بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان تا ئەمڕۆ تاران و دیمەشق پەیوەنییەکی نزیکیان هەبوو لەگەل پارتەکانی کە لەبەری ئۆپۆزسیۆندا بوون دژ بە سەدام. ئیران و سوریا بە دوو قۆڵی بە پارە و چەک و تەقەمەنی یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیان دەدا، تا دەگات بە دابین کردنی پاسپۆرت و ڤیزە، بۆ سەران و ئەندام و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، فڕۆکەخانەکانیان و ڕێگەی هاتوچۆیان بۆ واڵا کردبوون و ڕێگەیان پێدابوون بنەکە و بارەگە و ئۆفس و نوێنەریان هەبێت لە ئیران و شام. هەموو سەرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بە عەرەب و کورد و پارتە عیلیمانی و ئیسلامییەکان و شیوعیەکان ئەنگوستیلەیەک بوون لە پەنجەی سەرانی تاران و دیمەشق.
دوای ڕوخانی سەدام واتە لە ٢٠٠٣دا، سوریا هێز و توانای خۆی خستە گڕ بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی کردنی تاران بۆ سەرکەوتنی پلان و ستراتیژیەتی سیاسی و سەربازیی لە عیراق و کوردستان. دیمەشەق ڕێگە خۆشکەر و هاندەر و یارمەتیدەری ئیران بوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی عیراق و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر گەلانی ئەو وڵاتە.
ئێران، هەر لە سەرەتای جەنگی سوریادا تا ئەمڕۆ لایەنێکی سەرەکیی بوو لە بەڕێوەبردنی ململنێکان بە مەبەستی پێکانی ئامانجە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەکانی. بۆ ئەو مەبەستە تاران لە سەرەتای جەنگەوە تا هەنوکە هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ پشتیوانی کردن و مانەوەی ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات بۆ ئەوەی لە ئاکامدا پارێزگاری لە پێگەی خۆی لە سوریا و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتەکانی و سەپاندنی هەژموونی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بکات.