KURDISTANPOST
حەمە سوسەیی
هەواڵێك بۆ دەنگدەری کورد
Wednesday, 28/11/2018, 8:32
3265
بینراوە
هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی دا بە (١٠)پارت و ڕێکخراو و بزووتنەوەی سیاسی بە فەرمی دا، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری دەنگدانی داهاتووی هەریەك لە پرۆسەی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، بکەن. ئەم هەواڵە بەشێوەیەکی لاوەکی و خشکەیی گوزەری کرد وە وەك هەواڵێکی ئاسایی دەنگی نەما و کۆتایی پێهێنرا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، نەك لای هاوڵاتی ئاسایی، بەڵام لای خەڵکانی سیاسی و ئەوانەی سەریان بۆ سیاسەت ئەخورێ، هیچ کۆمێنتێك، یان شتێکیان لەوبارەیەوە ، نەنووسی.
ڕاستیەکەی، هاوڵاتی ئاسایی بەشێوەیەك لە سیاسەت و پارت و حزبەکان بێزار بووە ، بە هیچ کلۆجێك ئامادە نییە ئاوڕ لەو جۆرە هەواڵانە بداتە و کاتی خۆی بداتێ. . . دیارە ئەمەش چەندە تۆڵە کردنەوەیە لەو پارتانە کە جگە لە درۆ و ساختەکاری و خیانەت و دزی و بەد ڕەوشتی، هیچی تریان پێشکەش بە خەڵکی کوردستان نەکردوە.
مێژووی ٧٠ ساڵەی ڕابردووی دووریان و ٢٨ ساڵەی نزیکیان تەژەیە لە مۆڕاڵی نزم و شکستی بەردەوام و دۆڕانی یەك لەدوای یەك کە ئێدی چیدی خەڵکی ئاسایی حەوسەڵەی لەگەڵیاندا نەماوە و بەر نەفرەتی مێژوو و داهاتوو، کەوتوون.
ئەوەی لای من جیگەی بایەخە و گرنگیم بەم بابەتە داوە ئەوەیە؛ بۆچی کەس پرسیاری لەسەر ئەم مانشێتە دروست نەکرد! ئاخۆ سیاسەت ئەوەندە بێ ئەرزش و وێرانە، تا کۆی گشتی کۆمەڵگا لێی تەکیبێتەوە و نەیەوێ هیچ لەبارەیەوە بزانێ؟! ئاخر ناکرێ (١٠) پارتی سیاسی نوێ هاتبنە نێو گۆڕەپانی سیاسی و کەس نەیان ناسێ و لانی کەم مەرحەبایەکی سەرپێییان لێ نەکەن؟ ئێ نابێ بپرسین ئەو ژمارە زۆرە لە پارتی نوێ مۆڵەتیان پێدراوە بەتەمای چین و ئەیانەوێ چی بکەن؟ یان ئایا خەڵکی ئەوەستن تا دوا سات و ئەوکاتەی هەڵبژاردن نزیك ببێتەوە و ئەو کات بەپەلە پرۆزکێ هەریەکە و لایەك بە باش بزانێ و دەنگی خۆی ، پێبدا؟
دڵنیام لەوەی هاوڵاتی ئاسایی بێ یەك و دوو ئەڵێن؛ ئەم (١٠) پارتە هیچیان لەمانەی ئێستا جیاواز تر نییە و تەنها وەك دوکانێکی سیاسی و وەك داڵە کەرخۆرە ئەنیشنە گیانی ئەم نیشتمانە و هەریەکە و بەشی خۆی ئەبا، یان لانی کەم دەست لە یەکێتی و پارتی پان ئەکەنەوە و خەریکی پارە و پلە و پۆست ئەبن. ئەم بۆچوونەی هاوڵاتی لە جێگەی خۆیەتی و ئەنجامەکەی لە ئێستاوە دیارە، لێ گرنگ ئەوەیە وەك خەڵکی هۆشیار لەدەرگای چەند پرسیارێك بدرێ و داوای وەڵامەکانیان بکەنەوە، چۆن؟
جارێ پێش هەموو شتێك ئەبێ ئەوە گەلێ بەباشی بزانیین کە هیچ (پارت، ڕێکخراو، بزوتنەوە) سیاسی، ئایینی، یان هەر شتێکی تر، کاتێ مۆڵەتی پێ ئەدەن ، یەکسەر ئەبێ ئەو ڕاستیەمان لا ئامادە ببێ کەوا ئەمانە تەنها پاشکۆ و تەواوکەری ئەو دوو(بنەماڵە) و دوو حزبەن کە لە لایەن ئێران و تورکیاوە بەڕێوە ئەبرێن، دەنا هیچ پارتێکی نوێ مۆڵەتی نادەنێ گەر نەزانن لە دید و تێڕوانینی یەکێتی و پارتیەوە دوورە. ئەوەتا هەر ئەمڕۆ (تەڤگەری ئازادی کوردستان) لەناوچەی (یەکێتی + ئێران) داوایان لێ کردوون ناوچەکە جێبێڵن. ئەمە بەو مانایەی هیچ پارتێکی نەتەوەیی دژ بە ئێران و تورکیا مۆڵەتیان پێ نادەن و نایەڵن خەریکی کاری سیاسی بن. . . لەباشترین حاڵەتدا ئەبێ وەك پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆیه و زرگوێز یەك تەختە لێ پاڵ کەون و نقە لەخۆیان ببڕن.
من پێم وایە هەریەك لە پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا چیتر پێوویستیان بەوە نیە خۆیان بەشداری هەڵبژاردن بەشێوەی ڕاستەوخۆ بکەن و هێنانی ئەم پارتە نوێیانە وەك سێبەری خۆیان ئامادە ئەبن و دەسەڵاتیان پێ ئەدەن و خۆیان لە دوورەوە سەیریان ئەکەن. بەم جۆرە چیدی خەڵکی باسی ئەوان ناکەن و ئەوان خۆیان وەك (مەرجەع)ێك لێ ئەکەن و لە گرد و ڤێلاکانیانەوە بە دووربین تەماشای یاریەکە ئەکەن.
گەر لە قۆناغی ١٠ ساڵی ڕابردوو (گۆڕان، پارتە ئیسلامیەکان) ئەو ڕۆڵەیان بۆ یەکێتی و پارتی گێڕابێ، ئەوا لەمەو دوا ئەو پارتە نوێیانە ، ئەو ڕۆڵە ئەگرنە دەست و بەو پەڕی دڵسۆزیەوە جێبەجێ ئەکەن.
بۆیە پێویستە لەسەر هاوڵاتی بێ دەنگ نەبێ و خۆی لەم بابەتە بەدوور نەگرێ و خەمی داهاتووی خۆی و نەوەکانی پشت گوێ نەخا. . پێوستە خۆی کارێك بکا لە چوارچێوەی جوڵەیەکی خێرای ڕادیکاڵ کە لانی کەم لە ئێستادا هەمان هەڵگری ئایدیای (پەکەکە و پەیەدە)ی هەبێ و هەوڵ و خەباتی لەو قاڵبەدا ، دابڕێژێ. . ئەبێ هاوڵاتی پێش سیاسی و پارتەکان داوای دەرکردنی هەرچی هەژموونی ئێران و تورکیایە لە باشوور و جگە لە بایکۆت، هەرچی پێیان ئەکرێ دژ بەم داگیرکەرانە ، بیگرنە بەر. . هەر شتێک لەمە کەمتر، باشووری کوردستان ئەوەندەی تر لە لێواری کۆتایی نزیك ، ئەبێتەوە.
حەمە سوسەیی
© 2019- Kurdistanpost