خولە چەخماخە، هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگای کوردی

Thursday, 08/11/2018, 15:29

10535 بینراوە


یاسین محەمەد (جوانپەرست)
شانۆیی چەخماخە بەرهەمی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی لە ساڵی 1974، لە نووسینی سمکۆ ناکام و دەرهێنانی حەسەن تەنیا و داڕشتنی مۆسیقا مامۆستا خالید سەرکارە. یەکێکە لە شانۆگەرییە دێرینەکانی کوردستانی باشوور کە تۆمار کراوە و تا ئێستایش ماوەتەوە. ئەوەی ئەم شانۆگەرییە لەوانی دیکە –لە پێش خۆی و هەندێک لەوانەی دوای خۆیشی- جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە تاڕادەیەکی زۆر بە کەرەستەیەکی ناوخۆیی بەرهەم هاتووە. نووسین، دەرهێنان، ئەکتەر و ستافی بەرهەمەکە زۆرینەیان کوردن. وەک دەزانرێت زۆرێک لە کارە شانۆییەکانی دیکەی ئەو سەردەمە و هەندێک لەوانەی ئێستایش تێکستەکانیان بیانین و لە شاکارە مەزنەکانی شانۆی جیهانییەوە وەرگیراون. دواتر و لە سەرەتای نەوەدەکاندا شانۆگەریی ئەحەی کوڕنوو بە کەرەستە و ستافێکی تەواو خۆماڵییەوە بەرهەم هات. لێرەدا دەمەوێت لە سۆنگەیەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسییانەوە هەڵوەستەیەک لەسەر شانۆگەریی چەخماخە بکەم.
شوێنی ڕووداوەکان سلێمانییە، ئاماژە بۆ هەندێک لە گەڕەک و شوێنەکانی ئەو شارە کراوە: "قەرەجاوا، عەقاری، باخی شێخ لەتیف، مەزادخانەکە، بەردەرکی سەرا، چایخانەی ئەوقاف." مۆرکی سلێمانی بە ڕادەیەک بە چەخماخەوە دیارە کە ئەگەر خەڵکی سلێمانی نەبیت باز دەدەیت بەسەر هەندێک لە بڕگە و حیوارەکانیدا و بایەخی هەندێک لە کاراکتەرەکان –بۆ وێنە حاجی ئەبوبەکر- بە تەواوەتی نازانیت. ڕەنگە تا ئێستایش زۆرترین هەوادارانی هەر لەو شارەدا مابێتەوە. وەرزی زستانە، بەڵام زەمەن دەستنیشان نەکراوە، هەرچەندە لە ئەنجامی وردبوونەوە دەردەکەوێت باسی هەمان ئەو ساڵانە دەکات، واتە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان. بە داخەوە سەرباری دانسقەیی ئەم کارە شانۆییە و باشی سیناریۆ و دەرهێنان و ڕۆڵبینینی ئەکتەرەکانیش، بەڵام وێنەگرتنەکەی لە ئاستێکی باشدا نییە. ئەوەیش گرفتێکی تەکنیکییە و ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پەیام و ناوەڕۆکەکەیەتی.
دەکرێت بڵێین ئەم کارە شانۆییە دژە پاڵەوان (antihero) یان پاڵەوانی پێچەوانەیە، بەو پێیەی کاراکتەرەکانی ناوی ڕۆڵێکی پێچەوانەی پاڵەوان دەگێڕن -هەموو هەڵگری سیفەتی خراپ و پێچەوانەن. پاڵەوانەکان لەبەر چاکەخوازی و مەردی و ڕاستگۆیی نەبوونەتە جێگەی سەرسامی هیچ کەس. ئەوان کەسانێکن شایستەی لاساییکردنەوە نین. ئەگەرچی نمونەیەک بن لە واقیعی کۆمەڵگایشدا بوونیان هەبێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی زۆرینەی کەسایەتییەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایەیش بن.
لەنێو شانۆگەرییەکەدا هەست ناکەیت هیچ کاراکتەرێک و بەڵکو بێ زیادەڕووی هیچ حیوارێکیش زیادە بن و شوێنی خۆیان نەگرتبێت. بە لابردنی کاراکتەرێک هەرچەندە لاوەکییش بێت نەنگییەک لە شانۆییەکەدا دروست دەبێت. سەرباری ئەوەی پێویست بە بوونی کاراکتەر و حیواری زیاتریش ناکات، ئەوەیش خاڵی هەرە بەهێزی شانۆگەرییەکەیە. لەم شانۆییەدا چایخانەیەک ئامڕازی پێکەوەبەستنەوەی کۆمەڵێک کاراکتەرە کە نوێنەرایەتی جڤاتی کوردی و مرۆڤەکانی ناوی دەکات، وێنەیەکی ڕاستەقینەی بیرکردنەوەکانی ئەوانمان پیشان دەدات. سیفەتەکانی دووڕوویی، چاپلووسی، بەدبەختی، ترسنۆکی، خۆبردنەپێشەوە، ساختەچێتی و ..تاد بە ڕوونی لەنێو تاکەکاندا بە دیار دەخات. ئەوەی جێگەی سەرنجە کاراکتەرەکانی ناوی دوودوو سیفەتی هاوبەشیان هەیە یاخود لە یەکترییەوە نزیکن، بێ ئەوەی دانەیەکیان زیادە بێت. ئا بەو جۆرە کاراکتەرەکانی نێو خولە چەخماخە لەم کەسایەتییانەدا خۆی دەبینێتەوە: خولە چەخماخە (عومەری کەریم ئاغا) و خولەی چەخماخساز (مستەفا ئەحمەد) –زیاتر بەزەبروزەنگ و زاڵخواز و خۆسەپێنن، نوێنەرایەتی دەسەڵاتداران دەکەن. تەها فەنی (ئەحمەد سالار) و یونسە فەنی (عەبدوڵا) –بودەڵە و خۆهەڵکێش و هیچ لە بارانەبوون، نوێنەرایەتی ڕۆشنبیران دەکەن. کەمال (قادر جەلال) و مارف (ئازاد جەلال) –خەریکی پاشکۆیەتی و کلکەلەقێکردنن، باڵی سەربازی و سیخوڕین. حاجی ئەبوبەکر (کەمال سابیر) و تۆفیقی چایچی (تەها باراوی؟) –بەدبەخت و مافخوراون نوێنەرایەتی گەل و خەڵکی سادە دەکەن. لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمانە لە یەک شوێندا پێکەوە کۆبوونەتەوە و جۆرە ئاشنایەتییەکیش لەنێوانیاندا دروست بووە کەچی بێمتمانەییەکی زۆر لەنێوان هەموویاندا هەست پێ دەکرێت، هیچیان دۆستایەتی ڕاستەقینە بەرامبەر بەوی دیکە پیشان نادات. تەنانەت حاجی ئەبوبەکر کە لە کۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی برینداربوونی تۆفیقی چایچییە کەچی یەکسەر ئەویش بە جێی دەهێڵێت. وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت لەم سەرزەمینەدا بەدبەخت و مافخوراوەکان ناتوانن یان نایانەوێت تا سەر پێکەوە بن و پشتی یەکتری بگرن. لە چەند شوێنێکدا تۆفیقیش سوکایەتی و لاقرتێ بە حاجی دەکات، بۆ نمونە لە شوێنێکدا بەم وشانە زیاتر سەرودڵی دەگرێت: "پێنج سەد سەرە سۆدە پێنج سەد بزماری کەوش ... کامیانت دەسکەوت لە پای شیربایی نەزیرەدا ..." ئەمە لە بارودۆخیکدا کە حاجی حاڵی پەرێشانە و جێی خۆیەتی تۆفیقی هاوحاڵی دڵنەوایی بکات و ببێتە پشت و پەنای نەک قسەیەکی بریندارکەر -ئەگەرچی ڕاستیش بێت- بدات بە تەنگەیدا. 
لە سەرەتادا خولەی چەخماخساز بە ترس و شەرمەوە خۆی دەکات بە چایخانەکەی تۆفیقدا –لە لایەک لە ترسی پۆلیس، بەهۆی ئەو بەزمەی لە چایخانەکەی سمەگێڕ گێڕاویەتی، لە لایەکی دیکەیشەوە لە ترسی ئەوەی نەبادا نازناوە ساختە و لێکچووەکەی گەیشتبێتەوە بە خاوەنە ئەسڵییەکەی واتە خولە چەخماخە و بە کەتنەکانی ئەمی زانیبێت. کەچی دواتر کەسانی نێو چایخانەکە کاتێک دەبینن خولەی چەخماخساز چەکی پێیە –کە لە ڕاستیدا هی خۆی نییە و خولە چەخماخە پێی داوە تا دەرزییەکەی بۆ چاک بکاتەوە- ئیدی دەست دەکەن بە ماستاوکردن و خۆبچوککردنەوە لە بەرامبەریدا، ئەویش هەر زوو خەڵکەکەی بۆ تاقی دەبێتەوە و دەزانێت بایی چەندن. لێیان دەگەڕێت تا گەورەی بکەن و فووی تێ بکەن، هەر درۆیەکیش بچێتە خزمەتی ئەو پڕۆسەیەوە بۆیان دەکات. تا وای لێ دێت خانووی بۆ پەیدا دەکەن و ژنیشی بۆ دەهێنن، دەکەونە دەعوەت و دەعوتکاریش. دووانیشیان دەبنە پاسەوانی، ئەوانی دیکەیش لە ڕوودا هەموو ڕیاییەکی بۆ دەکەن کەچی لە پاشملە دەکەونە سەرزەنشتکردنی! لێرەدا دەبینین کە درۆ بووەتە خاڵی پێکەوەبەستنەوەی هەموو کاراکتەرەکان و ڕایەڵی سەرەکی پەیوەندیی نێوانیانە. هەست دەکەین هەموو کەسایەتییەکان نغرۆی نەزانی و بوودەڵەیین –تەها و یونس وەک دوو کەسایەتی بەناو ڕۆشنبیر و خوێندەوار، کەمال و مارف وەک دوو شەقاوە و بێکارە، حاجی و تۆفیق وەک دوو کەسی سادە و ڕەشۆکی- هەموو دەچنەوە سەر یەک، جیاوازیی سەرەکی نێوانیشیان شێوازی بیرکردنەوەیان نییە، بەڵکو تەنیا جلوبەرگەکەیانە. 
وەک لە سەرەتاوە دەردەکەوێت چەخماخساز هەڵاتووە و دەیەوێت خۆی بشارێتەوە کەچی هێندە نابات دەکەوێت بەسەر خێری خۆیدا. لە مێژووی ئەم نیشتیمانەدا کەم نین ئەوانەی لە شوێنێک کەتنێکیان ناوەتەوە و هەڵاتوون بۆ شوێنێکی دیکە لەوێ ئامێزیان بۆ گیراوەتەوە و بوونەتە کەسانێکی دەستڕۆیشتوو. لە بەدبەختی گەلیش زۆربەیجار دەسەڵاتێکی نێگەتیڤیان پەیڕەو کردووە و بوونەتە بەڵا بەسەر دەوروبەریانەوە. 
ئەو دەمەی کەمال و مارف لەسەر شتێکی سادە تێک بەر دەبن و مارف دەکەوێت بەسەر چەخماخسازدا و پاڵتۆکە لەسەر شانی لادەبات و تفەنگەکە بە دیار دەکەوێت، ئیدی دەبێت بە خاڵی وەرچەخان و دەرکەوتنی ستەمکاری. مێژووی ئەم میللەتە و گەلێک میللەتی بەدبەختی دیکە پڕن لەو چرکەساتانەی دەرکەوتنی کەسانێک کە لە ئەنجامی بەدحاڵیبوونەوە لە لایەن خەڵکەوە سامێکی درۆینەیان بۆ دروست دەبێت و بەو جۆرەیش دەبنە کۆڵی شێر و بارێکی گران بەسەر شانی خەڵکەوە، بە ڕیشەیاندا دەچنە خوارەوە. تا ئەوەی سەرەنجام دەردەکەوێت ئەوانە چ بوودەڵەیەکن. 
چایچییەکە تەنیا کەسایەتییەکە دەکرێت بڵێین لەوانی دیکە باشترە، ئەو تاڕادەیەک حەقخوازە و موجامەلەی کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە. بۆیە دەکەوێتە بەر پەلاماری هەموویان، لە کۆتاییشدا تەنیا زەرەرمەندی سەرەکییە. حاجی هەرچەندە نزیک و هاوشێوەی ئەوە، بەڵام بە هەر کەسێکی وێرابێت خراپ پەلاماری داوە -پەلاماردانی وەستا شەوکەت و دواتریش داواکردن بۆ کوشتنی حەمە نەجمی سوورەبانی ... هەر ئەو دوو کەسەیش دەبنە قوربانی سەرەکی، حاجی –بە پێی عەقڵییەت و نەریتی کوردەواری- شەرەفی دەکەوێتە بەردەستی چەخماخساز و چایچییەکەیش جەستەی دەکەوێتە بەر گوللەی گەرمی ئەو. لە دەسپێک و کۆتاییدا فۆکەسی سەرەکی لەسەر چایچییەکەیە. لە سەرەتادا سەرقاڵی کارکردنە و لە کۆتاییدا وەک بڵێیت لە پای چای گەرم و ئەو کەشە گەرمەی بۆ ستەمکارانی خولقاندووە بە گوللەی گەرم وەڵامی دەدەنەوە. کەسی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش کەشی لەبار بۆ کەسانی نالەبار دەڕەخسێنن، ئەوانیش ناپیاوانە چاکەیان دەدەنەوە.
خولە چەخماخە شانۆگەرییەکی کۆمیدییە، بەڵام کۆتاییەکی تەواو تراژیدی هەیە. ئەوەیشی بەر ئەو تراژیدیایە دەکەوێت هەمان ئەو کەسەیە کە بووەتە هۆی خولقاندنی ئەو کەشە کۆمیدییە، واتە چایچییەکە. هەندێک جار هەمان ئەو کەسە هەقخواز و بەشمەینەتانەی کۆمەڵن دەبنە هۆی سەرهەڵدانی مەهزەلەیەکی لەو جۆرە، بۆیە ڕەنگە قەدەر غەدری لێ نەکردبن. لە بەر خاتری پاروویەک نان ناچارن سەر کز بگرن و بێدەنگ بن یان هەندێک جار ڕیایی بکەن و خۆیان ببەنە پێشەوە هاوشێوەی دەوروبەرەکەیان کەچی دواجار هەر خۆیانن دەبنەوە بە قوربانی. ئەوان ڕاستییەکان دەبینن و بە پێچەوانەی ئەوانی دیکەوە بۆیشی پەرۆشن، بەڵام نایانەوێت قوربانی بە خۆیان بدەن و شوێنی کەون. بە خوێندنەوەیەکی دیکە: ئەوانەی خولقێنەری ئەو جڤاتە پڕ مەهزەلەیەن، چارەڕەشی نایانبوورێت و دەبێتە چارەنووسیان. قسەی ڕەعیەتیش لە کۆتایی ئەو مەهزەلەیەدا هیچ ئەرزشێکی نییە، چونکە نە هەڵقوڵاوی ناخی خۆیانە، نە خۆیشیان هۆکاری ئەو گۆڕانکارییەن. کەمال و مارفیش باڵی سەربازیی نێو ئەو جڤاتەن و چەخماخساز لە سایەی ئەواندا زیاتر ملهوڕ بووە. ڕەوشی ئەوانیش لە ڕەوشی ئەو دووانەی دیکە باشتر نییە، بەڵام لە کەشێکی دۆگمای وەهادان دەبێت هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی ئەو تۆتەمەی سەرەوەیان بێـت، لەو پێناوەیشدا بە گژ هاوڕێ کۆنەکانیشیاندا دەچنەوە. ڕۆشنبیرانیش کە لە کاراکتەری یونسە فەنی و تەها فەنیدا بەرجەستە بووە، کاریان ماستاو ساردکردنەوە و مامەحەمەییکردنە لە حزوری دەسەڵاتداراندا، لە پاشملەیش سنگ دەردەپەڕێنن و خۆیان وا پیشان دەدەن ئەوان ڕۆشنبیرن و بێزیان نایەت مەرحەبای ئەو جۆرە کەسانە بکەن! 
 خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە سەرەتادا فۆکەسی سەرەکی خراوەتە سەر چایچییەکە، لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە فۆکەسی سەرەکی هەر لەسەر ئەوە. لە سەرەتادا بە بێدەنگی سەرقاڵی ئیشکردنە، لە کۆتاییدا بە برینداری هاواری لێ بەرز دەبێتەوە. ئەو وروژێنەری گەلێک لە شتەکانە: لە سەرەتاوە تۆقین لە تفەنگەکەی چەخماخە، دواتر هێنانە بەرباسی نەزیرەی حاجی ئەبوبەکر، لەو کاتەیشی چەخماخە پرسیاری چەخماخسازی لێ دەکات سەرەداوێکی بۆ دەردەخات. لە وروژاندنی هەر کام لەوانەیشدا ستەمکارییەکی تازە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو خانەخوێیە و دەتوانێت سنوور بۆ هەموویان دابنێت، ڕێکیان بخات و ڕێگە لە چەتەگەری بگرێت، ئەگەر لە ڕێگەی یاسایشەوە نەبێت لەبەر نەبوونی سەروەری یاسا، خۆ دەتوانێت بە هێزی قسە و بەرمەبنای ئەوەی "چایخانەی خۆمە و ناهێڵم" کەچی لەجیاتی ئەوە لە ماڵی خۆیدا دەبێتە تێهەڵدراو و گاڵتەپێکراوی هەموویان. هەمیشە هەژاران یان بەشە گەورەکەی میللەت کە خۆیان خاوەنماڵی ڕاستەقینە بوون لە لایەن کەسانی دیکەوە نیشتیمانەکەیان لێ زەوت کراوە. دواجاریش لە ڕۆیشتنی ئەو کەسانەدا هەر ئەوان بوونەتە قوربانی. 
خولە چەخماخەکانی سیاسەت لەم نیشتیمانەدا لەپڕ پەیدا بوون، گەلیش بە چەپڵەڕێزان کەوتوونەتە شوێنیان. ئەوانیش ئەوەی ویستبێتیان بە کەمال و مارفەکان ئەنجامیان داوە. ئەوان چەخماخەی ناوخۆ و چەخماخسازی دەرەوە بوون، لە ئاست گەورەکانیاندا کەوتوونەتە لەرزە لەرز و مامەحەمەییکردن. لە ئاست گەلیشدا خۆسەپاندن و هەڕەشە و گوڕەشە. ئەوان هەمیشە لەسەر حسابی گەل سەرقاڵی خواردنەوە و قوومار و ڕاووڕووت بوون، بە هەر کەسێکیشیان وێرابیت دایانپڵۆسیوە یان لە ناویان بردووە. لە سەرسەرێتی و دەسبڕین و لەبلەبانیدا تەنانەت ناوبانگیان لە دەرەوەیش بیستراوە: "تەنانەت ناوبانگت لە بەغدایش بیستراوە ..." تا چرکەساتی نووسینی ئەم دێڕانەیش دەسەڵاتی کوردی ئەو ڕستەیەی تێنەپەڕاندووە. 
پێش هاتن و دوای هاتنی دەسەڵاتداران گەل هێزی کاریگەری هەیە، بەڵام جیاوازی ئەوان و دەسەڵاتداران ئەوەیە کە ئەوان بێئاگان لەو چەکە کاریگەرە و لە شێوازی بەکارهێنانی. پێش هاتنی خولەی چەخماخساز حاجی چەکێکی جۆری ستاری هەیە (چەک وەک ڕەمزێک بۆ بوونی دەسەڵات و بەرگری لە خۆکردن) کەچی لەبەرامبەر هیچدا پێشکەشی کاک مەحمودی دەکات. ئەی دەبێت ئەو ئەو چەکەی بۆ چی بێت کە نەتوانێت بەرگری پێ بکات لە خۆی! ئەگەر هەر بڕیارە بە زۆر مافی خۆی بسەنێت، بۆ کەسێکی دیکە دەهێنێـە ناوەوە کە بێبەرامبەر هیچی بۆ ناکات و کێشەکەی ئاڵۆزتر دەکات؟ دواجار چەخماخسازیش نایکات بە نامەردی چەکەکەی لێ وەردەگرێت و کچەکەی [برازا]یشی بە تۆپزی لێ دەسەنێت لە پای هەڕەشەیەک لە حەمە نەجمی سوورەبانی، دیاریش نییە ئاخۆ حاجی پارە یان شمەکەکانی دەست دەکەوێتەوە یان نا. لە دیمەنی دواتردا پێکداهەڵپرژانی نێوان حاجی و تەها فەنی، پێمان دەڵێت دەسەڵاتداران هەمیشە ئیش لەسەر ئەو جیاوازییانەی نێوان گەل دەکەن، دەیانەوێت بەردەوام لە ترازان و پێکداهەڵپرژاندا بن لەگەڵ یەکتریـدا تا ڕێگە بۆ خۆیان خۆش ببێت، بەڵکو هەندێک جار خۆیان دەکەن بە پیاوچاک و ناوبژی نێوان چینەکانی کۆمەڵیش دەکەن ئەگەر لە بەرژەوەندییاندا بێت.  
ڕسوابوونی ڕەعیەت لە ئاستی دەسەڵاتدا دەگاتە ڕادەیەک کە هەندێک جار بۆ دەربڕینی سادەترین شت لە بەرامبەر کاک مەحموددا دەبێت بەوپەڕی لەخۆبردوویی و نەوازشەوە دەری ببڕن. ئەگەر بۆنی ڕەخنە یان تانەی لێ بێت دەکەونە بەر پەلاماری جەنابیان. ئەویش کەشێکی لە ترسوبیم دروست کردووە بە جۆرێک هەموو لە خۆیەوە ئیلهام وەردەگرن، ئا بەو شێوەیە کاک مەحمود هەر تەنیا ئازا نییە، بەڵکو کەسێکی باشە و فەرمایشتەکانیشی پڕن لە حیکمەت. شایستەی هەموو پیاهەڵدانێکە، کارە قێزەونەکانیشی کردەوەی جوانن. کاتێک خەڵک دەداتە بەر تەقە و ڕاویان دەنێت، ئەوە دەبێتە جێگەی سەرسامبوون و ستایشکردنی ئەوانی دیکە. تەنانەت ماستاوەکەی حاجی خەستترە "ئەم کوردە پیاوی گەلێک بە جەرگی ها تیا، بەڵام هێژی چی خۆخۆرین ...."
دەسەڵات چەکێکیش ڕەوا نابینێت بە چەکدارەکانی خۆی تا پاسەوانی بکەن –لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کەمال لە بری دەمانچە پارچە بەردێکی لە پەڕۆیەکەوە ئاڵاندووە و کردوویەتی بە لاقەدیا. بەڵام لای خەڵکی وا پیشان دەدات گوایە کاک مەحمود هەر ڕۆژە و دەمانچەیەکیان دەداتێ و خۆیشی هەر ڕۆژە و دەمانچەیەکی پێیە! 
دواجاریش کاتێک کە پۆلیس دێن دوو کەسن کە بە کوردییەکی باش قسە ناکەن، پێدەچێت عەرەب یان لە نەتەوەی دیکە بن. ئەوەیش قسە هەڵدەگرێت، وەک بیەوێت پێمان بڵێت دەسەڵات و گەل لە زمانی یەک ناگەن، یان بە خوێندنەوەیەکی دیکە ئەوەی خاوەنی ڕاستەقینەی ئێمەیە و کاروبارەکانمان ڕێک دەخات سەر بە گەل و نەتەوەیەکی دیکەیە، خۆمان هەر دەزانین ئەو فەوزایەی نێو چایخانەکە بخولقێنین! یان لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە: بەهۆی ناکۆکی و نائیداری خۆمانەوە، دواجار ئەوان دێنەوە سەر خاکەکەمان –هەر لە سەرەتاوە سڵەمینەوەیەکی زۆر بەرامبەر بە پۆلیس لە لایەن کاراکتەرەکانەوە هەست پێ دەکرێت، ئەوان وەک هێزێکی نامۆ وێنا کراون. ئەو دوو پۆلیسەی دێن باش ئاگاداری ڕووداوەکەن تەنانەت چایچییەکەیش سەرباری ئەوەی خوێنی لە بەر دەڕوات هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە بۆیان ڕوون بکاتەوە چی ڕوویداوە. کەچی ئەوان تاوانباری دەکەن بەوەی گوایە ئەو جنێویان پێ دەدات. هەر بۆیە قۆڵبەستی دەکەن و دەیبەن. ئەوە نمونەی حوکمڕانی ئەم ناوچەیە بووە کە هەمیشە تاوانبار وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت و تاوانلێکراو ڕاپێچی زیندان دەکرێت. 
خولە چەخماخە ستەمکارێکە لەژێر سایە و ناو و ناوبانگی ستەمکارێکی دیکەدا دەردەکەوێت کە هەڵگری هەمان ناوە یاخود نازناوی هاوشێوەیە. ستەمکردن لە سایەی کەسانی دیکەدا مێژوویەکی درێژی هەیە لەنێو گەلی کورددا، لەنێو خێڵ و حیزبەکاندا. هەندێک جاریش لە سایەی کەسانێکی ناودار –دەرەکی یان ناوەکی، باش یان خراپ- ئەو کارە دەکرێت و کراوە.
 خولەی چەخماخساز (چەخماخەی عادی) بە چاوی سووک سەیری کەسانی نێو چایخانەکە دەکات و ئەوانیش ماستاو و مامەحەمەیی بۆ دەکەن، هەر وەک چۆن خولە چەخماخە (چەخماخەی ئەسڵی) بە چاوی سووک سەیری خولەی چەخماخساز و هەموو ئەوانی دیکەیش دەکات و ئەوانیش هەموو تێکڕا ماستاوی بۆ دەکەن. ئەو چەخماخسازانەی لێمان بوونەت چەخماخە و بەسەرماندا دەگرمێنن، لە ئاست سەروو خۆیاندا ڕیوەڵەن و دەلەرزن. 
وەک لە سیفەتەکانیەوە دەردەکەوێت کەسایەتی خولە چەخماخە تایبەتمەندی خۆی هەیە و سیفەتەکانی چەسپاون، هەرچەند کەسایەتییەکەی هاوشێوەیە لە ستەمکاری و خراپەکاریدا لەگەڵ خولەی چەخماخساز، واتە ئەویش کەسێکی جوامێر و مەرد نییە، بەڵام گەلێک سیفەتی جیاوازیشی هەیە کە دەکرێت خاڵی ناسینەوەی ئەو بن: دەمانچەی ئەڵقەداری قیسمی کۆن هەڵدەگرێت، چونکە ئەو لە کۆنەوە خەریکی ئەو کارەیە و کەسێکی پڕۆفیشناڵە، ئەو شێوە دەمانچەیەی پێ باش بووە و نەیگۆڕیوە، کارەکانی خۆیشی پێ ڕایی دەکات، بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین کەسێکی قاڵبووەوە و بەئەزموون و مێژینەیە، بەڵام خولەی چەخماخساز تازەپیاکەوتووە و تەقلیدە، وا پیشان دەدات کە هەر ڕۆژە و دەمانچەیەکی پێیە –ئەڵبەت هەموو دەمانچە و تفەنگەکانیشی هی کەسانی دیکەن، چونکە کاری ئەو تەنیا چاککردنەوەیانە- دەیەوێت بەو پڕوپاگەندەیەیش کەسایەتی بۆ خۆی دروست بکات. چەخماخە بە لای چەپدا دەشەلێت، هێندەی کەتن ناوەتەوە قاچێکی لەو پێناوەدا داناوە، هەرچی چەخماخسازە بەشی هەر کەتنکردن و ڕاکردن بووە –لە چایخانەکەی سمەگێڕ تەقە دەکات و ڕا دەکات، لە چایخانەکەی تۆفیق تەقە دەکات و ڕا دەکات، ئیدی ئەو هەقی بەوەوە نییە کێ پێوە دەبێت- بۆیە ئەو ڕێک و ڕەوان دەڕوات. ئەمەیش ئەو سیاسییانەمان بیر دەهێنێتەوە کە تەنیا لە نانەوەی گرژی و ئاڵۆزیدا ئازا بوون، هەر گەیشتبێتە تینیان قووچاندوویانە. چەخماخە هێندە پرۆفیشناڵە کاتژمێری بێمیل لە دەست ناکات، بە وردی کارەکانی ڕایی دەکات، حساب بۆ چرکە و دەقەژمێریش دەکات. شێوە قات و جلوبەرگی تایبەت بە خۆیشی هەیە ... هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە چەخماخسازەکانی وڵاتی ئێمە سەرباری ئەوەی ساختەن، لە درۆکردن و کەتنکردنیشدا ناپڕۆفیشناڵ و نەسازن.
خولە چەخماخە، هاوڵاتی کەینی کوردی: نامەوێت بەو گوزارشتە بەراوردی خولە چەخماخە بکەم بە فیلمی هاوڵاتی کەینی ئۆرسن وێڵز کە بەرهەمی ساڵی 1941ە و یەکێکە لە شاکارە هەرە ناوازەکانی مێژووی سینەما، سەرباری ئەوەی بەراوردیش ناکرێن. ئەوەی دەمەوێت بە کورتی ئاماژەیەکی پێ بکەم هەر دوو کاراکتەری کەین و چەخماخەیە. کەین ئیمبراتۆریەتی ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەگەرییە، زادەی هاتنی سەرمایەدارییە، سەردەمەکەی زلی دەکات تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی دەست دەگرێت بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکی و کایەی سیاسیدا و ئاڕاستەیشیان دەکات. خۆی وتەنی "من وا لە خەڵک دەکەم چۆن بیر بکەنەوە." بەڵام خولە چەخماخە زادە و هەڵقوڵاوی گەوجی دەوروبەرەکەیەتی، خەڵکی فووی تێ دەکەن و گەورەی دەکەن. کەین داهێنەرە، لە ڕێگەی کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە چەواشەکارییەکی ئەوتۆ دەخولقێنێت دەبێتە سەرمایەدارێکی گەورە و نیمچە خواوەندێک، هەرچی چەخماخسازە پڕوپووچە و تەنانەت لە تەقەکردنیشدا پڕۆفیشناڵ نییە و ئامانجەکەی ناپێکێت، ئەو تەنیا دەوروبەرەکەی زلیان کردووە. بە گوزارشتێک دەکرێت بڵێین ئەویان هەڵقوڵاوی عەقڵە و ئەمیان بیَعەقڵی. ئەویان بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداری و گەشەی تەکنەلۆجییە، ئەمیان زادەی سیستەمی دەرەبەگایەتی و عەقڵیەتی خێڵەکییە. دواجار هەردووکیشیان خاوەنی ناخێکی ڕەش و بەدن هاوشێوەی کورتز لە ڕۆمانی دڵی تاریکی جۆزیف کۆنراددا. 
کاراکتەری چەخماخە تاڕادەیەک پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتووە و لە قۆناغی دواتردا عێراق و کوردستانیش پڕ دەبن لەو جۆرە کاراکتەرانە، بە تایبەتی لە کایەی سیاسیدا، ئەوەیش لە کەسایەتی سەدام حسیندا دەگاتە چڵەپۆپە و لە کاراکتەرە سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستانیشدا بە زەقی دەبینرێتەوە. دەکرێت ئەوانە بە شەقاوەی سیاسی ناو زەد بکەین. 
حیوارەکانی نێو خولە چەخماخە بوونەتە بەشێک لە گفتوگۆی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەردەوام دووبارە دەکرێنەوە. هەندێک جار بە فۆڕم و ئاڕاستەی دیکەوە دەوترێنەوە .... دەکرێت ئەم شانۆگەرییە –بە ڕەچاوکردنی سەردەمەکەی- گرێ بدەینەوە بە جەنگی ساردی نێوان سۆڤیەت و ئەمەریکاوە –خولەی چەخماخساز بە نوێنەرایەتی یەکێتی سۆڤیەت و خولە چەخماخە بە نوێنەرایەتی ئەمەریکا. ئەوەیشی لەنێوان ئەوانەدا دەبنە قوربانی گەلانی هەژار و بندەستن. دەکرێت لە سۆنگەی چینایەتییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ململانێی نێوان جوتیار و دەرەبەگ یان میر و ڕەعیەت کە هەمیشە دانەیەکیان بێدەنگ و بێوەی سەری کز گرتووە، ئەوی دیکەیشیان تا بۆی کرابێت دەسەڵاتی چەسپاندووە بە ئارەزووی خۆی قاچی لێ ڕاکێشاوە .... 
وەک وتمان کۆمەڵگای کوردی تژییە لەو جۆرە کاراکتەرانە هەر لە مێژەوە تا هەنوکە. لە هەموو شوێنێک دەیانبینەوە. خولە چەخماخەکان، کەمال و مارفەکان، تۆفیقی چایچی و حاجی ئەبوبەکرەکان، یونسە فەنی و تەها فەنییەکان، کاراکتەرە زاڵەکانی نێو ئەم کۆمەڵگایەن. کاتێک خولە چەخماخە دەسەڵاتی هەیە هەمووان خۆیان لێ نزیک دەکەنەوە و مەرایی بۆ دەکەن کەچی هەر ئەوەندەی چەخماخەی ئەسڵی دەردەکەوێت، ئیدی گڵۆڵەی ئەو دەکەوێتە لێژی و هەموو بەر دەبنە سەر وێزەی. تومەز مەڕەکان کەڵبە و ڕنووکیان نییە بۆیە داماو دەستەوسانن! لەوەیشدا پەیامێکی قووڵ هەیە: پێمان دەڵێت هەتا ئێوە بەسەر ئەم کاراکتەرانەدا دابەش ببن، چارەنووستان هەر ژێردەستەیی و هەڵاتن و کوشتنە. 
چەخماخساز سەرەڕای ئەوەی بە چاوی نزمەوە سەیری هەموویان دەکات و بە بە گاڵتەجارییەوە قسەیان لەگەڵدا دەکات، سوکایەتی بە هەرە بەتەمەنترینی ناویشیان دەکات کە حاجی ئەبوبەکرە. لە شوێنێکدا دەڵێت "دوێنی جەماعەتێکی هیچ و پوچ و بێقیمەت ها حاجی ...." لە بری ئەوەی لانیکەم لەناوياندا خاتری حاجی بگرێت و لە بەر تەمەنەکەی بڵێت دوور لە ڕووی حاجی کە ئەوە نەریتێکی کوردەواریشە کەچی سووکایەتییەکە ناڕاستەوخۆ لە ڕێی ئەوەوە ئاڕاستەی ئەوانی دیکە دەکات. لە شوێنێکی دیکەیشدا زۆر خراپ بە ڕوویدا دەچێتەوە. ئەوەیش پیشەی هەندێک لە دەسەڵاتدارانە کە تەنانەت خاتری ئەوانەیش ناگرن کە ڕێزی تایبەتیان هەیە لەنێو کۆمەڵگادا، بەهۆی تەمەن یان پێگەکەیانەوە. لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانێکمان بینیوە کە تەنانەت ڕەچاوی پێگە و تایبەتمەندیی ژن و منداڵ و بەتەمەن یان پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانیشیان نەکردووە کە بەهۆیەوە بوونەتە خاوەنی حەسانەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگادا، لە ڕێی کوشتن و چاوترساندنی ئەوانەوە کۆمەڵگایان بێدەنگ کردووە تا لە کۆنەستی کۆمەڵگا و تاکەکانیشدا ئەوە بچەسپێت کە دەسەڵات ئەو جۆرە شتانە نازانێت. چەندینمان لەو چین و توێژانە بینیوە کە بوونەتە قوربانی دەستی خولە چەخماخەکانی سیاسەت. 
هەندێکجار کەسانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار بە هۆی زمانلووسی و ماستاوکردنەوە خۆیان لە دەسەڵاتداران نزیک دەخەنەوە و هەوڵ دەدەن لە هەموو قسەیەکیاندا حیکمەت بدۆزنەوە، لە ئەنجامدانی هەر هەڵە و کەموکورتییەکیشدا بە زمانی لووس خۆیان دەپەڕێننەوە، لە بەرامبەردا کەسانی ڕەشۆکی و بەدبەخت تووش دەکەن. هەر ئەوانە خۆیان لە پاسەوان و بەردەستەکانی دەسەڵاتیش نزیک دەکەنەوە کە کەسانێکی چەورە و شەلاتین دەکەونە ڕیایی و کلکەلەقێکردن بۆیان. 
نەوەی کۆن هەمیشە بە عەقڵییەتێکی بەرتەسکی پولەکییەوە بیریان کردووەتەوە و حسابی کەلوپەل و دۆڵابە شکاویشیان بۆ نەوەکانی خۆیان (بە تایبەت ڕەگەزی مێینە) نەکردووە، بەوەیش خراپترین چارەنووسیان ڕووبەڕوو کردوونەتەوە، سەرەنجامیش دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەرچووە و هاوشێوەی حاجی لە پای مارەیی نەزیر نەک "پێنج سەد دینار"، بەڵکو "پینج سەد سەرەسۆدە یان بزماری کەوشیش"یان دەست نەکەوتووە، تا لەپڕ ئاغا یان زۆردارێک هاتووە و پڕی پێدا کردووە و بردوویەتی. 
یاسا لە خزمەتی گەلدا نەبووە و پارێزەرانیشی گوێیان لە گەل نەگرتووە. ئەوان ویستوویانە ڕووداوەکانیان بەو شێوەیە گوێ لێ بێت کە بە دڵی خۆیان بێت، نەک وەک ئەوەی کە لە ڕاستیدا چۆنە. لەگەڵ ئەوەی چایچییەکە لە کۆتاییدا ڕووداوەکە وەک خۆی دەگەیەنێت بە پۆلیسەکان کەچی ئەو هەر خۆی لە ڕاستییەکە دەدزێتەوە و دەڵێت: "حادیسە چی؟ تەڵقە چی قیصە بکە دەی ...." 
هەر لە سەرەتاوە دەسەڵات بەوە گرەو دەباتەوە کە قسەیەکی جیاوازتر لە ڕەعیەت دەکات. ئەگەرچی قسەکەی ئەو درۆ و چەواشەکاریش بێت، بەڵام بە زۆر دەیسەپێنێت و دەیکاتە ئەمری واقیع. چەخماخساز بە پێچەوانەی هەموویانەوە قسە دەکات، ئەوان چی بڵێن ئەم شتێکی دیکە دەڵێت، هەرچەندە قسەی ئەوانی دیکەیش ڕاستییەکە بێت، وەک ئەوەی قاز دەکات بە عەرەبانە یان هەندێک جار هاوشێوەی سیاسییەکان قسەی ئەوانی دیکە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بە فۆڕمێکی دیکە و وەک حیکمەت و قسەی دانسقەیش دەیفرۆشێتەوە.  
کاراکتەری حاجی کە نوێنەرایەتی نەوەی کۆن و لادێی دەکات کەسێکی ساویلکە و خۆشباوەڕە، لە چەند دیمەنێکدا وەک کەسێکی خەواڵوو دەردەکەوێت. تا ئەوەی ئەو ساویلکەیی و خەواڵووییە دەیبات بەرەو ئەوەی چەخماخساز لەناو هەموو ئەوانەدا وەک مارێک بەوەوە دەدات. 
هانا بردن بۆ کەسانی شەقاوە، ئەگەرچی لە دەرەوەی سیستەمی کارگێڕییش بن، بۆ مەبەستێکی کارگێڕی وەک ئەوەی تەها فەنی داوەتی چەخماخساز دەکات بۆ مەبەستی تەرفیعەکەی، دیاردەیەکی پڕ سەمەرەی شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتی کوردی بووە لە ماوەی ڕابردوودا. 
ناوی کاراکتەرەکە "چەخماخە" هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ترس لە دڵی دەوروبەرەکەیدا. زۆر جار کاراکتەرە سیاسی و سەربازییەکان ئەو جۆرە نازناوانە لە خۆیان دەنێن یان خەڵکێک بۆیان دادەنێت تا دەوروبەر لێیان بسڵەمێتەوە. ئەوەیش لە ژینگەیەکی پڕ لە کەسانی سادە و ساویلکەدا ئامانجی خۆی دەپێکێت. 
ڕەعیەت لە ناو خۆیاندا بۆ یەکتری ئازان، بەڵام هەموو ملکەچی تابووی دەسەڵاتن. سەرەنجامیش هەموو ئەوەی ڕوودەدات ڕەعیەت لێی بەرپرسە. چەخماخسازیش بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەمەیان پێ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ئێوە خۆتان منتان گەورە کرد. چەندن ئەو مرۆڤە بوودەڵانەی بەهۆی هەڵەی خۆمانەوە هەنوکە لێمان بوونەتە کۆڵی شێر؟! بەدبەختی ڕەعیەت لەوەدایە کە خولە چەخماخەی دواتر (ئەسڵییەکە) نابێتە فریادڕەس، بەڵکو بەدبەختییەکی دیکەیە و ڕوویان تێ دەکات، ئەوەیش هەڵقوڵاوی هەڵەکانی سەرەتایە.
چەخماخساز لە ڕێی هێزی قسەوە پارە و چەک و دەسەڵاتیشی چنگ لێ گیر دەبێت. ئیدی بە درێژایی ئەو ماوەیە کار بۆ پاراستنی ئەو ئیمتیازانە دەکات. تاکە ئامڕاز کەسەکان لە ڕێگەیەوە بتوانن ئەو دەسەڵاتانە لە چنگی چەخماخساز دەربهێنن جارێکی تر هێزی قسەکردنە، بەڵام ئەوان ئەو جورئەتەیان نییە. 
بەربۆشلکردنی کەسانی نێو ئەو چایخانەیە کارێکی کردووە چەخماخساز شووڵی لێ هەڵکێشێت، سەر دەکات بە هەر باڕێکدا پارە نادات و هەر کاتیش گیرفانی بە بەتاڵی ببینێت چاوبزکردنەوەیەک بەسە بۆ پڕکردنەوەی. ئیدی تەنیا دەرفەت کە مابێت ئەوەیە کە هێزێکی دەرەکی بێت و لە دەست ئەو بتۆکە ناوخۆییە دەربازیان بکات. ئەوەیش لە کاراکتەری چەخماخەدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام ئەو وەک فریادڕەسێک نایەت، بەڵکو هەڕەشە و سەرکۆنەی هەموویشیان دەکات، خۆی وتەنی "دەبێت هەموو بخۆن بە دەستم مادام بڕواتان بەم چەکلە کرد."
تۆ بڵێیت چەخماخسازەکانی ئەم نیشتیمانە لە پای ئەو درۆیانەی چەندین ساڵە لەگەڵ ئەم میللەتەدا دەیکەن، چۆک دابدەن و بکەونە لەرزین، لە ئاست ڕسواکردنی میللەت ڕابکەن و سەرلووتی خۆیان ڕەش بکەن؟ یان ئەوەی تەنیا تەقەمان لێ دەکەن و نیشتیمان لە ڕۆڵەکانی چۆڵ دەکەن. بڵێیت شەهامەتی چەخماخسازیشیان نەبێت دەنا بۆ لە پای تەقەکردن لە بەستەزمانترین کەسانی کۆمەڵگا لە بری ڕاکردن خۆیان بە قارەمان و جوامێر پیشان دەدەن؟!
حیوارەکانی خولە چەخماخە زیاتر لە لێکدانەوەیەک هەڵدەگرن، دەکرێت بینەر لە ئاست هەر کامیان ڕابمێنێت و لە پەیامەکانی پشتەوەی قاڵ ببێتەوە. بە جۆرێک لە جۆرەکانیش تێکهەڵکێشی یەکترین، دەکرێت حیوارێکی سەرەتا گرێ بدرێتەوە بەوەی کۆتاییەوە. 
جێگەی خۆیەتی بڵێم لە تەمەنی حەوت ساڵیمەوە تا ئێستا بە دەیان جار ئەم کارە شانۆییەم بینیوە، هەمیشەیش شتی تازەم تیا دۆزیوەتەوە! ڕۆژانە لەگەڵ حیوار و کاراکتەرەکانیدا ڕووبەڕوو بووم. زیادەڕەوی نییە گەر بڵێم شێوە پەیڕەوێک بووە لام بۆ خوێندنەوەی تاک و کۆمەڵگای دەوروبەرم. نە هەڵنانی کەس ڕووخاندومی و نە هێرشی کەس، لە چەخماخەوە فێر بووم ئەوانە هەموو بەرمەبنای هۆکارێکی دەرەکین و هەڵقوڵاوی ناخی ئەو کەسانە نییە، زانیومە کەسایەتییەکانی ئێمە دووفاقین! تۆ بڵێیت من زیادەڕەویم کردبێت یان هەر بە ڕاست ئەم کارە هێندە مەزنە؟! دەبێت ڕێکەوت بووبێت یان سەلیقەی نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەرەکانی کە وای کردووە پاش زياتر له 44 ساڵ  خەڵکێک بە تامەزرۆییەوە بە دیارییەوە دابنیشن، بە تایبەتی نەوەی نوێ کە ڕەنگە شانۆییەکە سێ هێند یان چوار هێندی تەمەنی هەندێکیان بێت. شانۆنامەی چەخماخە  ئەرزشی ئەوەی هەیە وەک دەقێکی نووسراو بە زمانی دیکە وەربگێڕرێت، تا لە ڕێگەیەوە گەلانی دیکە بە شانۆی کوردی ئاشنا بن. ڕەنگە گونجاویش بێت بۆ ئەوەی سیناریۆی لەسەر دابڕێژرێت و بکرێتە فیلمی سینەمایی. 
لە کۆتاییدا ئێرە ئەو کۆمەڵگایەیە کە زۆرینەی مرۆڤەکانی ناوی لە کاراکتەرەکانی چەخماخەوە نزیکن، دەبێت گەل و دەسەڵاتیش چاوەڕێی هەمان چارەنووس بن. ئەو هێزەیشی دەبێتە فریادڕەس –هەر چەخماخەیەک بێت- نابێتە ڕووناکی و بەرپێمان ڕۆشن بکاتەوە، بەڵکو گڕمان تێ بەردەدات و هەر هەمان واقیع دووبارە دەکاتەوە، مادام کەرەستە و کاراکتەر و بونیادە کۆمەڵایەتییەکە نەگۆڕێت. 
___________________
1- هێندەی بزانم تا ئێستا شتێکی ئەوتۆ دەربارەی چەخماخە نەنووسراوە، هیچ دۆکیومینتێکی وەهایش بەردەست نییە. ڕەنگە ئەمە تەنیا هەوڵێکی جدی بێت .... بوونی هەر زانیارییەکی هەڵە سەبارەت بە ساڵی بەرهەمهێنان، ناوی ئەکتەرەکان یان هەر بابەتێکی دیکە یان ئەگەر لە شوێنێکدا بە باشی نەمپێکابێت، داوای لێبووردن دەکەم. 
2- لە سەرچاوەیەکدا ئاماژە بەوە کراوە بەرهەمی ساڵی 1970یە گەر وابێت تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە 48 ساڵ.
3- چەخماخەم وەک دەقێکی نووسراو بەرچاو نەکەوتووە و نەمخوێندووەتەوە.
4- پتر لە ساڵێک لەمەوبەر لە ماڵپەڕی دیدی مندا بڵاو کراوەتەوە، لێرەدا دەستکارییەکی کەم کراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە