چیرۆکی "لە خەوما"ی جەمیل سائیب

Saturday, 20/10/2018, 11:17

18753 بینراوە


1
چیرۆکى "لە خەوما"ى جەمیل سائیب لەبارەى پیاوێکە، کە خەونێکى ناخۆش دەبینێت: لە خەونیدا هەژار دەکەوێت، ئەوەش ناچارى دەکات بڕوات بۆ وڵاتێکى دی، تاکو لەوێ کارێک بدۆزێتەوە و خێزانەکەی لە مەینەتى ڕزگار بکات، لێ کاتێک بە پایتەختى ئەو وڵاتە دەگات، دەبێت بە شایەتى بەزمێکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى تاڵ.
هەژار لەتەک کاروانێکدا دەکەوێتە رێ و دواى ئەوەى کاروان پێ دەنێتە نێو سنوورى ئەو وڵاتەوە، تووشى تەگەرەى کوشندە دەبێت: جەردە ڕێى پێدەگرێت، لێ لەبەر ئەوەی کاروانچییەکان چەکدارن و بەرگرى لە خۆیان دەکەن، ئەوا جەردەکان ناتوانن زەفەریان پێبەرن. کاتێک کاروان دەگاتە کەنار شارى مەبەست، پاسەوانانى شار داوا لە کاروانچیەکان دەکەن پارەیان بدەنێ، لێ لەبەرئەوەى کابراى هەژار پارەى پێنابێت تاکو ئەویش وەک ئەوانی دی "سەرى خۆى بقەبڵێنێت"، ئەوا پاسەوانان تۆمەتى جاسووسیى دەدەنە پاڵ. سەرەنجام پاسەوانەکان لەسەر تکاى پیرەمێردێکى کاروانچى ڕێ بە هەژار دەدەن لەتەک کاروانچیەکاندا بڕوات لە خانێک بنوێت، هەروەها پیرەمێرد گفتیان پێدەدات، کە هەژار لەو خانە دەمێنێتەوە و ڕۆژى داهاتوو دەتوانن بێن بۆ لاى بەشکم "شتێکى لێ هەڵبکڕێنن".
کابراى هەژار بەم شێوەیە بە وڵاتى مەبەست دەگات. هەژار لە خانەکە، لە سووچێکى ئۆدەیەکدا شەکەت و برسى لەسەر تاجەواڵێکى کاروانچییەکان بە چیچکانەوە سەر دەنێتە سەر ئەژنۆى، لێ دەنگى گریان و کڕوزانەوە لە ماڵێکى دراوسێى خانەکەوە خەوی لێ دەزڕێنن. هەژار دەیەوێت بزانێت هۆى ئەو شیوەن و گریانە چییە، بۆ ئەو مەبەستەش دەچێتە دەرەوە و لە خانچییەکە دەپرسێت، لێ کابراى خانچى زۆر بە ساردى وەڵامى دەداتەوە: "ئەوە هیچێکى وا نیە ئەو ژن و منداڵانە مێرد و باوکیان کوژراوە" (لا 35). هەژارى غەریب شتى واى نەبینیوە و نەبیستووە، لێ ڕەوشی بەو چەشنە لەو وڵاتەدا دیاردەیەکى ئاساییە، هەر بۆیە کابرای خانچی کوشتنی مرۆڤ بە شتێکی ئاسایی دەزانێت. ئاخر، وەک ئەو دەبێژێت، "شەو و رۆژى سەد شتى وا لێرە ئەقەومێ" (لا 36).
کەمێک پاش ئەو ڕووداوە کابرای هەژار هەوڵ دەدات بنوێت، لێ هەست دەکات خەوی لێ زڕاوە. هێندە ناخایەنێت سەرلەنوێ لەو دیو خانەکەوە تەقەی تفەنگ و هەرا و زەنا، شیوەن و گریانی ژن و منداڵ دەستپێدەکەنەوە. کابرای هەژار ئەم جارەش خۆی پێ ناگیرێت و لە خانچییەکە دەپرسێت، داخۆ ئەم جارە چی قەومابێت، لێ خانچی ئەم جارە تووڕە دەبێت: "چوزانم پیاو ئەگەر من بۆ ئەمانە جوابى تۆ بدەمەوە ئەبێ خەریکى هیچى تر نەبم هەر جوابت بدەمەوە، شەو و رۆژى سەد شتى وا لێرە ئەقەومێ، وتم ئاخر خاڵۆ تۆ عاجز مەبە انسان لەمانە دڵى ئەبێ بە ئاو، چۆن ناپرسێ، وتى ئاخر تۆ شتى وات نەدیوە بۆیە وا بۆ هەموو شتێک ئەپرسى، هێشتا ڕانەهاتوویت، ئەوە ساحێبى ئەم ماڵە نازانم لەسەر جاسوسى و ماسوسى گیراوە و فەلاقەیەکى زۆر کراوە و لە پاشان داواى جەزایەکى زۆریان لـێ کردووە، ئەویش پارەى نەبووە بیدا ماڵەکەیان فرۆشتوە، ئەویش بەشى جەزاکەى نەکرد، ئێستاش هەروا حەپسە، کەچى ئەوا فەقیرە دز هاتۆتە سەر ماڵەکەشى، ئەو تۆزە پڕ و پیتەشیان کە ماوە هەڵبەت بردوویانە، وا تفەنگیشیان پێوە ئەنێن، ئێستا منداڵێکیشى نەکوژرا بێت هەر چاکە. وتم ئەرێ ئەم هەموو جاسوسە چیە لێرە هەیە؟ کابراى خانچى سەرێکى لێ لەقاندم و سەیرێکى فصالى کردم و تۆزێک پێکەنى و وتى: ئاى باوکم ئەمە نەخۆشیەکە هەموو کەس ئەبێ بیگرێ، تۆ غەریبى هێشتا ئەمەت نەدیوە، بەڵام چاوت نەفڕێ تۆش ئەیبینى..."  (لا 36).
هەژارى غەریب ئەوها یەکەم شەوى لە پایتەختى ئەو وڵاتە بەسەر دەبات. بەرەبەیان سێ تفەنگبەشان لە پاسەوانانى ئێوارەى ڕابوردوو خۆیان بە خانەکەدا دەکەن و دەپرسن: "... کوانێ کابراى جاسووسەکە". پیرەمێردە کاروانچییەکە سەرلەنوێ بۆى دەپاڕێتەوە، کاروانچییەکانى دیکەش بۆى تێدەکەون، لێ هەوڵەکانیان بێسوودن. چەکدارەکان بە قۆناغە تفەنگ هەڵى دەستێنن و وەک جاسووسێکى دیلکراو پێش خۆیانى دەدەن. کابراى هەژار بانگەوازى "رەحم و موسڵمانەتی"یان دەکات، لێ ئەم جۆرە وشانە بە مێشکى ئەواندا ناچن. ئێستا کابرای هەژار لەنێو کۆڵانەکان و بازاڕدا ژیانى خەڵکانى ئەو وڵاتە نزیکتر دەبینێت: هەندێکیان بەزەییان پێیدا دێتەوە، هەندێکى دى پێى ڕادەبوێرن. لەنێو شاردا هاوکات کەسانى ئەوتۆى تێدان، کە مرۆڤ هەر بە بینینیان ترس دەیگرێت: "هەر یەکە دە دوانزە چەفتە و مشکى و جامانەى ڕەنگاو ڕەنگیان تێک ئاڵاندووە و بە سەریانەوە بەستوە هەر یەکە بەقەدەر بەرداشێ، چوار ڕیز و پێنج ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو، خەنجەر و دەمانچەیان کردبو بە قەدیانا، هەروا خوێن لە ناوچەوانیان ئەبارى" (لا 37).
کابراى هەژار سەرەنجام لە ئۆدەیەکی ماڵى حوکمدارى ئەو وڵاتەدا دەگیرسێتەوە تاکو حوکمدار لێى بپرسێتەوە. لێ دەسەڵاتداران هێندە هۆشقاڵى ژیانى کەسیى خۆیان و کێشەى سیاسین، کە ئیدی هەژاریان بە تەنیا لەو ئۆدەیەدا لەبیردەچێتەوە. ئۆدەکە چەند پەنجەرەیەکی تێدایە کە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنن ببێت بە شایەتی سەرجەم کێشەی سیاسیی ئەو وڵاتە و هاوکات بۆی دەربکەوێت کە دەسەڵاتدارانی ئەوێ چە ئەقڵییەتێکیان هەیە و چەند بەدڕەوشتن.
لە چەند پەنجەرەیەکەوە، کە دەڕواننە سەر ئۆدەی ژنى حوکمدار، کابرای هەژار دەبیستێت، کە چۆن ئەم ژنە تەنیا هۆشقاڵى ڕووى دەرەوەى خۆیەتى، لێ بە پۆشاک و خشڵى خۆى کە مێردەکەى بۆى کڕیون، تێر نابێت، بەڵکو هاوکات سامانى ئەم یان ئەو ژنى دەوڵەمەندى شار داگیر دەکات. ئەوجا هەژار لە چەند پەنجەرەیەکى دیکەى نزمترى بەرانبەرەوە کە دەڕواننە سەر دیوەخانى حوکمدار، دەبینێت و دەبیستێت کە چۆن حوکمدار لەنێو دیوەخانەکەیدا دەسەڵات دەنوێنێت. کەسانی جیاواز کە خۆیان بە نوێنەرى گەل دەزانن، پۆل پۆل دێن بۆ لای حوکمدار و لە ڕوانگەی خۆیانەوە پێشنیاری بۆ دەکەن کە چۆن وڵاتەکەیان لە مەینەتی ڕزگاری دەبێت. سەرەتا چەند عولەمایەکى ئایین دێن بۆ دیوەخانی حوکمدار، لێ پێش ئەوەی دەم هەڵبهێننەوە، حوکمدار خۆی هەڵوێستى بۆ ئەوان و پیاوانى دەورى دیارى دەکات:
"من ئەمە چەند ساڵە هەوڵ و تەقەلا ئەدەم، بریندارى و حەپسى و رەزالەتم کێشا، ئەنواعى مصيبت و مەرامەتم چێشت، دەستم لەسەر و ماڵى خۆم شت، هاتم تێکۆشام وتم بەڵکو ئەم میللەتە بۆ خۆى هەناسەیەکى رەحەتى هەڵکێشێت سەربەست و ئازایانە بۆ خۆمان بژین و دەستى بێگانەمان بەسەرەوە نەبێ، ئێمەیش وەکو ئەم میللەتانەى تر بکەوینە رەحەتى و خۆشى و زیادى و گەورەیى، دەوڵەمەند و سەربەرز بین، دینەکەمان بەرز بێتەوە، چەند جار چووم بەگژ ئینگلیزدا، لەگەڵ تورکدا تێک چووم، تەشەبوسم بە رووسیە و بوڵشەویک کرد، چەند خوێنمان ڕشت، من ئەمانەم هیچیان بۆ خۆم نەکردووە، هەموویانم بۆ ئەم دین و میللەتە کردووە (...). کەچى لەگەڵ ئەم هەموو ئەحوالانەدا، ئەوەتا هەموومان ئەبینین، بەشێکى زۆر لەم میللەتە لایان داوە لە من و چوون شوێن غەیرەدین کەوتوون، رۆیشتوون بۆ وڵاتان خزمەتى فکرى ئەوان ئەکەن، هەموو ماڵ و حاڵ و ژنیان بەجێ هێشتووە لێرە و خۆیان لە وڵاتان بەدیار غەیرە دینەوە دانیشتوون و ئێمە واین لەم حاڵ و رەزالەتەدا، عەسکەر و مامور و عولەماکان هەموو احتیاج و بێ ادارە ماونەتەوە، ئاخۆ فتواى شەرعى بۆ ئەمانە چۆنە؟" (لا 51 بەدواوە).
لێ حوکمدار جارێ کێشەیەکى گرنگى دیکەى وەک پرسیار بۆ پیاوانى ئایین پێماوە:
"... وەکو پێم وتن ئێمە ئەمە هەمووى لە ڕێى دینى ئیسلامدا ئەکەین، ئێستا غەیرى ئەوانەى کەوا ڕۆیشتوون و لەم لا و لا خزمەتى غەیرە دین ئەکەن، بعضيك کەسى تر هەیە لەناو خۆماندا لەوان زیاتر خەریکى مەحوى دینن، بە هەموو نەوعێک بۆ نەمانى ئێمە و ئەم حاڵە (کە هەموو بۆ دینى ئەکەین) هەوڵ ئەدەن و جاسوسى بۆ غەیرە دین ئەکەن و لەجیاتى تەلقینى اهالیەکە هەر خەریکى کفرکردن و گاڵتە بە مشایخ و علماى محترمن. ئەمانە ئەگەر هەروا بمێنن، ئەمینم کە بەرە بەرە ئەم تۆزە دینە کەوا ئێمە هەوڵ بۆ زیادى ئەدەین بە جارێک مەحوى ئەکەنەوە، ئێمەیش و عولەماى میللەتەکەش (جاروبار بۆ قوەتى قسەکانى خۆى وەکو خوێى چێشت ناوى عولەماکانى تێ ئەخست) ئەفەوتێن، ئەم نەوعە اشخاصه مضرانه بە ناوى دینەوە فەوتاندیان لەسەر ئێمە واجب و لازمە یان نا؟" (لا 54)
سەرەنجام زانایانى ئایین فەتوا دەدەن بۆ حەڵالکردنى ژن و ماڵى ئەو کەسانە کە بە بڕواى حوکمدار دژى ئایین و وڵاتەکەى وەستانەتەوە یان لە هەندەران بەدیار "غەیرەدینەوە" دانیشتوون، هەروەها بڕیار دەدەن بۆ کوشتنى ئەو کەسانە کە گۆیا لەنێو وڵاتەکەیاندا سیخوڕى بۆ کافرەکان دەکەن. تەنیا هاوکارێکى حوکمدار لەنێو دانیشتوانى دیوەخاندا - کە هەر "وەک مامورى اجراى ئەم فتوا ناحەقانە بێ و هەموو ئۆباڵ و گوناحى ئەمانە لەسەر ئەو بێ" (لا 54) - دەپرسێت، کە داخۆ ئەوانەى وڵاتیان جێهێشتووە، لەوێ بوونایە و بەرگرى شەرعییان لە خۆیان بکردایە، هێشتا ئەمان هەر لەسەر فەتواکەیان سوور بوونایە! مەلاکان لە وەڵامدا دەبێژن، کە بەرگرى ئەو جۆرە کەسانە شەرعى نیە.
هەژارى دیل لەنێو ئۆدەکەیدا ئاگاى لە خۆی نەماوە و ئارامى لێهەڵگیراوە، دەخوازێت هەڵبکوتێتە سەر دانیشتوان و دەست بنێتە بینى مەلاکان و ئەوانى دی، لێ نەخێر ئەمەى پێناکرێت، بەڵکو هانا بۆ خودا دەبات و لە ئەم دەپرسێت، کە "ئەمە چ دڵ و دەروون و وجدانێکە"، ئەمە چە جۆرە پەیڕەوکردنێکى شەریعەتە و چۆن توانییان ئەم بڕیار و فەتوایانە بدەن؟ ئاخر ئەو کەسانە کە هەڵاتوون و خۆیان لە شاڵاو و چەوساندنەوەى دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕزگار کردووە، بەو هۆیەوە بەر شاڵاوێکی دیکەی ئەوپەڕی "بێوجدان" دەکەون: مەلاکان فەتوا دەدەن بۆ "حەڵاڵکردن"ی ژن و ماڵیان. داماوەکانى بەردەستیشیان، کە نایانەوێت لەگەڵیاندا دەست بدەنە کوشتن و زۆردارى، لەناویان دەبەن، ئەوەش بە ئارەزووى ستەمکارێک، کە بە ئاشکرا لە بەردەم دانیشتواندا "لە سەد هەزار و دوسەد هەزار" دەدوێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەم بڕە پارە زۆرەى "لە ماڵى ئەم موسڵمانانە پێکەوە ناوە و ئەم عالەمەى خستۆتە سەر ساجى عەلى، بوە بە باعسى چەند هەزاران مەخلوق ..." (لا 56)
"وتم (اى خالق، اى منتقم اى قهار، اى عالم الغیوب) تۆ چى لەمانە ئەکەیت، ئەمانە لە رۆژى خۆیدا چۆن حسابیان ئەبینى (...)؟ (...) تۆ بۆچى هەر ئێستا ئەمانە بەناخى عەردا نابەیتە خوارەوە و حەقى ئەم میللەتە قوڕبەسەرەیان لێ ناسێنى (...)؟
ڕوانیم هیچ شتێک نیە و هیچ پەیدا نەبوو، منیش هەروا وەستام، لە جێگەى خۆم وشک بو بوم، ئەوان هەر قسە ئەکەن، منیش لەبەر خۆمەوە هەر ئەڵێم پەح.. پەح.. پەح ئەمە چى بوو من دیم، من لە کوێم، ئەمە خەوە یان نا؟" (لا 57)
بەدووى مەلاکاندا پەردە دەگۆڕرێت. ئێستا سێ کەسى دی دێن بۆ لاى حوکمدار و پێشنیاری بۆ دەکەن، کە پێویستە دەوڵەتەکەیان هاوکاریى تورکان بکات. بە بڕواى ئەمان، دەسەڵاتداریەکەى ئەو وڵاتە تەنیا بەم هاوکارییە فۆرمى دەوڵەت وەردەگرێت. ئاخر تورکان گەورە و خاوەنى گەلەکەیانن، هەروەها هەردوو لایان موسڵمانن و لەبەر ئەم هۆیە گەلى ئەمان لەتەک ئینگلیزدا هەڵناکات، جگە لەوە ئینگلیز فێڵبازە و دواى چەند ساڵێک چیوى سواڵ دەداتە دەستیان.
حوکمدار هیچ لارییەکى لەم پێشنیارە نییە و ڕێیان پێدەدات نوێنەرێک بۆ لاى تورکان بنێرن، تاکو موزاکەرە و گفتۆگۆیان لەتەکدا بکەن، هاوکات گفتى ئەوەیان لێوەربگرن کە رێگە و دامودەزگا بۆ حوکمداریەکەیان دابنێن.
 بەدووى ئەماندا سێ کەسى دی دێن بۆ لای حوکمدار و لەوە دەچێت سەربازى و بازرگان بن. بە بڕواى ئەمان بارى ژیانى ئەو گەلە گۆڕانى بەسەردا نایەت، گەر ئینگلیز دەستى نەگرێت و پشتیوانیى نەکات. گەلەکەیان لە لایەنی خۆیەوە هیچى بۆ پێکنایەت، چونکە خاوەنى پیشەسازى و بازرگانیى گەشاوە نیە، لێ لە بنەڕتدا هەر ئەم کایە ئابووریانەن کە یارمەتیى گەلەکەیان دەدەن بە ژیانێکى باشتر بگات. بۆیە گەلەکەیان بەبێ پشتیوانی کارى مەیسەر نابێت. گەر هیوایەک هەبێت، ئەوە ئینگلیزە.
حوکمدار هیچ لارییەکى لەم پێشنیارەى ئەمانیش نیە، رێیان پێدەدات چەند نوێنەرێک بۆ لاى ئینگلیزەکان لە بەغدا بنێرن، تاکو گفتوگۆیان لەتەکدا بکەن.
 تاقمى چوارەم کە بەدووى ئەماندا دێنە نێو دیوەخانەوە، جیاوازن لە هەموو ئەوانەى پێشوو. ئەمان تفەنگبەشانن و بەغەڵبە و هەرا خۆیان بە دیوەخانى حوکمداردا دەکەن، ئەوجا ڕایدەگەیەنن کە نە تورک و نە ئینگلیزیان دەوێت، بەڵکو دەیانەوێت تەنیا خۆیان لە وڵاتەکەیاندا سەروەر بن و دەستى غەریبیان بە سەرەوە نەبێت.
حوکمدار هیچ لارییەکى لەم داواکاریەى ئەمانیش نییە و پێى رەزامەندە. لێ ئایا حوکمدار خۆى چیى دەوێت؟ کاتێک دەورى چۆڵ کراوە و بە تەنیا لەنێو دەستوپێوەندەکانی خۆیدا ماوەتەوە، هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات:
"ئەم قسانە هەموو بە لامەوە پەشمن و گاڵتەم پێیان دێت، من بۆچى خۆم بۆ ئەم خەڵکە توشى ئەزێت و دەردى سەرى بکەم، ئەوى قازانج و خێرى خۆمى تیا نەبێ نایکەم، من هەتا پارەیەکى زۆر نەخەمە سەر یەک و لە بابەت ئیشوکارى خۆمەوە دڵم رەحەت نەبێ، ئەمانە هیچیان ناکەم، هەر کەسێک بێت بە هەوەسى خۆى، بۆ قازانج و کاروبارى خۆى قسەیەک بکات، بۆچى من شێتم، مناڵم، هەروا شوێنیان بکەوم و بە قسەیان بکەم. ئەگەر لێم بگەرێن هەتا ئیشى خۆم، وەک خۆم ئەیزانم جێبەجێ بکەم، ئەوا باشە، ئەگینا من خۆم ئەزانم چى ئەکەم ..." (لا 71)
هەژارى شایەتى ئەم بەزمە لەنێو ئۆدەکەیدا وڕماوە و نازانێت لە کوێیە، کە ئیدی کۆنترۆڵی بەسەر خۆیدا نامێنێت و دەداتە قاقاى پێکەنین. لێ چە قاقایەکی پێکەنین! ئەوەش بەسە کە ببێت بە بەڵگەى سیخوڕییەکەى:
 "ئیتر دوژمن ئیمانت بێ، هەر ئەوەندەم زانى سەگ و گورگى جەهەننەم، پێنج شەشێ رایان کێشام لە پیلکانەکان بردمیانە خوارەوە بۆ حەوشەکە. شەویش کردبووى بە سایقە (...) سەرمایەکى وایە تف هەڵدەى ئەیبەستێ! رووم کردە عاسمان وتم: خوایە تۆ لەسەر حەقى، ئەمانە بەناحەق وا لە من دەکەن! بەڵام هیچ سوودى نەبوو ..." (لا 73)

2

ریالێتییەکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى شێواو، هاوکات پڕنەسازى، کە چەند بەرژەوەندییەکى جیاواز لە نێویدا دژایەتیی یەکدی دەکەن. لێ نەخشى ئەم ریالێتییە چەک و مشکى و جامانەى پیاوانەن، کە سەروەرانە وەک سیمبۆلى دەسەڵات بەنێو کۆمەڵدا دەشەکێنرێنەوە. چەکدارە چوستەکانى دەوڵەت مرۆڤکوژ و ڕووتێنەرەوە و ساختەچین، لێ ئەم بیچمانە تاکە گەرەنتیی مانەوەی ئەو دەسەڵاتدارییەن، هەر بۆیە حوکمدارەکەیان و سەروەرانی دی دەرفەتیان پێدەدەن خۆیان بە گیرفانی هاوڵاتیان دەوڵەمەند بکەن. هەروەها نوێنەرانى فەرمیى ئایین لە بەشى سەرەوەى هیرارشیەکەدان، ئاسۆى کزى پەیوەندیى نوێ ترساندوونى، بۆیە وەک ئەندامى چالاکى ئەو هیرارشییە سیاسى و کۆمەڵایەتییە ئامادەن رێنوماکانى ئایین بخەنە گەڕ، تاکو ئەو دەسەڵاتدارییە لە مەترسی بپارێزن. لێ ئەم قەوارە سیاسییە تەنیا بە رواڵەت ڕێکخراوە، لە بنەڕەتدا ناڕێکخراوێکى درزدارە و هاوکات بەرژەوەندییە جووداکان درزەکانى بەرینتر دەکەن. ئاخر نوێنەرانی ئەو بەرژەوەندییانە هیچ بنەمایەکی بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییان نییە، بەڵکو لاواز و دەستەوستان چاویان لە دەستى بەخشندەى ئەم هێز یان ئەو هێزی بیانییە، تاکو ڕێکخراوێکى بەرگەگیراویان بۆ بنیاتبنێت. بیانییەکان هەمیشە گەورە و سەروەریان بوون، ئەمانیش خۆیان "ئاقڵن" و ئەم ڕاستییە لەیادناکەن، بۆیە وەک پچووکیان هانایان بۆ دەبەن. ڕەنگە بزانن کە هێزێکى ئەوتۆیان نیە، چونکە تەنیا ئەو کەس و تاقمانە هێزدارن کە خاوەنى چەکن، چەکدارانیش بەزۆرى ئەو بەڕبەڕانەن کە خۆیان بە غەڵبە و هەرا و شەڕانگێزانە بەنێو ماڵى سادە و کۆشکەکانى وڵاتدا دەکەن. دەسەڵاتداران دەبێت ڕێزى ئەم شەڕانگێزانە بگرن، چونکە نەشیاوە بتوانن بەبێ ئەوان دەسەڵاتیان مسۆگەر بکەن.
سەیر و سەمەرە لێرەدا ئەوەیە، کە نوێنەرانى بەرژەوەندیە جوداکان، واتا بازرگان و ئەفسەرەکان، زانایانى ئایین و چەکدارە بەڕبەڕەکان، سەربارى جیاوازییان لە ئەقڵیەت و ڕەفتاردا، شادمانن بە بوونى حوکمدارەکەیان و تەنانەت دەسەڵاتی ناڕەوای ئەویان ناساندووە. لێ ئایا ئەم دەسەڵاتدارە خۆى چیى دەوێت؟ ئەم "کابرا"یە پێش هەموو شتێک "ڕێوییەکى فێڵباز" و چاوبرسییە و تەنیا خەریکى کۆکردنەوەى سامانە، بەڵێ تەنانەت بە مافی خۆی دەزانێت دەست بۆ گیرفانی هاوڵاتییان بەرێت، ئەوجا کێ دژى بەرژەوەندییە خۆییەکانی بووەستێتەوە، ئەوا یەکسەر بە تۆمەتى سیخوڕى لەناوى دەبات. بێگومان ئەم دەسەڵاتدارە شیمانەکانى ڕووتاندنەوە و موڵکداگیرکردنی وەک هەل بۆ نەڕەخساون و لە خوارەوە بۆ لوتکەى هیرارشییەکە هەڵزنابێت، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە (هەر بۆیە ئەم پایەگایەى وەرگیراوە) خۆى قەوارەیەکى دەسەڵات بووە، هاوکات هەر لە سەرەتاوە، پێش بوونی بە حوکمداری ئەو وڵاتە، بە لایەوە ئاسایی و ڕەوا بووە کە دەست بۆ گیرفانی خەڵک بەرێت و موڵک و سامانیان داگیر بکات. ئەوجا لە بەشی ژێرەوەی ئەو هیرارشییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەدا هەژارانى لاواز و ڕووتێنراوە خۆیان دەبیننەوە: کەرامەتشکێنراوەکان، بابەتەکانى نوکتە و پێپێکەنین، کە داما و بێتوانا چاوەڕوانی میهرەبانیی خودا دەکەن. ئەمان ژیانێکى پڕمەینەتى و نامرۆڤییانە بەسەر دەبەن، هێزیان بۆ خۆهێشتنەوە تەنیا لە قادیرێکى (ناقادیرەوە) وەردەگرن، لێ ئەم قادیرە پشتى تێکردوون - ئاخر تۆڵەى هەژاران لە حوکمداری زۆردار و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئەو وڵاتە ناسەنێت، نەخێر، لەوە دەچێت کە ئەم قادیرە تەنیا خودای دەسەڵاتداران بێت.
ئێمە لەنێو "لە خەوما"ی جەمیل سائیبدا داڕشتنێکى "پەڕێنراوەی" هەمەکێتیی کۆمەڵایەتیمان هەیە. چیرۆکەکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و ئامرازەکانیان فەزح دەکات. بێدادى و بێویژدانى و بێخودایى، هەڕەشەى داڕزانى یەکجارەکی لەو وڵاتە دەکەن. نووسەر لە خودایەتیی ئەزەلییەوە، هاوکات خۆگرێداو بە بنەما مۆرالیەکانى ئەم خودایەتییەوە، چیرۆکێکى هونەریى دەنووسێت کە لە نێویدا بێدادى و بێویژدانیى دەسەڵاتداران لە لایەک، داماوی و بێچارەیی هەژاران لە لایەکى دى، خۆیان دەبیننەوە. کەواتە مەبەستی جەمیل سائیب دیلێماى ئەو کۆمەڵە، یان ڕاستتر ببێژین، دیلێمای نوێنەرانى ئەو کۆمەڵە نییە کە لە لاوازییانەوە ناچارن بڕیارێک بۆ هێزە سەروەرە بیانییەکان بدەن، بەڵکو مەبەستى نووسەر لە کرۆکەوە ژێرکەوتنى داد و ماف و ویژدانە لەو وڵاتەدا.
جەمیل سائیب بۆ داڕشتنى چیرۆکی "لە خەوما" من-فۆرم-ی هەڵبژاردووە. نووسەر بە ڕستەى "خوا بە خێرى بگێڕێ" خوێنەر دەگرێت، هەر وەک بڵێین لاى خۆى دایدەنێت و خەونەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. ئەم شێوە ئەدەبییە، کە جەمیل سائیب بۆ داڕشتنى "لە خەوما" بەکاریهێناوە، بریتییە لە "حیکایەتخوانى" کە لە ترادیسیۆنى ئەدەبیی وەرگرتووە و هاوکات لە شێوە خۆییەکەیدا، وەک ئەدەبێکى نوێ، لە ترادیسیۆنى دوورخستۆتەوە. چۆن حیکایەتخوان لەنێو دانیشتوانێکدا حیکایەتێک دەگێڕێتەوە و بە "هەبوو نەبوو کەس لە خوا گەورەتر نەبوو" سەرەتا دەگرێت، بە هەمان شێوە جەمیل سائیب بە ڕستەی "خوا بە خێرى بگێڕێ" دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەى دەکات. لێ ئەوە چیرۆکێکی ئەفرێنراوی خۆییە کە ئەو دەیگێڕێتەوە، چونکە نووسەر، سەرەڕاى بەکارهێنانى شێوەی حیکایەتخوانى، ڕاستەوخۆ "من"ى دەردەبڕێت، واتا بیرى لەوە نەکردۆتەوە کە بۆ نموونە حیکایەتێکی هاوشێوەی "خورشید و خاوەر" بگێڕێتەوە و هەوڵ بدات بە دانانی پەندی جیاواز هۆشی خوێنەر بۆ هزرین ببزوێنێت.
دوورخستنەوەى هونەریانەى "لە خەوما" لە ترادیسیۆن بەوەدا رووندەبێتەوە، کە حیکایەتخوانى بریتییە لە ئێپیک (ملحمە) و دەشێت چەند دە ساڵێک لە ڕەوتى دوو یان سێ سەئاتی گێڕانەوەدا ڕەت ببن، لێ "لە خەوما" فۆرمێکى کاتدارى داخراوى هەیە و جەمیل سائیب کاتەکەى زۆر گونجاو دیارى کردووە: ڕۆژێک و شەوێک ڕێبڕینى کاروان بەبێ هیچ چەڵەمەیەک هەتا سەر سنوورى وڵاتى مەبەست، ئەمەش بە داڕشتنێکى کورت؛ ئەوجا لەسەر سنوورەوە رۆژێک رێگەبڕینى پڕمەترسى، هەتا کاروان لە تاریکیى ئێوارەدا بە کەنار شارى مەبەست دەگات؛ چیرۆکەکە لێرەوە بەرەو هەڵچوونى پتر دەڕوات؛ دواى شەوێک مەترسیەکانى کابراى هەژار پتر پەرەدەسێنن؛ ئەم بەشە کەمێک لە قۆناغى ڕێبڕینەکە درێژترە؛ ئەوجا کێشەکە رۆژى داهاتوو لە ماوەیەکى کەمتردا لە شەوێک ئالۆزتر دەبێتەوە، چیرۆکەکە بەرەو هەڵچوونى پتر دەڕوات و هەژار لە ماڵى حوکمدار دیل دەکرێت؛ ئەم بەشە درێژترین بەشە و هەر لێرەش خەونەکە، واتا چیرۆکەکە بە دوا هەڵچوونى بارى هەژارى دیلکراو و ئەشکەنجەدانى، کۆتایى دێت. بە هەر حاڵ، چیرۆکی "لە خەوما" ستروکتورى زیندەخەوى پێدراوە. بۆیە ئەم جۆرە چیرۆکە لە بەراورد بە شێوازەکانى بەدیهێنانى ئەدەبیی ئەو سەردەمە نوێیە، واتا: سوودى خۆیى لە فۆرمە ئەدەبییەکانى ترادیسیۆن و وەرگۆڕینیان لە بەرهەمێکى نوێدا.
پرسیارێک پەیوەند بەم چیرۆکەوە ئەوەیە کە بۆچی جەمیل سائیب "خەون"ێکی وەک داڕشتنی چیرۆکەکەی هەڵبژاردووە؟ سەرەتا ئەوە ئاشکرایە کە جەمیل سائیب هێندە ڕۆشن ڕەفتاری حوکمدار و دەستوپێوەندە سادیستەکانی ئەوی داڕشتووە، کە ئیدی ناتوانین ببێژین، گۆیا ئەو ویستوویەتی بە گێڕانەوەی خەونێک مەبەستی خۆی بشارێتەوە. ئەمە بە ڕاستی وەڵامێکی ئەبزوردە، چونکە چیرۆکنووس زۆر ڕۆشن هەڵوێستی خۆی دیاری کردووە، ئەو ڕۆشنییەش تەنانەت زۆر خوێنەری بۆ حوکمێکی یەکلایەنی بردووە، کە گۆیا هەڵدانەوەی چییەتیی شێخ مەحمودی ئوزورپاتۆر (موڵکداگیرکەر) مەبەستی ئەو بووە. ئێمە گەرەکە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە سەرلەنوێ لە مۆتیڤی جەمیل سائیب بڕوانینەوە. وەک لە سەرەوە گۆتمان، مۆتیڤی ئەو لە نووسینی ئەم چیرۆکەدا ئەوەیە کە تەنینەوەی بێدادی و بێویژدانی لە ژینگەی خۆیدا دەربخات، ئەمەشی خستۆتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە. لەم ڕوانگەیەوە ئاشکرایە، کە لەبەر ئەوەی تەنیا خەون سەرجەم سنووری کات و فەزای جیهانی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوا دیلکردنی کابرای هەژار لە ئۆدەیەکی ماڵی حوکمداردا هیچ پرسیارێکی لۆگیکی سەبارەت بەوە ناهێنێت کە بۆچی جەمیل سائیب کابرای هەژار لەو جێیە دەگیرسێنێتەوە. ئاخر ئاشکرایە گەر وڵاتێک پاسەوانی سنوور و چەکدار و مەئموری هەبێت، ئەوجا حوکمدارێک لە لوتکەی قەوارە سیاسییەکەیدا خۆی ببینێتەوە، ئەوا بە سانایی دەشێت گریمانەی ئەوەش بکرێت کە لەو وڵاتەدا، یان لە پایتەختی ئەو وڵاتەدا لایەنی کەم گرتووخانەیەک هەیە و چەکدارەکانیش دەبێت هەژاری دیلکراو بۆ ئەوێ بەرن. لێ بە گیرساندنەوەی کابرای هەژار لەو ئۆدە پەنجەرە دارەی ماڵی حوکمدار دەرفەت دەڕەخسێت کە ئەو لەوێوە نەک تەنیا گوێی لە ئاخافتنەکانی دەسەڵاتداران بێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانێت لە پەنجەرەکانییەوە بییان بینێت. ئەمە چاکترین ڕێیە بۆ فەزحکردنی حوکمدار و نوێنەرانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانە کە خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن.
لێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت، کە جەمیل سائیب لە چیرۆکە هونەرییەکەیدا یەکلایەنییە، وەک چۆن هەندێک قەدیمی لە ئەقڵییەتی کوردیی پینەکەری مێژووەوە دەبێژن، کە گۆیا ئەو کینی لە حوکمدارییەکەی شێخ مەحمودی موڵکداگیرکەر هەڵگرتووە. لە بنەڕەتدا جیهانى سیاسى لە ڕوانگەى هەموو نووسەرێکی یان هونەرمەندێکى ،،ڕاستەقینە،،وە تەنیا جیهانى بەرژەوەندییە، جیهانى ماچ و پاشقولە، واتا ئەو جیهانەیە کە نەشیاوە هیچ نووسەرێکی یان هونەرمەندێکى مەزن بتوانێت بۆ سەندنى رەزامەندیى دەرەکی بیڕازێنێتەوە. ڕازاندنەوەی پیوەندییەکانی دەسەڵات، ستایشکردنی زۆرداران وەک پاڵەوانی گەل، کردنی زۆردارە مردووەکانی ڕابوردوو بە نەمر، لە بنەڕەتدا کاری نووسەرانی ئاستنزمە کە گەر بەرهەمی بەو چەشنەیان تەنانەت لە ڕووی ئەدەبییەوە سەرکەوتوو بێت، سەرەڕای ئەوە تەنیا شایانی ئەوە دەبێت ناوی ئەدەبی نزمی لێ بنرێت. نووسەرێکى مەزنى وەک جەمیل سائیب نەشیاوە بتوانێت پەیوەندییە سیاسییەکان بڕازێنێتەوە، بۆ نموونە هەڵوێستێک "بۆ خاترى گەلەکەى" (!) وەربگرێت "تاکو بێگانە بەو گەلەی خۆش نەکات" (!!)، ئەوجا زۆرداران و موڵکداگیرکەران بکات بە پاڵەوانی گەل، بەمەش کییچێکی (Kitsch) سادەى سەر بە ئەدەبی نزم بهێنێتە ئاراوە، واتا پەخشانیانە هەستی هەڵئاوساو بهۆنێتەوە و زۆرداران بکات بە "نەمر"! نەخێر، کینى پسیکۆلۆژیانە جەمیل سائیبى نەتەنیوە، بەڵکو ئەو لە وڵاتێکی تەنراودا بە بێدادى و بێویژدانی، خوازیارى داد و ویژدانە. ئەو لە داڕشتنی چیرۆکەکەیدا هێمن و ئارامە و ڕاستەوخۆ بەدووى ڕستەى "خوا بەخێرى بگێڕێ"دا سەرەتاى چیرۆکەکەى دەدات، لێ بەبێ هەڵچوون و داچوونى پسیکۆلۆژییانە (ئەو ڕەوشانەى لێدەربچێت کە نووسەرى هۆش لە جیهان دابڕاو هانا بۆ ئاسمان دەبات) و هەروەها بەبێ وشەسازیى پلاستیکى. هۆشى بابەت فۆرمێنەر و زمانى ڕیالى ڕۆژانە "ى ئەو سەردەمە" بە شێوەیەک یەکدییان تەنیوە کە ئیدی نزیکەى نەشیاوە لە یەکدی جیابکرێنەوە.
لێ جەمال بابان کە بە بڵاوکردنەوەى چیرۆکی "لە خەوما" کارێکی مەزنی ئەنجامداوە، خۆى لە کارکردنى ئەدەبى هەڵقورتاندووە و دەبێژێت: خەونبین دەبووایە لە خەونەکەى بێدار ببوایەتەوە! ئەم جۆرە هەڵوێست وەرگرتنە زۆر جێی سەرنجە. پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە ئایا ڕاڤەکارێک یان تەنانەت ڕەخنەگرێکی ئەدەبی چە هەقێکی بەسەر ئەفراندنی ئەدەبیی نووسەرێکەوە هەیە؟ ئایا چۆن ڕاڤەکارێک یان ڕەخنەگرێک دەوێرێت بە نووسەرێک یان هونەرمەندێک ببێژێت، کە گەرەکە ئەم یان ئەو ڕێیە بگرێتە بەر و ئەم یان ئەو ئەنجام بخاتەوە؟ ئەمە لە بنەڕەتدا خۆهەڵقورتاندنێکی زۆر نابەجێیە لە کارکردنی ئەدەبی و هونەری. لە بنەڕەتدا ڕەفتارێکی یاساغە. بێگومان ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبینین، کە کەسان هەن و بۆ نموونە هونەردۆست نین، کەچی دەچن بۆ پێشانگە، ئەوجا ڕوودەدات کە لەوێ دەبن بە مایەی سەغڵەتی بۆ هونەرمەندەکە: "ئەرێ کاکە ئەو هەموو ڕەنگە مۆرەت بۆ بەکارهێناوە؟"؛ یان ڕوودەدات کە مرۆڤ نە خوێنەرە و نە لە ناخییەوە بزواوە بۆ کۆششی خۆپێگەیاندن، کە ئیدی بتوانێت پەیوەندییەکی ڕەخنەیی لەتەک کایەی نووسینی هزری و ئەدەبیدا بهێنێتە گۆڕێ، بە کورتی، مرۆڤی بەم چەشنە کە گەر تەنانەت بڕوانامەدار بێت، هێشتا هەر کەسێکی سادەی کۆمەڵایەتییە، کەچی لە خۆیەوە لەسەر نووسین یان تەنانەت فەلسەفە دێتە گۆ! گومانی تێدا نییە کە پێویستە ئەم جۆرە سنووربڕینە خۆییانە لە ڕوانگەی ئێستێتیکی و ئەدەبناسی و هونەرناسییەوە وەڵامبدرێنەوە. جگە لەوە ئەم جۆرە سنووربڕینانە لە بنەڕەتدا کێشەی لایەنەکانی وەرگرتنی ئەدەب و هونەرن، وەرگرتنیش ئەخلاقێکی تایبەت ی وەرگر (لێڕوانەر، خوێنەر) پێویست دەکات کە مۆرکە کرۆکییەکەی ئاگاییەکی ڕەخنەیی نێویەکییانەی وەرگرانە بەرانبەر لایەنی ئەفراندنی ئەدەبی و هونەری وەک لایەنی بەرهەمهێنان، ئەوەش بەبێ بەدئاکاری خۆهەڵقورتاندن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان. لێ مەسەلەکە بەڕاستی ستەم دەبێت، گەر ئەو جۆرە ئەقڵیەتە ناوبراوەی سەرەوە بە چالاکی لە بواری توێژینەوە، ڕاڤەکردن یان ڕەخنەی ئەدەب و هونەردا دیاربدات. لەم جۆرە هەڵوێستەدا بەڕاستی کەمایەسیی ئێستێتیکی و مەئریفەی ئەدەبی و هونەریی کەسەکە دەردەکەون. جگە لەوە گەر نووسراوێک ئەدەب نەبوو، ئەوا هەرگیز نابێت بە ئۆبژێکتی ڕاڤەکردن یان ڕەخنەلێگرتن. ئاخر ڕەخنە لە نائەدەب ناگیرێت! تەنیا ئەدەب، وەک نووسینی هونەرییانە بەدیهاتوو، بەڕێی فۆرمی خۆیەوە دەئاخڤێت. بەمەش یەخەی خوێنەر / توێژەر دەگرێت و ئادۆرنۆ واتەنی داوای لێ دەکات مەتەڵەکەی نێوی هەڵبهێنێت! جەمال بابان دەیەوێت بەو دەربڕینە ببێژێت کە چیرۆکی "لە خەوما" تەواو نەبووە! ئێمە ناڕاستیى ئەم جۆرە تێڕوانینەمان لەسەرەوە بە دەرخستنی فۆرمە کاتدارە داخراوەکەی "لە خەوما" پێشاندا و بۆیە ڕووى تێناکەینەوە.
جەمال بابان هاوکات پێناسەیەکی ئەوروپیانەى بۆ "لە خەوما" وەرگرتووە. ئەو دەبێژێت، گۆیا ئەم چیرۆکە سەر بە ڕیالیزمى ڕەخنەییە. لەم پەیوەندییەدا بەراوردێک بە ئیحسان فوئاد، کە "مەسەلەى ویژدان"ى ئەحمەد موختار جافی بڵاوکردۆتەوە، پتر نزیکمان دەخاتە لە شێوەی پەیوەندیی قەدیمییەکان بە ئەدەب و هونەرەوە، چونکە ئەو بەڕێزەش هەمان پێناسەی بۆ "مەسەلەی ویژدان" بەکارهێناوە. ئێمە لێرەوە دەگەین بەو تێڕوانینە، کە ئەو جۆرە خواستنەی ڕێبازە ئەدەبییە ئەوروپییەکان بە گشتی هەڵوێستێکى هۆشەکییە لەنێو قەدیمییەکاندا، جگە لەوە نەشیاو نییە کە لەژێر کاریگەریى ئەو مارکسییەتە هەڕەمەکییەدا (نەک هزری مارکس!) نەهاتبێتە ئاراوە کە لە ئێراق باو بوو. بە هەر حاڵ، ساغکردنەوەى کێشەیەکى بەم چەشنە بابەتى ئەم نووسینە نییە، بەڵکو هینى کەسێکە کە لەبارەى مێژووى ئەدەب و هونەر دەنووسێت. لێرەدا ئەوەندە دەبێژین، کە دەبێت جیهانبینیی نووسەر یان هونەرمەند بۆ هەر پێناسەیەکی ئەدەبەکەی یان هونەرەکەی ڕەچاو بکرێت. جەمیل سائیب لە داڕشتنى چیرۆکە هونەرییەکەیدا لە هێزێکى خاوێنى ئەزەلی و بنەما مۆرالییەکانی ئەو هێزەوە سەرچاوەى گرتووە. ئارامیى مێتافیزیکی و نائارامیى جیهانى مێژوویى، جیهانى هزرى جەمیل سائیبن، ژێرکەوتنى چاکە و سەروەریى خراپە کێشەى ئەون، بۆ ئەم پرسەش گەرەکە بیر لە تێگەیەکى گونجاو بە هزرى ئەو بکرێتەوە. لە بنەڕەتدا گەرەکە جەمیل سائیب بخرێتەوە نێو ترادیسیۆنە ئەدەبییەکەی مەلای جزیری و خانی و هاوشێوەیان، ئەوجا گەرەکە بۆ ئەم ترادیسیۆنە ئەدەبییە ناوێکی تایبەتیی کوردیی پابەند بە جیهانبینیی هۆزانڤان و نووسەرەکانەوە "هەڵبهێنجرێت"، نەک لاساییکەرەوانە تیگەی "کلاسیک"ی ئەوروپیانەی بۆ بخوازرێت و بەزۆر بەسەر نووسینە ئەدەبییەکانی ئەو ترادیسیۆنەدا بسەپێنرێت.



سەرچاوە:
جەمیل سائیب. لەخەوما. پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوەى جەمال بابان. بەغدا، ساڵى 1975.

تێبینی

-    ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی "لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا"، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و سەرلەبەر گۆڕراوە.
-    وەک ئەمانەتی ئەدەبی سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە.
ک.ج.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە