ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


قازانجی سەرمایەدار و دراکۆلەکانی مولتی ناسیۆنال

Thursday, 12.20.2018, 0:59

2220 بینراوە


دراکولا جۆرێکە لە شەمشەمەکوێرە، شەوان بە دارستانەکاندا دەگەڕیت و خوێنی ئاژەڵان دەمژێت لە کاتێکدا کە ئەوان خەوتون، بەرەبەیان لە گەڕاندنەوەیاندا بۆ ناو ئەشکەوتاکانیان، ئەوەی خوێنی دەستنەکەوتوە، داوا لە هاوڕییەکی تەنیشتی دەکات کە بەدەمیا بڕشیتەوە و خوێنی بە قەرز بداتێ، هەتا وەکو لە برسا نەمرێت، ئەڵێن گوایە لە ناو خۆیاندا دەزانن لە کێ لە کێی وەرگرتوە، بۆ ئەوەی کە جارێکی ترئەگەر ئەو خوێنی دەست نەکەوت پێی یداتەوە. بەڵام ئەمانە هەرگیز بە خوێن بە قازانج و سووخواردن نادەن، قازانجی ناخەنەسەری، یارمەتیەکە لە نێوانیاندا لەپێناوی بەردەوامیی بوونیانە لە ژیان.
مرۆڤی ساپیانیش کە خۆی بە سەنتەری گەردون دەناساند و بڕوای وابوو، کە خوا ئەوی لەنێوان هەموو بونەوەرەکاندا هەڵبژاردوە و ئاسمانی وەک پێخەف و زەوی وەک راخەرێک بۆ داخستووە، مانگ و خۆرو ئەستێرەکان بە دەوری ئەودا دەسوڕێنەوە، کێژە کەمەر پان و مەمک خڕەکانیشی بۆ هەوەسی ئەو دروست کردووە، ئێستاکە ئیرەیی بە دراکولا دەبات، کە ئەمڕۆ ناتوانێت وەک ئەو هەڵسوکەوت بکات، هەتاوەکو جۆرێکی تر و لە سەر سیستەمێکی تر ژیانی ڕێکبخات، لەبەرئەوەی کە گیرۆدەی سیستەمێکی ئابوریی بووە، کە لەسەر هەڵئاوسان بەندە. خۆ ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لە رابوردوویەکی نزیکدا لای مرۆڤ هەبوون، ئەی بۆچی ئیستا لەگەڵ ژیانی مۆدێرندا لەناو چون؟
کاتێک باوکم ببوە بانکی بنەماڵە، هەر کەسێک پێویستی بەیارمەتی بوایە وەک ئەرکێکی سەرشانی دەستی یارمەتی بۆ درێژ دەکرد، هەندێکیش لەو یارمەتیانە قەرز نەبون، تەنانەت هەندێک برادەرمان بە پارەی باوکم کوردستانیان جێ هیشت، کە ئێستا پێم سەیرە شتی ئاوا روی دابێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی هەر بۆڵەبۆڵین بوو، هەندێک جار شەڕو ئاژاوەشمان توش دەبوو، لەبەر ئەوەی کە ئەوان هەر ناڕازیی بوون، خۆ ئەگەر باوکم تۆزێ سوی لێ وەربگرتنایە و بیوتایە کە ئەو خاتریان دەگرێت پێ دەچێت رازی بونایە و بۆلە بۆڵیان نەکردایە.
ئەمڕۆش گەنجێک یان خێزانێکی ڕۆژهەڵاتی بە کۆمەکی بنەماڵەکەی ریگای ئەوروپا دەگرێتە بەر، لەکاتێکدا لە ئەوروپا خێزانێک ناتواێت رێگایە و سەفەرێکی ئاوا بکات، خۆ ئەگەر پارەی سەفەرەکەشیان بۆ کۆببێتەوە هەر ناتوانن، ئەگەر نەزانن لەو سەری سەفەرەکەیانەوە کارێک چاوەرێیان دەکات بۆ بژێوی ژیانیان، ئەمەش سیستەمی ئەوروپی ئەوەی تێ گەیاندون. کەس پارەت ناداتێ ئەگەر هەشیان بێت، نەک لەبەر ئەوەی ئەوان جۆڕە مرۆڤێکی تر بن یان پیسکە و ڕەزیل بن، لەبەر ئەوەی کە دەزانن لە کۆتاییدا پەیوەندیەکی باش لە نیوانیاندا ناڕەخسێنێت، چونکە ئەوانیش بەو سەردەمەدا ڕۆیشتون کە کەسانێک ناڕازی بوون و بۆلە بۆڵیان کردوە بەسەریاندا، بۆیە ئێستاکە لە ئەوروپا سیستەمی بانک جێگەی خێزانی گرتۆتەوە، بانکیش بۆ پرۆژەکەت بە سو پارەت بەقەرز ئەداتێ، پرۆژەکەشت دەبێت ببێتە هۆی هەڵئاوسانی ئابوری و پارەی زیاتر وەدەست بخات هەتاوەکو ئاشەکە بسوڕێتەوە. کاتێکیش پارەکەت لە بانکا دائەنییت ئەوا ئەویش لە سەتا 2.5 بە پیی سەردەم قازانجت ئەداتێ، بۆیە خەڵکی بۆلەبۆلیانە و دەڵێن کەمە و پارەکەیان دەخەنە بورسەوە.
لای مولتی ناسیۆنال هەندێک جار سووەکە بەرزدەبێتەوە و دەگاتە لە 30%، ئێمە وەک سەرباز و ئەوانیش وەک ناپۆلیۆن لەبازاڕی جیهانیدا کەوتونەتە شەڕ و ململانێ، شەڕێکی سەخت، بۆیە حکومەتەکان و سیستەم بەدوایانەوەن و بێ دڵیان ناکەن، بۆیەش بەبەردەوامی حوکم دراون بە هەڵئاوسانی ئابوری هەتاوەکو سوو بدەن بەوانەی کە پارەکانیان خستۆتە گەڕەوە، کە پێیان دەڵێن؛ ئەکسیۆنەر.
بۆ ئەوەی ئاشەکەش بە خێراتر بسوڕیتەوە سیستەمەکە لەسەر قەرز بەندە، ئەگەر فەرەنساش دەتوانێت قەرز بکات لەبەر ئەوەی کە گەنجینەی هەیە، قەرزەکانی فەرەنساش گەیشتۆتە نزیکەی سەد ملیار دۆلار، ئەمەش بە پیی ئابوری زۆر نییە و ئەکاتە 2.5 ی گەنجینەی فەرەنسا، کە نابێت لە 3% تێبپەڕینێت، قەرزیش هەموی درۆیە جۆرێکە لە پاڵنان بە خەلکیەوە بۆ زۆرتر کارکردن، هەتاوەکو هاولاتیان خەتابار بکەن، زیاتر کاربکەن، داوای زیاتر لە حکومەتەکەیان نەکەن چونکە ئەو قەرزارە، تەنانەت خوێندکارەکانیش پێش ئەوەی بکەونە کار، دەبێت بۆ خوێندن پارە لە بانک قەرز بکەن، هیشتا لە خوێندندان کۆلێک قەرزیان بەسەر شانەوەیە، نەوەکا لەدوای خوێندن ساڵێک پشو بدەن و بیربکەنەوە کە چی بکەن یان چی هەڵبژێرن؟ بەم پێیەش ئاشەکە خاوبکەنەوە، خوێندکارەکانی تریش تێدەگەیەنن کە ئەگەر پەیڕەوی ئەو سیستەمە نەکەن ئەوا دوای خوێندن کار نادۆزنەوە و دەکەونە دەرەوەی یاریەکە، بەمەش دەلین چینایەتی مۆدێرن؛ ئەوەی توانای هەیە قەرز بکات ئەوەشی توانای نییە، هەموو کەسێکیش توانای نییە قەرز بکات، چونکە بانک بەمەرجێک قەرزت ئەداتێ، کە تۆ گەنجینەت هەبێت، هەتاوەکو ئەگەر نەتوانی قەرزەکەت بدەیتەوە ئەوا لەسەر گەنجینەکەت دایدەشکێنێت.
ئەو خوێندکارانەش کە بە پارە دەخوێننن پێش ئەوەی خوێندن تەواو بکەن، کاریان بۆ دۆزراوەتەوە هەتاوەکو پارەکەی بانک بدەنەوە، منیش وەک باوک دەبێت راکەم و نەخەوم و پشونەدەم، هەتاوەکو پارە بدەم بە کوڕەکەم تا دواڕۆژی ڕوناک بێت و نەکەویتە دوای کاروانەکەوە، کورەکەشم لە خۆپیشاندانەکانی پاریسدا دەیبینم بە ژیلێی ژۆنەوە دیتەوە مالەوە لە کاتێکدا خوشکە بچوکەکەی لە ماڵەوە لەسەر سناپچات سەیری ئازایەتی براکەی دەکرد بەرامبەر بە مولتی ناسیۆنال.

بۆچی چویت بۆ خۆپیشنادان ؟

من دژی کاپیتالیسم
کە پێت دەلیم خۆت مەخەرە داوی مەسرەفگەرایی و پێلاوێک بە 300 ئۆرۆ مەکڕە، تۆ گاڵتە بەمن دەکەیت.
ئەم کاپیتالیستە کتوپڕ لە کوێوە فێربویت؟ تۆ خوێندنێکت هەڵبژاردوە، کە یەکەم وانەی خوێندنت پێیان وتویت، کە سۆسیالیسم سیستەمێکی خراپە بۆ کۆمەڵگە، هەتاوەکو بتکەنە ئەفسەرێکی دڵسۆزی سوپای کاپیتالیسم.
ژەنەراڵ دیگۆلیش رقی لە سۆسیالیست بوو، دەیوت لەبەر ئەوەی کە سۆسیالیست نین.

***
کابرای موسوڵمانیش پێمان دەڵێت بە بەشی خوا رازیبە لەگەڵ ئەوەشدا خۆی چوار ژنی هێناوە و ئەگەریش تێر نەبوو ئەوا دەتوانێت بە کەنیزەکانی خۆی تێرباکت بۆ دامرکاندنەوەی هەوەس و ئارەزووەکانی. ئێمەش دوای بەشی خوا کەوتوین، دەبێت بە پێچەوانەی بەشی خواوە کار بکەین هەتاوەکو ئاسودەیی وەدەست بهێنین.
عیساش دەلیت ئاسانترە حوشترێک بە کونە دەرزیەکدا بچێت، هەتاوەکو دەوڵەمەندێک بچیتە کۆشکی پەروەردگار.
مولتی ناسیۆنالیش لەگەڵ خواشدا بازرگانی دەکات، چونکە باوەڕی بە بەهەشتیش نییە.

شەیتانی گەورە ئەمەریکایە، داوا لەئەوروپا دەکات کە هەڵئاوسان زیاد بکات، ئەوروپا داوا لە فەرەنسا دەکات، کە ئەویش هەڵئاوسان زیاد بکات، بۆ ئەوەی فەرەنساش هەڵئاواسن زاید بکات، دەبێت پاڵ بە هاولاتیانەوە بنێت، تا بە خێراتر ئاشەکە بسوڕێنەوە. کاتێکیش فەرەنسیەکان ناڕازین، دەبێت بە پێچەوانەی تەوژمی کارەباوە بگەڕێینەوە بۆ دواوە ئەمەش دەبێتە هۆی شۆک و پاشان شۆرتی تەزوی کارەبا، یان دەبێت بڕۆینە پێشەوە ئەویش بە هەڵئاوسانی ئابوری دەبێت یان دەڵیین؛ ئاش بەتاڵ و هەمومان دەڕۆینەوە مالەوە.
تۆ کەباب دەخۆیت یان کەباب ؟. پێ دەچیت ئەم بزوتەوەیەی ژیڵیی ژۆنەش تەنها پەلەقاژێیەک بێت کە لەترسی بەرەو پەتی سێدارە.
ئەی چارە؟
ئێستاکە ئێمە چۆن ئەم کەرە لەم قوڕاوە دەربهێنین؟ بەئاسانی ئەتوانین دەری بهێنین، بەڵام هەر خێرا بیخەرەوە ناو زەلکاوێکەوە، دەنا بەلەسە ئەبێت، بۆیە کاری ئێمـە دۆزینەوەی چارەسەرێک نییە، بەڵکو کاری ئێمە گەڕانە بەدوای چارەسەردا. هەرکاتێک توانیمان هەوەس و ئارەزوی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەین ئەوسا چارەسەر دەدۆزینەوە.




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 4.5/5)