سەرۆک کۆمارێکی ئیسلامی بۆ فەرەنسا

Wednesday, 24/10/2018, 22:32

5312 بینراوە


چەند رۆژێک لەمەو بەر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا وتی ؛ ئەبێت ناوچەکانی دەرەوەی پاریس داگیر بکەینەوە، پاشان وتی ؛ بەکارهێنانی زاراوەی داگیرکردنەوە لە جێی خۆیدایەتی و گوزارشت لەو دۆخە دەکات کە ئێستاکە تیایدا دەژین.
 لە وتارایكمدا لە کوردستانپۆست باسی ئەو ناوچانەی دەرەوەی پارسیم کردوە کە ڕێژەیەکی زۆری بیانی و ئیسلامی تێدایە لەم لینکەی خوارەوە  باسەکە بخوێنەرەوە:
------------------------------
کتێبی (soumission) واتە (رازی بون) یان تەسلیمبوون، مەبەست لە مانا ئیسلامیەکەیەتی، واتە رازیون بە بەشی خوا. لەلایەن نووسەری فەرەنسی (Michel Houellebecq) میشیل وێلبێکەوە ساڵی 2015 نووسراوە، وەک زۆر لە کتێبەکانی نووسەر هەموو جارێک دەبێتە کتێبێکی شۆک و خەڵکی زۆر باسی دەکەن. ئەم کتێبە بۆ چەند زمانێکی ئەوروپی وەرگێڕاوە و ژمارەیەکی زۆری  لە فەرەنسا و ئەڵمانایا و ئیتالیا لێفرۆشراوە، یەکێکە لە سەد کتێبە بەناوبانگەکانی ساڵی 2015 ی ئەوروپا. ئەم کتێبە پێش رووداوەکانی شارلی ئێبدۆ دەرچو، هەردوای رووداوەکە نووسەری ڕۆمانەکە لە فرۆشتنی کتێبەکەی وەستا و لەلایەن پۆلیسەوە ژیانی پارێزرابوو. لەبەر ئەوەی لە وەڵامی ڕۆژنامەگەرێکدا وتبوی کە ئیسلام قۆڕترین دینە. لەم دوایانەشدا لە دوایین وەڵامی لەگەڵ ڕۆژنامەگەرێکدا وتی؛ وابزانم هێشتا گۆڕەپانی دیالۆگ ماوە لە نێوانماندا و دەتوانین دانیشین پێکەوە و لەیەکتری تێبگەین.
کتێبەکە چیرۆکێکی خەیاڵییە و باسی ساڵی 2022 دەکات، لە کاتی هەڵبژاردنی سەرەککۆماری فەرەنسادا.
فرانسوا، کوڕێکە لە تەمەنی گەنجی لاویدایە و خیزانی پێک نەهێناوە، حەزی لە تەنیاییە، مامۆستای لیتیراتوری فەرەنسیە لە دانشگای سۆربۆن، دکتۆرای لە سەر نووسەری فەرەنسی؛ هیسمانە.هیسمان نووسەرێکی ساڵانی 1848 ە سەردەمێک لە ژیانیدا گەراوەتەوە بۆ سەر دینی مەسیحی.
لە سەرەتای چیرۆکەکەدا باسی گرژییەک دەکات لە ناو پاریسدا لە نێوان بەرەی ئیسلامی سەلەفی و بەرەی دەمامکدارەکان کە بەرگری لە شوناسی فەرەنسی دەکەن، بە جۆرێک کە وڵات نزیک دەبێتەوە لە شەڕی ناوخۆ.بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2022، پارتێکی ئیسلامی بەناوی برایەتی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی محەمەد بن عەباس بە چەند ژمارەیەکی زیاتر لە بەرەی پۆپولیسم دەتوانێت بگاتە دەوری دوەمی هەڵبژاردنەکە، ئەویش بە یارمەتی هەموو پارتەکانی تر دژی فرۆن ناسیۆنالی ژۆن ماری لوپێن، دواجار محەمەد بن عەباس دەبێتە سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ئەم گۆرانکارییە شانسێکی تر ئەدات بە فەرەنسا کە نەروات بەرەو پارتی پۆپولیسمی ژۆن مارین لوپێن.
هەرکە محەمەد بن عەباس دێتە سەر حوکم خێرا ئاستی بەتاڵی دێتە خوارەوە، ئەویش بە یارمەتی دانی وڵاتانی کەنداو، کە قەرزەکانی فەرەنسا دەکڕنەوە.دانشگای سۆربۆن دەبێتە دانشگایەکی ئەهلی و ئیسلامی، بۆیە دەبێت مامۆستاکان موسڵمان بن بۆ دەرسوتنەوە، پۆلیگامی دەبێتە مۆدێلێک، ژنان ڕێگەیان پێ نادرێت کار بکەن و دەبێت لەسەر دەستوری ئیسلامی خۆیان بپۆشن.
 فرانسوا بۆ ماوەیەک دووردەکەوێتەوە لە پاریس و دەڕوات بۆ ئەو کەنیسەیەی کە هیسمان کاتی خۆی بۆ ماوەیەک تیایدا ژیاوە، پاشان دیتەوە پاریس و گۆرانکارییەکان دەبینێت لە پاریس، بەتایبەتی یەکێک لە برادەرەکانی، کە وەک ئەو لە دانشگای سۆربۆن مامۆستایە و دکتۆراکەی لەسەر بۆدلێرە، دەچیتە ماڵی و دەبینێت کە دوو هاوسەری هەیە، کە لەوەبەر ئاشکرای نەکردبوون، یەکێکیان تۆزێک گەنج و ئەوی تریان کامڵ، ژنە گەنجەکەی، خەڵکی ئەفریقای باکورە سەرپۆشێکی داوە بەسەریدا و سینیەک شیرینی ڕۆژهەڵاتی دەهێنێت لەگەڵ چای نەعنای مەغریبی.
 برادەرەکەی باسی محەمەد بن عەباسی بۆ دەکات کە چۆن کەسێکی ئەنتەلەکتوێلە و کوڕی کابرایەکی بەقاڵ بووە لە گەڕەکێکی دەوڵەمەندی پاریس، شەهادەی بەرزی هەیە و شارەزایە لە سیاسەتی جیهانیدا، دەیەوێت سنوری ئەوروپا فراوان بکات، وەک ئیمپراتۆریەتی رۆمەکان؛ ئەفریقای باکوریش بخاتە سەر ئەوروپا،.بە ناراستەوخۆ دەیەوێت فرانسوا رازی بکات کە ببێتە ئیسلام و بگەریتەوە بۆ دانشگا دەرس بڵیتەوە، بەڵام فرانسوا وادیارە رازی نابێت بە پێشنیاری برادەرەکەی بۆیە پاش چەند ڕۆژێک فرانسوا لەلایەن دانشگای سۆربۆنەوە خانەنشین دەکرێت و دانشگا بەجێ دەهێڵێت.مریەمی هاوڕێشی کە بە ڕەچەلەک جولەکەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و لەوێ دەژی.
بێگومان ئەم کتێبە چیرۆکێکی خەیاڵیە و هاتنە دی ئەم بیرۆکەیە زۆر دوورە، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو کەسە بیانیانەی کە لە ئەوروپا لە سیاسەتدا کار دەکەن کەسانێکن هەموویان لەناو پارتە سیاسیە عەلمانیەکاندا کار دەکەن و هەتاوەکو ئێستاکە تاکێکی ئەنتەلەکتوێلی موسڵمان ناتوانێت دەوری بن عەباس ببینێت، تەنها کەسێک کە ئیسلامییەکان پشتیان پێ بەستبوو تاریق ڕەمەزان بوو کە هەندێک جار گوێم لە کەسانی فەرەنسییش بوە کە باسی تاریقیان کردوە وەک فەیلەسوفێکی نوێ، تێڕوانینی بۆ خۆشەویستی و کۆمەڵگەی مۆدێل.بەڵام تاریق ڕەمەزان لە ئێستادا لە بەندیخانەی فەرەنسایە و تۆمەتی لاقەکردنی چەندەها کچی موسڵمانی دراوەتە پاڵ.
تاریق ڕەمەزان
تاریق ڕەمەزان کە کچە زای حەسەن بەنای دامەزرینەری ئیخوان موسلیمونە، ناسیۆنالیتێی سویسری و میسری هەیە، لەم دوایانەشدا لە هوڵداندابوو بۆ وەرگرتنی ناسیۆنالیتێی فەرەنسی، یەکێکە لە کەسایەتیە ئیسلامیەکانی ئەوروپا، کە سەردەمێک ببووبە ئیدۆڵی گەنجانی موسڵمان.ئەبێت بوترێت کە تاریق ڕەمەزان فەرەنسی و ئینگلیزیەکی زۆر باش دەزانێت و لە دانیشگای ئۆکسفۆرد مامۆستای تیۆلۆژیە.زوو زوو دەهات بۆ فەرەنسا و کۆنفرانسی دەبەست لەسەر شەریعەتی ئیسلامی و ئیسلام، ئێرانی وەک نمونەیەکی حوکمڕانی ئیسلامی دەناساند.پاش کۆنفرانسەکانی، شەوانە لە هۆتێلە گرانبەهاکانی شاری پاریس و لیۆن پشووی دەدا و هەر لەم هوتێلانەدا ئافرەتانی موسڵمانی دەبینی، کە لە سەر داوای خۆیان دەیانویست تاریق ڕەمەزان وەک ڕێپیشاندەرێک ببینن، بەڵام تاریق بەو پەڕی زۆرەملی ئەم ئافرەتانەی لاقە دەکرد و لەهەمان کاتدا دەیترساندن، تا نەتوانن شکاتی لێبکەن.بەڵام دواجار کچە فێمینستی فەرەنسی؛ کارۆلین فۆرێست، ئەم کچە لاقەکراوانەی هاندا بۆ شکاتکردن لێی.تاریق ڕەمەزان ئێستاکە لە بەندیخانەیە و چاوەڕوانی دادگایە.لە کاتی تۆمەتبارکردنیدا هەندێک موسڵمان دەیان وت، کە دەبێت بە پێی شەریعەتی ئیسلامی چوار شایەت هەبێت بۆ ئەوەی تاوانەکەی بەسەریدا ساغ بێتەوە، وەک ئەوەی کە نەزانن ئەوان لە فەرەنسادا دەژین.
نازانین داهاتو بەرە کوی دەڕوات لەبەر ئەوەی بەستراوەتەوە بە سیاسەتی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریاوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ئەوروپا هەتا دێت بە هۆکاری بێکاریی و دابەزینی ئاستی ئابووری و زۆری پەناهێندەکان، بەرەی پۆپولیسم لەگەشەسەندایەو دەبێت ڕۆژێک دەنگی ئەم موسڵمانانەی ئەوروپا لە پارتێدا کۆبکرێتەوە و بەکار بهێنرێت دژی ئەوان، گرفت ئەوەیە، کە ئیسلامیەکانی ئەوروپا وەک جیهانی ئیسلامی پەرت و بڵاون، هەر کۆمەڵە و لەلایەن وڵاتێکەوە هان دەدرێن، هەرمزگەوتە و لەلایەن وڵاتێکەوە بە نهێنی یارمەتی ئەدرێت، بۆیە پێکهێنانی بەرەیەک هەروا ئاسان نییە، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا یەکبونیان ئاسانترە لە بەرەیەکدا لەبەر ئەوەی، کە تورکەکان ژمارەیان زۆرە و کاریگەریی راستەوخۆی حکومەتی تورکیایان لەسەرە، بەڵام ئەمڕۆ لە ئەوروپا بە گشتی توانای پێکهێنانی پارتێکی سیاسیان نییە کە بتوانێت دەنگی هەموو ئیسلامیەکان لە هەڵبژاردندا ببات بۆ خۆی.
لە حالەتێکدا ئەگەر لە داهاتودا پارتێکی ئیسلامی لە فەرەنسا دروست ببێت، ئەوا ئەبێت ئیسلامی فەرەنسا بەرنامەکەیان لەگەڵ وڵاتێکی عەلمانی وەک فەرەنسادا بگونجێنن، کە تەواو قانونەکانی جیاوزە لەگەل وڵاتانی تردا ؛ ئیسلامییەکان ناتوانن بڵێن کە قورعان لەسەروی قانونەوەیە و دەبێت یاسای فەرەنسا قبول بکەن لەبەر ئەوەی کە کاتێک ساڵی 1905 کۆمارییەکانی فەرەنسا لە ترسی گەرانەوەی دەسەڵاتی پاشایی کە پاڵپشتێکی گرنگە بۆ دین، بڕیاریان دا بەتەواوی دین لە دەسەڵات جیا بکەنەوە، بۆیە بە پێچەوانەی ئەمەریکا هیچ سەرۆک کۆمارێک یان پیاوێکی سیاسی فەرەنسی ناتوانێت لەسەرەتای وتارەکەیدا بڵێت ؛ بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە، توانرا لە فەرەنسا پەچە و نیقاب لە دائیرە و قوتابخانە و خوێندگاکان تەنانەت جامانەی فەلەستینێس قەدەغە بکرێت، هەر شتێک تەنانەت ڕۆژنامەی پارتێکی سیاسیش ناتوانرێت لە دائیرەی حکومیدا پیشان بدرێت، لەکاتێکدا لە وڵاتانی وەک ئینگلتەرا هەموو کەس بۆی هەیە لە دەزگا و شوێنە حکومیەکاندا بۆیان هەیە چۆن خۆیان دەگۆڕن، هەر بەو بۆنەیەشەوە حکومەت بۆی نییە مزگەوتێک دروست بکات، بۆیە بڕیاریان دا کە تاکسێک بخەنە سەر خواردنی حەلال و لە دەستکەوتەکەی مزگەوت بۆ موسڵمانان دروست بکەن.ئەم قانونانەی فەرەنسا نەک موسڵمان، بەڵکو جولەکەکانیش دژی دەوەستنەوە.
 هەرچەندە ئەم سیاسەتەی فەرەنسا لەسەرەتاوە، پێش دروستبونی داعش و تەقینەوەکانی ئەوروپا، زۆر وڵات دژی فەرەنسا دەوەستانەوە و بە قانونێکی دژ بەمافی مرۆڤیان ناودەبرد، لەکۆتاییدا هەندێک وڵات تەنانەت ئینگلتەراش ناچار بوو هەندێک قانون بگۆڕێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەندێک هەڵسوکەوتی ئیسلامییەکان.
 نمونەی ئەو ڕێکلامەی کۆمپانیای گاپە، کۆمەلە گەنجێک دەبینرێن، یەکێک لەوانە کچێکە پەچەیەکی بەسەرەوەیە، کە لە هیچ وڵاتێک گیروگرفتینەناوەتەوە بەڵام لە فەرەسا قبول نەکرا، خۆئەگەریش کیپەی جولەکەی بەسەرەوە بوایە بەهەمان شیوە دژی دەوەستانەوە.
ڕیکلامی گاپ بۆ جلوبەرگ
 
لەگەڵ ئەوەشدا شارل ماغتێل ساڵی  732ی زاینی  لە شاری پواتیە لە فەرەنسا، لەشکری ئیسلامی تێک شکاند، بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی و عەرەب پێکهاتەیەکی گرنگی فەرەنسا و ئەوروپان، لە مانگی ڕەمەزاناندا جادە و کۆلانەکانی فەرەنسا روالەتی ڕەمەزانیان پیوە دیارە، بەهۆی ئەو شەپۆلی کۆچانەی لە سالانی شەستەوە دەستی پێکردوە هەتا ئەمڕۆ بۆ ئەوروپا، هەندێک لەو کۆچانە لەسەر داوای فەرەنسا بووە لە وڵاتە داگیرکراوەکانی ئەفریقای باکور، کە حکومەتی فەرەنسا دەیهێنان مەبەستی کارپێکردنیان بە نرخێکی هەرزان، ئەمڕۆ مندالانی ئەم کەسانە گەورەبون و بەرەنگاری کەڵچەرێک دەبنەوە کە تیایدا لە دایک بون و  وشەی ئیسلامیان لە تەلەفوین و رادیۆ و دایک و باوکیانەوە بیستوە، جارێکی تر بەکاری دەهێننەوە دژی سیستەمێک کە دایک و باوکیانی چەوساندۆتەوە، ئەو سیستەمەی کە  ئەوان بە ئاسانی وەک محەمەد قبول ناکات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە