دزی بە ویژدان و دزی بێویژدان

Wednesday, 28/11/2018, 22:20

6142 بینراوە


1. دزێک لە ئەمەریکا لە نێو سەیارەیەکدا کامێرایەکی دزی . پاش ئەوەی بۆی دەرکەوت کە ئەم کامێرایە هی خانمێکی تووشبووی شێر پەنجەیە .ئەو خانمە بەم وێنانەی نێو کامێراکە ویستوویەتی پاش کۆچی داویی ،لە یادەوەری منداڵەکانیدا بمێنێتەوە . بۆیە دزەکە خێرا کامێراکەی گەڕاندوەتەوە بۆ شوێنی خۆی.
2. دزێک لە سوید جانتایەک دەدزێت ،دەبینێت لاپتۆپێکی تێدایە ، پاشان بۆی دەردەکەوێت هی مامۆستایەکی زانکۆیەو کاروبەرهەمی پتر لە [10] ساڵی ئەو مامۆستایەی تیدایە. دزەکەش زۆر بە جوانی هەموو دۆکۆمەنتەکان دەخاتە سەر USB و دەینێرێت بۆ مامۆستاکە.
3. لە ئەڵمانیا پیاوێک بە مەبەستی دزی دەچێتە ماڵێک و وا تێدەگات کەسی تێدا نیە، بەڵام دەبینێت چەند منداڵێک بە هێمنی دانیشتوون. دزەکە هەڕەشە لە منداڵەکان دەکات کە بێدەنگ بن و نەقیژێنن. دوو لە منداڵەکان پێشنیار بۆ دزەکە دەکەن کە چی پارەیان هەیە لە دەغیلەکەیاندا بیبات ، بەومەرجەی ئازاریان نەدات. دزەکەش بەمە زۆر شەرمەزار دەبێت و بێ ئەوەی هیچ بدزێت ماڵەکە جێدەهێڵێت.
4. لە ئوسترالیا دزێک لە سەیارەیەکی جام کراوەدا جزدانێک و مۆبایلێک دەدزێت. دەمێک سەیری وینەکانی ناو مۆبایلەکە دەکات ،دەبینیت وێنەی نەشیاوی تیدایە کە خاوەنی مۆبایلەکە لەگەڵ منداڵاندا گرتوویەتی. بۆیە کابرای دز زۆر تووڕە دەبێت و خۆی تەسلیمی پۆلیس دەکات ،ئەویش تەنها بەمەبەستی دەستگیرکردنی خاوەن مۆبایلەکە . لای پۆلیس دان بە دزیەکەیدا دەنێت و مەبەستیش بۆ هاتن بۆ لای پۆلیس ڕووندەکاتەوە. پاش بەدواچوون خاوەنی مۆبایلەکە دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە بەندیخانەوە کە پیاوێکی [46] ساڵانەیە.
5. دزێک سەیارەیەک دەدزێت ،پاش لێخوڕین بۆ ماوەیەک تێبینی دەکات کە لە دواوە منداڵێکی تێدایە. دزەکە زۆر بە خێرایی سەیارەکە دەگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی ،دەبینیت دایک و باوکی منداڵەکە زۆر شپرزەو لە حاڵەتێکی دەروونی زۆر خراپدان .هەر لەوێدا دزەکە زۆر بە تووندی سەرزەنشتی دایک و باوکەکە دەکات کە بۆچی منداڵەکەیان بە تەنها جێهێشتووە. پاش ئەوە دزەکە شوێنەکە جێ دەهێڵێت.
6. لە کوردستان دووبنەماڵە بە کۆیلەکانی خوار خۆیانەوە هەموو وڵاتیان دزی ، کە بە سەدەها ملیار دۆلار مەزەنە دەکرێت . تائێستاش بەردەوامن لەو دزیە ،باشیش دەزانن کە ئەوەی دزیویانەو دەیدزن پاروی دەمی هەژارانە ،بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ،هیچیان لەو دزیە نەگەڕاندوەتەوە بۆ خەڵکی هەژار و هەریزیش نایگەڕێننەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو شانازیشی بەو دزیەوە دەکەن ،وەک ئەوەی بە قوڕەکاری پەیدایان کردبێت..
ئەو نمونانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان ،دزن بەڵام دەمێک لە کاتی دزیکردندا حاڵەتێکی تایبەت دەبینن ، هەستە ئینسانیەکەیان زاڵدەبێت بەسەر هەستە خراپەکەدا و ویژدانیان دەبزوێت. بەڵام دزەکانی کوردستان چونکە ویژدانیان غائیبەو لەو هەستی ئینسانیش دابڕوان ، هەر گیز لەو دزیانە پەشیمان نین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە