوودی ئەمریکا یا لانی کەم ڤێنیزی ئیتالیا.
بایەخ دان بە فیلمی بیانی و ئەکتەری غەیرە کورد بە داخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکان پێیان وایە ئەگەر فەڕشی سووریان بۆ ئەکتەرێکی ئێرانی و فارس یا تورک و عەڕەب ڕاخست، ئەوە نیشانەی پێشکەوتنی سینەمای کوردییە.
ئەرکی دڵسۆزانی سینەمای کوردییە کە ئەو چەشنە فێستیڤاڵانە کە زیاتر وەک پێشانگای ئەکتەرە غەیرە کوردەکان دەچێ، بایکۆت بکەن . 
ئایا بۆ کەس ناپرسێتەوە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی چەندین ساڵە لە کوردستان بەڕێوە دەچێ، ئەدی کوا فیلم و سینەمای کوردی گەیشتۆتە کوێ؟ کوا چەند کورتە فیلم و فیلمی سینەماییتان بەرهەم هێناوە کە بتوانێ لە فێستیڤاڵە جیهانیەکان دا بەشداری بکا و دەنگ و ڕەنگی کورد بە دونیا بناسێنێ؟
دەرهێنەرانی سینەمای کوردی ، کوا چەند ئەستێرەی سینەمایی کوردیتان دروست کردووە؟ تەنانەت ئەوانەی هەشن خەریکن دەیان ڕووخێنن.
کەڵک وەرگرتن لە ئەکتەری سینەمای فارس و تورک و عەڕەب خزمەت بە سینەمای کوردی نییە.
فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەبوو بایەخی بە فیلمسازانی کوردی چوار پارچەی کوردستان دابایە ، ئەو جار بە سینەماکارانی بیانی.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم بە داخەوە ئێمە فێستیڤاڵی سینەماییمان نییە، پێشانگای نمایش کردنی ئەکتەری غەیرە کوردە و ناوی فێستیڤاڵی خراوەتە سەر.

سینەماکاری کورد لەیلا مەجیدی





(دەنگدراوە: 1)