چیرۆکەکانی چیا: ئاواتی مەرگی هاوڕێکەم ئاوابوو

Thursday, 12.13.2018, 0:26

4026 بینراوە


لەگەشتی چیادا زۆرکەسم ناسی و بونە هاوسەفەرو هاوڕێم ، هەموو ڕووداوێک و گەشتێک کە بەسەر مرۆڤدا دێت ، کۆمەڵێک خەڵک دەبێتە ناسیاو هاوڕێ و زۆرجاران دۆستایەتیش،کە نزیکتر لە خزم و خوێش . بۆنمونە مرۆڤ دەکەوێتە زیندانەوە کۆمەڵێک خەڵک دەناسێت ، یان کاتێک دەست دەکەیت بەکار کردن، هەندێک خەڵکی دەبێتە ئاشنات و ڕەنگە هاوڕێشت .
من باسی گەشتی چیادەکەم کە ژیانی منی لەناخەوە گۆڕی و کەوتمە کۆکردنەوەی ئەزموون ، ئیتر لەگەڵیا گەورە بووم و دەست و پەنجەم لەگەڵ تراژیدیادا نەرم کرد ، بەچاوی خۆم جۆگەلەی خوێن و لاشەی سوتاوی پارچە پارچەکراوم دەدی ، منداڵی بێ دایک و بێ باوک و خانو لانەی ڕوخاوو کاریتەی سوتاو قوڕوچڵپاوی زۆرم دی و تێگەیشتم کە ژیان هێندە ئاسان نی یە ، هەمووشتێک لەجێگەی خۆی بێت ، بۆ هەتا هەتایە ، جەنگ ماڵوێرانکەریەکی سەیرە ....!
ئەوکاتەی دەستەکەی ئێمە لەگوندێکی چۆڵکراودا لەبناری چیایەکی قاوەیدا ئێشکمان دەگرت و لەنزیکی کانیەکدا هەوارمان هەڵدابوو ، دوو دوو یان سێ سێ یان تەنها جێگەمان چاکردبوو بۆ پشوو خەوی شەوان ، بەڵام هەموومان لە ڕۆخی کانیەکە نانە نیمچە کوڵاو سوتا و ڕەق و تەقەکانمان دەخواردوو ، چای ڕەش و شیرینمان بەسەردا دەکرد و چاوەڕوانی ڕووداو بووین کە ڕوو بدات ، ئەم جێگەیەش ببێتە پارچەیەک دۆزەخ و سوتماک ببێت . هەموو بەیانیەک بەر لەوەی خۆر هەڵبێت ، دەچووین لە پێشەوە ، لەبەردەم قەرەوڵی دوژمندا کەمینمان دادەنا و کە خۆر هەڵدەهات ، کەمینەکە دەگەڕانەوە و یەک دوو هاوڕی ترمان دەچوین لەو جێگەیەی پایگاکانمان لێدیاربوو دەماینەوە و چاودێری جوڵەی داگیرکەرانمان دەکرد .
لەناو ئەم دەستەیەدا هاوڕیەکمان هەبوو هەمیشە بەدەنگ هەموو ئیسترومێندی لێدەدا و ئاوازی هەموو ئالەتە مۆسیقەکانی دەردەهێنا و دەیژەنی ، گەر لەبەر چاوتا ئەوەی نەکردایە ، ئەوە گومانت نەدەکرد کە ئەمە ژەنیاری ڕاستەقینەبێت بەو ئالەتە مۆسیقیانە . ڕۆژێک لەسورەقەلاتەوە چەند تۆپێکیان گرتە شاخە قاوەیەکە ی پشتمانەوە و دوکەڵێ لە بەردەڵانەکە هاستان ئێمەش بەو ناوەدا بڵاو بوینەوە ، چونکە لە هونەری شەڕدا ئەوە دیارە کە بەر لەهەر هێرش کردنێک بۆردومانی جێگەکەدەکرێت. ڕێکەوت من و ئەو هاوڕیە لەیەک سەنگەردا یەکمانگرتەوە و دوربینێکمان پێبوو سەیری هەر جوڵەیەکمان دەکرد لە دوژمنەوە ، کە ڕیزێک پایگابوون بەچیاکەی بەرامبەرمانەوە پڕبوو لەجاش و سەرباز، دوای ماوەیەک تۆپبارانەکە وەستا ، ئێمەش هەر ماینەوە لەوێ و لەداربەڕوە سەوزەکانمان دەڕوانی ، ئەو هاوڕێیەم دەنگی لورەی تۆپەکانیشی وەک ڕاستی دەژەن . ڕووم کردە هاوسەنگەرە شارەزاکەی مۆسیقاو پێم ووت : هاوڕێم تۆ ئەم هونەرە لەکوێوە فێربوویت؟ ئایا بۆ خۆت هیچ ئالەتێکی موسیقات ژەنیوە ؟
خەندەیەکی تاڵ هاتە سەر دەموچاوە ڕەش هەڵگەڕاوەکەی و ووتی : دەزانی من هەست دەکەم ئەمە دووهەمین جارە ژیان دەکەم، دەزانی من خوێنی "بتۆڤن و شۆپان " لەجەستەمدا دەگەڕێت . من شۆپانم لەدەمی هاوڕێکەمەوە بیست بۆ
یەکەمین جار ، تەنها بزەیەکم کرد ، ووتم ڕاستە تۆ بەهەموو مانا هونەر مەندی . ووتی : هاوڕێم دەزانی من نازانم جاری یەکەم چۆن گەشتی مردنم کردوە ؟ بەڵام ئەمجارە دەمەوێت کاتێ بمرم کە .... مۆسیک لێمەوە هێندە نزیک بێت ، هەست بکەم لەجیاتی خوێن دەنگ دەرووات بە جەستەمدا کە ڕۆحم دەر دەچێت.
لەدەمم دەر چوو ،ووتم : لەشەڕدا گولەکان ئاوازن و تۆپەکانیش دەنگی دەهۆڵن ، جا مردنی وا دەست کێ دەکەوێت ؟
ووتی نا هاوڕێ نا ....! چاو بنوقێنە و گوێ بگرە .
لە چیایەکی بناری گوندێکی ئیلامی و لەناو دیندارەکانی "یارسانی"دایت ئەوان ئاهەنگ دەگێڕن موناجاتی دینی دەڵێن و دەف لێدەدەن ، زەردەشت بەجلە سپێکەیەوە و ڕیشە لولەکەیەوە سەما دەکات لەگەڵیانا ، دەف لەترپەی دڵت دەچێت ، تۆ لەوێت لەگەڵ دڕانی چەرمی دەفەکەدا دڵی تۆش لەلێدان دەکەوێت ، ئەڵقەکانیش وەک دڵۆپی خوێن یەک یەک بەردەبنە سەر زەوی ، ئای لەومردنە چەنێک بەچێژە .... بەدەم دەفی لێدەدا ، کە وەستا هەستم کرد من لە نزیکی تاقە وسانم سەیری فەرهارد و قوڵگەکەی دەکەم کەچۆن ئەو چیایە دەکوتێت .
ووتم بەڕاستی ئەومردنە مانای هەیە .
هاوسەنگەرەکەم ووتی : بیرکەرەوە تۆ لە شاری "سدنی " لەشەقامێکدا، لەقاوەخانەیەک لەدەرەوە لەسەر کورسیەک دانیشتوویت خەریکی خواردنەوەی قاوەیەکی تاڵی ، لەو بەر شەقامەکە پیاوێکی " ئەبورگینەر " مووسپی پێست ڕەش پتەو بەچاوە ڕەش و گلێنە زەردەکانێیەوە ، فوو دەکات بە دارێکی ڕەنگ کراودا ، دەنگێک دەڵێ لەئەشکەوتایە دەردەچێت گریانی هۆزێکە کە نیشتمانەکەیان داگیرکردوون و ئێستا وەک ئەنتیک چەند دانەیەکیان ماون ، تۆش قاوە دەخۆیتەوە گوێ لەناڵەی ئەو دەنگە دەگریت کە مێژووی پاکتاوی ئەژەنێت بۆ دەژەنێت ، سەرت دادەخەیت هەموو گیانت دەبێتە گوێ چاو دەنوقێنی ، تەنها دیمەنی کەنغەرو خاکێکی سوتاو چەند لاشەیەکی ڕەشی تیرلێدراو دەبینی ، ئەوانیش وەک هەموان خوێنی سوریان لێدێت ، ئیتر بڕیار دەدەیت سەفەر بکەیت بەو مێژووەدا ، هاوڕێکەم دەنگی ئەو ئالەتەی وادەرکرد دەوت سەدان خەڵک بەیەکەوە بێدەنگ دەگرین ، وای لەومردنە نازدارە کە پیاوە ئەنتیکەکە ی" سدنی" بەخشیە هاوڕێکەم .
دوایی ووتی : بیرکەرەوە لەشارە زەبەڵاحەکەی شیکاگۆیت و لەیەکێک لەباڕەکاندا لەسەر مێزێکی چڵکنی دارگوێزی کۆن دانیشتوویت و خەریکی خواردەنەوەی بیرەیت ، لەسەر تەختی شانۆکە لەناو دوکەڵی جگەرەو حەشیشی باڕەکەدا دەنگی مۆسیکی کلارنێتێک دێت بەدەست گەنجێکی باریکەلانەی ڕەشەوە ، لەبەردەم میکرۆفۆنەکەدا مۆسیک دەژەنێ و بە پێڵاوە سپێیە قەڵتاغەکانی و لەسەر شانۆ تەختەکە ئاواز دەردەکات ، ئاوازێک کە دەبینی چیرۆکی باپیرەگەورەی ئەم مۆسیک ژەنەیە کە بەزۆر سواری کەشتیەکی دەکەن و بەزنجیر مل و دەست و قاچیان بەستۆتەوە و لەو بەرخۆرە دایان ناوە هەموو ئەو گەشتە ئەم باپیرە گەنجە زنجیر کراوە ، کلارنێت واتە گریان و فیزاعی کۆیلەکان ، تۆش بیرەکە تەواو دەکەیت و سەرت لەسەر مێزەکە دادەنێت ، ئیتر هەڵناسیتەوە ، هاوڕێکەم بەدەم کلار نێتی لێدەدا بەڕاستی فرمێسک قەتیسمایە چاوەکانم ، مێژوو چەندە بەئازاردا گوزەری کردوە ؟
کاتێک ڕۆحمان دەبەینەدەرەوەی ڕووداوەکان ، دەبێت بەدوای کەسێکدا بگەڕێین کە هیچی نی یە لەدەستی بدات ، کەسێکی گەشبینی نائومێد لە یەکێک لەشەقامە داڕووخاووەکانی وارشۆ دوای تەواوبوونی شەڕی جیهانی دووهەم ،بەچاوی کوێرولەشێکی لاوازەوە "ئۆکۆردۆن" بۆ قوربانێکانی وارشۆ لێدەدەت ، ئەو ژنە لاوازە خەندە لەسەر لێوە قڵیشاوەکانێتی وەک بڵێت ئیتر کەس دوای ئەم ئاوازە ناکوژرێت ، وەرن سەمابکەن بنۆشن برینەکان ساڕێژکەن ، خۆشی بەچاوی کوێرەوە لەگەڵ ژەنینی ئۆکۆردۆنەکەدا سەمادەکات ، تۆش دوا قوربانیت لەو شەقامە وێرانەدا کەهەزاران ئەدرەس و ناو بەدیوارەکانەوە هەڵواسراوە کە بەدوای وونوانی جەنگدا دەگەرێن و وێڵن ، گوێ بۆ ئەو ئاوازە دەگری ، هاوڕێکەم ئۆکۆردۆنی لێدەدا و هەستت دەکرد جەنگ و ئۆکۆردۆن ئاوێزانی یەک بوون دوا جار ڕۆح لەو شەقامەدا وەک دوا قوربانی دەر دەچێت ..... ئای لەو مردنە چەند جوانە .
هاوڕێکەم ووتی : من ئارەزووی گەشتێکی مردنم کە ببینم دوا نەوەی سیاتڵ سەرۆک هۆزی هندە سورەکان ، لەشەقامێکی شاری سیاتڵدا چەند زەنگوڵەی کردۆتە قاچی و بە شمشاڵە قامیشەکان ، ئاوازی هەڵۆکانی چیا لێدەداتو سەمای جنۆکە دەکات و بەچەند ئالەتی مۆسقی و دەنگی گریانی هندیە سورەکانەوە دەڵێتەوە ، تۆش دەبینی چیرۆکی
منداڵ و ژن و گەنجەکان چۆن بەسەر ئەسپە سپی و پەڵە ڕەشەکانەوە کە بەناو دۆڵ وشیوەکاندا غار دەدەن و سوارە کە کە لەسەر پشتی ئەسپە ڕووتەکانەوە بێزین چۆن بەگولە لەپشتەوە لێیان دەدرێت و بەر دەبنەوە و خوێن و ئارەق تێکەڵی ئەو پێستە ئاژەڵە دەبێت کە جەستەی ڕووتیانی داپۆشیوەو قژە خورمایە درێژەکەیان چۆن تێکەڵی خوێن و خۆڵە قاوەیەکە دەبێت و لەئاسمانەوە هەڵۆکان دەبینی چۆن لەداخدا خۆیان بەتاشەبەردەکاندا دەدەن و ژنەکان دەبینی لەتاودا چۆن لەچیاکانەوە خۆیان فڕێ دەدەنە خوارەوە ، شمشالەکان دەژەنرێت و تۆش گوێت گرتوە ، سپی پێستێک شەرم لەمێژوودەکات لە هندێکە نزیک دەبێتەوە چەند دۆلارێک دەخاتە دەفرە بە پێست دروسکراوەکەوە کەی مەیدانەکە ،ئەیەوەی داوای لێبوردن بکات لەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوە ، تۆش لەڕیزەکەدا چاو دەنوقێنی و دەمری و شەرم لەگێڕانەوەی مێژوودەکەیت ، هاوڕێکەم شمشاڵی لێ دەداو وەک هندێکان هاواری دەکرد . من لەناو ئەو گێڕانەوەیەدا وون بووم .
لەو کاتەدا هاوڕێکانم بانگیان کردین کە کەرتێکی تر هاتوەو ئێمە دەبێت بڕۆین بۆ ئەوانی جێبهێڵین ، ئێوارەیەکی درەنگ بەچیاکەدا داگەڕاینەخوارێ هاوڕێکەم دەروێش عەبدوڵای دەووتەوە لەبەر خۆیەوە ، من زیاتر هۆگری بووم هاوڕێکەم بووم نەک مۆسیقەکەی کەدەیژەنی بەڵکو ئەو هەمووزانیاریەی کەهەیبوو لەسەر مێژوو موسیک " خوایە هەڵکەی بای شەماڵێ ، بەڵکو ئەو هەورەی داماڵێ ،من ببینم وردە خاڵێ ،وای وای ، دوای دەفی لێدەدا .. نازانم دوای ئەو هەموو ساڵە هاوڕێکەم کەوتە کوێ و داخۆ مردنێکی وای دەسکەوت کە ئاواتی بۆ دەخواست ؟
زۆرجاران گێڕانەوەی چیرۆک وێنەیەکی جودا دەدات بەڕووداوەکان ، کەم بوون ئەو کەسانەی کە هەموو شتێکی خۆیان واز لێهێناو و بەخشیانە شۆڕش و گەلەکەیان ، لەکاتە سەختەکاندا قوربانیان دەدا ، هەربۆیە گەر یەکێک بیەوێت ئەو شەرەفمەندی یە لەکەدار نەکات دەبێت ڕێز لەو ڕۆژانە بگرێت کە چیرۆکی پشتی ڕووداوەکانمان بۆدەگێڕنەوە ، زۆرجاران وا وێنەی کەسەکانی چیا دەکەن کە دابڕاو بوون و بێئاگا بوون لە هونەر و وێژە و مێژوو ، وەک دڕندە و نەفام تێیان دەڕوانن ، لە کۆمەڵێک سەر بۆیاخ و فایلدارو ترسنۆک و موشەخۆرەوە سەیریان دەکەن ، لەکاتێکدا دەیان وێنەی جوان هەیە ، کە دەکرێت کەرەسەی دەیان کتێب بێت و شایستەی باسکردن بێت، لەنمونەی هاوڕی موسیک ژەنە کەم کە هیچ ئیسترومێندێکی لانەبوو هەمیشە مۆسیقای لێددەدا بۆ ژیان ، بەڕاستی بەهرەدار بووهاوڕێ وونبۆکەم .




(دەنگدراوە: 15 . زۆرباشە: 3.5/5)