ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


چیرۆکەکانی چیا: ئەوشەوەی لە سلێمانی دووتفەنگمان لە ماڵێکدا گرت

Saturday, 11.17.2018, 1:45

4632 بینراوە


ئیسپانییەکان دەڵێن :
"بێهیوایی وەک پولی دۆمینە وایە، هەر ئەوەندەی دانەیەکی کەوت، ئەوانی تریش هەرەس دەهێنن"
-------------------
نازانم چەندین جار، چاکترە بڵێم چەند شەو لەگەڵ هاوڕێکانمدا چوینەتە شاری سلێمانی ؟ هەندێک جار بەپلان و بەرنامە ی داڕێژراو هەندێک جار هەربەبێ پلان و تەنها وەک دەنگێکی یاخی و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکو شار . 
ئەو سەردەمانە بەڵێشاو خەڵک دەبونە جاش، دەڵێن لە 7 نێرینەدا 5 نێرینەی خۆفرۆش بوو، دوانەکەی تریش یان لە چیابوو یان لە زیندانی بەعسدابوون، ئەوانەی لە چیابوون مەرج نەبوو کە پێشمەرگەبووبن، هەندێ خەڵکی زۆریش ڕوویان لە ئۆدوگاکانی ئیران کردبوو یان هەڵاتووی سەربازی بوون . لەو کاتەدا کەس بڕوای بەوە نەدەکرد، "کە هەموو دەسپێکێک کۆتایشی هەیە"...! بۆیە لایان وابوو بەعس بەو هەموو هێزەوە کە هەیبوو هەرگیز هەرەس ناهێنێ، ئەوەی ئێمە دەیکەین کوتانی ئاوە لە دەسکەواندا.
دایکم ووتەنی:" دوایی کڵاوی بابردوو کەوتوون"، بەڵام گەنجی واتایی سەرکێشی، ئەگەر مرۆڤ لەگەنجیدا سەرکێشی نەکات، مەرگی خۆی ڕاگەیەنێت باشترە . ئێستا کە لە گەنجانی نیشتمانەکەم دەڕوانم هەست بە داماویان دەکەم، ئاخر شەرم نییە مرۆڤێک لەهەڕەتی لاویدا بێت و حیمایە بێت؟ یان ئەو هەموو نابەرابەری ونادادپەروەری و هەرس هێنانی ڕەوشتە ببینێت و هیچ نەکات؟ ئەو هەموو ژنکوژیی و دەرۆزەکەر و کوڕوزانەوەی خەڵک ببینێت و سەرگەرمی نێرگەلە کێشان بێت و بەشەقامەکاندا گڵۆبەڕۆژە بقرتێنێ و بیر لەخۆی و داهاتووی نیشتمان نەکاتەوە ؟
بەڕاستی شەرمە گەنج بیت و سەرکێشی نەکەیت، ئاخر مرۆڤێک بۆ ئەوەی بژی و بڵێت بە ڕاستی ژیانم کردوە، دەبێت خاوەنی چیرۆک بێت و لەناو چیرۆکەکەدا پاڵەوانێک بێت، یان لایەنی کەم رۆڵێکی هەبێت . ئایا دەزانی لەسەرکێشیدا مردن ون دەبێت؟
ڕاستە لەو جێگەیەی ستەم هەیە، بێدەنگیش حاکمێتی دەکات، بەڵام گەنج دەتوانێت هەم بێدەنگی نەهێڵێت هەم حاکمدارەکان وەک گۆرەوی بگۆڕێت. دواجار گرنگ نییە بیرەوەرییەکان چەند ناخۆش بن، هەندێک جار بیرکەوتنەوەیان هێزێزێکی زۆرت پێدەبەخشێت .
ئەم جارە ئێمە بەپلانێک چوبووین کە لەسەر شەقامی دوڕیانەکەی سەرچنار لای کارگەی چکلێتەکە وابزانم ناوی کارگەی شوان بوو، لە دوو پیکابی "قوات خاسە" هێزە تایبەتییەکەی ڕژێم بدەین، کە زۆربەی شەوان لە کاتژمێر 11 بۆ 12 لەوێوە تێپەڕ دەبوون ناوەندی پیکابەکان بەسەرنشینەکانییەوە 20 بۆ 25 مەتردە بوو، بەشەقامەکەدا دەچوون بۆ هاوینە هەواری سەرچنار و دەگەڕانەوە، ئەوەی هەواڵەکەی بۆ هێناین باوکێک بوو، کە کوڕەکەی ماوەیەک بوو لە لایەن ڕژێمەوە گیرابوو، سۆراغی لەهیچ شوێنەکەوە دیارنەبوو، بەداخەوە ئێستاش نازانم چیرۆکی باوک و کوڕەکە بەکوێ گەیشت؟ بەهیوام دوای ئەم نووسینە یەکێکیان بەهەواڵی خۆشەوە سەر دەربهێنن، کە گومانم هەیە کەسیان مابن .
 بەر لە دەمژمێرێک ئێمە لەوێ بووین، ناوی ماڵێکمان پێبوو کە خۆفرۆشێکی کورد بوو بەناوی "خەتاب" خەڵکی شاری کەرکوک بوو و خێزانەکەی دەرکرابوون، کەچی لە باتی ئەوەی هەڵوێست وەربگرێت ببوە خۆفرۆش و خزمەتکاری بەعس . ئەو لەگەڵ ئاسایشی سلێمانیدا دەستی تێکەڵ کردبوو، سەیر لەوەدا بوو، زۆربەی ئەو کەسانەی کە ڕاگواسرابوون ولەناوچەی خۆیان و دەرکرابوون، ببوونە جاش شەعبی و ئەمن و خزمەتکاری بەعس، من زۆریانم دەناسی کە کاتێک ماڵمان لە گەڕەکی ڕزگاری بوو.
 ئێمە چوینە ماڵەکە دوو ژن و کوڕێکی گەنجی لێبوو، وامان دەزانی گەنجەکە "خەتاب"ە، بەڵام برای بوو، دوای گەڕانمان بەماڵەکەدا دووتفەنگمان دۆزییەوە دەستمان بەسەردا گرت، یەکێک لە ژنەکان کە گەنچ بوو جڵێکی سوری لەبەردابوو زۆر بێزارکەربوو، دەیوست بەو دەنگە دەنگەی کە دروستی کردبوو بڵێت، ئێمە هیچمان نەکردوە، براکەیمان هێنا، سەیر لەوەدا بوو لە هەموو ئەو گەڕەکە دا نەمان توانی شەرواڵێک بدۆزینەوە تا لەبەر براکەی بکەین و لەگەڵ خۆمانا بیبەین، من لە دەرکی ماڵێکم دا ژنێک لە ناودەرگای گەراجێکەدا ووتی: بەر لەوەی ئێوە بێن ئەو سەرسەرییە ڕای کرد، بۆ کۆڵانی پشتەوە، لەبەردەم دیواری قوتابخانەیەکدا برای خۆفرۆشەکەمان ڕاگرتبوو، مامە قالە بە دیارییەوە بوو، ئێمە سۆراخی ئەو خۆفرۆشەمان دەکرد، من کە گەڕامەوە دیم براکەی هەر ١٥ یان ١٦ ساڵێک دەبوو دەلەرزی، پێپرس کردن بەکەس ووتم: بڕۆ ونبە لەبەرچاومان، گریا ڕێگەمان پێدا بڕواتەوە ماڵێ، ئێمە ماوەیەک لەو جێگەیەی بەنیاز بووین لە هێزە تایبەتییەکە بدەین سەنگەرمان گرتبوو، دیار نەبوون یەک دوو ئۆتۆمۆبێلی سڤیل بەشەقامەکەدا گوزەریان کرد، ئێمە هیچ خۆمان ئاشکرا نەکرد. دوای ماوەیەکی زۆر هەستاین کە زیاتر لەو کاتەی هەموو شەوێک ئەم داگیرکەرانە بەم شەقامەدا گوزەریان دەکرد، گەڕاینەوەو، شەوی داهاتوو، کە من و چەند هاوڕێیەک لەبەر ماندوو بوون نەچووین، لەهەمان شوێن سوپەرێکی سپیان ڕاگرتبوو "بەڕێوبەری کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە و سەرەک جاشێکیان گرتبوو" وابزانم ناوی عوسمان بوو دەستێک جلی ڕانک وچۆغەی سپی لەبەردابوو، تفەنگێکی یەک لاقی دوودەسک و دەمانچەیەکی ١٦خۆریان پێبوو، سەیر لەوەدا بوو هەر کە هەواڵەکە بڵاو بۆوە خەڵکی گوندەکانی "چەقژ و قایکەن و وابزانم باخ یش " هاتن بۆ شکوا کردن و بەربوونی بەڕێوبەرەکە، کە تورکمان بوو، دەیان ووت: لەوەتەی ئەم پیاوە لەوێیە ئەوان حەساونەتەوە و سوپا و جاش نایەن بۆ گوندەکەیان، هەردوو کەسەکە بەڕێوبەر و سەرەک جاشەکە نێردانەوە، جاشەکە بەڵێنی دا کە بیکەسی بکڕێت بۆ کەرتەکە، بەڵام بەڵێنەکەی بووە بڵقی سەر ئاو، کە ئەم دوو بەشەرەیان ئاوا ئاسان بەردا، لەبەر خۆمەوە ووتم: باش بوو نەچووم لەگەڵیاندا دەنا هەر تەنها ماندوو بوونمان دەچنییەوە.
ئێستا کە ئەم بیرەوەرییە بەژانەوە دەنوسمەوە، دەڵێم بڵێی ئێستا ئەو پیاوە تورکمانە پەیوەندی بەو کارگەی چیمەنتۆوە مابێت؟ بڵێ پشکی نەبێت لەوێ ؟ نایزانین، کارتەکان واتێکەڵ کراوە .......!
 
تێبینی:
هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نییە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە کورتانە، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیربکەن و بۆخۆیانی بەرن، بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کە نیانە. زۆریان نە لەدوور نە لەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوانە نەبوە و ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نییە، ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت.




(دەنگدراوە: 16 . زۆرباشە: 3/5)