١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت لە ناو خیانەت

Thursday, 18/10/2018, 7:18

6775 بینراوە


میللەتی کورد بە تەواوی دەست و پەنجەی ڕاهاتوە لە گەڵ خیانەت و خیانەتکاریەکانی ئەم حیزبانە، بەزمی خیانەت هێندە زۆرو ئاسایبوە  لە ناو کوردا کە لە پاش هەرخیانەتێکدا بە چەن ساڵیک شانازی دەکەن بە دەسکەوتی خیانەتەکانیەوە، پارتی سەرەتا هەرکەس ناوی خیانەتی ٣١ی ئاپی بهێنایە یان سەرونگومیان ئەکرد یانیش گەشتێکی دۆزەخیان پێی ئەکرد و بە کەمئەندامیەوە ئەیانگەڕاندەوە، بەڵام ئێستا بە شانازیەوە باسی دەکەن و دەڵین گرنگ ئەو دەرەنجامەبوو کە یەکێتی وەدەرنراو هەولێر زەرد پۆشکرا، چونکە بەرامبەرەکەیان کە کوردە لە حیزبی بەعس زیاتر بە دوژمنی خۆیان دانابوو.
ئەوەی بەلای ئەمانەوە گرنگە تەنها و تەنها ئەوەیە چۆن چۆک بە بەرامبەرەکانیان دابنێن ئەگەر بە هەر ڕێگەیەکی نائەخلاقیش بێت، ئەوەی گرنگە چۆن زۆرترین داگیرکاری بکەن و خاک و خۆڵی ئەم نیشتیمانە بفرۆشن، چۆن بتوانن ببنە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، چۆن بتوانن چاوترسێن و بێدەنگی هەموو ئازادیخوازێک بکەن بۆ ئەوەی دەنگێک نەمێنێت بەرامبەر تاڵانی و تیرۆرەکانیان، ئەو سیاسەتەی بۆگەنەی ئەمانە پەیڕەوی دەکەن هەرگیز ماکیاڤیلیش درکی بیری بۆی نەچوە. 
خیانەت هەرچیەک و هەرچۆنێک بێت پەڵەیەکی ڕەشی قێزەون و لە بیرنەکراوە و هەرگیز کۆن نابێت، ئەمانە ئەوەندە خیانەتیان کردوە و شارەزاییان لێی پەیداکردوە بەڵکو داهێنانیشی تێدا دەکەن، خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر لە فلێمێک ئەچێت کە کەمژەیەکی نەزان سیناریۆی بۆ دارشتبێ، لە ماوەی شەو رۆژێکدا کەرکوک و دوزخورماتو و خانەقین تەسلیمی حەشدی شەعبی و جەیشی عێراق کرا، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک پێشمەرگەی بێئاگایان لە کەرکوک بە کوشتدا ئەمە تەنها لە پێناو چاوی ڕاگەیاندنەکان بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە بەرگریمان کردوە و شەهیدمان داوە. ١٦ ئۆکتۆبەر تاکە خیانەت نەبوو لە کەرکوک بەڵکو لە دوای روخاندنی رژێمی بەعسەوە یەکێتی پارتی بە جوتە خیانەتی گەورەو بچوک ئەکەن لەو شارە، ئەدی دزینی نەوت خیانەت نیە! تیرۆر و ترس و تۆقان خیانەت نیە! داگیرکردنی مڵک و ماڵی خەلک خیانەت نیە!  
ئەم دوو حیزبە بێ ئەخلاقە ئەوەندە گەندەڵی و دزی بێئەخلاقیان کرد لە کەرکوک هەموو خەڵکە بەشمەینەت و حەق خوراوەکەی کەرکوک ئاواتی ئەوەیان ئەخواست کە ڕەگی ئەم حیزبانە لە شارە نەمێنێت، بۆیە ئێستاش دەبینین لە زۆر کەناڵ خەڵکانێک لە کەرکوک بە حاڵی ئێستایان گەڵیک خۆشحاڵترن هەتا ئەو کاتەی کە حوکمی شار بە دەستی مافیاکانی یەکێتی و پارتیەوە بوو، لە شارەکە دوو دەزگای ئاسایش هەبوو کە هیچکات خەمیان پاراستن و ئاسایشی شارەکە نەبوو بەڵکو بریتیبوون لە دوو دەزگای داپڵۆسێنەری حیزبی بۆ تیرۆرو چاوترساندنی نەیارەکانی حیزبەکانی خۆیان، خەڵک بە تەواوی بێزار ببوو، ئەم دوو دەزگایە بە بەرچاوی خەڵکەوە تەعەدایان لە هاو زمانی خۆیان دەکرد، لە ناو شاردا بە جلی کوردیەوە تاقم و تفەنگی تەواویان دەبەست و خۆیان بادەدا و چاوترسێنی خەڵکیان دەکرد، ئەم چەتەو مافیا بێئەخلاقانە هەرچی خیانەت و تیرۆروتاڵانی و داگیرکاری هەیە  لە پێناو خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندی خۆیان و مانەوەی کورسیەکانیان  کردویانە و ئەیکەن.
١٦ ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی ڕەشە بۆ هەمیشە بە نێوچەوانی بنەڵەماڵەی تاڵەبانیدا دەمێنێتەوە هەر وەک چۆن ٣١ ی ئاپ پەڵەکی پیس و گەڕی نێوچەوانی بنەماڵەی بەرزانیە.  لاهور و پاڤێڵ ئەندازیاری بە ئەم خیانەتە گەورەیە بوون، لاهور بەشێوەیەک پلانی ئەم خیانەتەی دانابوو کە هەر لە ناو ئەم روداوەدا تەسفیاتی هەندێک لە سەرکردەکانی خۆیانیش بکەن، ئەو سەرکردە دیارانەی کە زۆرترین کلکەلەقێیان بۆ ڕیفراندۆمەکەی مەسعود ئەکرد، چونکە ئەمانە ژمارەی پارتی بوون لە ناو دەستەی بڕیاردانی یەکێتیدا و مەلەف گەلێکی ئابڕوبەرانەی وەهایان لای پاراستنی پارتی هەیە کە هیچ کات ناتوانن لە هەر فەرمانێکی مەسعود و پارتەکەی دەرچن، بۆیە لاهور هێزێکی رەوانە کردبوو بۆ کوشتنی نەجمەدین کەریم و کۆسرەت رەسوڵ، بەڵام نەیانتوانی سەرکەوتووبن بە هەوڵی پارتی پلانەکە شکستی هێنا و کۆسرەت توانی رزگاری بێت و نەجمەدینیش هەر زوو ڕای کرد بۆ باوەشی گەرمی بەرزانی لە هەولێر، بەڵام نوکتەو پێکەنین لەوێدایە کە پاش ڕوداوەکە بە ئێستاشەوە ئەو سەرکردانە لە ترسی لاهور نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ باس لە پلان و هەوڵی کوشتنیان بکەن و ئاشکرای بکەن، هێندە نەبێت کۆسرەت بە سەرکزیەوە وتی ئۆباڵی ئەم کارەساتە لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی یە، بێئەوە جورئەتی ئەوەی هەبێت تەنانەت بە ئاماژەیەکیش بڵێت کێیە! وادیارە ئەم سەرەپاتاڵانەش ڤیدیۆی شەوانی سوریان کەوتۆتە دەست دەزگا جاسوسیەکەی لاهور، لەم حاڵەتەش بێگومان حیزی و سەلامەتی هەڵدەبژێرن.
ئێستاش کاڵفام و گەلحۆیەکی هەڵەشەی وەک لاهور بە هۆی ئەو دەزگا جاسوسی و تیرۆرەی لە بەردەستی دایە بە پراکتیکی بوەتە تاکە بڕیاری ناو یەکێتی و هاوکێشە سیاسیەکان لە ژێر فەرمانی ئەو یەک لایدەکرێنەوە، بۆیە هەر سەرکردەیەک نەچێتە ژێر باڵە ڕەشەکەی ئەو بە هەر شێوەیەک بێت چارەنوسی باش نابێت. 
ناشبێت ئەوەمان لە یادبچێت کە هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو خیانەتەو لە دەستدانی زیاد لە نیوەی خاکی کوردستان مەسعودی مەلا دارجگەرە بوو، لە کۆتایشدا وتە بێنرخەکەی وەبیری هەموان دەهێنمەوە  ˮئەگەر سەری نەگرت بڵێن ئەم کابرایە شێت بوە هەموو خەتای ئەو ئەو بوو، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە من سەرم لە سەری دا دابنێم و با خەڵکی تریش بۆ خۆی ئیدارەی خۆی بکات“.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە