چووە بۆ بەغدا بۆ تەبدیل هەوا.. سورمەى زەرد دێنێ بۆ پشتى کەوا

Friday, 23/11/2018, 15:27

4824 بینراوە


ئەو پیاوەى ئەیوت لەسەر ریفراندۆم سەرى خۆم دائەنێم، ئەو بەناو سەرکردە درۆزنەى ئەیوت ئەگەر ریفراندۆم سەرى نەگرت بڵێن ئەو پیاوە شێت بووە سوارى سەرى خۆى بووە، ئەوپیاوەى ئەیوت من خۆم تەحەمولى هەموو دەرئەنجامەکانى ریفراندۆم ئەکەم، ئەو کابرایەى ئەیوت من هەرگیز خۆم شەرەمەزارى میللەتەکەم ناکەم، بەو کارە نەفامى وتاکرەوییەى قوڕى کرد بەسەر هەرێمى کوردستاندا و، لەماوەى چەند سەعاتێکدا نیوەى خاکى هەرێمى دۆڕاند.کەچى زۆر بێ چاو و روو قایمانە وەک نەباى دیبێ نەباران، بۆخاترى پۆست و پلە و دەستکەوت. بەسەرشۆڕى و زەلیلى بەرەو بەغدا(بەغداى دیکتاتۆر و دراوسێ ملى نا) لەوێش زۆر بێ ئابڕویانە وتى.هاتوین بۆ ئەوەى هەڵەکانى رابردوو راست بکەینەوە، ئاشکراشە کە هەڵەکانى رابردوو بەبڕواى هەموولایەک ئەو خۆ گیف کردنەوە  و پەنجە راوەشاندنەى مەسعود بوو کەئەیوت حساب بۆهیچ کەسێک ناکەین.
   کەچى داخى گرانم پاش ئەو ئابڕوچوون ونەهامەتى  ومەینەیتەى بەسەرناوچەکەى هێنا، کە ئەگەر تۆزێک ورەو شەهامەتى هەبوایە لەسەر ئەو شکست و بەزینە سەرى لوت خۆى رەش دەکرد و،بۆهەتایە خۆى لە سیاسەت و حزبایەتى بەدور دەگرت. کەچى بەپیچەوانەوە زۆر بێ شەرمانە چوو باوەشى کرد بە سەرانى حەشدى شەعبى، ئەو هێزەى کە تائیمڕۆش میدیاکانى حزبەکەى بە پیاوکوژو تاڵان کار وزاڵم  و داگیرکارناو زەدى ئەکەن. ئەمە سیاسەتى چەواشەکارانەى سیاسییەکانى باشور و مەسعود بارزانى یە،کە بەحەز و ویستى خۆى یارى بە عەقڵ و کەرامەتى پێنج ملیۆن کورد ئەکات، بەداخیشەوە لەبرى ئەوەى کەسانى رۆشنبیر وتێگەیشتو و پسپۆر ِو سیاسى و ئەکادیمى لەسەر ئەو تاوان و تاڵاوەى بەسەر میللەتیدا هێنا،کەمپینى لەدژ بکەن و بە رێپێوان و خۆپیشاندان و ناڕەزایى رووبەروى ببنەوە،و ناچار بە پۆزش و وازهێنان لە دەسەڵاتى بکەن، سوربن لەسەر دادگایى کردنى. کەچى چەند خۆفرۆش و ویژدان دۆڕاوێکى بەناو مامۆستاى زانکۆ  دێن ئەو تاوان  ناهەقى و ناپاکییەى بۆ جوان ئەکەن، ئەو سەردانە شکست خواردو دۆڕاوەى بۆ بەدەست کەوت و شانازى دەنرخێنن. وەها لە خەڵکى دەگەیەنن کە بۆ چارەسەرى پرسى کورد  کێشە هەستیارەکان چۆتە بەغدا، لەکاتێکدا ئەو پێش ریفراندۆم ،بڕیارى دا کە سنور و ئابوورى و دەوڵەت وتەنانەت ناسنامەو پاسپۆرتیش  لەگەڵ بەغا جودا بکاتەوە، وەها بیرى دەکردەوەکە دەوڵەت دروست ئەبێت و بۆخۆشى دەبێتە سەرگەورەى ئەو دەوڵەتە خەیاڵیە.پەیامیشى بۆ بەغدا ئەنارد ئەیگوت کە با هیچ نەبێت دوو دراوسێى باش بین. کەچى ئەمڕۆ نەک هەر ویژدان و بەهاو راستگۆى  دۆڕاند،بگرە جلى کوردى و جامانەو تەنانەت ئاڵاکەشى دۆڕاند و کردییە قوربانى پۆستێک تا لەورێگەیەوە دڵى سەرانى بەغا و شیعە بداتەوە.
   جا میللەتى خۆش باوەڕ ،جەماوەرى هەش بەسەر،تاکەى بەقسەى باق و بریق وپڕ لەدرۆى مەسعود و هاوشێوەکانى فریو دەخۆیت؟ تاکەى  بە وتارە درۆکانى و بەڵێنە پڕو پوچەکانى خۆت بەکوشت ئەدەیت؟؟ بەسیە ئیدى بیر بکەوە وەرەوە هۆش خۆت.. چى دیکە مەبە رۆبۆت وپێڕى ئەشمابیلاى مەسعود وپارتى . ئەوێک بەدرێژایى  نیو سەدە نەیتوانیوە بچوکترین دەستکەوت بۆ میللەت فەراهەم بکات، جگەلە خۆدەوڵەمەند کردن وپێکەوەنانى سەرمایەى زەبەلاح و ،سەپاندنى دەسەڵاَتى کورو نەوەکانى بەسەر میللەتدا. چى دیکەى کردوە؟!ئەوەشى کە دەڵێت بۆخاترى پرسى کوردو کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا چۆتە پایتەخت، دۆرزنى کوڕى درۆزنە و  لە روورەش بەولاوە هیچ ناوێکى دیکەى نییە. لەبەر ئەوەى بەغدا هیچ کێشەیەکى لەگەڵ هەرێمدا نەبوو، ئەوەى کێشەى دروست کرد ونەهامەتى و ماڵ وێرانى بەسەر باشوردا هێنا خودى مەسعود بارزانى و پڕیارە تاکڕەوى یەکەى بوو. بۆیە کێشەى یەکەم  کۆتایى ئەم میللەتى باشورە تەنها و تەنها خودى مەسعود بارزانى و بنەماڵەو پارتەکەیەتى.گەر ئەوان و حزبە درۆزن و دۆڕاوەکانى دیکە وازبهێنن ،میللەت چ کێشەو گرفت و ناخۆشیەکى نابێت و ئاهێک دێتەوە بەبەریدا.

مەسعود بارزانی: من ئەو کەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بکەم.


دوای ریفراندۆمەکە مەسعود سواری سەری خۆی نەبوو، بەڵکو سواری سەری میللەت بوو

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە