هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


دادگای گەل و دادگای مێژوو (2)

Saturday, 30/03/2019, 16:10

8369 بینراوە


دادگای گەڵ! کەی و چۆن بەڕێوەدەچێت؟


پێناسەیەکی کورت بۆ دادگای گەل و مێژوو:
جیاوازیی یان مەبەست لە (دادگای گەڵ) و (دادگای مێژوو)، تەنیا ئەوەیە کە دادگای گەل بۆ (زیندووە خائینەکان)، دادگای مێژووش بۆ (مردووە خائینەکان)‌ بەکار دێت، خائینیش ئاوەڵناوە، دەکەوێتە دوای ناوەکە، بە تێگەیشتنە گراماتیکەکەی، ئاوەڵناوەکە پێناسەی تەواویی کەسەکە دەدات و دەیچەسپێنێت، هەڵبەت ئەمە لە کاتێکدا کە تاوانەکە بەسەر ئەو کەسەدا چەسپابێت و بواری گومان و لێدوان لەسەری نەمابێت، بەتایبەتی بە پێی ىڕیاری دادگا، ئەویش لەو کاتەدا، کە ئێمە لێرەدا باس لە دادگای گەل و مێژوو دەکەین.

دادگای گەل و مێژوو کەی و بۆچی؟

دادگا بە گشتی بریتییە لە پڕۆسەی بەڕیوەبردن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر تۆمەتێک کە بەرەو رووی گومانلێکراو دەبێتەوە، دادگای گەل و مێژووش تایبەتە بەو کەسانەی کە تۆمەتی تاوانی گەورە بەرەو روویان دەکرێتەوە، کە لە کاتی نەمانی سیستەمێکی دیکتاتۆر، یان دەسەڵاتێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پارتەکانی باشووردا، بەرێوەبچێت، لەوێدا هاوڵاتیان دەسەڵات دەگرنە دەست و بەڕێوەبەرە تاوانبارەکانی ئەو سیستەمە دادگایی دەکرێن.
نمونە تاوانبارانی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی، کە له‌ شێوه‌ی دەسەڵاتی پارتەکانی باشووردا بوونیان هەیە، کە بەستراوە بە سەرکردەی پارتەکان، خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسە نزیکەکانیان کە ئەو سیستەمە بەڕێوە دەبەن، ئەوانەی تاوانی گەورەی نەتەوەیی ئەنجام دەدەن، گەندەڵیی و پیسخۆریی دەکەن، سامانی وڵات بۆ خۆیان و دەوروبەرەکانیان دەدزن، میللەتیش برسی و هەژار دەکەن،هەڵبەت لەناو ئەو سیستەمە سیاسییەدا یاسا بوونی نابێت، یان تەنیا بە ناو هەیە و جێبەجێ ناکرێت، لەپاڵ ئەمانەدا بە زەبری توندوتیژی وڵات بەڕیوەدەبەن، سەرەنجام و بەردەوامی و مانەوەی ئەمانە ئەو خیانەت و کارانە دەکەنە کەلتور و چینەکانی ناو کۆمەڵگا تووشی پەتای خیانەت و ناپاکی دەکەن. لە باشووردا جگە لەو تاوانە گەورە نەتەوەییانە، پارتەکانی باشوور کاریی بەدرەوشتیی و دەستدرێژی سێکسیش دەکەن، تا کۆمەڵگا داوەشینن و کەسایتیی مرۆڤەکان نزم و تێکشکاو بکەن. ئەمەش بەشێکی بچوکی ناو ئەو سیستەمەیە کە لە فەرامۆشکردنی بەڕیوەبردنی یاسادا ئەو کۆمەڵگایەی پێخراپ کراوە.
دوای تێکشکان و کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، کەوتنە دادگاییکردنی ئەو سیاسیی و هاوڵاتیانەی خۆیان کە هاوکاری نازییەکانیان کردبوو، تا ئیستاش لە نەرویژ نەک تاوانبارەکان بە سزای گەل گەیەندران، تەنانەت تا ئەمڕۆش ئەگەر بزانن کەسێک لە نەوەی ئەو خائینانەیە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەن، لە بەلژیکا، هیچ کەس لەو تاوانبارانە و کەسوکاریان بۆیان نییە ماڵ و موڵکیان هەبێت، کاریشیان پێنەدەرا، بەڵکو حکومەت خۆراکی پێدەدان.
دادگای باڵای هیندستان لە بڕێارێکیدا ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ئەو جۆرە دیاردانە بڕیارێکی دەرکرد، کە: " کەسانی سیاسیی ئەگەر لە رابردوودا تاوانێکیان ئەنجامدابێت، نابێت دەسەڵاتی سیاسیییان پێبدرێت". بۆیە ئیستا لە هیندستان ئەو بڕیارە بایەخی مێژوویی پێدەدرێت، ئەگەر بەراوردی بکەین تەواو لەگەڵ دەسەڵاتداران و سەرانی کوردی باشووردا یەک دەگرێتەوە، چونکە ئەو بڕیارەی دادگای باڵای هیندستان بە تایبەت مەبەستی لە دەستدرێژی و کاری داوێنپیسییکردن بوو، کە لەو کاتەدا چەند وەزیرێک بۆ پۆستەکانیان دیاری کرابوون، پۆست و پلەی سیاسیی خۆیان بۆ مەبەستی دەستدرێژی سێکسی بەکار دەهێنا، بەلام لە باشوور مەرجێک بۆ وەرگرتنی پۆستێکی گەورەی سیاسیی و ئیداریی نییە، بەڵکو ئەوانەی ئەو کارانەیان ئەنجامدابێت، بە پێچەوانەوە پۆست و دەسەڵاتی گەورەیان پێدەدرێت خیانەتی گەورەی نەتەوەیی، بکەن لای داگیرکەر و پارتەکانی باشوور رێزی لێدەگیرێت و بایەخی پێدەدەن. ئەوانەی ئەمڕۆ لە باشوور دەسەڵاتیان هەیە و چ دەسەسەڵاتی سیاسیی یان ئابووری و بازرگانی، ئەوانەن کە دەبێت دادگایی بکرێن، چونکە لە هیچ وڵاتێک و لای هیچ نەتەوەیەک ئەم نمونانە قبوڵ نییە، تاوانی ئاوا هێڵی سوری گەورەیە، بۆ وڵات و بۆ هاوڵاتیان، هەرچەندە هێڵی سوور لای هەندێک لە پارتییەکان و نووسەران تەنیا قسەکردن لەسەر بنەماڵەی بارزانی هێڵی سوورە، نەک خیانەتی نەتەوەیی، کە بۆ چاوپۆشین لە ئەنجامدانی ئەو تاوان و خیانەتە گەورانە لای دەسەلاتدارانی باشوور رێگاپێدراوە.
بۆیە بۆ چاکبوونی ئەو دۆخە سیاسییەی کە باشووری نیشتیمانی تێکەوتووە، تەنیا دادگای گەل رێگاچارەیە، هەرچەندە دادگای گەل ئەو کاتە کارا دەبێت، کە سیستەمە سیاسییەکە بەهۆی روودانی راپەڕین، کودەتا، یان شۆڕشێکەوە، ئەو سیستەمە لەناو ببات و نەیهێڵێت، لێ دادگای گەل لە ئەمڕۆدا دەبێت بە شێوەیەکی دیکە بەڕێوە بچێت، واتە بۆ سزادانی بەرپرسانی دەسەڵاتە سیاسییەکەی باشوور، دەبێت رێکخراوێکی سیاسیی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و رادیکاڵانە پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بەڕێوەبرێت.

هەیکەلی دادگا: 

دادگا پێکهاتووە لە دادوەر و دادوەری گشتیی و پارێزەر و نوێنەرانی خەڵک و... هتد،
جیاوازیی ئەم دادگایانە بە بەراورد لەگەڵ دادگای گەل و مێژوو ئەوەیە، کە دادگای گەل ئەرکی هەرسێ ده‌زگاکانی: (یاسا، بڕیادان و جێبه‌جێ کردن) دەگرێتە ئەستۆی خۆی.
لە دوای تێکشکانی سوپای نازییەکان لە پاریس، ئەوانەی کە هاریکاریی نازییەکانیان کردبوو لەلایەن هێزی (FFI) بەرەو رووی دادگای گەل دەکرانەوە
لە مێژوودا نمونە زۆرن، هەر یەکە لە سەردەم و بار و دۆخێکی سیاسیی جیاوازدا دادگاییەکە بەڕێوەچووە. بۆ نمونە دوای تێکشکانی سوپای نازییەکان لە فەرنسا و چۆڵکردنی پاریس لە رۆژی (26/ 8 / 1944) بە جۆرێک دادگایی تاوانباران بەڕێوە چوو، جیاوازتر بوو لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسادا، کە دادگای تاوانبارانی تێدا کرا. بۆ نمونە مارابۆ مردبووش، بەڵام فەڕەنسییەکان دادگایی ئێسک و پرسوکیان کرد، لە گۆڕ هێنایانە دەرێ، لە گۆڕستانی پیاوە نەمرەکان دووریان خستەوە. لە کوردستانیش دەبێت دادگایی ئەو خائین و تاوانبارانەش بە هەمان میتود بکرێت، گردەکان لە لاکی ئەو بەرپرس و سەرکردانە خاوێن بکرێنەوە، ببرێنە شوێنێکی تایبەت و لە مردووە خاوێنەکان دوور بخرێنەوە.
مەبەست لە دادگای گەل رێگرتنە لە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها لە پیسخۆریی و گەندەڵیی کە ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسانە بەرامبەر بە خەڵک و بە نیشتیمان دەیکەن.
بەو سزادانە دادگای گەڵ دەیەوێت وانە و ئەزمون فێری بەرپرس و بەڕێوەبەرەکانی دوای ئەمان بکات، تا هەمان مێژوو دووبارە نەێێتەوە و کەسانی دڵسۆز و وڵاتپارێز نیشتمان بەڕێوەبەرن.
ئەوەی سەرەوە کورتەیەکە بۆ پێناسەی دادگای گەل و مێژوو، کە بۆ ئەمڕۆ ئەوەندە رێگاپێدراوم قسەی لەسەر بکەم ، بەتایبەت بۆ کوردستان ئەگەر سەرانی کورد لە باشوور بەرەو رووی دادگای گەل و مێژوو بوونەوە، پێشنیار و بۆچوونی دیکە دەخرێنە روو!
ئەو دوو وێنەیە، دوو ژنی فەڕەنسیین کە دوای ئەوەی نازییەکان پاریسیان چۆڵکرد، هاوڵاتیانی فەڕەنسا و پارتیزانەکان (FFI) سەریان تاشین، چونکە لەگەڵ سوپای داگیرکەری ئەڵمان لەشی خۆیان پێفرۆشتبوون.
ئەمە نووسینە کورتکراوەی باسێکی درێژە کە لە ئیستادا هەر ئەوەندە بە پێویست دەزانم قسەی لەسەر بکەم

تێبینی:

ئەم باسەم بۆیە لەم کاتەدا بڵاوکردەوە، چونکە شاسوار عەبدولواحیدی بازرگان و سەرۆکی نەوەی نوێ، لەو ماوەیەدا باسی لە دادگاییکردن و هەڵواسینی بەرپرسەکان کردبوو، کە ئەمەش سینارۆیەکی تازەی دەسەڵاتە، چونکە رێگاپێدراوە ئەو قسەیە بکات، ئێمە پێشتر لە چەند نووسینێکدا لە کوردستانپۆست ئەویشمان وەکو تاوانبار ناساندبوو، ئەوەمان سەلماند کە ئەمیش دروستکراوی خۆیانە، دەنا چۆن رێی تێدەچێت، شاسوار ماڵ و زەویی داگیربکات، کەناڵی تەلەفیزیۆنی هەبێت، دەستی بۆ نەبرێت، تەنانەت ئەو شەوەی گرتبوویان وەکو بیستمەوە، لە ماڵی یەکێک لە بەرپرسەکان دایاننابوو، نەک لە زینداندا، بۆ بەیانییەکەی ئازادیان کرد، هەر هەمان رۆڵی برایم ئەحمەد بە شاسوار سپێردراوە، کە چۆن ساڵانی 40کانی سەدەی پێشوو برایم ئەحمەد لە زیندانیان توند کرد، تا وەکو شۆڕشگێڕ و قارەمان بناسرێت، دوایی کە هاتە دەرەوە گۆڤاری گەلاوێژی دەرکرد و شیعری ئاگراوی دەنووسی، ئەو کاتەش کەسی دیکە بۆی نەبوو ئەوە بکات، هەر کەسێ وای بکردایە یەکسەر دەگیرا و لەناو دەبرا.
شاسوار و حیزبەکەشی دروستکراوە، یەکێکە لەو تاوانبارانەی دەبێت دادگایی بکرێت، لایەنی کەم دەبێت روونی بکاتەوە کە ئەو هەموو پارەیەی لە کوێ بوو؟ بۆ بە ئاسانی زەوی داگیردەکات و دەسەڵات متق ناکات و رێگای لێناگرێت؟
بۆ بە ملیۆنەها دۆلاری بانک قەرزدارە و نایداتەوە؟
بۆ پارەی خەڵکی سلێمانی بە ناوی پشکی چاڤیلاندەوە وەرگرتووە و بە خەڵکەکەی ناداوتەوە؟
بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی هەیە و دەستی بۆ نابەن،؟
بۆ هەر کەسێکی تر ئەگەر کەمترین هەڵە بکات؟ کەمترین رەخنە بگرێت، لە زیندانی توند دەکەن، تەنانەت وەکو ئەو قائیمەقامەی کە چەند ساڵ لەمەوپێش کە چۆن کوشتیان، بەلام بۆ شاسوار لە گوڵ کاڵتری ثیناڵێن، ئەوەی دەبینرێت تەنیا سینارۆیەکە بۆ چەواسەکردنی خەڵک.
شاسوار وەکو فلیمێکی کاوبۆی رۆڵی کوڕە ئازاکەیان پێداوە، بە نەترس و قارەمان دەیهێننە پێشێ، بۆ چەند کاتژمێرێک دەیگرن و دوایی سواری فڕۆکەی دەکەن دەینێرن بۆ وڵاتان تا سیمینار بکات؟ ئەوەتا شاسواردەیەوێت ببێت بە سەرۆکی دادگا و کوڕی سەرکردە و بەرپرسەکان هەڵبواسێت، تا خەڵکی لە بیری بچێتەوە کە ئەم بۆ خۆشی یەکێکە لەو بازرگانە تاوابارانە، کە دەستی لە گەندەڵیی و دزیی و خیانەتدا هەیە.
بەمە دەسەڵات دەیەوێت بۆ خۆشیان ببنە خاوەنی رەخنەی توند، هەر خۆیان پیاوەکانی خۆیان دەهێنن و رێگای پیدەدەن تا رەخنە و قسە بە خۆیان بڵێت، بەو واتایەی ئیتر کەس هیچی بۆ نەمێنێتەوە رەخنە بگرێت قسەیان پێ بڵێت و دادگاییکردن و باسکردن لای کەسی تر باس نەکرێت، بۆ نمونە ئەمەی کە من لێرەدا نووسیومە، ئەوان بڵێن هیچ نییە و ترسی نییە ئەوەتا کاکە شاسواریش باسمان دەکات و لە پاڵ خۆماندایە و دادگاییمان دەکات، تا بەمە رەخنەی جیدیی لە دەرەوەی پیاوەکانی خۆیان سوک بکەن لە کەسانی دیکەی بسەندنەوە، بەتایبەتی لەوانەی کە ترسیان لێیان هەیە، بۆیە دەیدەن بەمانەی خۆیان، لای خۆشیان هەموو رەخنەکان پوچەڵ و بەتاڵ دەبێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە