ئازایەتی ئەدەبی لە منداڵانـدا، ئەوەیە کە بـڕوایان بە خۆیان هەبێت، ئازا و بوێربن، بە ئـازایەتی و بە ورەبـەرزیییەوە، بە بیرکـردنەوەیەکی قـووڵ و دانـاییەوە، بەرپەچی هەر هەڵـوێستێکی دژوار و نـەرێنی بدەنـەوە کە رووبـەڕوویـان دەبنەوە.. سەرسەختـانەش داکۆکی لە باوەڕەکانیان و لە مافەکانیان بکەن و سازشیان لەسەرنەکەن، ملکەچی رای سەپێنراوی کەسانی تـریش نەبـن.
پێویستە ئەوەش بـزانین، کە ئـازایەتی ئـەدەبی، ملهـوڕی و لەخۆبـایی و خۆسەپانـدن و هەمیشە خۆبەڕاست زانین ناگەیەنێت. پێویستە ئازایەتيیەکی گونجاوبێت، هەڵە نەکەن و سنوور نەبەزێنن و هەستی کەسانی تر بریندارنەکەن و پێشێلی ئازادی و مافـەکانیشیان نەکەن، رێزیان بۆ دابنێن و بە کەمیان نەزانـن.. ئـازایەتی ئـەدەبی، ئەوە ناگـەیەنێت کە لە ئاستی راستییەکاندا، کەلەڕەقی و نکووڵی بنوێنن، تەنیا هەر قسە و را و بیرۆکەکانی خۆیان بە راست و دروست بزانن. راو و بیرۆکە جیاوازەکانی کەسانی تـر رەتبکەنەوە.
ئـازایەتی ئـەدەبی تا رادەیـەک خەسڵەتێکی بۆمـاوەیە، لە هەمـان کاتیشدا خەسڵەتێکی وەرگـیراوە. منـداڵان لە دایکان و باوکان و لە کەسانی تـرەوە ئەم خەسڵەتە وەردەگرن. دەکرێت لە هەڵوێستەکانی رۆژانـەدا، بە پێی قۆناغەکـانی تەمەنی منداڵان، هـێدی هـێدی منداڵان لەسەر خەسڵەتی ئازایەتی ئەدەبی رابهێنرێن. تا ببێت بە بەشێک و بە بەهایەکی بەرزی چەسپاو لە ژیانی کەسایەتییاندا.. دایکان و باوکان و مامۆستاکان رۆڵێکی گرنگ و کارتێکەر و بەرچاویان هەیە، لە هانـدان و لە روانـدنی ئـازایەتی ئـەدەبی لە دەروونی منداڵەکانیاندا. بۆ نموونە: بە ئامادەبوونی دایکان و باوکان، یا بەبێ ئامادەبوونیان، ئەو بـزانن کە بە چ شێوازێک منداڵەکانیان گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی نائاشنا و نامـۆدا دەکەن.. چـۆن بە بێ ترس و شەرمکردن و لەڕووهـاتن، لەگەڵ کەسانی نامـۆدا دەدوێـن.. یا لە ئاهـەنگی یادی ساڵـڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیاندا، سەرەنجیان بدەن و بزانن، کە چۆن پێشوازی و بەخێرهاتنی هـاوڕێ بانکراوەکانییان دەکەن، چـۆن بە بێ شەرم و شـڵەژان قسەدەکەن و گوزارشت لە دڵخـۆشی و شـادی خۆیان دەکەن، بە چ شێوازێکی شیرین و شایستەش سوپاسی ئامادەبوونی هـاوڕێکانیان دەکەن.. یا لە پۆلی خوێندنـدا، یا لە کاتی ریزبوونی رۆژانەی پێش دەستپێکـردنی وانەکـان لە قوتابخانەکانـدا، ئایـە منـداڵەکـانتان ئـەو ئازایەتییە ئەدەبییەیان هەیە، کە بەبێ شەرم هۆنراوەیەک، یا پارچە پەخشانێک، یا چـالاکییەک بە دەنگـێکی بـەرز و بـە شـێوازێکی فانتـازی، لە بـەردەم مامۆستاکـانیان و هـاوڕێکانیانـدا پێشکەش بکـەن.. منداڵان لە رێی ئەم هەڵـوێستانە و لە هاوشێوەی ئەم هەڵـوێسـتانەوە، دەتوانن ئـازایەتی ئـەدەبی خۆیـان دەربخەن و سەرنجی کەسـانی تر بۆ لای خۆیان رابکێشن.. زۆر لە منـداڵان هەن، کە گەلی بیرۆکە و رای جـوان لە ناخیاندا هـەن، بەڵام ئـەو ئازایی و ئازایەتییە ئەدەبییەیـان نییە، کە بە قسەکـردن دەریان ببـڕن.
بەشێکی زۆری توێژینەوەکانی ئەم بـوارە، ئەوەیـان سەلمانـدووە کە هۆکـاری شەرم و ترس و نەبوونی ئازایەتی ئەدەبیی منداڵان، دایکـان و باوکانیانن. ئەمەش بە کەلێنێکی پەروەردە دەزانرێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە دایکان و باوکان، زیـادەڕۆن لە چاودێری و لە پاراستنی منداڵەکانیان، هەمیشە بە دوایانەوەن، بـواری ئەوەیان نـادەنی کە پشـت بە خۆیان ببەستن. هەموو شتێکیان لێکردوون بە بڤە و ئێوە ناتـوانن، ئێوە هێشتا منداڵن، قسەمەکەن و قـوڕوقەپ، دەمتان داخـەن.. بەم شـێوە نادروسـتانە تەریقـیان دەکەنەوە.
(یۆنـامات) دەڵـێ"تـا تەمـەنی سیانزە ساڵـیم، وامـدەزانی کە نـاوم ـ دەمـت داخـە ـ یە"
دایکان و باوکان، لە منداڵەکـانت بگەرێن، با دەمیان دانەخـەن و بە ئازادی و ئازایەتی گـوزارشت لە ناخـی دەروونیان و لە حەز و راز و نیازەکـانیان و لە را و بیرۆکە و لە بۆچوونەکـانیان بکەن، ئەگەر هەڵـەشیان کرد، لێیان تووڕەمـەبن و چاوتـان لێیان زەق مەکەن و سەرکوێریان مەکەن، تەریقیان مەکەنەوە.. بە داخەوە کە هەندێ لە دایکان و باوکـان شانـازی بـەوەوە دەکـەن، کە منـداڵەکـانیان ناوێـرن لە ئاستیاندا فـزەبکەن، یا چـاویان هـەڵبێنن. ئەمـە رەفـتارێکی هـەڵـەیە و ئەنجـامێکی خـراپی لـێدەکەوێتـەوە.
گەر بتانەوێت منداڵەکانت بە ئازایەتی ئەدبی پەروەردە بکەن، پێویستە بە شێوەیەکی راست و دروست پەروەردەیان بکەن، پشت بە بنەما دەستوورییەکان و بەرنامەیەکی داڕێژراوی سیستەماتیک ببەستن، کە شیاو و گونجـاوبن لەگەڵ قۆناغەکـانی تەمەنی منـداڵاندا. پێویستە دایکـان و باوکـان، هەست بەوە بکـەن، کە منداڵەکـانیان هـەر لە منداڵییەوە، رەنگـدانەوەی شەرم و بێـدەنگی و لەروونەهـاتنیان پێوە دیـارە.. بەشێکی زۆریـان ئـازایەتی گوزارشتکـردن و دەربـڕینی حـەز و نیـاز و رازەکـانیان نین.. ئەگەر هەر وابمێننەوە، کە گـەورەشبن ئەم خـەسڵەتە نەرێنـیانە دەبـن بە بەشێک لە ژیـانیان.
کە مامۆستا بووم لە قوتابخانەیەکی شاری کەرکوکی کوردستانی، وانەی ماتمـاتیکم بە پـۆلی پێنجەم و شەشەمی بنـەڕەتی دەوتەوە ـ دوور لە خۆهەڵکـێشان ـ هەمـوو ساڵێک سەرپەرشتیاری ماتماتیک لە بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک، داوی لێـدەکردم کە وانەیەکی نموونەیی بۆ مامۆستایانی ماتماتیکی قوتابخانەکانی کەرکوک بڵێمەوە. زۆر بە ئاسایی و سەرکەوتووییەوە دەمـوتەوە.. جارێکـیان بە سەرپەرشتیارەکـەم وت، ئەمساڵ داوا لە مامۆستایەکی تر بکە با وانەیەکی نموونەیی لە ماتماتیکدا بڵێتەوە، با هـەر مـن نەبم، سەرپەرشتیارەکەمان وتی:" بـڕوابکە، دوام لە زیاتر لە پەنجـا مامۆستا ماتماتیک کـردووە، لە وەڵامـدا پێیان وتم، بە راستی ئێمە شەرم دەکەین و ناتوانین لە بەردەم ئەو هەموو مامۆستایانەدا، بە سەرکەوتوویی وانەیەیەکی نموونەیی لە ماتماتیکـدا بڵێینەوە، داوای لێبووردنیان لێکردم" من هۆکاری نەبوونی ئـازایەتی ئەدەبیی ئەو مامۆستایانە و بە هەزاران گەورەی تریش بۆ تافی منداڵییان دەگەڕێنمەوە، ئۆباڵیان لە ئەستۆی دایکان و باوکان و مامۆستاکانیانن، دەبوایە زوو هەستیان بەم خەسڵەتە نەرێنییە بکردایە و بە راهێـنان و بە یارمەتیـدانی پێویـست چـارەسەریان بکـردایە و نەیـان هێشتبایە ببـێت بە ترس و شەرمکردن و بە دیاردەیەکی نەخوازراوی چەسپاو لە کەسایەتی و ژیانیاندا.
ئـازایەتی ئەدەبیش، خەسڵەتێک نییە، کە بە ئاسانی و تەنیا بە قسـەی رووت بێـتەدی، وەک ئەوەی کە دایکـان و باواکـان بە منداڵەکانیان بڵـێن "دەبـێ ئـازایەتیتان هەبێـت" خەسڵەتێکیش نییە کە بتـوانن، لە مـاوەی چەنـد مانگـێک یا ساڵێکـدا ئەم خـەسڵەتە لە دەروونـی منـداڵەکـانتان بـڕوێـنن.. بەڵـکو بۆ رۆانـدنی ئـازایەتی ئـەدەبی لـە دەروونـی منداڵەکـانتان، پێویستیـتان بە ئـارامی و قـوربانیـدان هەیە.. چونکە پەروەردەکـردنێکی راست و دروست کاتێکی زۆر دەخایەنێت و پێویستی بە پشوودرێژی و درێژەدان هەیە.