بۆ چلەی دکتۆر ئۆرجونه‌که‌ی کورد

Wednesday, 10.24.2018, 22:04

2181 بینراوە


دکتۆر جه‌مال ره‌شید، تۆ پزیشکێکی دانسقە بوویت لە نێو زۆرێک لەوپزیشکانەی کە لە‌م ڕۆدا سەرقاڵی خۆدەوڵەمەندکردن و بازرگانیکردنن بە پیشەکەیانەوە. تۆ زانا و مامۆستایەکی بەئەمەک بوویت، وانەی تێر بە زانست، لەخۆبەردوویی، ڕەوشتی بەرز، هێمنی، خۆشەویستی مرۆڤت پێدەگوتینه‌وه‌. تۆجیاوازو خۆگر بوویت، پێشبڕکێی ناشەریفانەی پزیشکەکان لە غییابی سیستەمێکی تەندروستی پزیشکی باشوری کوردستاندا، بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و وەرگرتنی پۆست و بازرگانیکردن بە پیشەی پزیشکی، نەیانتوانی کەمترین کارت لێ بکەن، و پەلکێشیتبکەن بۆ نێو ئەو جیهانە ناشرینەی خۆیان ، دوورتبخەنەوە لە بەها بەرزەکانی کەسێتیت و پیشکەت، سه‌ره‌ڕای کۆسپ و له‌مپه‌ر و گرفته‌کان، تۆ هەر بەردەوام بوویت. ئای که‌ مرۆڤێکی گه‌وره‌ و که‌م وێنه‌ بوویت گه‌وره‌م! 
وەک خوێندکارێکت زۆر تامەزرۆی وانە تیۆریی و عەمەلییەکانت بووین، زۆر پوخت و کورت بوون، دەوڵەمەند بە زانستی پزیشکی، بە‌هێنانەوەی نموونە جوانەکانی ئەزموونی چەند ساڵەت وانەکانت بەچێژتردەکرد، باسکردنی کەمتەرخەمی و کەموکوڕیی پزیشک و دەسەڵاتداران لەمەڕ سیستەمی تەندرووستی بێتاقەتی دەکردیت، به‌ڵام کۆڵت نه‌ده‌دا، ببویته‌ مامه‌ خه‌مه‌ی مناڵانی هه‌ژاران و که‌مده‌رامه‌ته‌کان. بیرمە جارێکیان باسی بێسەرەوبەرەی پێدانی دەرمانی دژە هەوکردنت بۆکردین، فەرمووت: گەر ئێستا هەموو دەرمانی دژە هەوکردنی دەرمانخانەکان سەرفبکرێت، کەس نییە لێیبپرسێتەوە چۆن و بۆ ئەوهەموو دەرمانە درابەنەخۆش، بەڵکوو دەستبەجێ دەرمانخانەکان پڕدەکرێنەوە لەدەرمان    (وەک ئاماژەکردنێک بۆ بەبازرگانیکردنی دەرمان لە کوردستان.) 
زۆرێکمان ئاشنای درامای د.هۆرجۆن بووین، کە چەند بە لەخۆبووردووییەوە تامەزرۆی فێربوون و چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی بوو. تۆ د.هۆرجۆنی نیشتیمانمانبوویت، لەکاتی سەیرکردنی دراماکەدا، دڵی خۆمان دەداییەوە بەوەی، ئەوەنییە ئێمەش د.جمال مان هەیە، زۆر لەخۆبووردوانە بێماندووبوون سەرقاڵی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانێتی. 
تۆ زۆر لەخۆبوردوو بوویت، بەشێکی زۆری ژیانت کردە قوربانیی چارەسەرکردنی منداڵە بێنازەکانی نیشتیمانێکی خێرلەخۆنەدییو بە دەست دەسەڵاتدارانییەوە، بۆ دابینکردنی سیستەمێکی تەندروستی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانی.  
جارێ زوو بوو دکتۆر جه‌مال بۆ كۆچی دووایتان! زۆر پێویستبووی بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی، کە قوربانیی بێبەزەیی سروشت و قوربانی دەستی سیسته‌م و کەرتێکی ناتەندروستن، هەروەها بۆ دڵدانەوەو هەڵگرتنی خەمی ئەو دایک و باوکانەی، کە تەنها خۆیان هەڵگری ئازار و مەینەتی، گرانی تێچوونی چارەسەری وەچەکانیانن، کە هەر خوا و تۆییان شک دەبرد. 
زۆرن ئەو پزیشکانەکەی کە لە مێژوودا خزمەتی گەورەیان بە مرۆڤایەتی کردوه‌ و ناویان بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەو، بۆ نموونە د. دێنیس موکویگی لە وڵاتی کۆنگۆ بەهۆی چارەسەرکردنی ئەو ئافرەتانەی، کە دووچاری دەستدرێژی سێکسی ببوونەوە، چەندین خەڵاتی جیهانی و ئەوساڵیش وه‌ک بینیمان خاڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا. گەر ئێمەش بمانتوونیاییە بە جیهانت بناسێنین، دڵینیام ماندووبوون و دڵسۆزییەکانت زیاتر دەنرخێنرا و ده‌ناسرای، شایه‌نی ئه‌و خه‌ڵاته‌ جیهانیانه‌ بوویت، داوای لێبووردن دەکەین نەمانکرد د.جمال! 
لەکۆتاییدا هەرچەند لەسەرت بنووسرێت، بووترێت هێشتا هەرکەمە، تۆ لە ڕاستگۆ ڕاستگۆتر بوویت لەگەڵ ئەو سوێندەی کە پاش تەواوکردنی کۆڵیژی پزیشکی خوێندت(*) بە ئومێدی ئەوەی کە ئێمەی پزیشکانیش هەوڵی پیادەکردنی هەندێک لە خەسڵەت و ڕەوشتەبەرزەکانت بدەین، رێ و رێبازی ئێوه‌ بگرین، بەوەش ئارامی ببەخشینە ره‌وانی پاک و بێگەردت. 
لە کۆتاییدا هەزاران دروود بۆ گیانی ماندوو و پاکتان، بۆهەمیشە یادتان بەخێر دەبێت و گیانتان نەمردەمێنێتەوە، ئەی پزیشکی مرۆڤدۆست.  

(*) سوێندی ئەبوقرات: پزیشک پاش تەواوکردنی کۆڵیژی پزیشکی ئه‌و سوێندەخوات و بەڵێندەدات کە ڕاستگۆبێت لەگەڵ ناوەڕۆکی سوێندەکەدا و پیشه‌که‌ی بخاته‌ راژه‌ی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌.




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 3.5/5)