تاڤگەری ئازادی بە مردوویی لە دایک بوو

Friday, 30/11/2018, 1:23

5988 بینراوە


سێ جار پارتی کرێکاران ڕێخراویان لە باشوردا دروست کردووە، وەک پێویست ئامانجی خۆیان نەپێکا.لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١وە سەرەتا "پاک " یان دروست کردووە، پارتی ئازادی کوردستان دوای ئەوە "پەچەدەکە" پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان و ئەمجارەش تاڤگەریی ئازادی.
------------------------
 لە ساڵی ٢٠٠٢ پارتی چارەسەر دروستکردا، یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانیان کرد و دەنگێان وەک پێویست نەهێنا، گەرچی پرسە گورگانەیان کرد، بەڵام بەقسەی کەسیان نەکرد و خۆیان کاندید کرد، سەرئەنجام هیچ نەبوو جگە لە ناشرینکردنی دار و دیواری نیشتمان بەپۆستەرەکانی کاندیدەکان.
چەندین جار ڕوو بە ڕووی ھێرشی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی بوونەوە، بەتایبەی لەناوچەکانی ھەولێر و بادینان، کە پارتی سەرجەم بارەگا و نووسینگەکانی داخستن و چەندین جار ئەندامیان لێگیرا و ئەشکەنجە دران، دوای ئەوەی پەچەدەکە هەڵوەشایەوە لە جێگەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانی ڕاگەیاند. لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەم بزووتنەوەیەدا لە هۆڵی ئوتێلێک لە سەرچنار بانگەوازی بۆ کرا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا منیش لەوێ بووم، هەندێک گەنج، کۆمەڵێک قسەی کۆمیدییان کرد، ووتیان: ئێمە خەڵکی دیاری ناو کۆمەڵگاین، ئێمە ئەو شتانە دەکەین کە دەسەڵات بۆی ناکرێت، لەناو میوانەکاندا "محەمەد ئەمین پێنجوێنی" کۆنە بەعسیم دی ووتم: هەڤاڵان ئەم بزوتنەوەیە بە مردوویی لە دایک بووە، چونکە پارتی کرێکاران هیچ پڕۆژەیەکی بۆ باشور پێ نییە، چەند دەموچاوی ناو کۆمەڵگای باشوور نمایش دەکات، کە زۆربەیان رابردوویان خاوێن نییە، ئەوەبوو لەهەڵبژاردنی پێشودا لەکاتی پەچەدەکەدا، سوکترین کەسی ناو کایەی سیاسییان هێنایە پێشەوە، لەوانە "جەلال دەباخ" هاوڕێم لەناو حشع هەبوو، کە پێشمەرگەی ئەوان بوو، دەیووت: هێندە ئەم مرۆڤە قێزەون بووە، تەنانەت کەس ئامادە نەبوو لەگەڵی دابنیشێ نان لە بارەگاکەیدا بخوات، دواییش دەرکەوت کە پیاوی بنەماڵەی بارزانییە و بە خشکەیی بەرگری لە مەسعود بارزانی دەکرد.
چەند جارێک پارتەکانی دەسەڵات کە ڕێگریان لێدەکردن تا خۆیان هەڵبژێرن بۆ پەرلەمان یان کایەکانی سیاسی تر دەنگدەر و لایانگرانی خۆیان هان دەدا، دەنگ بە یەکێتی، یان بە گۆڕان بدەن، ئەوان هیچ کاتێک لە بڕیاردان لە کار و فەرمانیاندا رێکخراوێکی ئازاد نەبوون، جگە لەوەیش ئەدەبیات و راگەیاندنی سیاسییان بە دڵی پارتەکانی باشوور بوو، چونکە زۆربەی کادێرەکانی راگەیاندنیان، کەلتور و عەقڵی پارتیی و یەکێتییان پێ بوو، وەکو کەناڵ و راگەیاندنەکانی یەکێتیی و پارتیی کاریان دەکرد، دەچوون دەموچاوی ناشرینیان دەهێا دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکردن.
جارێک هاوڕێیەکم بە (د.فایەق گوڵپیی) ووت: بۆچی هێزی چەکدار دروست ناکەن لەناو ئەم جەنگەلستانەدا، تۆ دەزانی ئەم مێتودە هەڵەیە کە گرتووتانە لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا، تۆ لەگەڵیاندا ژیاوی دەزانی چی دەڵێم ؟ فایەق گوڵپی وەڵامێکی پێ نەبوو، دواجار لە ڕێگەی "عومەر فەتاح و دانای ئەحمەد مەجیدەوە کە ئەو کاتە پارێزگای سلێمانی بوو، بارەگاکانی "پەچەدەکە " داخراو ماوەیەکیش (د.فایەق گوڵپی)یان گرت و خەریکی ئەوە بوون وەکو تیرۆریست تۆمەتێکی بۆ دروست بکەن.
 کۆمێدیا لەوەدابوو کاتێک واژۆ کۆدەکرایەوە بۆ ئازادکردنی " ئاپۆ " ئەم تەڤگەڕە چوونە لای ژنە ناشرین و پیسخۆرەکەی تالەبانی (دایکی پافێڵ و قەپات) واژۆ موبارەکەیان بە کامێرا دەگرت و ماوەیەک کەناڵەکانی سرت و نەورۆز تێڤێ ئەمەیان بە چالاکی مەزن لەقەڵەم دەدا، ئەو قوباد تالەبانییەی وەکو (ڕامبۆ) لەگەڵ میت دەویست سەرکردایەتی پەکەکە بە هێلکۆپتەر بفڕێنن.
 لە هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە باشوری نیشتمان ڕوویان داوە، پەکەکە هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، لەنمونەی ١٧ی شوبات خۆپیشاندانەکانی ڕانیە، کەلار و پیرەمەگروون، ئەو بزووتنەوانەی سەر بەوانیش بووە، وەک تاک نا،  وەک ڕێخراو هیچیان نەکردوە و دیار نەبوون.
 لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو "کەجەکە" پرسنامەی بۆ پارتیی و یەکێتیی دەنارد، کاتێک یەکێک لە جووتە بنەماڵەکەیان دەتۆپی.
 پاشان ئەوەی جێگەی نیگەرانییە پەکەکە کەناڵی تێڤێ بۆ هەموو پاڕچە داگیرکراوەکان کردۆتەوە، تەنها بۆ باشور و تەڤگەر نەبێت، نەکا دڵی دەسەڵاتداران زویر بێت.
ئەم ڕەخنانەی من بەو مانایە نییە کە من لە شۆڕشگێڕی پارتی کرێکاران کەم کەمەوە، بگرە من پارتی کرێکارانم بە هەموو بڕواوە خۆش دەوێت و دڵۆپێ ئاراقی گەریلایەک بەهەموو سەرانی ناسیاسی و خۆفرۆشی باشور ناگۆڕمەوە، بەڵام ئەو مێتودەی کە پەکەکە لە باشور پەیڕەوی دەکات، زۆر ئازاری خەڵکی باشور دەدات، ئەگەر گەنجێکی باشور بیەوێت بەشداری شۆڕش بکات و کەسێکی ئەکتیڤ بێت، ئەوا دووری دەخەنەوە و دەینێرن بۆ جێگەیەک کە دوور لەباشور بێت، من خزمی خۆمم هەیە ماوەی ١٧ساڵە گەریلایە، ڕۆژێک بۆم ڕێکەوت کە زەنگی بۆلێدەم لە ڕانیەوە، وەکو سۆرانی لە بیرچووبێتەوە بە کرمانجی قسەی دەکرد، لام سەیر نەبوو بەڵام هەستم کرد ئەگەر ئەو گەنجانە لە باشور خزمەتیان بکردایە، ئەوە ئێمە توشی ئەو پاشا گەردانییە نەدەبووین.
دواجار هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە لە کەلار کەسێک ویستویەتی ئاگر لە جەستەی خۆی بەربدات بۆ ئەوەی بارەگاکان دانەخرێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هێشتا ئەم بزوتنەوەیە بڕوای وایە، کە قەپات تاڵەبانی و حیزبەکەی ئەوەندە دیموکراتی خوازن و لەو بڕیارەیان ژوان دەبێتەوە. سەیرە قەپات تاڵەبانی هیچ نییە و هەموو شتێکیشە، کەسێکیش لەو پێشمەرگە قەدیمانە راستنابێتەوە  و بڵێت: چۆن ئەم چەکلانە هاتوونەتە نێو کایە سیاسییەکانەوە ؟
ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، پەکەکە هیچ وانەی وەرنەگرتووە لە خۆهەڵبژاردنی پەچەدەکە بۆ پەرلەمانی عێراق و کوردستان، دیسان تەڤگەڕ لەگەڵ بازرگانێکی دز و فاسیدی وەک شاسواردا دەچێتە ناو هەمان یاری هەڵبژاردان... بەڕاستی سەیرە...!
 ئەوەی لە کۆتاییدا دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە: تاڤگەری ئازادی بارەگایان هەبێت یان نا هیچ لە گرفتی باشور چارەسەر نابێت، چونکە ئەو مێتودە هەڵەیە لەباشوردا کە پەکەکە پەیڕەوی دەکات، ئێمە لەوە دەگەین، ئەمڕۆ دنیا دوژمنایەتیان دەکات و باشور نەفەسێکە بۆیان، بەڵام نەرمی نواندن لەدەسەڵاتی باشور هەڵەیە، چونکە ئەوانە لەهەموو بەهایەک شۆردراونەتەوە، ئەوانە کار بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، رێکخراوی سیاسیی نیین، بەڵکو سێبەر و پاشکۆی میت و ئیتیلاعاتن.
 بەهیوای ڕێگەیەکی ڕادیکاڵانە بگرنە دەست. کە جێگا بگرێت، یارمەتی کوردی باشوور بدەن، یارمەتی ئەو دڵسۆزانە بدەن کە دەیانەوێت رێکخراوێکی رادیکاڵانە دروست بکەن دوور لە نمونەی کۆنە بەعسیی و کۆنە جاش و بازرگانی دز و ناپاک، پەکەکە بەوە دەیباتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە