سلێمانی پێویستە چاو لە بەسرە بکات

Tuesday, 11.20.2018, 21:24

1409 بینراوە


 ڕۆژی ١ شەممە (وسام جرەوی)  کە  یەکێ بوو لە ڕێكخەرانی ڕاپەڕینی  شاری بەسرەی مانگی ٩ ی ئەم ساڵ و ڕۆڵی دیاری بینی، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی،تیرۆر کرا. ئەڵبەت کاریگەری ئەو کەسە و ئەو زنجیرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی دژ بە دەسەڵاتە شیعییەکەی (عەبادی) ئەوەندە گەورە بوو کە بیر لەوە بکرێتەوە ، سەران و ڕێكخەرانی ئەو تاقمە گەنج و لاوە خوێن گەرمانە لەگەرمای بەسرەدا،سارد بکەنەوە.
ئەم تیرۆکردنە جگە لەوەی کارێکی نامۆ نیە لە عێراق و باشووری کوردستاندا و چەندین کاری لەو شێوەیە لەم دەسەڵاتە تاییفی و خێڵەکیە کلك گرێدراوانە ڕوویداوە و لە داهاتووشدا ئەگەری ڕوودانی ئامادەیە. ئەوەی جێگای تێڕامانە خودی ئەو خەڵکەیە کە ناتوانن هیچ جۆرە هەڵبژاردەیەکی تر بەکاربێنن دژ بەو دەسەڵاتە خۆسەپێن و سێبەری هەریەك لە ئێران و تورکیا. نە بەسرە وانەی لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی باشوور وەرگرت و نە باشووریش توانی وانە لە شاری بەسرە وەرگرێ... دەنا بە چ پێوەرێك خەڵکی ناڕەزایی دەربڕ بەهەمان پێوەر و بەهەمان میکانیزم خەباتیان ناگۆڕن و چاوەڕوانی شتی جیاوازن لەم جۆرە دەسەڵاتانە؟؟!
لەباشوور دەیەها جار خەڵکی ڕژانە سەر شەقامەکان و بەشێوەی هێمنی وەك ئەوەی خۆیان ناویان لێناوە(خەباتی مەدەنی) کرا و دواجار هەردوو بنەماڵە و میلیشیاکانیان بەفیشەك وەڵامیان دانەوە و چەندینیان لێ تیرۆکردن،ئەمە سەرباری ئەوەی هیچ لە ئەجندا و بەرنامە و خەباتیان نەك هەر نەگەیشتە هیچ ،بەڵکە ڕۆژ دوای ڕۆژ پاشەکشە بەداواکاریەکانیان کرا و چەندینی تریان لە زیندانەکان قایم کران وەیان بە زەبری پارە و پۆست پەشیمانیان پێ مۆر کردن.
هێچ کاتێ خەباتی سەرشەقام ئەنجامی نەبوەو نایبێ،بەتایبەتی لەگەڵ هێز و گرۆپێك کە نەزانێ چەمکی دەسەڵات و هێز و هاوڵاتی بوون مانای چی،، ئەوەی لە عیراق  و کوردستاندا فەرمانڕەوان جگە لەوەی چەند فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵی هەریەك لە ئیران و تورکیا بن، هیچی تر نین، بۆیە پێوستە ئەم ڕاستیە بەرجەستە کراوە بزانرێ و لەوێوە کار بۆ ئەوە بکەن چۆن ڕووبەڕووی ئەم دوو هێزە دڕندە و داگیرکەرانە ببنەوە.
لەمانگی سێپتێمەبەری ئەم ساڵدا خۆش بەختانە خەڵکی شاری بەسرە دژ بە نایەکسانی لەمووچە و گوزەران و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و کەمی خوێندگاکان و دزینی سامانی گشتی لەلایەن کۆیلەکانی (ئێران )ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ یەکەمین جار داوایان کرد(ئێران) لە عێراقدا نەمێنێتەوە،،، ئەم جارە (بەسرەییەکان) تێگەیشتن کە خەباتی ئەمان و سەرکەوتنی داواکانیان لای عێراقی و دەسەڵاتی عێراقیدا نیە.. بۆیە بەدەنگی بەرز ووتیان ئێدی بەسە و پێوستە (ئێران) چی تر دەست وەرنەداتە کاروباری عێرا ق و چارەنووسی بەسرەییەکان بەدەستی خۆیان و لای خۆیان دیاری بکرێ. بەبڕوای من ئەمە  وەرچەرخانێکی گەلێ گەورەیە و پێوستە هەموان ڕەچاوی بکەین.
کاتێ ئێران و تورکیا خەڵکی گیرۆدە ئەکەن بەوەی تەنها بیر لە خزمەتگوزاری و مووچە و پێداویستی ڕۆژانەیان بن بکا،ئەوا ئەیانەوێ خەڵکی داواکانیان نەگاتە ئاستێکی سیاسی و تەنها دەست لە کۆیلەکانیان پان بکەنەوە، ئەم سیاسەتەی ئەو دوو ووڵاتە گەلێ سەرکەوتوانە بوە لەماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو،لێ ناکرێ خەڵکی چی تر چاوەڕوانی چەندین سالی تر بکەن بۆ ئەوەی سێبەری ئەم دوو ووڵاتە لە خاکی عێراق و کوردستان ، بمێنێ. بۆیە چۆن خەڵکی بەسرە دەستیان خستە سەر ناوەڕۆکی کێشەکە، ئەوا پیواستە بزانن چۆن چارەسەری باشی بۆ بدۆزنەوە. بەبروای من پێوستە خەڵکی باشوور کەڵك لەو ئەزموونەی بەسرەییەکان وەرگرن هەمان داواکاریان هەبێ و کار بۆ  ئەوە بکەن کە خەباتیان جۆرێك بکەنە سیاسی و داواکانیان بکەنە داوای نەهێشتنی  کاریگەری هەریەك لە (ئێران و تورکیا). بۆ ئەمەش ئەبێ خەڵکی دەست بکا بە بایکۆتی هەر شتێکی ئێرانی و تورکی جگە لە خۆراك کە ئێستا ئەڵتەرناتیفی ناوخۆ ئەوەندە کزە ناتوانێ بەشی دانیشتوان دابین بکا،، دەنا هەموو شتەکانی تر ئەشێ بایکت بکرێن و سڕ بکرێن.
خەڵکی عێراق و باشوور هەمان چارەنووسی سیاسیان هەیە و پێوستە هاوکاری یەکتر بن و ببنە پشت و پەنای یەکتر، کاتێ یەکێ لە سلێامانی زیندانی ئەکرێ وەیان تیرۆر ئەکرێ ، پێوستە شارەکانی تر بەهاوکاری خەڵکی سلێمانی بێن و بەپێچەوانەشەوە. ئەم جۆرە خەباتە ڕایەڵەك دروست ئەکا کە توانای دروست کردنی جفات و هێزی سیاسی هەبێ. واتە ئەتوانێ ببێتە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەم دەسەڵاتەی کە هەیە و نوێنەری ئەوانە.
بەداخەوە ئەوەی لەبەسرە ڕوویدا هیچ کاردانەوەیەکی لای هاوڵاتی کورد دروست نەکرد، ئەمەش خاڵێکی نەرێنیە کە ئەکرێ بکرێتە ئەرێنی و کەڵکی لێ وەربگیرێ،، ئێدی لەمەو دوا با خەباتمان دژ بە داگیرکەرانی (ئێران و تورکیا) بێ و شەڕەکە بگوازینەوە بۆ نێو ماڵی ئەوان، با کات و ووزەی خۆمان لەگەڵ (کۆیلە)کانیان بە فیڕۆ نەدەین و هێزەکانمان بۆ ئەو ئامانجە تەرخان بکەین،، دروست کردنی هێزی هەرێمی و کۆکردنەوەی داواکاری خەڵک لە چوارچێوەی هەرێمیدا گەلێ گەورەتر و کاریگەرتر ئەبێ،،، دواجار بۆ ئێمەی کورد ئەم جۆرە خەباتە ئەبێتە هەمان ناوەڕۆك کە هەریەك لە(پەکەکە و پەیەدە و پژاك و کوردانی ڕۆژئاوا) کاری لەسەر ئەکەن.. پێوستە داواکانمان سیاسی بکەین و تا دواتر ببێتە هەوێنی شتێکی گەورەتر




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 4/5)