پەیامی بەرەی خەڵک بۆ ئەم دۆخە!

Tuesday, 30/10/2018, 20:30

4095 بینراوە


هاونیشتمانییانی ئازیز، دۆخەکە ڕوونە بۆ هەموو لایەک، وەک پێشووتر تاڵانیی و سەپاندنی زیاتری ستەم بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵە و حزبەکانەوە، بەردەوامە. ڕاستییەکە ئەوەیە هیچ هاوڵاتییەک هێندەی دانیشتووی هەرێم سووکایەتی پێنەکراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، کە داماڵینی لە نیگا و ویست و ئومێد بە بەرنامە، دزین و بێبەشکردنی کۆمەڵگا لە داهاتە گشتیەکان و بڕینی هەقدەستی ڕەنجی خۆیشی لایان بەس نەبوو بێ، کەوا گرتن و ڕاونان و تیرۆریشیان لەسەر پەیڕەو دەکا کاتێ هاوارێ بۆ قووتی منداڵەکانی دەکا!
(بەرەی خەڵک) دەمێکە ڕایگەیاندووە ئەم ستەمکارییە گشتگیرە و تێکڕای حزبەکان تیا بەشدارن، کەڵکەڵەی پێدانی دەیان ملیۆن دینار بە پەرلەمانتارانی خوولی پێشتر و بێئەوەی بە ڕاست و چەپیانەوە، ئەخلاقی بەرپرسیارییان هەڵوەستەیەکی پێکردبن لەپای ئەم تاڵانە! لە کاتێکدا مووجەی سێ مانگی مامۆستایان و فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرێ، بۆ پارە هەیە بۆ ئەوان ( کە نزیک بە دوو ساڵ پەرلەمان هەر داخرا بوو) بەڵام بۆ مووچەخۆر نییە و شک نابەن، لەکاتێکدا هەموو پێوانەکان دەڵێن داهات زۆر زیاترە لە بڕی مووچە... ئەگەر ئەمە تاڵانکاریی نەبێ بە بەشداریی هەموو حزبەکان، چییە؟
(بەرەی خەڵک) تکای کرد لە سازش نەکردن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە و فریونەخواردن بە گفتەکانی، بەڵام لەبەر حزبیبوونی ناڕەزاییەکان و ئاراستەکردنی هەموو ئەو پەنگخواردنەوەیە لەپای ستەم بە ئاراستەی خاوکردنەوە و بە قازانجی دەسەڵات و حزبەکان... وا شەقامیش خامۆشە، چونکە خامۆشی لە سوودی تاڵانچییەکانە. مامۆستایان و فەرمانبەران لەپای پاشەکەوت (دزی ئاشکرا) چی لە دۆخیان گۆڕا وا ناچاربوون دەست لە ناڕەزایی ڕاستەقینە و دژوەستانەوە بە پاماڵی مافەکانیان، هەڵگرن. ئەم دەسەڵاتە دەبێ تا ئاستی کڕنۆشبردن بۆ کۆمەڵگا فشاری لێ بکرێ نەک بە هەڕەشە و سووکە پاداشتێ کۆڵی لێبدرێ و پاداشت بکرێ بە مانەوە.
(بەرەی خەڵک) و دڵسۆزانی کۆمەڵگا هاواریان دژ بە هەڵبژاردنە، کەوا ئێستا پاشهاتەکەی دەبینن، کە دەسەڵات ڕەوایی خۆی لە بەشداریی هەموو حزبەکان بەدەستهێنایەوە و لەبری لاوازبوون بە هەر ڕێگەک بێ خۆیان کردەوە نوێنەر و گوڕیان دایەوە بە خۆیان، لەمەدا هەر حزبێ چووەتە هەڵبژاردنی شانۆییانەوە، ئەوا خزمەتی بێوێنەی بە تاڵانکاریی و بەردەوامی ستەم کردووە، جا وای ببینن یان نا! دەیفەرموون کێ لە بەرەی خەڵکدایە با یەکجار بیسەلمێنێ و تاڵان لە ڕەگەوە ڕەتبکاتەوە!
لە کۆتاییدا (بەرەی خەڵک) سەرەڕای هەموو خراپییەکانی ئەم دۆخە، پاڵپشتی هەر جۆرە دژوەستانەوەیەکی ڕاستەقینەیە، بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە، کە تەنها ئەرک پێی هەستاوە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا... دزینی داهات و خەون و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستانە. دەبێت پێکەوە بڕیاری وەرچەرخان بدەین ئەگینا دەبێ تاک و تەرا هەمووان لەم مێژووەدا بچەقین و بەفیڕۆ بچین!
بەرەی خەڵک ٣١ی ١٠ - ٢٠١٨

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە